پەیڤەکانم
خەم و ژانی سیاسەتیان لێدەچۆڕێت
فوئاد قەرەداغی
پەیامی پێنووسەکەم و چەپکێ وتاری سیاسی
ئەم وتارانەی لەم کتێبەدا کۆمکردوونەتەوە، تنۆک تنۆک خەم و ژانی سیاسەتی چەندین ساڵیان لێدەچۆڕێت، بەپێنووسی سەربازێکی کوردی نامۆی ئەم سەردەمە جەنجاڵە، چۆڕاوگەیەک هزرو پەیڤی، لە بژوێنی ڕەنجی چەوساوەکان بەگشتی و خەلکی ستەمدیدەی کوردستان بەتایبەتی، هەڵبەستووە.
یەکەم هەنگاوی ئەم پێنووسە بەرەو دەرەوەی خۆی، بەرەو ئەو جیهانەی تێیدا چاویهەڵهێنابوو، ڕووەو سیاسەت و کاری سیاسیی ڕێکخراوبوو. ململانێ سیاسییەکانی دوای شۆڕشی چواردەی تەموزی ساڵی 1958 و کاریگەریی دەوروبەرەکەی، ڕایماڵی و لە سەنگەری ئایدیای نەتەوەییدا گیرساندییەوە.
ئەم پێنووسە، لە تەمەنی سەرەتای هەرزەکاریدا، یەکەم وشەکانی خۆی گەیاندە ڕۆژنامەیەکی نەتەوەیی، بەبێ ئەوەی هێشتا کەرەسەیەکی فەلسەفی و سیاسیی پێویستی بۆ هەڵگرتنی ئەم ئەرکە لەبەردەستدابێت، بۆیە قۆناغی یەکەمی، وابەستەیی و دەنگدانەوەو گرمەی ئەو شانۆیە بوو، کە لایەنە نەتەوەییەکەی ئەو سەردەمەی بزووتنەوەی سیاسیی لە کوردستاندا، گەمەو زۆرانبازیی خۆی لەسەردەکرد.
ئەم پێنووسە لەناوەڕاستی ساڵەکانی شەستی سەدەی ڕابردووەوە، بەرە بەرە هۆش و چاوی بە تیشکی فەلسەفەی ماتەریالیستی و ئایدیای سۆسیالیستی ڕووناکبووەوەو، دواتر شکستێکی سیاسیی گەورە ڕایچڵەکاندو، فڕێیدایە سەر ئەو ڕاستەڕێگایەی چەند ساڵ پێشتر چەند هەنگاوێکی لەسەرنابوو.
ئەم پێنووسە، وێڕای ڕەخنەی لەسەرەتاکانی دەستپێکردن و وشە کرچ و سادەکانی، شانازیش بەسەرانسەری تەمەنی نووسینیەوە دەکات، تەمەنێک لە نووسینی ڕاستگۆیانەو بیروڕاو بۆچوونی سیاسیی ڕاشکاوانەی ڕوون و بێ پێچوپەنا، لەخزمەتی چینە چەوساوەکانی کوردستان و بەرەی پێشکەوتنخوازی کورد، بەرەی ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزم.
ئەمڕۆ، ئەم پێنووسە، هەمان ڕێچکەی دەیان ساڵەی خۆی گرتووەو، دەستئاواڵەتر لە جاران، سەربەخۆیانە، تیشکی پەیڤەکانی دەکاتە کێشە سیاسییەکان و، لەپێگەی مرۆڤدۆستییەوە شییانداکاتەوەو، لەسنووری تێگەیشتن و توانای خۆیدا بەشداریی تێکۆشانێکی جیهانیی دەکات دژی جیهانگیریی سەرمایەو ئیمپریالیزم و ڕاسیزم و جینۆسایدو چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە.
ئەم پێنووسەی لەگەڵ وشەدا هەڵسوکەوت دەکات و هوشیاریی کردۆتە مەبەست، بۆ ئێستاو ئایندەیەکی نزیک یان دوور، دوو ئەرکی چارەنووسساز لە ئەستۆ دەگرێت :
یەکەم : هوشیاریی چینایەتی و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی جیهانێکی بێ چین و دەولەت وحزب وچەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە؛ جیهانێک کە هەرکەس بەهرەی خۆی پێببەخشێ و،
بە ئەندازەی پێداویستییەکانیشی لێی بەهرەمەند بێت.
