وەک هەموومان ئاگادارين، ڕەوتی ئيسلاميی سياسی، که دروستکراو و بەکرێگيراوی دوژمنانی کورد و داگيرکەرانی کوردستانن، ئەمڕۆ لە جاران زۆر چالاکتر و لە ڕووی جەماوەر و پارەداری و پشتيوانييەوە بەهێزتر و بەدەسەڵاتترن، خاوەنی چەندين کەناڵی تيڤی و ڕاديۆ و گۆڤار و ڕۆژنامە و پێگەی ئەلەکترۆنين، بە زەبری پارەبەخشينەوە و بەهۆی ڕاگەياندنە سۆزئامێز و چەواشەکارييەکانيانەوە، توانيويانە دۆستی و لايەنگريی جەماوەرێکی بەرفراوانی خەڵکی هەژار و بێکار و کرێچی و دانيشتوانی گوندنشين و شارۆچکەکانی کوردستان بەلای خۆياندا ڕابکێشن . زۆربەی زۆری مەلا و بانگخواز و مامۆستا ئايينييەکان و فەقێ و شێخ و دەروێش و نووشتەچی و جادووگەرەکانی کوردستانيان بە پارە کڕيوە و ئێستا زۆربەی زۆريان سەر بەوانن و بۆ ئيسلاميی سياسييەکان کار دەکەن و لە خزمەتی ڕەوتی ئيسلاميی سیاسيدان. ئێستا لە باشووری کوردستاندا، بە ئاماری وەزارەتی ئەوقاف، 5508 مزگەوت و زۆتر لە دوو هەزار حوجرە و تەکيە و خانەقا و خوێندنگەی جۆراوجۆری ئيسلامی هەيە. ئەمانە هەموويان ژێربەژێر کار بۆ ئيسلامچێتی و ئيخوانچێتی و وەهابيزم و سەلەفيزم و داعشيزم دەکەن، زۆربەی زۆريان هاوسۆزی لەشکری تێرۆريستی داعشن و خەوی گەورەيان دروستکردنەوەی دەوڵەتی خيلافەتی ئيسلامييە، ئه و باند و گروپە ئيسلامييە سياسييانه، هەموويان مانگانە پارە و بوودجەی زۆر و موفت لە دەسەڵاتی کوردی وەردەگرن و جگە لەمە، سەرچاوەی ديکەيشيان زۆرە، خاوەنی چەندين کەناڵی پشتيوانی و کۆمەک و هاوکاريی ماددی و مانەوين، خاوەنی پشتيوانيی دەوڵەتانی تورکيا و ئێران و عێراق و سوريا و سعوودييە و قەتەر و گەلێک کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوی ئيسلاميی نێودەڵەتين. بەردەوام هاوکاری و کۆمەکيان پێدەکرێت و پارەيەکی زۆريان بەسەردا ڕژاندوون، ئەمانيش ئه و پارەيە بۆ گەوجاندن و دواخستنی کۆمەڵگە و بە ئيسلامکردنی کوردستان و بەعەرەبکردبنی کورد بەکار دە هێنن. بەرامبەر هەموو ئەم هەوڵ و چالاکييە بەربڵاوانەی ئيسلامييە سياسييەکان، هيچ بەرهەڵستييەک و بەربەستێکی نەتەوەپەروەر و نيشتمانپەروەری بەهێز و ڕەوتێکی نەتەوەيی کوردی و کوردستانی بوونی نييە و دەسەڵاتی کورديش هەموو کۆمەک و پشتيوانی ئاسان کارييهک بۆ ئيسلامييە سياسييەکان دەکەن و به هيچ شێوەیەک ناوێرن و ناتوانن لێپرسينەوە لە هيچ مەلايەک و بانگخاوزێک و مامۆستايەکی ئايينی بکەن کە ڕۆژانە لە وتار و گفتارەکانياندا بيروباوەڕی توندڕەوی و توندوتيژانەی سەلەفيزم و وەهابيزم و تێرۆريزم و داعشيزم و ئيخوانچێتی و تەعريبچێتی بڵاو دەکەنەوە. لەسەر سەکۆی مزگەوتەکان و له بۆنە کۆمەڵايەتييەکاندا، وتاری ئاگرين و توندوتيژانە دژی دەسەڵات و دژی ئافرەتانی بێ لەچک و سفوور دەدەن، بە ئاشکرا هەڕەشه لە کچان و ژنانی نوێژنەکەر ڕۆژوونەگر دەکەن. بە کورتييەکەی ئەوە ی ڕۆژانە دەيبينین و دەيبيستين، هەمووی ئەوە دە گەيەنن کە تەواو شووڵيان لێهەڵکێشاوە و ناخۆشيان کردووە و بارودۆخێکی ئيسلامچێتی و تەعريبچيێتيی تەواو هەڕەشەئامێزيان و ترسناکيان دروست کردووە.
