رەهێڵ سەمەد
ئەمڕۆ شەممە 7ی شوباتی 2015 لە شاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان ئاماری هاوردە و هەناردنی کاڵاکانی ساڵی 2014ی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان ڕاگەیاند: لەماوەی ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان 262 کارگە مۆڵەتی دامەزراندنی پێدراوە، لەوانە 181 کارگە لە هەولێر و 67 کارگە لە سلێمانی و 14 کارگەش لە دهۆک مۆڵەتیان پێدراوە.
وتیشی: هەر له و ساڵەدا 2 هەزار و 227 کۆمپانیای ناوخۆیی و 264 کۆمپانیای بیانی تۆمارکراون. بەمەش ژمارەی کۆمپانیاکانی ناوخۆ بەگشتی دەگاتە 19 هەزارو 644 کۆمپانیا و ژمارەی کۆمپانیا بیانییەکانیش دەگاتە 3 هەزار و 25 کۆمپانیا.
شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ڕاشیگەیاند: زۆرترین ئه و کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون لە وڵاتی تورکیاوە هاتوون کە ڕێژەکەی 44%ی کۆمپانیاکان پێکدەهێنێت، لەدوای ئەویش وڵاتی ئێران و ئیمارات و لوبنان و ئەمەریکا و بەریتانیا دێن.
لەبارەی ئاماری هاوردەکردنیش بۆ هەموو مەرزە نێودەوڵەتی و مەرزە نافەرمییەکانیشەوە لە ئامارەکەی یەکێتی هاوردە و هەناردەکاراندا هاتووە: لەماوەی ساڵی ڕابردوو 4096 مۆڵەت بە هاوردەکردن لە نۆ خاڵی گومرگی سەرتاسەری هەرێم دراوە کە بایی 10 تریلیۆن و 584 ملیارو 150 ملیۆن دینارە دینار بووە.
سەرۆکی یەکێتی هاوردە و هەناردەکاران ئاماژەی بەوەشکرد: هاوردەکردنی کاڵاکان بۆ ناو هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە و بارودۆخی دارایی و ئەمنی ناوچەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر بازرگانی نەکردووە.
روونیشیکردەوە: لەبەرانبەر هاوردەکردن ڕێژەی هەناردەکردنی کەلوپەلی ناوخۆ بۆ دەرەوە تەنیا 118 مۆڵەت دراوە ئەوانیش 233 هەزار و 144 پارچە بووە، ئه و ژمارەیەش زۆر کەمە و ئه و کاڵایانەی هەناردەکراوە چەند بابەتێکی دیاریکراوە وەک (خورما، مس، کۆکراوەی پاشماوەی خاشاک، پێستە، خوری، موی بزن، پرستیکی هاڕاو، هەنگوین، بنێشتی کوردی، زەیتون، پەتاتە).