بەهۆی ئه و دابەزینەی لەنرخی نەوتدا ڕویداوە، سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هۆشداریدەدەن لەئەگەری داتەپینی ئابوریی عێراق و هەرێمی کوردستان، پێشیانوایە دابەزینەکە گەمەیەکی سیاسییە بۆ ڕوخاندنی ئابوری هەندێک وڵات کە دواجار پریشکی زیانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەگرێتەوە.
هاوکار حسێن، ئاوێنەنیوز: نرخی یەک بەرمیل نەوت لەئێستادا نزیکەی 45 دۆلارە و پسپۆڕانی بواری ئابوریش پێشبینی دەکەن هەر لەم ساڵدا نزمترین ئاستی نەوت بگاتە نزیکەی 28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە دوێنێ (چوارشەممە) نرخی بەرمیلێک لەکوەیت گەیشتە 38 دۆلار. لەهەمان کاتیشدا ئەگەری ئەوە هەیە لەمانگی حوزەیراندا کەمێک بەرزبونەوە بەخۆوە ببینێت.
لەئێستادا ئەمریکا بڕیاریداوە کە نەوتی ڕێکخراوی ئۆپیک نەکڕێت و بەدیلی نوێی دۆزیوەتەوە کە عێراق و ئێرانیش هەردوکیان ئەندامی ئەم ڕێکخراوەن. کەسایەتیە سیاسییەکانی کورد و عەرەبیش هۆکاری ئەمە دەگێڕنەوە بۆئەوەی کە واشنتۆن دەیەوێت له و ڕێگەیەوە ئابوری هەندێک وڵات بڕوخێنێ، بەڵام دواجار هەرێمی کوردستانیش وەک پنتێکی نێو ئەم هاوکێشە گەورەیە، زیانی بەردەکەوێت.
بایەزید حەسەن، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق بەئاوێنەنیوزی ڕاگەیاند، "هۆکاری ئەوەی کە ئەمریکا نایەوێت نەوتی ئۆپیک بکڕێت، یەکەم بۆئەوەی دەیەوێت ئابوری ڕوسیا و ئێران بڕوخێنێت، چونکە تانرخی نەوت دابەزێت، ئابوریی ئەم وڵاتانەش لاوازدەبێت".
لەبارەی کاریگەریی ئەم گەمە ئابورییە بۆ سەر ئایندەی هەرێمی کوردستان، حەسەن وتی، " لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستانیش پشت بەفرۆشی نەوت دەبەستێت، بۆیە هەر دابەزینێک لەنرخی نەوت کاریگەریشی هەیە لەسەر ئابوری کوردستانیش".
عێراق یەکێکە له و وڵاتانەی کە زیاتر %90ی داهاتی ساڵانەی بەشێوەیەکی سەرەکی پشتدەبەستێت بەفرۆشی ئه و نەوتەی کە ڕەوانەی بازاڕای وزەی جیهانی دەکات، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لەنرخی نەوتدا ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر بودجەی گشتیی وڵات.
پەرلەمانتارەکەی پێشوی عێراق پێیوایە هەڵەی هەرێمی کوردستانیش و عێراقیش لەوەدایە کە "هەردوکیان بەرێژەی %92 پشتیان بەستوە بەفرۆشتنی نەوت، کە دەبوایە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و پترۆکیمیایی و ئەوانی دیکەشیان پەرەپێبدایە، بۆئەوەی لەحاڵەتێکی ئاوادا توشی قەیران نەبن".
ئه و وتانەی بایەزید حەسەن لەکاتێکدایە کە جێگری سەرۆک کۆماری عێراقیش پێیوایە کە دابەزینی نرخی نەوت بەوشێوەیەی ئێستا، هەروا کارێکی لەخۆڕا نەبوە، بەڵکو ئامانج لێی داتەپاندنی ژێرخانی ئابوریی هەندێک وڵاتە لەناویاندا ڕوسیا و ئێران، کە ئەمە کاریگەرییەکەی درێژدەبێتەوە بۆ سەر عێراقیش.
جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، نوری مالکی لەسەردانێکیدا بۆ زانکۆی بەسرە، ئەمڕۆ بەرۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، "جەنگی ئابوری بۆ سەر وڵاتان ڕەنگە زیان و کاریگەری گەورەتری هەبێت لەسەر مرۆڤایەتی وەک لەجەنگی تەقلیدی، دابەزینی نرخی نەوتیش هەروا بارودۆخێکی ئاسایی ئابوریی نیە، بەڵکو پرۆسەیەکی سیاسییە و ئامانج لێی ڕوخاندنی ئابوری هەندێک وڵاتی دیاریکراوە".
مالکی ناوی ئه و وڵاتانەی ئاشکراکرد کە ئابورییەکەیان بەئامانج گیراوە و وتی، "ئێران و ڕوسیا لەیەکەمینەکانی ئه و وڵاتانەن و بارودۆخەکە عێراقیش دەگێریتەوە".
ئه و وتانەی مالکی لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەبارودۆخێکی هەستیاری ئابوریی و ئەمنیدا گوزەردەکەن و هەردولا چاویان لەسەر فرۆشتنی ئه و نەوتەیە کە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهانی دەکەن.
بازاڕی وزەی جیهانی ڕۆژانە 90 ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆدەچێت، کە 30 ملیۆنی لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپیکەوە بەرهەم دێت. لەم ڕێکخراوەشدا 7 وڵاتی عەرەبی و 5 وڵاتی غەیرە عەرەبی ئەندامن تێیدا کە کاریگەرترینیان سعودیەیه و ڕۆژانە 9 ملیۆن 700 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت. هاوکات ڕوسیاش ڕۆژانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت دەخاتە ئەم بازاڕەوە.
ئەوەی بەشێوەیەکی سەرەکی نرخی نەوتی دابەزاندوە، بریتیە لەتێکچونی ئه و هاوکێشە ئابورییەی کە بازاڕی وزەی گرتوەتەوه و "پێشکەشکردن زۆر زیاتر بوە لە خواست"، ڕۆڵی ئەمریکاش لەم نێوەندەدا یەکلاکەرەوەیە کە لەئێستادا تەکنەلۆژیایەکی پێشخستوه و پێیدەوترێت "نەوتی نائاسایی" کە لەبەرد دەردەهێنرێت و وایکردوە پێویستی بەکڕینی نەوت نەبێت، لێرەشەوە %40ی نەوتی ئۆپیک کە پێشتر ئەمریکا دەیکڕی، ئێستا لەبازاڕەکاندا دەمێنێتەوە.
- 16-01-2015