وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا کە وێنەیەکی دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، ئاماری شەهید و بریندار و بێسەروشوێنانی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "لە ڕۆژی 10-06-2014 و لەپاش پەلامارێکی بەرفراوان و دڕندانە و نامرۆڤانەی گروپێکی تیرۆرستی جیهانی بەناوی (داعش) بۆ چەند ناوچەیێکی فراوانی سنووری دەوڵەتی فیدراڵی عیراق و ئەنجام دانی چەندەها تاوانی گەورەی کوشتن وسەربڕین و تاڵان کردن و ڕفاندن بەرامبەر بە ئەندامانی پێکهاتەی چەند نەتەوە و ئاین وتایفەی جیاجیای دانشتوی شار و شارۆچکە و گوندەکانی سەر بە پارێزگاکانی (نەینەوا و صلاح الدین و ڕومادی و کەرکووک و دیالی و دەوروبەری بەغدا) و لەپاشاندا هەوڵدانیان بۆ پەلاماردانی شارو شاروچکە وگوندەکانی کوردستان بۆ ئەنجام دانی هەمان کوشت و کوشتار وکاری نامرۆڤانە ودڕندانە دژ بە هاوڵاتیان وهاونیشتمانانی کوردستان، کە لێرەدا هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان وهێزەکانی تری پاراستنی هەرێم وگشت هاوڵاتیانی کوردستان، قارەمانانە بە گیان وبەخوێن وبەماڵی خۆیان بەرگری یان لە کوردستانی نیشتمان کردو توانیان هێرشەکانی چەکدارانی هەڵ خەڵەتاوی ئه و گروپە تیرۆرستیە جیهانی یە لە یەکەم قۆناغدا ڕابگرن ولە پاشاندا بە پشتیوانی خوای گەورە وهاوکاری ویارمەتی وڵاتانی هاوپەیمان پاشەکشەیان پێ بکەن بەره و دواوە وزەره و و زیانێکی گەورەیان پێ بگەیەنن".
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "دیارە ئەم سەرکەوتنە مەزنە بێ قوربانی نەبووە، بەڵکو بە بەخشینی گیانی پاک و پیرۆز وخۆێنی گەش وئازاری برینی727 شەهیدی نەمر و سێ هەزار و 564 بریندار و34 بێسەروشوێنی قارەمان لە ئەفسەران وپلەداران وپێشمەرگەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان وئەفسەران وپلەدارانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی وبەرگری و فریاکەوتن وهێزەکانی پشتیوانی یەک ودوو وخانەنشینان وکەم ئەندامان وهاوڵاتیانی خۆبەخشی ئازا و دلێری کوردستان، هاتەدی و نەخشێنرا".
لە لێدوانەکەی وەزارەتی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە شەهید و بریندارەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە، یەژەئا ستار و یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال ناکات
رۆژنیوز