گوتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، دەڵێت بەهۆی ڕاگرتنی پێشینەی هاوسەرگیری و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران گرێبەستی هاوسەرگیری لەدادگاکان کەمی کردووە و تەڵاق و جیابوونەوە لەهەڵکشاندایە. ئەمەشی بەئاماژەیەکی "مەترسیدار" بۆ هەڵوەشانەوەی خێزان لە کوردستان وەسفکرد.
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی کوردستان، لەدوو ساڵ و نۆ مانگی ڕابردوودا ژمارەی گرێبەستی هاوسەرگیری بەردەوام کەمی کردووە، بەجۆرێک لەساڵی 2012دا 56 هەزار گرێبەست تۆمارکراوە، بەڵام لەساڵی ڕابردوودا ژمارەکە دابەزیوە بۆ 52.749.
هەر بەپێی ئاماری ئەو ئەنجوومەنە، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 13.548 گرێبەستی هاوسەرگیری کراوە، بەڵام لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵدا ژمارەکە کەمی کردووە بۆ 12.223 گرێبەست، لەو سێ مانگەی کۆتاییشدا کە شەڕی داعش دەستیپێکردووە ژمارەکە زۆر کەمی کردووە، بە جۆرێک لەو سێ مانگەدا تەنیا 9.917 گرێبەست کراوە.
دادوەر ئومێد موحسین حەمەدەمین، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، دەڵێت هۆکاری کەمبوونەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری فرە ڕەهەندە، بەڵام ئەمساڵ هۆکارەکەی زیاتر بۆ ڕاگرتنی پێشینەکانی هاوسەرگیری و خانووبەرە، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و زیادبوونی کرێی خانوو دەگەڕێتەوە. گوتیشی "رەنگە بێ هیوابوونی گەنجان لەم بارودۆخە نائارامەی بەهۆی هێرشەکانی داعش و ئەو قەیرانی داراییەی بەهۆی بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە دروستبووە، هۆکارێکی دیکەی پاشەکشێی گرێبەستی هاوسەرگیری بێت لە هەرێمی کوردستان".
دادوەر ئومێد موحسین، کەمبوونەوەی هاوسەرگیری بە ئاماژەی زۆر مەترسیدار وەسف دەکات و دەڵێت "ئەم بابەتە زۆر مەترسیدارە، چونکە کێشەی کۆمەڵایەتی زۆری لێدەکەوێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر تێبینی ئامارەکان بکەین دەبینین ئەو تاوانانەی دەچنە چوارچێوەی ئەخلاقەوە بەرەو هەڵکشان چووە، بۆیە پێویستە لەسەر حکومەت و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر خەت، ئەم بابەتە بەجددی وەربگرن و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە".
تەڵاق زیادی کردووە
بە پێچەوانەی گرێبەستی هاوسەرگیری، ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لەهەڵکشاندایە، بەجۆرێک لەساڵی 2012دا 6.079 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، بەڵام ساڵی ڕابردوو ژمارەکە هەڵکشاوە بۆ 6.417.
ئەگەر ئاماری نۆ مانگی ڕابردووی ئەمساڵیش بەنموونە وەربگرین، دەبینین لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 1.677 حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە، لەسێ مانگی دووەمدا ڕێژەکە بۆ 2.191 حاڵەت هەڵکشاوە، لە سێ مانگی سێیەمیشدا ژمارەکە گەیشتووەتە 2.217 حاڵەت.
سەروین عەباس، توێژەری کۆمەڵایەتی لە دادگای باری کەسی هەولێر، پێیوایە هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری و هەڵکشانی تەڵاق، بە پلەی یەک بۆ قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، پاشان نەمانی متمانە لە نێو خێزانەکان.
ئەو توێژەرە گوتی "90%ی هۆکارەکانی تەڵاق و جیابوونەوە بەهۆی خیانەتی هاوسەرگیرییە، هۆکاری سەرەکیش بۆ خراپ بەکارهێنانی فەیسبووک و مۆبایل دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی فەیسبووک ڕۆڵێکی زۆر خراپ دەگێڕێ، بۆ نموونە ئەگەر 5 حاڵەتی تەڵاقمان هەبێت، لانیکەم 3 حاڵەتیان پەیوەندی بە فەیسبووکەوە هەیە".
سەروین عەباس، باسی هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی تەڵاق دەکات و دەڵێت "هاتنی ئاوارە عەرەبەکان ڕۆڵێکی زۆر خراپیان گێڕاوە بۆ خیانەتی هاوسەرگیری، چونکە بەشێک لەو ژنە عارەبانەی هاتوونەتە هەولێر تەنیا بۆ ئەوەی مافی نیشتەجێبوون و کردنەوەی ئارایشگایەک وەربگرن بۆ ماوەیەک بەدزی شوو بەکوڕێک یان پیاوێکی خاوەن ژن دەکەن، ئێستا خەریکە ئەم حاڵەتە ببێتە دیاردە و چەندین خێزانیش بەو هۆیەوە هەڵوەشاونەتەوە".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەریی کوردستان پێیوایە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان یاسای باری کەسییە، بۆیە بەنیازن یاساکە هەموار بکەنەوە "یاساکە کەموکوڕیی زۆری تێدایە و یاساناسان وەک پێویست نەیانتوانیوە یاساکە لەگەڵ کەلتوور و دابونەریتی خەڵکی کوردستان بگونجێنن، بۆیە بڕیامانداوە لەسەرەتای ساڵی ئایندەدا یەکەمین کۆنگرەی دەسەڵاتی دادوەری ببەستین کە یەکێ لەکارەکانی گفتوگۆکردن دەبێ لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی".
کەژال هادی فەقێ، جێگری سەرۆکی لێژنەی داکۆکی لەمافەکانی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت لێژنەکەیان تێبینی کردووە کە قەیرانی دارایی و ڕاگرتنی پێشینە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی هاوسەرگیری و هەڵکشانی تەڵاق هەبووە.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی "ساڵی ئایندە ئەگەر ئەم قەیرانە بەردەوام بێت، هەوڵ دەدەین حکومەت ناچار بکەین بڕێک پارە بۆ پیشینەکان بەگشتی و پێشینەی هاوسەرگیری بەتایبەت دابین بکات".
- 26-11-2014