ەپێی ماڵپەری (ئۆیل ڕێڤیو) کە ماڵپەرێکی ناسراوی تایبەت بە چالاکییەکانی نەوت و گازە لە جیهاندا، تا کۆتایی ئەمساڵ ئاستی هەناردەکاری نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی بۆرییەوە بەرزدەبێتەوە بۆ ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل و لەسەرەتای ساڵی 2015 شدا ئەو ڕێژەیە بەرزدەبێتەوە بۆ ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل.
ماڵپەری ئۆیل ڕیڤیۆ لە زاری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گواستوویەتیەوە کە پێشکەوتنەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو ئامانجەی دەسنیشانیان کردووە دەگونجێت.
بەپێی بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەساڵی 2015 و سەرەتای 2016 ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە بۆ ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل. ئەوە لەکاتێکدایە لەسەرەتای ساڵی 2014ەوە بڕی 34 ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان کراوە.
لەو ڕێژەیە بڕی 21 ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت لەرێی بۆری نەوتی کوردستان -جەیهان فرۆشراوە، ئەو 13 ملیۆنەش کە دەمێنێتەوە لە ڕێی تانکەرەوە هەناردەی بەندەری مێرسینی تورکیا کراوە.
بەپێی لێدوانێکی تانەر یڵدز، وەزیری وزەی تورکیا لە فرۆشتنی ئەو ڕێژە نەوتە، هەرێمی کوردستان بڕی 2 ملیار و 870 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە، کە لەو ڕێژەیە دوو ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری بە کاش بووەو ئەو 775 ملیۆن دۆلارەش کە دەمێنێتەوە خەرجی پاڵاوتنی 710 هەزار تۆن لە بەرهەمە نەوتییەکانی وەک بەنزین و کێرۆسین و گازوایل کراوە.
سەرەرای ئەوەش ئەو داهاتەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی فرۆشتنی نەوتی خۆی لەمساڵدا دەستەبەری کردووە تەنیا ڕێژەیەکی کەم لە موستەحەقاتی خۆی کە لەسەدا 17 ی بەشە بودجەیەتی پێکدەهێنێت.
لە داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فرۆشتنی نەوتی خۆی نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار تێچووی گواستنەوەو کۆگاکردنی ئەو نەوتە بووە لە ڕێی تورکیاوە.
بەپێی شارەزایانی نەوت، ئەمساڵ ساڵێکی گرینگ بووە بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕووی گەشەسەندنی کەرتی نەوت لەبەر ئەوەی کە خەریکە لەرێی ئەو کەرتەوە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی ئابووری بەدەستدەهێنێت. لەبەر ئەوەشە تۆنی هایوارد، سەرۆکی کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی ڕایگەیاندووە کە ساڵی 2014 بۆ هەرێمی کوردستان لە کتێبەکانی مێژوودا تۆماردەکرێت.
- 26-11-2014