خەندان- سامان
بۆ یەکەم جار دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و دوای 36 ساڵ بەرهەمێکی هونەرمەندی ناوداری کورد ناسر ڕەزازی لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە مۆڵەتی پێدراوە و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە 15-01-2015 بخرێتە بازاڕەوە.
ئەم ئەلبومە نوێیە لەژێرناوی (چیاوان)دا بڵاودەبێتەوە و زەکەریا یوسفی کە ئەم ئەلبومەی لەگەڵ ناسر ڕەزازی بەرهەمهێناوە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەندان وتی: "ئەلبومی چیاوان یەکەم بەرهەمی ناسر ڕەزازییە کە لە ئێران مۆڵەتی پێدراوە".
وتیشی: "ئەم بەرهەمە بە هەوڵ و کۆششێکی زۆر هاتووەتە دی".
لەبارەی ئەلبومەکەشەوە ئەوەی ڕوونکردەوە: "ئەلبومی چیاوان لە 12 بەرهەم پێکەهاتووە کە 10 گۆرانی و 2 مەقام لەخۆدەگرێت".
بڕیارە ئەم ئەلبومە نوێیە ڕۆژی پێنجشەممە 15-01-2015 لە هۆڵی ماڵی موسیقای ئێران لە خیابانی فاتمی تاران بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و کەسایەتییە ناودارەکانی کوردستان و ئێران بخرێتەڕوو و لەهەمانکاتدا لە هەموو ئێرانیش بڵاوببێتەوە".
- 11-01-2015