جەمال سەرگەتی
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی 2014 دەخاتەروو، ڕاشیدەگەیەنێت، بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە سەرجەم پڕۆژەکان جێ بەجێ بکرێن.
خدر کەریم، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە خەندانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەرجەم کار و چالاکییەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجەیان ڕاگەیاند، کە لە ساڵی 2014 ئەنجامدراون.
وتیشی: "سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە بەبڕی 95 ملیار دینار لەسەر بودجەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە، پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێکی زۆری ئه و پرۆژانە لەکارکردن وەستاون بەشێکی تریان جێ بەجێ کراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەمساڵ وەک شارەوانی هەڵەبجە توانیویانە زیاتر لە هەزار و 500 پارچە زەوی بەسەر سەرجەم چین و توێژەکانی شاری هەڵەبجە دابەش بکەن و سودمەندیان بکەن لە زەوی وەرگرتن.
ئەوەشی خستەڕوو: "600 پارچە زەویمان دابەش کردووە بەسەر وارسی شەهیدان، گرفتی تاپۆی زەویمان چارەسەر کردوە، بەشێک له و گرفتە ماوە ئەویش چارەسەر دەکەین".
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە ڕاشیگەیاند: "هەر لەمساڵدا کارمان کردووە بۆ ئەوەی قەرەبووی جوتیاران بکەینەوە، کارمان کردووە بۆ ئەوەی پەیوەندیەکانی دەرەوە گرنگی پێ بدەین".
خدر کەریم وتیشی: "ئەگەر قەیرانی دارایی لە ساڵی 2015 چارەسەر بکرێت، ئەوا پلانمان هەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر جێ بەجێ بکەین و هەروەها ئەوانەی زەویان وەرنەگرتووە زەویان پێ بدرێت".
- 31-12-2014