حەسەن جومعە
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا مانگی 10 بەهۆی ئەنجامدانی تەقینەوە و کردەوە تیرۆریستییە جۆر بە جۆرەکانەوە لە شاری کەرکووک 740 کەس کوژراون و 2067 کەسی تریش بریندار بوون و لەناو بریندارەکانشیدا چەندین کەس کەمئەندام بوون.
د. سەباح ئەمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک بە خەندانی ڕاگەیاند: "بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی 10 بەهۆی ئەنجامدانی تەقینەوە و کردەوە تیرۆریستییە جۆر بە جۆرەکانەوە لە شاری کەرکووک 740 کەس کوژراون و 2067 کەسی تریش بریندار بوون".
وتیشی: "ئه و 740 کەسەی کە کوژراون بەهۆی تەقینەوە و کردەوە تیرۆریستییەکانەوە، تەنها 501 کەسیان دانیشتووی شاری کەرکووکن، سەرجەم ئەوانی تر خەڵکی دەرەوەی شاری کەرکووکن".
راشیگەیاند: "لە ناو بریندارەکانیشدا چەندین کەس کەمئەندام بوون، بەڵام بە ژمارە تۆمار نەکراون".
ئەوەشی خستەڕوو کە، بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک توانیویەتی بەشێوەیەکی زۆر باش چارەسەری بەشێکی زۆر لە بریندارەکان بکات، بەڵام هەندێک جاریش بە هۆی نەبوونی پێداویستی تایبەتەوە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر و سلێمانی کراون.
- 31-12-2014