دووەم : هوشیاریی نەتەوەیی، سەبارەت بە ئینتیمای ئەم پێنووسە بۆ نەتەوەیەکی ستەمدیدە، لە پێناوی ئازادی و بەدەستهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووس، کە لە پێکهێنانی دەولەتی سەربەخۆو یەکگرتووی کوردستاندا بەرجەستە دەبێت.
لە پێناوو، لەسەرەڕێی ململانێ لەپێناوی ئەم دوو ئامانجەدا، ئەم پێنووسە پەل بۆ سەرجەمی بوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ورۆشنبیری و پەروەردەیی دەهاوێت و، بەرگری لە مافە مرۆییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەکات و هاوپشتێکی هەتاسەری لاوان و ژنان و منداڵان دەبێت.
ئێوەو، ئەم پێنووسەو، ئەم چەپکە وتارەو، بەڵێنی بەردەوامیی خەباتی وشەی مولتەزیم لە پێناوی بەدیهێنانی (مافی بڕیاردانی چارەنووس و ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزم) دا.
فوئاد قەرەداغی
مارتی 2015
ناردنی چەک بۆ کوردستان
ئەمە کۆمێنتێکە بۆ هاوڕێیەکم نوسیوە کە زۆر دڵخۆشە بە ناردنی چەک بۆ کوردستان و ستایشی ئەمریکاو ئەو دەوڵەتانەی کردووەو وەک دۆستی کوردان وەسفی کردوون.
ئەمریکا هێشتا هەر دوژمنی ژمارە یەکی گەلانی دنیایە بۆیە هەرگیز دۆستی کورد نەبووەو نابێت، ئەو دۆستی بەرژەوەندی خۆی و نەوتەو هیچیتر، ئەو بۆ بردنەپێشەوەی ستراتیجی خۆی کاردەکات، ئەوەتا ئەو تیمە جاسوسییەی بەناوی خوبەراوە ناردوونی بۆ جیای شەنگال ڕاپۆرتیان نوسیوە کە گوایا بارودۆخی ئێزدییەکان خراپ نیەو بەو شێوەیە نییە کە گەیەندراوە، ئەو بۆچی چەک دەنێرێت ؟ ئەوە بۆ ئەوەیە جەنگێکی گەورە لەم ناوچەیە بەرپاببێت و ئاگرەکەی خۆش بکات، دەیەوێت پەکەکە لەناوبەرێت، دواتریش دەیەوێت بەو چەکانە حزبە کوردییەکانی باشوور بکەونە گیانی یەکتر، ئەمریکاو تورکیا داعشیان هێنا، ئەم جەنگەیان هەڵگیرساند بۆ تاقیکردنەوەی چەکە تازەکانیان دواییش بە چەند قات پارەی چەکەکانمان لێدەستێننەوە … هتد.
16 ی ئابی 2014
کۆکردنەوەی 10000 سەد هەزار ئیمزا بۆ سەربەخۆیی کوردستان
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمدا بۆ هەموو ئەو خەڵکە دڵسۆزەی خەونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیان هەیەو لە پاکی و سادەیی ڕۆحی کوردانەیانەوە بە هەموو ئاماژەیەک بۆ بەدیهێنانی ئەم ئاواتەیان حەماسی نەتەوەیی و شپرزەیی دایاندەگرێت، سەرنجیان بۆ گاڵتەجاریی کۆکردنەوەی 100000 سەد هەزار ئیمزا ڕادەکێسم (گوایا) ئەمریکا بەوە پشتگیریی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات. ئاخر سەد هەزار ئیمزا لەنێو گەلێکی چەند ملیۆنی چییە ؟ دیارە ئەمریکا ئەوەندە دیموکراتییە گوێ لەم ژمارە کەمەی گەلێک دەگرێت بۆ ئەوەی بۆ ڕزگارییان هاوپشتیان بێت !! ئەگەر ئەمریکا ئارەزومەند بێت دەوڵەتی کوردی دامەزرێت، پەکی لەسەر سەد هەزار ئیمزا کەوتووە ؟ ئایا ناتوانێت ئیعاز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات لەڕێی پەرلەمانەوە داوای ڕیفراندۆم لە کۆمەڵی نەتەوە یەکگرتوەکان بکات و خۆی و دەوڵەتە پابەندەکانی لەوێ بیکەنە بڕیار ؟ ئایا ناتوانێت پشتگیریی خەڵکی کوردستان بکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی و هۆشداری بداتە دەوڵەتی عێراق و دراوسێکانی کە نابێت هێلی سنووری کوردستان ببەزێنن ؟ هەروەها بڕیارێک لە کۆمەڵی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تێپەڕێنێت کە هێزێکی نێودوڵەتی بنێرێتە سەر سنووری کوردستان ؟ دیسان لەگەڵ ڕێزمدا بۆ ئەو خەڵکە دڵسۆزە، پێموایە ئەمریکا یاری بە عەقڵمان دەکات و ستڕاتیژو تاڵانکردنی نەوت و سامانی ئەم وڵاتە لە ئەولەوییاتی کاری خۆیدایەو لەو پێگەیەوە حەرەکەت دەکات و سیناریۆکانی دادەڕێژێت، جارێک ڕابەرێکی بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد دەخاتە زیندانەوەو، جارێک ڕابەرێکیدی دەکاتە سەرۆک کۆمارو، جارێک یەکپارچەیی بۆ خاکی عێراق دەخوازێت و جارێکیدی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک داوای تەنها 100000 سەد هەزر ئیمزا دەکات و خۆشخەیاڵیمان پێدەبەخشێ.
