نووسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالیکی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا کە لە ڕێکەوتی 18ـی 12ـی 2014 بڵاوکراوەتەوە باسی ئەوەی کردووە کە سەبارەت بە دروستبوون و جموجۆڵ و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش بەر لە کەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی ڕابردوو سەرۆک بارزانی بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق نەکردووە.
لێرەدا بە گشت لایەک ڕادەگەیێنین کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی لە مەترسیی دروستبوونی داعش و هەڕەشە و جموجوڵەکانیان لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ ئاگادار کردووەتەوە و پێی ڕاگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە بەهۆی ئۆپڕاسیۆنێکی هاوبەش یارمەتیی هێزەکانی عێراق بدات بۆ ئەوەی ڕێگە لە گەشە و بەهێزبوونی تیرۆریستان لەو ناوچەیەدا بگیرێت. بەڵام سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئەم ئاگادارکردنەوە و پێشنیارەی سەرۆک بارزانی بە هەند وەرنەگرت و گوێی لێ نەگرت. بەڕێز سەید عەمار حەکیم و د. ڕۆژ نوری شاوێز جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و باڵیۆزی ئەو کاتی ئەمەریکا لە عێراق شاهیدی ئەوەن کە سەرۆک بارزانی لەڕێی ئەوانەوە سەرۆک وەزیرانی عێراقی لەو مەترسیە ئاگادار کردووەتەوە.
سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە کەوتنی موسڵ و شکستی سوپای عێراق بەرپرسیارە و ناتوانێ بەمجۆرە لێدوان و ڕاگەیاندراوانە شکست و بەرپرسیارێتیی خۆی دابپۆشێت. لەو ماوەیە هەرچی نەهامەتی و ناسەقامگیری و قەیران کە بەسەر خەڵکی عێراق هاتووە و هەروەها شکستە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانی عێراق ئەوە سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و دەورووبەرەکەی لێی بەرپرسیارە.
سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی لە نووسینگەی سەرۆک
20-12-2014