رێککەوتننامەی هاوبەش
ئەم ڕێکەوتننامە لە نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ئیمزا دەکرێ و لەوە بەدواوە لە هەر جێگایەکی ئەم ڕێکەوتننامەیەدا کۆمەڵە و حیزبی دێموکرات دێ مەبەست لەو دوو ڕێکخراوەیە.
پێشەکی:
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، ساڵانێکی زۆرە کە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی پڕ هەوراز و نشێوی خۆی تێپەڕ کردووە. بەرەنگاریی نەتەوەیی و قوربانی دان و شەهیدبوونی هەزاران ڕۆڵەی فیداکار لە پێناو سەلماندنی شوناس و مافە سیاسییەکانی نەتەوەی کورد کە لە سەرووی هەموویانەوە دەستەبەر کردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسە، ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە.
بۆ خەباتی گەلی کورد لە سەردەمی ئێستا و لەم بارودۆخەدا، هەم ئاڵوگۆڕە جیاوازەکانی جیهان و هەم ئاڵووگۆڕەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها هاوسەنگی زلهێزەکان و هاوکێشە نوێیەکانی ئەم پانتاییە، زیاتر لە هەمیشە بواری بۆ هێنانە ئارای ویستە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و پێداگریی زیاتر لەسەر مافەکانی لە ئاستی جیهانیدا ڕەخساندووە.
باهۆزی گۆڕانخوازی و دیموکراسیخوازیی جەماوەری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهێزتر لە هەرکاتێک، کۆڵەکەی دیکتاتۆرییەکانی بەرەو ڕووخان پاڵناوە. درەنگ یان زوو دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی، بە بەردەوام بوونی خەباتی کۆمەڵانی خەڵک و ئیرادەی قایمی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی، لە وڵاتی ئێرانیش ئاسۆیەکی جگە لە پەرەسەندنی قەیرانی فرە ڕەهەندی ئابووری و سیاسی و ڕۆیشتنی بەرەو ڕووخانی یەکجارەکی بۆ بەدی ناکرێت.
ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و گروپ و لایەنە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، لە دوو سێ ساڵی ڕابوردودا، بەدوای سەرهەڵدان و شکستی بزووتنەوەی سەوز لە ئێران، دەورێکی نوێ لە دیالۆگ و دانیشتنی هاوبەش و چالاکییان دەست پێکردووە. لەم نێوەدا سەرەڕای جیاوازی ڕوانگە و بیروڕا، هەندێک لێک تێگەیشتنی زیاتر و نزیک بوونەوە تێیاندا لە چاو ڕابردوو هاتۆتە ئاراوە و بیرۆکەی یەکگرتن و چەشنێک هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەی دێمۆکراسیخوازی بە دروشمی گۆڕانی ڕژێم زیاتر لە پێشوو لایەنگری پەیدا کردووە.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، وەک دوو هێزی بە ئەزموون کە لەم ماوەدا لەسەر کۆمەڵێک پرسی گرینگ هاوکاری و کاری هاوبەشیان بە ئەنجام گەیاندووە، لە درێژەی ڕەوتی ڕوو لەگەشەی ئەم لێک نزیک بوون و هاوکارییانەدا هەردوولا لە سەر ئەو بڕوایەن کە لە هەلومەرجێکی وەهادا، ڕێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک خاڵی بنەڕەتی هاوبەش لە دوو توێی ئەم گەڵاڵەیەدا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. ئەم پلاتفۆڕمە هاوبەشە وەک سەرەکیترین ئەجێندای سیاسی لە هەمبەر ئاڵۆگۆڕە سیاسییەکانی ئەم سەردەمە لە ڕاستیدا گوزارش لە چەشنێک هاوپەیمانی لە نێوان ئەم دوو هێزەدا دەکات.
