رەهێل سەمەد
جگە لە خوێندنگا و پەیمانگە حکومییەکانی سەر بە وەزاەتی پەروەردە، زیاتر لە 300 خوێندنگا و پەیمانگەی ئەهلی کە سەر بەهەمان وەزارەتن، لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و تێیدا خوێندکار بەپارە دەخوێنێت، هەروەک بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بۆ دەکات لەکاتی ناردنی خوێندکار بۆ خوێندنگا ئەهلییەکان، بەخێوکەر لەجیاتی بیر لە پرۆگرام و سیستەم و ئاستی زانستی و بڕوانامەی مامۆستایان بکەنەوە زیاتر بۆ چاولێکەری و نزیکی لەماڵەکانیان و بۆ فێربوونی زمانێکی بیانییە.
دانا مەحەمد خدر بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندانی ڕاگەیاند: بەگوێرەی یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 2012 ی پەرلەمانی کوردستان هەموو پەیمانگە و قوتابخانە و باخچەکانی ساوایان و سەنتەرەکانی فێرکاری پابەندکراون بە بڕگە و ماددەکانی ئه و یاسایە.
وتیشی: ژمارەی قوتابخانە و پەیمانگە ئەهلییەکان لە هەرێم دەگاتە نزیکەی (300) دەکرێن بە دوو بەش، یەکەمیان قوتابخانە خۆماڵی یەکان (لۆکاڵ) کە هەمان پرۆگرام و سیستەمی وەزارەتی پەروەردە پەیڕه و دەکەن.
دووەمیان قوتابخانە نێودەوڵەتی و بیانییەکان کە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەرەنسی، فارسی دەخوێنن و پرۆگرام و سیستەمی وڵاتێکی بیانی یان دەزگایەکی پەروەردەی جیهانی پەیڕە و دەکەن.
لەبارەی هۆکارەکانی ناردنی خوێندکار بۆ خوێندنگا ئەهلییەکان لەلایەن بەخێوکەرانەوە وتی: بە داخەوە تاکو ئێستا ڕێژەیەکی زۆری بەخێوکاران لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە منداڵەکانیان دەبەنە قوتابخانە ئەهلییەکان لەوانە (نزیکی لە ماڵەکانیان، چاولێکەری، فێربوونی زمانێکی بیانی بەتایبەتی زمانی ئینگلیزی).
ئەمە لەکاتێکدا پێویست وابوو ئه و بەخێوکەرە بیر لە پرۆگرام و سیستەم و ئاستی زانستی و بڕوانامەی مامۆستایانی ئه و قوتابخانەیه و جۆری ئه و خزمەت گوزاریە بکەنەوە کەله و قوتابخانەیە هەیە .
- 04-01-2015