سۆران ئیسماعیل کە لە ڕیزبەندی 78دایە، لەلایەن گۆڤارەکەوە وەک یەکێک لە 100 کەسی هەرە بەهێزی وڵات ناسراوە کە ئەوانە بەبێ دەنگدان و بێ بوونی پشتیوانی لەلایەن پارتێکی سیاسی بوونەتە خاوەنی ئەو پێگەیە.
سۆان ئیسماعیل، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی سوید لە بواری کۆمیدیا، جگە لە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی، گۆشەنووسی ڕۆژنامەی (سیدسڤینسکا)یە، هاوکات چالاکیی بەردەوامی لە پەیجی تایبەتی خۆیدا هەیە.
سۆران خەڵکی باشووری کوردستانە. لە پێشڕەوانی بزووتنەوەی دژە ڕەگەزپەرستییە لە سوێد، ناوی ئەو لەم لیستەدا دەیان جاری دیکە دانراوەتەوە.
ئەو زنجیرە کارەی لە سوید بۆ دژایەتی ڕەگەزپەرستی دەیکات و هەروەها دوای هێرشی دوو ئەندامی پەرلەمانی پێشووی پارتی سڤیریە دیموکرات (سویدییە دیموکراتەکان) بۆ سەر سۆران ئیسماعیل کە هەردووکیان تووشی لێپرسینەوەی توند بوون و لە کارەکانیان ڕاگیران، زیاتر سۆرانی لەلای سوێدییەکان خۆشەویست کرد.
لە لێدوانی پێشووتریدا بۆ (رووداو)، سۆران گوتبووی "من خزمەتی مرۆڤایەتی دەکەم". هەروەها گوتیشی "من تەنیا کارێکی مرۆڤانەم جێبەجێ کردووە، ئەویش بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستییە".
کوردی سوێد شوێندەستیان لەو وڵاتەدا دیارە، ئێستا 6 کورد کە وڵاتینامەی سوێدیان هەیە ئەندامی پەرلەمانن کە هەندێکیان بۆ دوو خولە هەڵدەبژێردرێنەوە، هەروەها کچێکی کورد بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنێکی دەوڵەتە. جگە لەوەش چەندین سیاسەتمەداری کورد لە نێو پارتەکانی سوێد کار دەکەن. هەروەها دارین کە یەکێک لە گۆرانیبێژە بەناوبانگەکانی سوید، کوردە.
گۆڤاری فۆکۆس لەبارەی سۆران ئیسماعیلەوە دەڵێت "سۆران لە سیاسەتڤانان زیاتر سیاسەت دەکات". گوتووشیەتی "ئەو زیاتر لە 200،000 لایەنگری هەیە، لە ڕووی پراکتیکیشەوە زیاتر لە وەزیرێک دەستی دەڕوات".
لە گوتارێکیدا کە پێشتر سۆران لە ڕۆژنامەی سڤینسکا داگبلادیت بڵاوی کردەوە، بە توندی ڕەخنە لە فراوانبوونی هزری ڕەگەزپەرستی دەگرێت و دەڵێت "ئەو دەربڕینانەی دژ بە منداڵە بیانییەک دەکرێت لەبەر ئەوەی چاوی شین و پرچی زەرد نییە، هیوادارم تەنیا دەربڕینی کەسێکی نەخۆش بێت، نەک کۆمەڵگە و جیهانێکی نەخۆش".
ئەم گوتارەی دەنگدانەوەیەکی زۆر و ڕەنگدانەوەیەکی زۆری لەسەر خوێنەران و توێژی ڕۆشنبیرانی ئەو وڵاتە هەبوو. لایەنگرانی پارتی ڕەگەزپەرستی ئەو وڵاتەی تووڕە کرد.
سۆران ئیسماعیل کە بۆ ئەمساڵیش وەک یەکێک لە 100 کەسایەتییە دیارەکەی سوید ناسێنرا، یەکێکە لە دەیان گەنجی کوردی ئەو وڵاتە کە کاریگەرییان لەسەر کەلتوور و سیاسەتی ئەو وڵاتە هەبووە. لەپاڵ ئەم، ئەرکان ئەسعەد بۆ سێَجار وەک باشترین نووسەری سوید و ئۆز نۆژەن و فادیمە خەزەر وەک باشترین مێدیاکار چەندینجار خەڵاتی یەکەمیان بەدەستهێناوە و لە لیستی کەسایەتییە ناسراوەکانی سوێددا بوون.
- 27-11-2014