سەردەمی لاوەتی خاڵۆ حسێن لە (دڕۆڵە) مەڕەخێڵ سەردەمی فەلاکەت و درێژەی ئاوقەدبوونی خەڵکی ناوچەکە لە گەڵ زەبرو زەنگی دەسەڵاتی ملهوڕی پاشایەتی لە لایێک و بێ بەشی خەڵکی وەک پشت گوێ خران وبەربەستی لانی کەمی گەشە و سەرهەڵدانی ژیان بۆ هەموان بوو! بۆ خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی شارەکان تەنانەت دەرەتانی خوێندن و فێر بوونی سەرەتایی خەون و خەیال دەهاتە پێش چاو. بەناچار گەنجێکی وەک حسێن بە جیا لە پیشەی شوانی چەند سەر مەڕو ماڵات هاوکات پەنا بردن بۆ ڕاوە کێوی بە مەبەستی دابین کردنی بژیوی ڕێگایەکیتری لە بەردەم نەبوو سەر باقی ئەوە لەدەس دەرچوونی گولەی تفەنگی ساچمەیی ڕاوکردنەکەی دەبێتە هۆکاری بریندار بوونی لاقی. دەست وێڕا نەگەیشتن بە دۆکتۆری پسپۆڕ بۆ چارە سەری برینەکەی لە دەست دانی قاچێکی لێ دەکەوێتەوە.
بەر بینگ پێ گرتنی بەسەرهاتی خەمناکی لە دەستدانی ژن و چەند منداڵی لە درێژەی ئەم ژیانە پڕ لە مەینەتیە بە جارێک پەنجەی گوشار دەخاتە گەرووی کاک حسێن. دوابەدوای گیرسانەوە لە باینگان و شارۆچکەی بانەوڕێ بڕیار دەدا بەرپەرچی دژواریەکانی سەر ڕێ ژیان و هاوشان لۆمە و سەرکۆنەی خەڵک کە بە توانجەوە دەیان کردە ئامانج و گوایە توانای بەڕێوەبردنی خۆی نیە ! پشت لە جەماوەر و ڕوو لە شاخی مەیگۆڕێ بناری شاهۆ چند کیلومێتری نێوان پاوە و باینگان دەکات. خاڵۆی شەیدای بێ ئۆقرەی تێکشکاندنی بەربەستەکانی سەر ڕێ ژیانی پشت بە خۆ بەستوو و سە لماندنی توانای لە بن نەهاتووی مرۆی خاوەن بڕیار وئیرادە 19 ساڵی ڕەبەق بە شەو و بە ڕۆژ شەڕی کۆڵینی شاخ و بەردی ڕەق و خۆڕاگری (مەیگۆڕێ)، 1 دەکات بە ماکەی ئەوین و گەیشتن بە ژیانی سەربەست و پڕ لەوانەی فێرکاری بۆ خەڵکی هاو سەردەم و پاش خۆی.
ساز کردنی چەندین ژوور لە نێو دڵی ڕەق و بەردینی شاخ هاوکات ئاوەدان کردنەوەی دەوروبەری ئەم شاخە بەچاندنی دار و باخەڕەز(مێو) لە پەنای یارمەتی کچەکەی بەرە بەرە ناوی حسێن کۆکەن و ئاشکرابوونی شوێنە قەراغ و پەسیو کەوتوەکەی بە گوێ خەڵکی نیشتەجێ دوور و نزیک دەچڕێنێ. ڕۆژ دوای ڕۆژ دەنگدانەوەی سێحری هێزو مەچەکی دەبێ بە بانگەوازچی ڕاکیشانی زیارەتچیان و ڕۆگەی خەڵکی سەرسام ماو بە دیتنی توانای لەشێکی کز و بە ساڵاچووی وەستاو لە سەر لاقێک بە یارمەتی دوو چڵە داری بن هەنگڵ.
گەورەیی حسێن عوسمانی تەنێ لە هەڵکۆڵینی شاخ و داتاشینی چەند ژوورێک وەک پاڵەوانی ئەم خوڵقاندنە تەنیالە نواندنی هێزی شاراوەی مرۆخۆدەرناخات بەڵکوو کۆکەنی هەژار نەخوێندەوار و قەت تێر زگ نەبوو بە ژەمەنانێکی ساکاری تەسەل ئەم جارەیان دیمەنێکی تری مرۆڤایەتی دەگمەن و بەرزە مەقام دەهاوێتە پێش ڕوومەتی خەڵکی نامۆکراو لە بەزەیی و خدەی پیرۆزی نەسڵەکانی پێش خۆیان.