شايانی باسە پێشتر زۆرمان لەسەر ئەم دياردە خراپ و ترسناکانە نووسيوە و لێرە دا بۆئەوەی ئەم بابەتە زۆرتر درێژ نەبێتەوە، ئەم پێشنيازانە بۆ دەسەڵاتی سياسيی کوردی بە گرنگ و پێويست دەزانين کە وەکو ئاگاداری و هۆشدارييەک، بۆ دەسەڵات و بەرپرسان و و سياسەتمەداران و پارتە دەسەڵاتدارەکان و هەموو لايەنه پێوەنديدارەکان بەيان دەکەين:
ئەگەر بمانەوێت چارەنووسمان هەمان چارەنووسی ئێران و ئەفگانستان نەبێت، پێويستە و دەبێت ئەم هەنگاوانە بنرێن:
1- بە ياسا، هەموو باند و گرووپە ئيسلامييە سياسييەکان هەڵبوەشێنرێنەوە و گشت هەوڵ و کۆڕ و کۆبوونەوه و چالاکييەکی ئيسلامچێتی و ئيخوانچێتی و سەلەفيزم و وەهابيزم و داعشيزم، ياساخ بکرێن و سزای ياساييان بۆ دابنرێت.
2- وەزارەتی ئەوقاف، يان دابخرێت، يان دەسەڵات و بوودجەيان کەم بکرێتەوە و کاروبار و چالاکييەکانيان، لەلايەن لايەنە پێوەنديدارەکانەوە سەرپەرشتی و کۆنتڕۆڵ بکرێت.
3- کۆنتڕۆڵی هەموو مزگەوتەکان و گفتار و وتاری مەلا و بانگخواز و مامۆستا ئايينييەکان بکرێت و دەبێت ئەوانە هەموويان لەژێر سەرپەرشتی و کۆنتڕۆڵی لايەنە پێوەنديدارەکانی دەسەڵاتی سياسيی باشووری کوردستاندا بن.
4- یارمەتی و هاوکاريی کەسان و کۆڕ و کۆمەڵە نەتەوەييەکان بکرێت و هەوڵ بدێت له هەموويان، پارتێکی نەتەوەيی سەردەمييانەی پێشکەوتوويان لێپێکبهێنرێت و لەلايەن دەستەڵاتی سياسيی کوردييەوە مۆڵەتی ياسايی هەبوون و کار و چالاکييان پێبدرێت و بوودجەيان بۆ تەرخان بکرێت و کەناڵی تيڤی و ڕاديۆ و گۆڤار و ڕۆژنامە و ميديای تايبەتيی خۆيان هەبێت.
- تکايە ئێوەی بەڕێز و دڵسۆزيش هەر پێشنياز و سەرنج و تێبينييەکتان لەسەر ئەم مەسەلە گرنگ و چارەنووسسازە هەیە، بە ڕاشکاوی بياننووسن.... زۆر سوپاس بۆ هاوکاری و يارمەتيدان و بەشداريی هەموو لايەکتان.
بەختياری شەمەيی
08-03-2015