رەڤەند گوهەرزی
ئەمڕۆ سێشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لە پارێزگای دهۆک ئاماری ڕووداوەکانی ساڵی 2014 ڕاگەیاند، سێ هەزار 988 کەس بریندار بوون و زیاتر لە 25 هەزار مۆڵەتی شۆفێریش بە هاوڵاتیان داون.
رائیدی مافپەروەر، ئازاد تەها، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای دهۆک، بە خەندانی ڕاگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دهۆک هەزار و 132 ڕووداوی هاتوچۆ ڕویداوە و سێ هەزار و 988 کەس برینداربوون و 183 کەسیش گیانیان لە دەستداوە".
ئازاد تەها وتیشی: "لە ماوەی دوازدە مانگی ڕابردوودا لە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای دهۆک 19 هەزار و 935 ئۆتۆمبێلی جۆراو جۆر تۆمارکراون".
ئاماژە بەوەشکرد: "لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای دهۆک 25 هەزار و 204 مۆڵەتی لێخۆڕینی ئۆتۆمبێل بە هاوڵاتیان داوە و لە ناویاندا دوو هەزار و 55 مۆڵەت بە ژنان دراوە".
بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای دهۆک، ئەوشی خستەروو: "ئه و سەرپێچیانەی کەلە لایەن کامێرای چاودێریەوە تۆماکراون 315040 سەرپێچین و 64141 ئۆتۆمبێل غەرامەکراون".
- 30-12-2014