بۆ بەڕێزان/ سەرۆک کۆماری عێراق و پەرلەمانتار و وەزیرە کوردەکانی حکومەتی فیدراڵ
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی وئابووری
وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی خوێندنی باڵا
سڵاوی پەروەرده و زانست.. (هەموتان دەزانن ئەگەر هۆیەکانی ژیاندن نەبوو داهێنانیش نابێت..)
بەڕێزان..
لاتان ئاشکرایە زیاتر لە ساڵێکە کێشەی دواکەوتنی موچە وبینە وبەردەی هەبوون ونەبوونی بەرۆکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی گرتووە، تائێستاش چارەسەرەکەی بەڵێڵی ماوەتەوە بەڕاستی خەڵکی کوردستانی ماندووکردووە، وای لێهاتوە لەبری بیرکردنەوە لەداهێنان تەنها بیر لەچۆنیەتی گوزەران و بژێوی ژیان بکرێتەوە چونکە هەمومان دەزانین کە هۆکاری ژیاندن نەبوو داهێنانیش نابێت.
بەڕێزان..
ئێستا لەبەرئەوەی ئاسۆکە ڕون نیە بەیەکجارەکی خەڵک وەڕس و بێزار بووە، هەموو لایەکیش دەزانن بارودۆخەکە زۆر هەستیارە بۆیە ئارامیان گرتوە لەسەرخۆ هەڵسوکەوتیان کردووە، بەڵام دەبێ بزانین ئەمەش سنوری هەیە بۆیە ناکرێت لەنیوە ڕێگەدا بەجێبهێڵرێن. کێشەکەش تەنها مانگێک نیە بەلکو دەبێ چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ بدۆزرێتەوە، بۆیە داواکارین:
1.لە سەرۆک کۆماری عێراق و پەرلەمانتاران و وەزیرەکان تەنها لەمەراسیمی تەشریفات وێنەکانمان نیشان نەدەن یان لەسەر شاشەی تیڤیەکان هەرکەس و بەئارەزوی خۆی خەڵکی کوردستان ماندوو بکات، دەبێت بەرهەمتان هەبێت ئەم خەڵکە ئێوەی ناردووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان نەک دروشم و وتاردان دەبێ بەتوندی ڕەخنە لە حکومەت و بەڕێز عەبادی بگرن بۆجێبەجێکردنی داخوازی و داواکانمان و ئەگەری قسەکردنیتر ببڕێتەوە.
2. لەبەڕێز سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم دانانی سنورێک بۆ ئه و هەموو نیگەرانییەی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ ئەوەی ژیانمان تەئمین بکرێت، ڕاستە ئێمە لەشەرێکی بێ ئامانداین لەگەڵ تیرۆریستان و بارودۆخەکە زۆر هەستیارە بەڵام دەشبێ ڕیزەکانی دواوەی هێزی پێشمەرگە و ڕۆڵە قارەمانەکانمان قایمتر بکەین، بۆیە زۆر پێویستە بەرونی بەکۆمەڵانی خەڵک بڵێن هەروەها نەخشە ڕێگەی چارەسەرکردنی گرفتەکان دابڕێژرێت بۆ ئەوەی چیتر لەبەرامبەر ئه و پرسە گرنگە سەرگەردان نەبین هەر ڕۆژه و بەشێوەیەک مامەڵە نەکرێت.
3. لەسەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان دەکەین بێدەنگی بشکێنن و قسەی خۆیان بکەن، چونکە ئێوە نوێنەری گەلن و نمایندەن ناکرێ لەبەرامبەر ئه و پرسە گرنگە و چارەسەرەکان قسەتان نەبێت، هەموشمان دەزانین پێویستیمان بە موزایەدەی سیاسی نییە بەلکو پێویستیمان بە کردارە.
مامۆستایانی بەڕێز وخۆڕاگر..
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت هەموو لایەکی بێزارکردووە، نیگەرانیەکەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتوە ئاسۆکانی چارەسەرییەکان ڕون و دیارنین، زۆرتان ئارام گرتوە چونکە دەزانین بارودۆخی هەرێم ناسکە و ڕۆڵەکانمان هەر ڕۆژە لەبەرەکانی جەنگ خوێن دەکەنە سور خەڵات بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان، لەمبارەیەوە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان خۆی بەداکۆکیکاری سەرسەختی مامۆستایان دەزانێت بەهەموو شێوەیەکیش هەوڵ لەبەرجەستەکردنی مافەکان وچارەسەرکردنی کێشەکان دەدات، هەربۆ ئه و مەبەستە بەنامەی فەرمی داوا لە یەکێتی مامۆستایانی جیهانی(EI) و ڕێکخراوی مامۆستایانی بەریتانی(NASUWT) و فیدراسیۆنی مامۆستایانی ئەمریکی(AFT)، مەکتەبی ئاسیا باسفیک دەکەین هاودەنگمان بن بۆ بەرجەستەکردنی مافەکانمان..
لەکۆتاییدا جارێکیتر داواکاری لەهەموو لایەک دووپات دەکەینەوە بەدەم داخوازییەکانمانەوە بێن چیتر ئه و کێشانە بە چارەسەر نەکراوی نەهێڵدرێنەوە.. لەگەڵ ڕێز
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی تەنفیزی
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
19-02-2015