وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: تەنها دوو مانگی ترمان دەوێ و بێ منەت دەبین لە بەغدا، دەشڵێت شەڕی داعش بووە هۆی ئەوەی ئه و پلانەی بۆ هەناردەکردنی نەوت دانرابوو سێ بۆ شەش مانگ دوابکەوێ.
ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕووداوی وتووە: "سێ ساڵ لەمەوبەر پلانی ئەوەمان دانابوو ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بێنین، بەڵام شەڕی داعش بووە هۆی ئەوەی ئه و پلانە سێ بۆ شەش مانگ دوابکەوێ".
ئاشکراشی دەکات کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەتوانێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنێتە 750 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوەشدەکاتەوە کە لە مانگی چوار یاخود پێنجی ئەمساڵەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێ بەنەوتی خۆی بەبێ بەغدا ئه و بودجەیەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی داناوە کە لە % 17 ی بودجەی گشتیی عیراقە، دابین بکات و تاوەکو کۆتایی ساڵیش دەتوانێ بە زیادەوە دابینی بکات و" بێ منەت دەبین لە بەغدا"
- 16-03-2015