سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەچەند ڕۆژی داهاتوو کار و چالاکی ساڵی 2014 یان ئاشکرادەکەن و باس لەوەش دەکات، لەناو وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تائێستا وەزیرانی پێشمەرگە و سامانە سرووشتییەکان و دوو بەرپرسی دیکە بە پلەی وەزیر سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکرا نەکردووە.
هەر بەگووتەی دەستەی دەستپاکی ئێستا لە 96%ی بەرپرسەکان فۆرمەکەیان گەڕاندووەتەوە و سامانەکەیان ئاشکراکردووە و ناتوانن سەروەت و سامانی بەرپرسان ئاشکرابکەن، چونکە پەرلەمان ڕێگەی پێنەداون سەروەت و سامانی بەرپرسەکان بخەنەڕوو.
دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بەنیازە لەمساڵدا گۆڕانکاری لە فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان بکەن، بە شێوەی ساڵانە پرۆسەکە بەردەوامبێت بۆ ئەوەی هەر بەرپرسێک موڵک و سەروەتی زیادیکرد یا کەم بوویەوە ئاگاداربن لێی.
ماددەی پێنجی یاسای دەستەی دەستپاکی توانای لێپرسینەوەی لە سەرۆکایەتی و ئەنجوومەنی دادوەری هەیە، لەکاتێکدا پێشتر یاساکە تەنها مافی بەدواداچوونی هەبووە، بەڵام ئێستا بەپێی یاساکە دەتوانێت لێکۆڵینەوەش بکات.
- 18-03-2015