هاوڕێیان ئەمە ڕای منە و ڕێزم بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانەی ڕایەکەم بەهەر شێوەیەک هەڵدەسەنگێنن چ ئەرێیانە یان نەرێیانە بێ، من هەر ئەوەندە لە سیاسەت تێدەگەم.
1 ی ئابی 2014
دوو کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق
ئەگەر بڕیارە سەرۆک کۆمار کورد بێت و ئەمجارەش دەسەڵاتی کوردی بەشداریی دەسەڵاتی ناوەند بکات، پێموایە لەنێو یەکێتیی نیشتمانیدا لە دکتۆر بەرهەم بە تواناتری تیانییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هەرچەندە ئەو پۆستە تەشریفاتییەو بەئاشکرا یان نهێنی ئەمریکا لە پشتییەوە دەبێت و کەسێک ناتوانێت ئەو جێگایە بگرێت ئەگەر ئەمریکا دەستی پێوەی نەبێت. کاندیدکردنی دوو کەسایەتی نێو یەکێتیش نیشانەی لاوازی سەرچاوەی بڕیارە لەناو یەکێتیدا، نیشانەی دەستەگەرێتیی و خۆخۆییە، بەڵگەی نەبوونی یەکێتیی ئیرادەیە لەو حزبەدا، دەنا دەبێت حزبێکی خاوەن ئەزموونی سیاسی، حزبێکی شارەزا لە گەمە سیاسییەکاندا، وەک یەکێتی، ئەوەندە توانای هەبێت بڕیاری یەکلاییکەرەوە بدات نەک ئەم بڕیارە لاستیکییە. ئەگەر یەکێتی ئەم بڕیارەی نەگۆڕێت بە هێشتنەوەی یەک کاندید، ئەوا ئەو پۆستە لەدەستدەدات، دەبێت یەکێتی و سەرجەمی ئەو لایەنانەی لە بەغدا دەورێکیان هەیە ئیش بۆ کاندیدەکەی یەکێتی بکەن تا دەنگ بهێنێت ئەگینا وەک پۆستێک لە دەستی کورد وەردەگیرێتەوە.
21 ی تەموزی 2014
سۆز و بیرکردنەوەو گومان لە هەڵسەنگاندنی ڕووداوە سیاسییەکانی ئەمڕۆی عێراق و کوردستاندا
ئەگەرچی تاکی کورد، بەگشتی، لە باشووری کوردستاندا ئاستێکی بەرچاوی هوشیاریی سیاسی هەیە، بەڵام هێشتا سۆز بەسەر بیرکردنەوەیدا زاڵەو، بڕیارەکانی بەرەنجامی بیرکردنەوەیەکی هەمەلایەنە نییە.هێشتا توانای خوێندنەوەی لاپەڕە سپییەکانی نییە، ناتوانێت تێکەولێکەکانی پشتی پەردە ببینێت.هوشیاریی سیاسی لەو ئاستەدا نییە سیناریۆ ڕەش و سپییەکان لە یەکتری جیابکاتەوە، بۆیە بیروڕاو بۆچوونی بەرامبەرەکانی ڕەتدەکاتەوە، تەنانەت تەخوینیشی دەکات و هیچ بوارێک بۆ پرەنسیپی گومان ناهێڵێتەوە، ئەو گومانەی (دیکارت) ی فەیلەسوف بەسەرچاوەی یەقین و زانیاریی دروستی دەزانێت.
