بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر خەتەنەکردنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە، نزیکەی 50% تاوەکو 70%ی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەتەنە کراون. بەپێی پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەر ژنێک خەتەنە کرابێت کەمئەندامە.
رایحە موزەفەریان توێژەر و چالاکڤانی بواری ژنان، لە ساڵی 2012دا توێژینەوەیەکی سەبارەت بە خەتەنە کردووە و ئەنجامەکەی لە دووتوێی کتێبێکدا بەناوی (تیخ و سوننەت) بڵاوکردووەتەوە.
ئەو توێژینەوەیە لە سەردەمی سەرۆک کۆماری مەحموود ئەحمەدی نەژاد کراوە، بەڵام ئەوکات مۆڵەتی بڵاوبوونەوەی پێنەدرا. ئێستا کە حکومەتی ڕیفۆرمخوازی حەسەن ڕۆحانی لە دەسەڵاتە، بەبۆنەی 6ی شوبات کە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی ژنان بوو، (تیخ و سوننەت) مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی وەرگرت.
موزەفەریان دەڵێت بۆ ئەنجامدانی ئەو توێژینەوەیە قسەی لەگەڵ 400 ژن لە دوورگەی قیشم، پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و پرسیاری لێکردوون، هەروەها پشتی بە چەندین سەرچاوەی زانستیش بەستووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی موزەفەریان 50% تا 70%ی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەتەنە کراون، بەڵام دەڵێت ئەو ئامارە لە هەموو شوێنەکان بەو شێوەیە نییە "بۆنموونە لە گوندێکدا خەتەنە لەناو ژناندا نابینرێ، بەڵام لە گوندێکی تەنیشتی ژنان خەتەنە دەکرێن".
بەپێی لێکۆڵینەوەکەی موزەفەریان، ئاماری خەتەنە لە نێوان ژنانی سوننە مەزهەب و شیعە مەزهەبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکو یەکە.
زۆربەی مەرجەعەکانی شیعە لە ئێران دژی خەتەنەن، بەشێکیشیان بە حەرامی نازانن و دەڵێن ئەگەر بکرێت باشترە.
مەلا عەلی خالیدی، پێشنوێژی مزگەوتی شەهرەکی شاری مەهاباد کە لە کەسایەتییە سوننە مەزهەبە دیارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، سەبارەت بە خەتەنەی ژنان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بە (رووداو)ی گوت "خەتەنە بۆ پیاوان لە شەرعی ئیسلامدا واجبە، بەڵام بۆ ژنان مەکرەمەیە، واتە ئەگەر بکرێت کارێکی باشە". بەڵام ئەو مامۆستا ئاینییە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هیچ مامۆستایەک لەسەر مینبەر داوای خەتەنەکردنی ژنانی نەکردووە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت کە 140 ملیۆن ژن لە سەرتاسەری جیهان لە ئەفریقاوە تا کیشوەری ئاسیا و تەنانەت ئەوروپاش خەتەنەکراون.
بەپێی پێوەرەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هەر ژنێک کە خەتەنە کرابێت بە "کەمئەندام" ئەژمار دەکرێت، واتە ئەگەر ئاکامەکانی لێکۆڵینەوەی ڕایحە موزەفەریان دروست بێت، 70%ی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمئەندامن.
ئەو ئامارە سەرنجی زۆربەی چالاکڤانانی بواری ژنانی ڕاکێشاوە، پێشتر وابیر دەکرایەوە کە ئاماری خەتەنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر لەو ڕێژەیە کەمتر بێت، بۆیە ئامارەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسوخواسی زۆری چالاکڤانان و هاونیشتمانیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا.
نیشتمان ڕۆحانی، چالاکڤانی بواری ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بەو لێکۆڵینەوەیە بە (رووداو)ی گوت "ئەو لێکۆڵینەوەیە زانستی نییە و ناکرێت پشتی پێ ببەسترێ، چونکە سەمپڵێکی 400 کەسی زۆر کەمە و ئەگەری هەیە سەردانی شوێنێکی کردبێت کە خەتەنە لەو ناوچەیە زۆر بێت".
هانا ناسری، چالاکڤانی بواری ژنان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی خەتەنە لەسەر کەسایەتی ژنان بە (رووداو)ی گوت "خەتەنە تەنیا تاوانێک نییە بەرامبەر بە ژنان، بەڵکو تاوانێکە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی، چونکە بەهۆی ئەو کارەوە نە ژن و نە پیاو چێژ لە سێکس نابینن و کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر کەسایەتی ژنان دەبێت".
سۆهەیلا قادری چالاکڤانی بواری ژنانیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگای مەدەنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە دەڵێت "سەبارەت بە خەتەنە ڕەنگە هێزە سیاسی و مەدەنییەکان کاریان کەم کردبێت، پێویستە لەوە بەدواوە کاری میدیایی و توێژینەوەی زانستی زۆرتر لەسەر ئەو دیاردەیە بکرێت و لە ئەگەری ڕاستبوونی ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوانە بە کردەیی و بە چڕی بەرەنگاری ببینەوە".
- 14-02-2015