بە مەبەستی پاڵپشتی کردنی جووتیاران و دابین کردنی بڕێکی زۆری بەرهەمی پەتاتە لە بازاڕەکانی کوردستان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ ئەم ساڵ بڕی 4370 تەن بنەتۆی پەتاتە بۆ جووتیارانی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی دابین کردووه و لە ئێستاشدا دەست بە دابەشکردنی کراوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمدا کە وێنەیەکی خەندان نێراوە تیایدا هاتووە: ئەمڕۆ دووشەممە عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە یاوەریی ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت سەردانی کۆگایەکی بنەتۆی پەتاتەی لەسەر ڕێگای قوشتەپە کرد، لەم سەردانەیدا چاوی بە خاوەنی کۆگاکە کەوت و لەگەڵ ئه و جووتیارانەش قسەی کرد کە بۆ وەرگرتنی بەشی پێویستی خۆیان لەم کۆگایە ئامادەبووبوون.
لەم ڕووەوە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دووپاتی کردەوە کە وەزارەت لەپێناو زیادکردن و پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی بەردەوام لە پلانیدایە پاڵپشتیی جووتیاران بکات، دەربارەی پڕۆسەی دابەشکردنی ئەم بنەتۆ پەتاتەیەش ڕوونی کردەوە کە پێویستە ئەم بنەتۆیە به و جووتیارانە بدرێت کە بە کردەنی دەیچێنن و بەرهەمەکەی دەهێننە بازاڕەوە، جەختیشی کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت بەر لە چاندنی لە بازاڕدا بفرۆشرێتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت بە تایبەتیش بۆ جووتیارانی نموونەیی، دواتر یەکە یەکە بەشەکانی کۆگاکەی بەسەرکردەوە، ئه و بنەتۆیە لەلایەن کۆمپانیاکانی KH و AGROPLANTو نەهرئەلئەوراد و ئەرز ئەلسبار و بلۆفێڵد و ڕیف کوردستانەوە لە وڵاتانی هۆڵەنداو فەرەنساو ئێرلەندا هاوردەکراوه و بە پاڵپشتیی 30% ی نرخی هەر تەنێک کە لە نێوان 1.300.000دینار بۆ 1.700.000دیناردایە دەدرێتە جووتیاران.
ئەم بنەتۆیەی پەتاتە بەم شێوەیە دابەش دەکرێت بۆ پارێزگای هەولێر 1500 تەن و سلێمانی 620 تەن و دهۆک 2000 تەن و بۆ ئیدارەی گەرمیان 250 تەن، شایانی باسە ئەم بنەتۆیەی پەتاتە لەلایەن لیژنەی تایبەتی و تەکنیکی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵی پارێزگاکانەوە دابەش دەکرێت.
- 09-02-2015