رەهێڵ سەمەد
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2015، ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئاماری ساڵی ڕابردووی دادگاکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ئەنجامی ئه و ئامارە کۆی گشتی مارە بڕین لە هەرێمی کوردستان 47 هەزارو 453 حاڵەت و هەشت هەزارو 777 حاڵەتی جیابوونەوەش تۆمارکراوە.
ئومێد موحسین، وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە هەولێر ڕایگەیاند: لەماوەی ساڵی ڕابردوو لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان مارە بڕین 47 هەزارو 453 حاڵەت تۆمارکراوە، ڕێپێدان بە ژنهێنانی دووەم لە کوردستان 75 حاڵەت و پەسەندکردنی مارە بڕینی دەرەکی سێ هەزار و 305 حاڵەت و جیابوونەوەی هاوسەرانیش هەشت هەزار و 777 حاڵەت، بەڵگەنامەی لەدایک بوون حەوت هەزار و 999 حاڵەت و وەفاتنامەش 11 هەزار و 488 حاڵەت هەبوە.
هەرله و کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا ئومێد موحسین، ڕاشیگەیاند: ئه و ئامارانەی ساڵی ڕابردوو بەراورد بە ساڵی 2013، لەبارەی مارەبڕین لەسەرانسەری کوردستان کەمیکردووە، هەروەها بۆ مامەڵەکانی جیابوونەوەش تەنها لە سنووری پارێزگای هەولێر کەمی کردوە، لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و ئیدارەی گەرمیان ڕێژەی جیابوونەوە زیادیان کردوە.
وتەبێژەکەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم ئاماژەی بەچەند ئامارێکی تر کرد کە پەیوەندی بە دۆسییەکانی بەردەم دادگانەوە هەیە بەتایبەتی دۆسییەکانی پەیوەست بە دادگای تێهەڵچونەوە و دادگای تاوان و دادگای کەتن و دادگای نەوجەوانان و دادگای باری شارستانی و دادگای کاروباری کەسایەتی و دادگای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی.
- 25-01-2015