جێگری سەرۆک وەزیران پێشبینی دەکات بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2015 ئاراستەی پەرلەمان بکرێت بەر لەپشوی ئەنجومەنەکە، ئاماژەشدەدات، کۆی گشتی بودجەی عێراق 108 ترلیۆن دینارە.
بەغداد، ئاوێنەنیوز: جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەها ئەعرەجی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حکومەت سورە لەسەر ناردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2015ی عێراق بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی ئه و وادەیەی دیاریکراوە، وتیشی، ئەنجومەنی وەزیران دانیشتنێکی نائاسایی سازدەکات بۆ بڕیاردان لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە و ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ وەستاندنی پشوەکەی.
وتیشی، کۆی گشتی بودجە بۆ ساڵی نوێ 108 تریلیۆن دینارە، لەسەر بنەمای نرخی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بەئاستی هەناردەکردنی 2.750 ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا و بەکورتهێنانی بڕی 41 ترلیۆن دینار.
جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشبینیکرد، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت زیادبکرێت بۆ کەمکردنەوە جیاوازی نێوان هەردوو بەهاکە و زیادکردنی داهات لەکاتێکدا ئەگەر نرخی نەوت بەرزنەبوەوە.
- 27-11-2014