مانگانە لەسلێمانی 10 هەزار تۆن سەوزە دەخورێت و تائێستا لەماوەی 10 مانگی ئەمساڵدا 101 تۆن سەوزە لەعەلوەی سلێمانی فرۆشراوە.
ئاوێنەنیوز، سلێمانی: ئەمڕۆ پێنج شەممە 27/11، لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاری کردنی بەروبومی ناوخۆیی و دەرەکی پارێزگای سلێمانیدا کۆبوویەوە و بڕیاردرا پێداچونەوە بەرێژەی هاوردەکردنی بەروبومی دەرەکیدا بکرێت و بەپێی خواستی هاوڵاتیان و گۆڕانکاری وەرز ڕێگە بەهاوردەکردنیان بدرێت و کارئاسانی پێویستیش پێشکەش بە جوتیاران و بازرگانان بکرێت.
بڕیاریش درا لە مانگی 12 دا هاتنەناوەوەی هەنار قەدەغە بکرێت و کاهوو کەلەرم و قەرنابیتیش تا مانگی 2 قەدەغە بکرێت، چونکە لەم وەرزەدا ئه و بەرهەمە ناوخۆیانە پێداویستی بازاڕ دابین دەکات.
بەپێی ئاماری لیژنەی دیاری کردنی بەروبومی ناوخۆیی و دەرەکیش پارێزگای سلێمانی لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا لە عەلوەی سلێمانی (101) هەزار تۆن سەوزە لە بازاڕدا ساخ کراوەتەوە کە له و بڕە 50% بەروبومی ناوخۆیی بووە، هەروەها 53 تۆن میووە ساخ کراوەتەوە کە نزیکەی 20% بەروبومی ناوخۆی بووە و لە ماوەی مانگی (8-10) دا بەپێی گۆڕانکاری وەرز بەروبومی ناوخۆی لە 80% پێداویستی بازاڕی دابین کردووە.
بەم پێیەش بێت مانگانە لەسلێمانی زیاتر لە 10 هەزار تۆن سەوزە دەخورێت، کە ڕۆژانە 336 تۆن دەکات،
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا جگە له و بەروبوومانە کە بڕیار دراوە لە مانگی 12 دا هاتنەناوەوەیان قەدەغە بکرێت ڕێگە بە هاتنە ناوەوەی هەموو بەروبوومەکانی تر بدرێت بۆ ئەوەی پێداویستی بازاڕ بەپێی خواستی هاوڵاتیان دابین بکرێت، لە بارەی دابین کردن و بەرهەهێنانی قارچکیش ئاماژە بۆ ئەوەشکرا لە مانگی 12 دا دەرفەت لە بەردەم پڕۆژە خۆماڵییەکاندا دەڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی ڕێژەی بەرهەمی ناوخۆی لەم وەرزەدا دابین بکەن و لە ئەگەری دابین نەکردنی ئه و بڕەدا ڕێگە بەهاتنە ناوەوەی قارچک بدرێت.
لەکۆتای کۆبوونەوەکەشدا قائیمقامی سلێمانی لیژنەکانی ڕاسپارد کە بەبەردەوامی چاودێری نرخی هەموو ئه و خواردن و بەروبوومانە بکرێت کە هاوردە دەکرێن و لەبازارەکاندا ساغ دەکرێنەوە.
- 27-11-2014