سۆران کەریم
دوای ئەوەی بە نووسراوێک، پەرلەمانتار سۆران عومەر، داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد دۆسیەی دیار نەمانی بڕی 40 ملیار دیناری هێزەکانی پێشمەرگە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات، سەرۆکی پەرلەمان، بە نووسراوێک دۆسیەکەی بۆ هەریەک لە داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی هەرێم ڕەوانە کرد.
سۆران عومەر، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ و پەرلەمانتار لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی، لە 15ی کانونی دووەمی 2015، نووسراوێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێم کرد و تیایدا ڕوونی کردەوە، پاش بەدواداچوون بۆ ئه و بڕە پارەیە کە بریتییە لە 40 ملیار دیناری هێزەکانی پێشمەرگە، کە لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2013ی بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان هاتووە.
لە وەڵامدا وەزارەتی پێشمەرگە لەرێگەی ئەمینداری گشتی وەزارەتەوە بە نووسراو وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت:" ئه و 40 ملیار دینارە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە، وەرنەگیراوە".
سۆران عومەر، داوا لەسەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات، دۆسیەکە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات بۆ بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئه و بڕە پارەیە بکات.
لە بەرامبەریشدا یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ژمارە 4/3/569 لە 2ی شوباتی 2015 نووسراوێک ئاراستەی هەریەک لە داواکاری گشتی و دەستەی گشتی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان دەکات.
لە نووسراوەکەی سەرۆکی پەرلەماندا هاتووە :" هاوپێچ لەگەڵ نووسراوماندا دەقی نووسراوی پەرلەمانتار بەڕێز (سۆران عومەر) سەبارەت بە دیارنەمانی چارەنووسی 40 ملیار دیناری پێشمەرگە ئاراستەتان دەکەین بەمەبەستی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی کاری پێویست بەپێی یاسا."
- 13-02-2015