ئەم ڕێککەوتننامە هاوبەشە کە لە لایەن ڕێبەریی هەر دوو حیزبەوە پەسەند کراوە، بناغەیەک بۆ کاری هاوبەشی هەردوو لایەن لە بوارەکانی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕاگەیاندن و هتد... دادەرێژێ. لە هەمان کاتدا بنەمایەکە بۆ تێکۆشانی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی ئەم ڕێککەوتننامەیە و بەدیهێنانی هاوکاری زیاتر لە نێوان باقی هێزەکانی کوردستانی ئێران.
الف) بنەما گشتییەکان:
1- هەردوولایەن لە سەر ئەو باوەڕەن بە بێ ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە دیهاتنی دیموکراسی و مافە نەتەوەییەکانی گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد دەستەبەر نابێ. هەروەها لەو بڕوایەدان کە نیزامی سیاسیی داهاتووی ئێران پێویستە سیستمێکی سیکۆلاری دیموکراتیکی فیدراڵ بێت، بۆیە پێویستە هەر دوو لایەن لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئوپۆزیسیونی ئێرانی و دەرەوە لەسەر ئەم خاڵانە پێداگر بن.
2- کۆمەڵە و حیزبی دێمۆکرات بڕوای تەواویان بە هەڵبژاردنی ئازادانەی سیاسی لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە هەیە و لە وەها هەڵبژاردنێکدا بێشک سندووقەکانی دەنگدان بە سەرەکیترین سەرچاوەی مەشروعییەتی هەموو هێزێکی سیاسی لە کوردستان و بە بنەمایەکی سەرەکیی دێمۆکراتیزە کردنی کۆمەڵگای ئازاد و سەربەستی دەزانن.
3- هەر دوو لا بڕوای تەواویان بە جیایی دین لە دەوڵەت هەیە و لەو بڕوایەدان کە حوکمڕانی دواڕۆژی کوردستان و یاسای بنەڕەتی وڵات لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی دێمۆکراسی و جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دابنرێت. هەروەها ئازادیی ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەکان لە کوردستان بە مافێکی ڕەوا و حاشاهەڵنەگری هەموو دانیشتوانی کوردستان دەزانن.
4- هەر دوو لا پێداگری لەسەر یەکسانیی تەواوی مافەکانی ژنان لەگەڵا پیاوان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی، بنەماڵەیی و هتد لە کۆمەڵگادا دەکەن و خۆیان بە پارێزەری یاسای پێشکەوتنخوازانە و مودێڕن و ئینسانی لەو بوارەدا دەزانن و بۆ چەسپاندنی تێدەکۆشن.
5- کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات خۆیان بە پارێزەری ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی نووسین، ئازادی ڕۆژنامەگەریی سەربەخۆ، ئازادی دروست کردنی ڕێکخراوی سیاسی، ئازادی دامەزراندنی ڕێکخراوەگەلی مەدەنی و سینفی وەکوو ڕێکخراوەی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، لاوان، موعەلیمان و هتد دەزانن و پشتگریی تەواویی یاسایی لە کۆمەڵگادا لێدەکەن.
6- هەر دوو لا پشتگیری و پابەند بوونی خۆیان بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگەی کوردستان و گونجاندنی ئەو بابەتانە لە یاسای بنەڕەتیدا ڕادەگەیەنن.
7- هەر دوو لا پابەند بوونی خۆیان بە چارەسەر کردنی کێشە و گرفتە سیاسییەکانی نێوانیان لەرێگەی دیالۆگ و بەشێوەی سیاسی و هێمنانە و دوور لە هەر چەشنە توندوتیژییەک دەردەبڕن. هەر وەها ئەم شێوازەش لەنێوان سەرجەمی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەپێویست دەزانن و بۆ چەسپاندنی ئەو پرەنسیپە لە پانتایی هەموو کوردستان تێدەکۆشن.
8- حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە فێدرالیزمی نەتەوەیی _جوغرافیایی وەک دروشمی سەرەکی و بەرنامەی سیاسیی خۆیان بۆ چارەسەر کردنی ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان هەڵبژاردووە و خۆیان بە ئاڵاهەڵگری ئەم دروشمە دەزانن و کاری هاوبەش بۆ چەسپاندنی دەکەن.