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق و کوردستان، هاوکات وروژاندنی پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتۆتەوە. دوو لێکدانەوەو دوو هەڵسەنگاندنی سەرەکیی لەنێو ئەو کاردانەوانەدا دیارن. بەشێکی خەڵکی کورد گەشبینن و بە سیناریۆیەکی سپی دەزانن و بەهیوان ئەمڕۆ سبەی دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنرێ، بەشێکیدیکە گوماندەکەن تا ڕادەی ئەوەی بە سیناریۆیەکی ڕەشی بزانن لەچەشنی ئەو سیناریۆ ڕەشەی سوریای خەڵتانی خوێن کردووە. ئەویان خۆشباوەرە بە بوونی دەرفەتێک کە ئەمریکاو ئیسرائیل و سەلماندنێکی ڕۆژئاوای لە پشتەوە بێت بۆیە ڕای بەرامبەر بە تاوان دەزانێت و تەخوینی دەکات، بە بۆچوونی ئەمیانیش لۆژیکی گەیشتن بەڕاستییەکان وەها دەخوازێت ئامرازی گومانت هەبێت تا ڕاستییەکان ڕووندەبنەوەو تیادا یەقین دەردەکەوێت. ئەوانەی گوماندەکەن مافی خۆیانە، مافی بۆچوونی جیاوازو دەربڕینی جیاواز مافێکی سەرەتایی ئازادییە لەهەر وڵاتێکدا ئازادی بەهای هەبێت. ئاخر هاتنی داعش و دەستبەسەرداگرتنی لایەکی عێراق لەچاوتروکاندنێکدا گومان دەخاتەوە، هەرەسی لەشکری عێراق و بەدەستەوەانی هەمو چەک و جبەخانەکانیان گوماناوییەو پاساوێکی لۆژیکیی بۆ نییە، بوونی ئاشکراو لەبەرچاوی بەعس و دەرکەوتنیان لەگەڵ داعشدا جێی گومانە، کاتێک ئۆباما جەختدەکاتەوە کە هێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش نانێرێت، گومانی ئەوەت لەلا دروست دەکات ئەمریکا لەپشت ڕووداوەکانەوە بێت،کاتێک هەواڵی بەیەکادان و جەنگێکی خوێناوی سەر سنوورو جەبهەیەک و ئارامی و خامۆشی سنورو جەبهەیەکیدی لەگەڵ داعشدا دەبینیت و دەبیستیت، دادەمێنیت و ناتوانیت گومان بەلاوە بنێیت، کاتێک دەبینیت کانتۆنەکانی کوردانی سوریا بەر پەلاماری داعش دەکەون، گومانی ئەوە دەکەیت ئەم هێرشە پەیوەندی بەو خەندەقەوە هەبێت کە سنووری بۆ باشوورو خۆرئاوای کوردستان داناو بەنیازە ئەزموونی خۆرئاوای کوردستان زیندەبەچاڵ بکات، کاتێک هەموو کێشەو ئاستەنگ و گرفتە زۆروزەبەندەکانی خەڵکی کوردستان دەبینیت بوون بەژێر پەردەی ڕووداوەکان و مزگێنیی دەوڵەتی سەربەخۆوە، گومانی پەردەپۆشکردنی ئەو قەیرانانە یەخەت دەگرێت، کاتێک عوسمانییەکان داوادەکەن کەرکووک هەرێمێکی سەربەخۆی دەرەوەی دەوڵەتی کوردی بێت، گومانەکانت توندتر دەبنەوە، کە مەرجی فرۆشتنی نەوتی کەرکووکی دێتەسەر گومانی زیندووکردنەوەی ویلایەتی موصل لەلات بەرجەستە دەبێت، کە سەفەوییەکان بەغدا دەپارێزن و هەرەشەی دەستێوەردان لەکاروباری عێراق و کوردستان دەکەن، پەیامێکی کۆنت پێدەگات و گومانی بوونی نەخشەیەک دەکەیت تیادا کوردستان بکرێتە پێخوسی عوسمانییەکان و سەفەویەکان. ئەم هەموو گومانانە سەرەڕای گومانێکی ئەزموونکراویش کە مێژوو وەک دەرس و پەند فێریکردووین و پێمان دەڵێت : جەنگ درێژەپێدانی سیاسەتەو هیچ جەنگێک بەبێ بەرژەوەندی شەرکەرەکان بەرپا نابێت، بۆیە گومان دەکەیت شەڕی بەرژەوەندی و پارەو دەسەڵات و نەوتمان لێبکەن بەشەڕی نەتەوەیی و مەسەلەی مافی بڕیاردانی چارەنوس …ئیتر هەر گومانەو لەڕیزی گومانەکاندا ڕێچکە دەگرێت و کەسێک نییە گومانێکت بۆ بڕەوێنێتەوەو دەبێت چاوەڕوانی کۆتایی فلیمەکە بکەیت، بەکورتی ئەم گومانانە بە مێشکمدا گوزەردەکات و بمبورن کە هەر ئەوەندە لەسیاسەت تێدەگەم.