زیارەتچیانی ئاسەواری دەست و پەنجەی حسێن کۆکەن لە شاخی مەیگۆڕێ هەرجارە بڕەپارەیەک وەک یارمەتی بە جێ دەهێڵن. ئێمساڵ 1393 خاڵۆی دڵ و دەروون فراوانی بێ نیاز لە پارەو کەرەسەی ژیانی سەردەم بە شێوازی پیرانی سەردمانی پێش خۆی لە شاهۆ بۆ ساز کردنی خوێندنگەی منداڵانی بانەوڕێ سەرجەم پارەی پێشکەشی خەڵک (بڕی6 ملیون تمەن) بە ناوەندی پەروەردە و فێرکردنی منداڵان دەبەخشێ و بەئەم شێوە گۆشەیەکی ترلە مەزنایەتی و کەرامەتیمرۆیی پیری مەیگۆڕی ئاشکرا و بەخشەندەیی و فێرکاری دەگەیینێتە چڵەپۆپە.
ئەوە ساڵانێکە مەیگۆڕێ و دیداری حسێن کۆکەن بوەتە ڕۆگەی گەشتیار ڕۆژنامەوان و فیلم هەڵگرانی تلوزیۆنەکان لە هەر لایێکەوە. هەڵکشانی ڕێژەیی داهات بەگوێرەی ڕووتێکردنی تووریست بۆ خەڵکی دەڤەرەکە و شارەکانی دەوروبەر بە تایبەت پاوە یەک لە بەرهەمە بەنرخەکانی خوڵقێندراوی دەست ومەچەکی حسێن کۆکەن بوە. پێشچوونێک کە ئەگەر کاری لەسەربکرێ هەردەم دەتوانی ڕووی لەگەشە کردن بێت.
داخ و کەسەر دامو دەزگای بەڕێوە بەری خۆجێیی تا هەنووکە هیمەتی هەر نەبێ کێشانی ڕێگایەکی ڕێکو پێک بۆ لای ئەم ئاسەوارە، ئاوردانەوە لە کاری مەزن و پڕلە ناوو دەنگەکەی پیر حوسەینی شاهۆ و لاینەکشت بابەتیەکانی هەڵ نەگرتوە. حسێن عوسمانی نەک بە زۆری زۆردارانی مێژو نە وەک دیل و بەردەی کڕدراو یان ئەوینداری کچێکی دڵ پێدۆڕاو لە چنگی دەسە ڵاتدارێکدا ئەسیرکراو بۆ ئازادکردنیدەستی داوەتەخوڵقاندنی ئەم ئاسەوارە.
ئەو وەک خۆی دەڵێ ؛ ” بۆ نیشاندانی ئیرادەی ئینسانی وسە لماندنی تواناکانی مرۆڤێکی نوقسانی جەستەیی بە دەوروبەر بە بێ هیچ جۆرە چاوەڕوانیەک تەنێ وەک کوردێکی باوەڕمەند بە خۆی بە دەستی بەتاڵ و کەڵک وەرگرتن لە قوڵەنگەیەکی ساکار بە گژ شاخی سەختدا دەچێ و سەرکەوتن دەستە بەر و تۆماردەکات.
سەرکەوتنێک لیپاو لیپ لە ئامۆژگاری بۆ خەڵکەکەیەتی، سەرکەوتنێک دەتوانێ خاوەندارەتی ناوەرۆکێک بۆ کەڵک وەرگرتن وەک وانەیەکی دەرسی کتێبی خوێندنی مندا ڵانی وڵات لە داهاتوودا بکا. ئەگەر گۆستاڤ ئایفێل (فەرانسە) 28ی ژانویەی ساڵی 1887تا 31ی مارسی 1989بە ساز کردنی بۆرجی 324 گەز بەرز و بە خەرج کردنی 7759401فرانک لە پارەی ئەوکاتی خەڵکی فەرانسە لە قەراغ هەزاران تۆن ئاسنی لە سەر یەک نراو وێرای یارمەتی دانی سەدان پسپۆڕ و کرێکار توانی پەیکەرو ناوی خۆی وەک کانگای داهات و ناوبانگ (بۆرج ایفل) بۆ ئەم وڵاتە هەتاهەتایی بکات حسین عوسمانی تەنیا بە ئارەقەی چاوان و بە هێزی شانو پیلی خۆی سەرچاوەی داهات لە ڕیگەی ڕەکێش کردنی گەشتیار ناوونیشان وگرێدراوی مێژوویی خۆی بە پیرانی شاهۆ لە دەفتەری مێژوودا نوێ کردەوە.
سدێق بابایی 28-11-2014 ئاڵمان