هێمن محەمەد
لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕ لە جەلەولا و سەعدییه و وەدەرنانی چەکدارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش له و ناوچانە، لە حەوت گۆڕی بەکۆمەڵدا تەرمی 12 پێشمەرگە و دەیان هاوڵاتی و ژن و منداڵ له و ناوچانە دۆزراونەتەوە.
جەبار محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان بە خەندانی ڕاگەیاند: "دوای وەدەرنانی چەکدارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە جەلەولا و سەعدییە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە حکومەتی هەرێم و تیمێکی وەزارەتی مافی مرۆڤی عیراق، لە ڕۆژی 7 ی کانونی دووەمی ئەمساڵ دەستمانکرد بە دۆزینەوه و هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئه و دوو ناوچەیە".
وتیشی: "لە سێ گۆڕدا تەرمی 12 پێشمەرگە-مان دۆزیوەتەوه و دوای پشکنینی پزیشکیی سەرجەمیان ڕادەستی خێزانەکانیان کراونەتەوە."
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستا له و ناوچانە تەرمی نەدۆزراوەی پێشمەرگە نییه و سەرجەمی ئه و پێشمەرگانەی لە سەعدییە و جەلەولا شەهید بوون تەرمەکانیان گەیەندراوەتەوە کەسوکاریان".
ئەوەشی خستەڕوو: "سەرەتا کە ڕۆیشتووینەتە ناوچەکە میلیشیاکانی عەسائیب ئەهلی حەق- ی شیعەی تێدا بوون و لە سەرەتاوە ویستوویانه ڕێگرییمان لێبکەن، بەڵام دواتر ئێمە داوای هێزی پێشمەرگەمان کرد، پاش ئەوەی پەنجا پێشمەرگەیان بۆ ناردین ئه و میلیشیایانە ڕێگرییان لە کارەکانمان نەکردووه".
باسی لەوەشکرد، له و حەوت گۆڕە بە کۆمەڵەدا تەرمی دەیان ژن و منداڵیش دۆزراونەتەوە، تەرمی تێدا بووە خەڵکی موسڵ و ناوچەکانی تری ئه و پارێزگایە بوون.
- 18-02-2015