دوای ئه و سەرکەوتنە مەزنانەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە دەست و بازووی پێشمەرگەی کوردستان لە نزیک بەنداوی مووسڵ تۆمار کرا، ئەمڕۆ هەینی 23ی 1ی 2015 ئاگری بۆردومانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەییشتە بنکەکانی داعش لەناو شاری موسڵ و تۆپخانە و هێزی مووشەکیی پێشمەرگە بە چڕی مۆڵگە و بارەگاکانی تیرۆریستانی داعشیان لەناو شاری موسڵ کە ناوەند و بارەگای سەرەکیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشە بۆردومان کرد و زیانێکی گەورەیان بە تیرۆریستانی داعش گەیاند.
سەرکەوتنی پێشمەرگە و ئاگربارانی ئەمڕۆی تۆپخانە و مووشەکی هێزەکانی پێشمەرگە ترسێکی گەورەی خستۆتە ناو دڵی تیرۆریستان و ورەیان زۆر بە توندی دابەزیوە.
جەماوەری خۆشەویستی کوردستان لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە لەهەر شوێنێک داعشی لێ بێت و هەر مۆڵگە و بنکە و بارەگایەکیان کە لە هەر کوێ بێت لە ئاگری پێشمەرگە پارێزراو نابێت و دەستی پۆڵایینی پێشمەرگە تێکوپێکیان دەشکێنێت.
هەر لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووی هێزی پێشمەرگە ئەمڕۆ 23ی 1ی 2015 پێشمەرگە قارەمانەکان توانیان گوندەکانی شندۆخا و قادسیەیش لە تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکەن و زیانێکی گەورە بە تیرۆریستانی داعش بگەیێنن.
سەرکەوتن بۆ پێشمەرگە و گەلی کوردستان.
شکست و سەرشۆڕی بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی کوردستان.
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە میحوەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دیجلە
2015/1/23