رەهێڵ سەمەد
بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی هەولێر ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو لەبوارەکانی لەدایکبوون و ژمارەی نەخۆشخانە و کلینک و ئاستی سەردانی هاوڵاتیان و چەندین ئاماری تری تایبەت بە کەرتی تەندروستی لە سنووری پارێزگای هەولێر خستەڕوو.
د. سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2015، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەساڵی 2014 دا 56 هەزارو 900منداڵ لەدایک بوون و لەم ڕێژەیە 44 هەزارو 605 منداڵیان لەنەخۆشخانەکان لەدایک بوون.
ئەوەشی خستەڕوو: لە سنوورەکەیان 22 نەخۆشخانه و 213 بنکەی تەندروستی و 17 سەنتەری تایبەتی یەک جۆر نەخۆشی و 9 کلینیکی 24 کاتژمێری هەیە، لەگەڵ 15 کلینکیی میللی خێرخوازی، کە لەماوەی ساڵی 2014 لەسنوری بەرێوەبەرایەتییەکەیان زیاتر لە چوار ملیۆن هاوڵاتی سەردانی نەخۆشخانه و بنکە تەندروستیەکانیان کردوه و و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
وتیشی: "خۆشبەختانە لەگەڵ بەردەوامی هەڵمەتەکانی کوتان دژی سورێژە وز سورێژە نەبووە، لەساڵی 1997ەوە لەهەولێر هیچ حاڵەتێکی ئیفلیجی تۆمارنەکراوە، لەماوەی ساڵانی ڕابردووش تەنها هەر ئه و حەوت حاڵەتی هەڵگری نەخۆشی ئایدز هەن کەئەوانیش خەڵکی بیانی بوون هی دەروەی هەرێمی کوردستان بوون".
راشیگەیاند: ئه و کەسانەی هەڵگری شێرپەنجەن تائێستا ڕێژەکەی لەستانداردی جیهانی تێنەپەرێوە، بەڵام لە هەر 200 هەزار کەس 100 بۆ 150 کەس توشبووی ئه و نەخۆشیەن بەمەش 15 هەزار کەس توشبووی نەخۆشی شێرپەنجەن، 12 هەزار کارتی تەندروستی بۆ ئه و کرێکارە بیانیانە دروستکراوە کە بەپێی مۆڵەتی تەندروستی کاریان کردوە.
وتیشی: "ساڵی 2014 داهاتی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر چوار ملیارو 35 میلۆن دینار بووە، بەشێکی کەمی نەبێت بەشەکەی دیکەی بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە".
دواجار سەبارەت بەداخستنی شوێنە گشتیەکانیشەوە وتی، لە ڕێگەی لیژنەکانی چاودێری تەندروستیەوە 308شوێن لە بازارو شوێنەگشتییەکان داخراوە بەهۆی سەرپێچی تەندیوستی و نەبوونی مۆڵەت و بڕی 29 ملیۆن و 300 هەزار دینار غەرامەی شوێنەکان کراوە.
- 06-01-2015