11 ی تەموزی 2014
دەربارەی شکستهێنانی حزبی شیوعی کوردستان لە هەڵبژاردندا
من ئەندامی حزبی شیوعی کوردستان نیم، بەڵام وەک کەسێکی سەر بە قوتابخانەی فیکریی مارکس، لە چەند دەساڵی پێشوودا ڕەخنەم لە سیاسەتەکانی نێوخۆو دەرەوەی ئەم حزبە هەبووەو شکستەکانیان نیگەرانی کردووم، هەرگیز حەزیشم بەو پووکانەوەیە نەکردووە کە ڕۆژلەدوای ڕۆژ بە ڕۆڵ و ئاستی جەماوەرییانەوە دیارە.
لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا ساڵی 2009 (ئەو هەڵبژاردنەی لە پارێزگاکانی کوردستاندا نەکرا)، حزبی شیوعی شکستی هێنا، دواتریش بەهەمان شێوە لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستاندا جارێکیدی شکستی هێنایەوە. ئەمڕۆش هەواڵەکان وەها دەگەیەنن جارێکیتر شکستیهێناوەو دەنگەکانی لە ئاستی تەمەن و خەبات و قوربانییەکانیدا نین، بۆیە ئەگەری نارەزایەتیی ئەندامانی و شڵەژان و ئاستەنگێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەیە.
دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009 سەبارەت بەو شکستەی حزبی شیوعی وتارێکم نووسی، لێرەدا هەمان وتار پەخشدەکەم، بەهیوای کردنەوەی دەرگایەک بۆ دیالۆگێکی جیددی لەسەر کۆمەڵێک مەسەلەی فیکری و سیاسی و تەنزیمی کە دەبێت حزب (کادیرو جەماوەرەکەی) بە خەمیەوە بن تا بتوانن ڕێوشوێنی تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە دابنێن، ئەگینا مێژوو بەجێیاندەهێڵێت و لە کاروانە بێپسانەوەکەی مێژووی تێکۆشانی بەشەرییەت بەرەو ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزم دوادەکەون. (فوئاد) ئایاری 2014
ئەمجارەش حزبی شیوعی لە هەڵبژاردندا شکستیهێنا !
دوای شکستهێنانی حزبی شیوعی عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا، وا بۆ جارێکیدیکە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا شکستیهێنا. شکستی ئەمجارەیان لە شکستەکەی پێشوویان گەورەترو زەقتربوو. حزبی شیوعی (کوردستان) لەم هەڵبژاردنەدا، بەخۆی و هاوپەیمانەکانییەوە : حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان – باڵی مەکتەبی سیاسی، بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان، پارتی ڕزگاریی کوردستان، بزووتنەوەی دیموکراتیخوازان نزیکەی 1 ی دەنگەکانیان هێناوە، دیارە ئەم ڕێژەیەش بەڵگەیەکی ئاشکراو حاشاهەڵنەگری ئه و شکستەیە.
