عەزیز نیعمەتی، لە ساڵی 1959 لە گوندی کانی سپی سەربە #شنۆ# لەدایکبووە. پێش ئەوەی بچێتە بەر خوێندن، لای مامۆستای ئایینی گوندەکەیان، ماوەی دوو ساڵ قورئانی پیرۆزی خوێندووە و دواتر مەولودنامەی مەلای باتەیی ئەزبەر کردووە.
دواتر چووەتە بەر خوێندن و پۆلەکانی سەرەتایی لە گوندەکەی تەواوکردووە. ناوەندی و دواناوەندی لە شنۆ تەواو کردووە. دیبلۆمی دەبیرستانی لە شنۆ وەرگرتووە. لە 1977 لە دانیشسەرای ڕاهنمایی شنۆ وەرگیراوە، دوای دوو ساڵ دیبلۆمی لە ئینگلیزی بەدەستهێناوە. لە 1977 لە ئیدارەی پەروەردەی شنۆ، وەک مامۆستا دامەزراوە و وانەی ئینگلیزی وتووەتەوە.
لە دەستپێکی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێراندا 1979 بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ، چووەتە ماکۆ و لەوێش وەک مامۆستا وانەی وتووەتەوە. ساڵێکیش لە تاران و 3 ساڵیش لە تەورێز وەک مامۆستا خزمەتی کردووە.
لە شنۆ و گوندەکانی دەوروبەری شنۆ، بۆ ماوەی پێنج ساڵ خزمەتی کردووە. دواتر لە زانکۆی تەورێز بەشی ئینگلیزی خوێندووە و لە 1989 بەکالۆریۆسی لە ئەدەبی ئینگلیزی بەدەستهێناوە. دووبارە گەڕاوەتەوە شنۆ و بۆ ماوەی 15 ساڵ زمانی ئینگلیزی وتووەتەوە.
لە پۆلی سێ و چواری سەرەتاییەوە خولیای نووسین و خوێندنەوەی ئەدەبی و هونەری هەبووە و بەشداری لە چالاکییەکان کردووە.
وەک خۆی لە دیدارێکدا باسی کردووە، دوای مەولودنامەی مەلای باتەیی هەڵبەستێکی مەلای جزیری لەبەر کردووە و لەوێوە خولیای ئەدەبی بۆ درووست بووە. دواتر دەستیکردووە بە خوێندنی هەڵبەستی هاوچەرخی کوردی و فارسی.
لە 1979 تا 1980 وەک خوێنەرێک شەیدای خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی دەبێت و شیعرەکانی (قانع، هێمن، هەژار و مەلا ئاوارە) دەخوێنێتەوە. هەر لەو سەروبەندەدا چەند هەڵبەستێکی هێمن دەکاتە فارسی.
دواتر دەست بە نووسین دەکات، بە تایبەت لە سەردەمی خزمەتی مامۆستایی لە شاری شنۆ.
پەیوەندی لەگەڵ گۆڤاری سروە درووست دەکات و دەبێتە هاوکاری بەشی کرمانجی گۆڤارەکە. هەندێک چیرۆک و بابەتیش بۆ بەشی سۆرانی گۆڤارەکە وەردەگێڕێت. ئەوە دەبێتە یەکەم وێستگەی نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی.
لە ڕێکەوتی #11-04-2025#، لە تەمەنی 66 ساڵیدا بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
نووسەر و وەرگێڕی کۆچکردوو، لە ماوەی ژیانی نووسینیدا، چەندین وتار و بەرهەمی وەرگێڕراوی بڵاوکردووەتەوە و بەشێک لە دەستنووسەکانی هێشتا ڕووناکی چاپیان نەبینیوە، لەوانە سەرجەم هەڵبەستەکانی و چەند چیرۆکێکی کوردی، کە وەریگێڕاون بۆ فارسی.
عەزیز نیعمەتی، بڕوای وابوو، پێویستە نووسەران و شاعیرانی کورد، پڕۆژەی بەیەکەوە بەستنەوەی زاراوەکانی کوردییان هەبێت و سوود لە فەرهەنگی شێوەزارەکانی کوردی وەربگرن بۆ دەوڵەمەندکردنی زمانی نووسینیان.
هەروەها ڕای وابوو، پێویستە بازنە بە دەوری زارەکانی زمانی کوردیدا نەکێشرێت و چالاکی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری هاوبەش هەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی درووست لەنێوان زاراوەکاندا بنیات بنرێت.
یەکێکیش بوو لەو ڕۆشنبیرانەی بە پێویستیی دەزانی، منداڵانی هەورامی لە مافی خوێندن بە هەورامی بێ بەش نەکرێن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە هەورامی بکرێت و ئەو گەنجینە دەوڵەمەندەی زمان و ئەدەبیات ڕوو لە کزی نەکات.
=KTML_Bold=لە دیارترین بەرهەمەکانی:=KTML_End=
چیرۆکی لوقمی شەکەری حەسەن سلێڤانەیی، وەرگێڕان بۆ فارسی، بیرەوەرییەکانی #ڕەفیق حیلمی# وەرگێڕان بۆ فارسی، چیرۆکێکی ئیسماعیل هاجانی کردووە بە فارسی. چیرۆکی کوردی ڕۆژهەڵات و باشوور لە کوردی بۆ ئینگلیزی
=KTML_Bold=ژمارەیەک لە وتارە بڵاوکراوەکانی:=KTML_End=
-ئەدەبیاتی نوێ و کۆن
-مرۆڤ ئاشتیی و تۆڵە
-نووسەر و بەرپرسیاری
-زمان، شوێن و زەمان
-وتاری ڕەخنەیی لە بارەی شیعرەکانی مارف ئاغایی.
-وتارێکی ڕەخنەیی لە بارەی شیعری سوارەی ئیلخانی زادە.
-میدیا و زمان و زارۆک
-جڤاکا بێ کتێب
-ناساندنا ڕۆمانا کرمانجی
-وەرگێڕان و پرسگرێکن وەرگێڕان
-چوار وتار لەسەر مەم و زینی ئەحمەدی خانی
-پەیڤەک لەسەر فۆلکلۆر
-دەستپێکا هەڵبەستێ لە کۆمەڵگەی سەرەتایی مرۆڤاندا
هەروەها کتێبی: مەرگی ئاوێنەی شەڕ و ئاشتی.
[1]