سەرچاوەیەیەک لەدەستەی نەزاهەی عێراق ئاشکرایکردووە، بەپێی ڕاپۆرتێکی باڵێوزخانەی ئەمریکا لەعێراق، سامانی فراکسیۆن و سیاسیەکانی عێراق بەزیاتر لە 550 ملیار دۆلار مەزەندە کراوە، کە تیایدا هاوپەیمانی کوردستانی خاوەنی زۆرترین بڕە پارەیە کەبە 300 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت کە زۆربەی ئەو پارەیەش هی 5 بەرپرسی کوردن.
ئاوێنەنیوز، سلێمانی: سەرچاوەکەی نەزاهە ئەوەی ڕاگەیاندووە کە باڵوێزخانەی ئەمریکا ڕاپۆرتێکی ورد و درشتی لەبارەی سامانی سیاسیەکانی عێراق و فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراقەوە ئامادەکردووە، کە مەزەندەی سامانی بەشێکیانی بە 550 ملیار دۆلار خەمڵاندوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئوسامە نوجێفی خاوەنی 24 ملیار دۆلارە،راپۆرتەکە سامانی بەرپرسانی عێراقی بەسەرجەم ئەو کۆمپانیا و سەهم و پارەی نەقدی خەمڵاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی باڵێوزخانەی ئەمریکا، هاوپەیمانی کوردستانی و چەند ئەندام پەرلەمانێک و چەند سیاسیەکی کورد خاوەنی زۆرترین بڕە پارەن لەعێراقدا، کە مەزندە دەکرێت بە 300 ملیار دۆلار، کە سێیەکی ئەو سامانەش هی 5 بەرپرسی کوردن و ئەوەی تریشی دەمێنێتەوە هی دە ئەندام پەرلەمان و سیاسیە.
لەپلەی دوەمیشدا دەوڵەتی قانون و 24 بەرپرسی ئەو حیزبە دێت، کە خاوەنی 210 ملیار دۆلارە و لیستی عێراقیەش بە 25 سیاسی و پەرلەمانتار خاوەنی 180 ملیار دۆلارە.
سەرچاوەکەی نەزاهە ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە لە 60% سیاسیەکانی عێراق ئامادە نین سامانەکانیان بۆ هیچ دەزگایەکی عێراقی ئاشکرا بکەن، لەکاتێکدا یاسا ئەوەی بەسەر هەر بەرپرس و پەرلەمانتارێکدا سەپاندووە کە دەبێت سامانەکانیان ئاشکرا بکەن.
بەجیا لەوە بەشێک لەسیاسیەکان و پەرلەمانتارەکان بەناوی ترەوە خاوەنی چەندین پڕۆژە و کۆمپانیان و پارەکانیان لەرێی کەسانی ترەوە دەخەنە بواری بازرگانی و وەبەرهێنانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان ڕێژەی هەژاری لەعێراقدا لە 26%ی دانیشتوانی عێراق کە نۆ ملیۆن کەس دەکات بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن و عێراق لەریزبەندی جیهانیدا بۆ گەشەپێدن لەریزبەندی دواهەمیندایە، بەجیا لەوە ئەم وڵاتە خاوەن سامانی زێڕی ڕەشە لەریزبەندی پلەی سێیەمی جیهاندایە بۆ گەندەڵی.
- 09-11-2014