شکستهێنانی حزبێکی تەمەن حەفتاوپێنج ساڵە، ئه و حزبەی کە ڕۆژگارێک بوو ملیۆنەها کرێکارو جووتیارو ڕۆشنبیرو خەڵکی زەحمەتکێشی عێراق و کوردستانی لەپشتەوە بوو، کارەساتێکی گەورەیه کە بەر لە هەموو کەس و لایەنێک، دەبێت خودی حزبەکە لەسەرەوە بۆ خوارەوە ڕاتڵەکێنێت و لە خەوی ئەم کوێرەوەرییە سیاسییە بێداریان بکاتەوە. ئەمە شکستێکە نەک هەر ئەندامانی حزب، بەڵکو دۆستان و هەوادارانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی لە کوردستان و عێراقدا نیگەران کرد. بۆیە پێویستە سەرکردایەتی و ئەندامان و جەماوەری حزب بەتەواوی بەرنامه و شێوازی کارو سیاسەتەکانی حزب لە نیو سەدەی ڕابردوودا بەر شیکردنەوەیەکی مەوزوعی بدەن، تا بتوانن هۆکارە ستراتیژیی و تاکتیکییەکان دەستنیشان بکەن. دیارە هەوڵی جیددی بۆ لێکۆڵینەوه و توێژینەوەی ئه و حاڵەتەی حزبی تێکەوتووە، یەکەم هەنگاو دەبێت بۆ پراکتیکێکی نوێ و دۆزینەوەی ڕێگا چارەی دروست بۆ ئه و شکستە یەک لەسەر یەکانە ؛ هەروەک دەبێتە مایەی بەخشینی گوڕوتینێکی شۆڕشگێڕانە بە ڕێکخستنەکانی.
چارەسەرکردنی هەڵه ستراتیژیی و تاکتیکییەکان، دەبێتە هۆی ئەوەی چیتر حزب لە پەراوێزی کۆمەڵگای عێراقدا نەمێنێتەوەو، وەک هێزە ئەکتیڤەکەی جاران بێتەوە نێو جەماوەری کرێکاران و جووتیاران و ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێرو خەڵکی زەحمەتکێشەوە.
لەڕاستیدا حزبی شیوعی عێراق و کوردستان لە مێژە دووچاری لادانێکی ستراتیژیی بوون. لە مێژە کار بە پرنسیپەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانەی شیوعییانە لە بەر تیشکی مارکسیزم – لێنینیزمدا ناکەن. لە مێژە مەسەلەی حزبێکی چینایەتیی سەربەخۆی پڕۆلیتاری و، ئامانجی شۆڕشی کۆمەڵایەتی پڕۆلیتاریاو دامەزراندنی دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا لە بەرنامەیاندا نەماوە. ئەم حزبە تێکۆشەرەی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بۆ چەند دە ساڵێک، لەسایەی سیاسەتە چەوتە غەیرە پڕۆلیتارییەکانیدا، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەره و پووکانەوە دەچێت، ئاکامی ئەوەش دەبینین کە ئەمڕۆ لە بەشداریکردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراقی داگیرکراودا، لە هەموو وێستگەکاندا، بە تایبەتی لە وێستگەکانی هەڵبژاردندا، باجی سیاسەتە ڕیفۆرمیستییەکانی دەدات.
ئەمڕۆ دوای ئەم هەموو شکستانە، حزبی شیوعی عێراق و کوردستان لەبەردەم دووڕیانێکدا ڕاوەستاون کە هەڵبژاردنی ڕێیەکیان نابووتی و، گرتنی ڕێگاکەی تریان بێ ماندووبوون و پسانەوه و بە هەناسەیەکی قووڵی شۆڕشگێڕانەوە، بووژانەوه و هەڵسانەوه و جەماوەریبوونەوە ئاکامی دەبێت. ڕێگەی یەکەمیان بە ئاشبەتاڵ و ناچاربوون بە داخستنی حزب کۆتایی دێت و، ڕێگەی دووەمیشیان دەبێت بە هەنگاوی پێداچوونەوەیەکی مەوزوعی دەستپێبکات لەبەر تیشکی ڕێبازی فیکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی مارکسیزم لێنینیزمدا، واتە بە پەیڕەویکردنی پرنسیپەکانی زانستی شۆڕشی پڕۆلیتاریا. جەوهەری ئه و پێداچوونەوە مەوزوعییەش لەم خاڵانەدا چڕدەبێتەوە :
1 – هەڵسەنگاندنی مێژووی حزب و دەستنیشانکردنی هەموو لادانەکان (چەپ و ڕاست) له و مێژووەدا.
2 – ئیدانەکردنی سیاسەتی ڕیڤیژنیستی حزب و خرۆچۆفیزم لە کایەکانی سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریدا.