9- ئەم ڕێککەوتنە پڕەنسیبی سەربەخۆیی سیاسی، ڕێکخراوەیی، دیپلۆماسی و ڕاگەیاندنی هیچکام لەم دوو لایەنە خەوشدار ناکات، بەڵکوو هەوڵا دەدات کە هاودەنگی و هاوئاهەنگی لە نێوانیاندا لە پێناو ئامانجە هاوبەشەکان کە لەم پلاتفۆرمەدا هاتووە دەستەبەر بکات.
ب) ئەرکەکانی پێش ئاڵ وگۆڕی سیاسی و ڕووخانی ڕێژیم
1- ناساندنی کێشەکان و خواستەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و دەستەبەر کردنی پشتیوانیی سیاسی بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، بۆ وێنە ڕێکخستنی چالاکیی دیپلۆماتیکی هاوبەش لە ئاستی جیهانی و سەردانی ناوەندە نێونەتەوەییەکان بەم مەبەستە.
2- بەشداری کردن یان نەکردنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە هەماهەنگی و ڕاوێژی پێشوو و پێداگری لە سەر ماف و داوکارییەکانی خەڵکی کوردستان بە ئامانجی بەهێزکردنی پێگەی کورد لە ڕێگەی هەڵوێستی هاوبەش لە کۆنفڕانس و سێمینارە جیاوازەکان و هەماهەنگی لەم بوارەدا. پێداگری کردنی هەر دوولایەن لە سەر دروشمی فێدرالیزم وەک ڕێگەچارەی پرسی نەتەوەکانی ئێران لە نێو گوتارە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و کەسایەتییە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی. بەهێز کردنی هەڵوێستی هاوبەش و گوتاری پێشکەوتنخوازانەی نەتەوەیی لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ و پاراستنی ئەم ڕێکخراوە و ناساندنی بە ڕای گشتی جیهان. هەوڵدان بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی هاوبەش لە ئاست ئۆپوزیسیۆنی ئێرانی کە دەربڕی پرەنسیپە ئەساسییەکانی جووڵانەوەی میللی _ دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان و...بێ.
3- هەردووک لا پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەن و هاوکات لە سەر ئەو بڕوایەن کە هەر چەشنە دەستتێوردانی پارچەیەک لە پارچەکانی دیکە سیاسەتێکی نەگونجاو و زیانبارە. هەر لەم ئاراستەیەدا بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و دەستەبەرکردنی جێگە وپێگەیەکی شیاوتر بۆ کوردی ڕۆژهەڵات و ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی هاوبەش، بە پێی پێویست دانیشتنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێم وهێزە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبەن.
4- کۆمەڵە وحیزبی دێمۆکرات تەبایی ویەکڕیزی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران و پتەوکردنی هاوخەباتی لە نێوان هێزە سیاسییە کانی کوردستانی ئێران بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن و بۆ دیتنەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بە مەبەستی لابردنی کوسپەکانی سەر ڕێگای یەکریزی هەوڵ دەدەن.
5- هەردوولا کۆکن لە سەر ئەوەی هاوکاری دوو قۆڵی نێوانیان پەرەپێبدەن وپتەوتری بکەن. لەم پێناوەدا هاوکاری لە نێوان ئۆرگانەکانی پەیوەندیداری هەردوولا لە بواری ڕاگەیاندن، بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی هاوبەش لە سەر ڕوداوە سیاسییە گرینگەکان وکاری هاوبەش بۆ لە قاودانی سیاسەتە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی یان هەر حەرەکەتێکی مەدەنی و سیاسی، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک هەنگاوی بەکردەوە هەڵدەگرن.
سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
عەبدوڵڵا موهتەدی
سکرتێری گشتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران
مستەفا هیجری
گەلاوێژی 1391ی هەتاوی، ئووتی 2012ی زاینی