نووسینگەی ڕاگەیاندنی نووری مالیکی جێگری سەرۆککۆماری عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا کە لە ڕێکەوتی 18ـی 12ـی 2014 بڵاو کراوەتەوە، باسی ئەوەی کردووە کە سەبارەت بە دروستبوون و جموجۆڵ و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش بەر لە کەوتنی مووسڵ لە حوزەیرانی ڕابردوو سەرۆک بارزانی بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق نەکردووە.
لێرەدا بە گشت لایەک ڕادەگەیێنین کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقی لە مەترسیی دروستبوونی داعش و هەڕەشە و جموجوڵەکانیان لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و شاری مووسڵ ئاگادار کردووەتەوە و پێی ڕاگەیاندووە کە، هەرێمی کوردستان ئامادەیە بەهۆی ئۆپڕاسیۆنێکی هاوبەش یارمەتیی هێزەکانی عێراق بدات بۆ ئەوەی ڕێگە لە گەشە و بەهێزبوونی تیرۆریستان لەو ناوچەیەدا بگیرێت. بەڵام سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق ئەم ئاگادارکردنەوە و پێشنیازەی سەرۆک بارزانی بە هەند وەرنەگرت و گوێی لێ نەگرت. بەڕێز سەید عەمار حەکیم و د. ڕۆژ نووری شاوێس جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و باڵیۆزی ئەوکاتی ئەمەریکا لە عێراق شاهیدی ئەوەن کە، سەرۆک بارزانی لە ڕێی ئەوانەوە سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەو مەترسییە ئاگادار کردووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە کەوتنی مووسڵ و شکستی سوپای عێراق بەرپرسیارە و ناتوانێ بەمجۆرە لێدوان و ڕاگەیاندراوانە شکست و بەرپرسیارێتیی خۆی دابپۆشێت. لەو ماوەیەدا هەرچیی نەهامەتی و ناسەقامگیری و قەیران کە بەسەر خەڵکی عێراق هاتووە و هەروەها شکستە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانی عێراق ئەوە سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و دەورووبەرەکەی لێی بەرپرسیارە.
سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی لە نووسینگەی سەرۆک
20-12-2014