باخە سێوەکانی پارێزگای ورمێ، سەرچاوەی داهاتی کۆمەڵێک لە خەڵکی ئەو پارێزگایە.
هەر لە سەرەتای بەهارەوە هەوڵ و تەقالایان بۆ دان، بەڵکو بەوەندەی کە پێوەی ماندوو دەبن، بەرهەمی لێ هەڵبگرن. باخەوانانی ئەم پارێزگایە ماوەی چەند مانگە سێوی باخەکانیان ڕنیوە، بەڵام تا ئێستا بۆیان نەفرۆشراون و ماندوویەتیەکانی ساڵی ڕابردوویان هێشتا نەحەساوەتەوە.
880 هەزار تۆن بەرهەمی سێوی هاونیشتمانیانی پارێزگای ورمێ بوو. هەموو ساڵێک 50 لە سەدی ئەم سێوانە بۆ دەرەوە هەناردە دەکرێت، 20 لە سەدی لە بازارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەفرۆشرێت و 30 لە سەدیشیان بۆ بەرهەمی نوێ ڕەوانەی کارگەکان دەکرێت.
سەرجەم بەرهەمەکانی سێوی ئەم پارێزگایە دوای ڕنینیان، لە ساردخانەکان گلدەدرێنەوە.
لە 880 هەزار تۆن سێو هێشتا 130 هەزار تۆنیان لە ساردخانەدا ماوەتەوە و تا ئێستا نەفرۆشراون. بەرپرسێکی ڕێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت؛ پێویستە بە زووترین کات بازاڕێک بۆ فرۆشتنی بەرهەمە سێوەکانی ساڵی ڕابردوو، بدۆزرێتەوە. دەشڵێت؛ بە هاوکاری جێگری بواری ئابووری و ژووری بازرگانی پارێزگای ورمێ لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بە زووترین کات بیانفرۆشن.
هەڵبەت بڕیار بوو بەشێک لە بەرهەمی سێوی ئەم پارێزگایە بۆ باشووری کوردستان و عێراق هەناردە بکرێت، بەڵام چوار مانگ پێش ئەو دەنگۆیە بڵاوبووەوە کە گوایە سێوەکان نەخۆشی شەکرەکیان پێوەیە و ئەوەش بوو بەهۆی ئەوە کە هەناردەکردنیان ڕابگیردرێت.
بەرپرسانی کشتوکاڵی عێراق، پێیانوابوو ئەو نەخۆشیە لە سێوەکانی ئەم پارێزگایەدا هەیە، بەڵام بە وتەی بەرپرسی ڕێکخراوی کشتوکاڵیی پارێزگای ورمێ، وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەم پارێزگایە دانیشتنیان کردووە و بڕیارە هەناردەکردنی بەرهەمی ئەم سێوانە بۆ عێراق دەسپێبکاتەوە. هەڵبەت بە وتەی ئەو بەرپرسە هەناردەکردنیان پێویستیی بە وەرگرتنی مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیداری ئێرانیی هەیە، کە تا ئێستا نەدراوە.
بازاڕی عێراق و باشووری کووردستان ساڵانە پێویستیی بە 120 هەزار تۆن سێوە، کە 50 لە سەدی لە باخەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دابیندەکرێت. ئێستا بەرهەمهێنەران و باخەوانانی پارێزگای ورمێ چاوەڕوانی فرۆشتنی سێوەکانیانن و ئەگەر بێت نەفرۆشرێن لەوانەیە خێر سەری مایە بخوات و زەرەرمەند بن.
- 10-03-2015