بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکان
هاوکاتی هەواڵە خۆشەکانی سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، بەداخەوە بە بەردەوامی هەواڵی شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگەی قارەمانمان پێدەگات، کە خوێن و گیانی خۆیان دەکەنە فیدای خاکی پیرۆزی کوردستان.
برای بەڕێزم کاکە محەمەدی حاجی مەحمود/ سکرتێری حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان
روون و ئاشکرایە جەنابتان لەسەرەتای شۆڕشی نوێی گەلەکەمانەوە وەک پێشمەرگەیەکی قارەمان خەباتتان کردووەو تا ئەمڕۆ بەردەوامن لە خەبات کردن و دواجار دوێنێ لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کاکە عەتای سەرکردەی گەنج و ئەندامی سەرکردایەتی حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان و کوڕی جەنابت شەهید بوو، لێرەوە پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمتان ئاراستە دەکەم و دەزانم و هەستی پێدەکەم کە ئازاری لەدەستدانی جەرگ و ڕۆڵە چەندە ناخۆشە، بۆیە هەموو کات و لەگەڵ بیستی هەواڵی شەهید بوونی هەر پێشمەرگەیەک ئاخ هەڵدەکێشم و دەڵێم یاخوا کەس ئازاری لەدەستدانی ڕۆڵە نەبینێ، بەڵام دڵنیام جەنابتان و هەموو دایک و باوکە شەهیدێکی کورد دەزانن کە خوێنی ڕۆڵەکەیان بەفیڕۆ نەچووەو شەهیدی پاراستنی خاک و نیشتمانن.
لە کۆتاییدا دووبارە پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەکەم و ئومێد دەکەم خوێنی ئەو پۆلە شەهیدانەی کوردستان دوا هەنگاوەکانمان بێ بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئاشتی و ئارامی لە کوردستان.
کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان