دەروون ڕەشید
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، 195 هەزار کادری حزبی هەن کە مووچە لە حکومەت وەردەگرن و خۆیان لە حیزبەکان دەوام دەکەن، دەشڵێت: "وەزارەتی دارایی دەیەوێت چارەسەری ئەوکێشەیە بکات بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوەکان ڕێگری لەوە دەکات".
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی بە خەندانی ڕاگەیاند: "لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 680 هەزار کەس مووچە وەردەگرن، لەم ژمارەیەش تەنها 680 هەزاری فەرمانبەرە ئێستا لەنێو فەرمانگەکاندا".
وتیشی: "یەک ملیۆنەکەی دیکەی تر بریتین لە خانەنشینان و بندیوار و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی کە ئەوانیش کەمئەندامان و بێسەرپەرشت و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەگرێتەوە".
وتیشی: "بەشێکی دیکەیان خانەنشینی سەربازی پێشمەرگەن، ئەمانیش ژمارەیان 96 هەزارە و بەشێکی دیکەشیان خانەنشینی مەدەنین کە ژمارەیان لە 250 هەزار کەس زیاترە".
راشیگەیاند:"لەناو ئه و کەسانەی مووچە وەردەگرن، کەسانێک هەن بندیوارن و کادری حزبەکانن ژمارەیان 195 هەزارە".
سەبارەت بە هۆکاری چارەسەرنەکردنی ئه و کێشەیە، سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشکرد: "لە وەزارەتی دارایی بەڕێوەبەرایەتییەک هەیە بە ناوی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوەکان، کە وەزارەتی دارایی فەرمانی دەرکردووە ئه و بندیوارانە بچنەوە سەر دەوامەکانیان بەڵام بەرێوەبەرایەتی ڕێکخراوەکان ڕێگری لەوە دەکات و دەیەوێت هەر به و شێوەیە بمێننەوە کە ئەمەش یەکێکە له و کێشانەی ناهێڵن چارەسەر بکرێت".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە وەک ئەندامانی پەرلەمان کاتێک لەگەڵ وەزیری دارایی و پلاندانان دانیشتووین لەسەر بودجەی ساڵی 2015، پێمان ڕاگەیاندوون ئەگەر پارە هەبێت بودجە بنێرن ئەگەر پارەش نەبێت و بودجە نانێرن دەبێت چاکسازی بکەن لەنێو میلاکاتی ڕاستەقینەی وەزارەتەکاندا کە بریتین لە خانەنشین و فەرمانبەری ڕاستەقینە، چونکە ئێمە ئیدی ڕازی نابین به و میلاکاتە وەهمیانە".
ئه و پەرلەمانتارە کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤە وتیشی: "وەزارەتی دارایی وەک هەنگاوی یەکەم بڕیاریداوە بۆ مانگی یەک کە مووچە وەرگیرا، وەزارەتێکی کردووە بە نمونە کە هەرکەسێک بە فیعلی خۆی لە دەوامدا نەبێت پارە وەرنەگرێت".
- 18-03-2015