3 – ڕەخنەلێگرتن و ڕیسواکردنی هێڵی ڕیفۆرمیستی حزب و گەڕانەوە بۆ مەبدەئە بنەڕەتییەکانی مارکسیزم – لێنینیزم سەبارەت بە پرنسیپەکانی حزبی چینایەتیی سەربەخۆی پڕۆلیتاریاو شۆڕشی کۆمەڵایەتی و دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا.
4 – ڕەتکردنەوەی چەمکی بۆرژوازییانەی دیموکراتی لە فیکرو سیاسەت و ڕێکخستنی حزبدا، واتە (دیموکراتی مجرد) لە ناسنامەی چینایەتی و، بنیاتنانەوەی ئه و لایەنانە لەسەر بنەمای ململانێ (خەبات) ی چینایەتی.
ئەم لێکدانەوه و هەڵوێستە چینایەتییە، حزب دەکاتەوە خاوەنی تێگەیشتنێکی چینایەتی سەبارەت بە چەمکەکانی (دیموکراتی، ئازادی، یەکسانی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، شۆڕش، دەسەڵات و دەوڵەت... هتد).
ئایا حزبی شیوعی چ لە کوردستان و چ لەعێراقدا، دوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە ڕۆچوون و پاشکۆیەتی خرۆچۆفیزم و پێڕەویکردنی شێوازی ڕیفۆرمیستی لە کارکردندا، دەتوانێت بەره و ڕاستبوونەوە هەنگاوهەڵگرێت ؟
ئەمە ڕێبازێکە بڕیاری ئازایانه و یەکلاییبوونەوەی خەباتی ئەم حزبەی دەوێت بەباری دواڕۆژێکی زیندوودا، کە کایەکانی فیکرو سیاسەت و ڕێکخستن بگرێتەوە. هەڵبەت دۆستانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزم ئەوە دەخوازن و بەهیوان ئەم ڕێبازە بە کردەوە بێتەدی.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بوارێکی نوێ بۆ بەردەوامبوونی ململانێی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن
دوای ئەوەی چەند جارێک بە بیانووی جیاجیا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دواخراو، تەنها یەک جار ئەم هەڵبژاردنە لە کوردستاندا کراوە، دەنگۆی خۆئامادەکردنی هێزە سیاسییەکان بۆ بەشداریی لەم پڕۆسەیەدا لە ئارادایە. دەسەڵات کە هەر جارە ڕێگرییەکی دەکردە پاساوی بەئەنجامنەگەیاندنی هەڵبژاردن، ئێستا خۆی لەڕێوشوێنێکی لەبارتردا دەبینێت بۆ چوونە ناو ئەم پڕۆسەیەوە، جەختکردنەوەی سەرۆکی هەرێم لەم بارەیەوە، لەکاتی سەردانی بۆ پارێزگای سلێمانی و دواتر کۆکردنەوەی نوێنەرانی حزب و هێزە سیاسییەکانی کوردستان و دەربڕینی ئامادەیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هێمایەکە بۆ دڵنیایی و ئامادەباشیی دەسەڵات سەبارەت بەم کەیسە.
ئەم کەیسە بۆ جارێکیتر مەسەلەی ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی هێناوەتە گۆڕێ و، پرسی ئەوەی کێ لەم هەڵبژاردنەدا دەیباتەوه، دڵەڕاوکێیەکی گشتیی لەنێو جەماوەری هەردوو بەرەدا خستۆتەوە، چونکە لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقەوە تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ هاوکێشەیەکی نوێ لە نێوان هەردوو بەرەکەدا، لانیکەم کۆمەڵیک ڕاپرسی لە شەقامی کوردیدا نەکراوە کە ڕووکاری داهاتووی ئه و پڕۆسەیە تا ڕادەیەک دیاریبکات.
مەسەلەی بردنەوەی لایەنێک لە هەڵبژاردن و دۆڕاندنی لایەنەکەیتر تەوەرەیەکی سەرەکیی ململانێ دەبێت. بەڵام ئایا دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دەتوانن بە شێوەیەکی بابەتی لایەنەکانی هێزو لاوازی خۆیان دەستنیشانبکەن و لەسەر ئه و بنچینەیە پلانی هەڵبژاردن دابنێن ؟ ئایا دەتوانن خوێندنەوەیەکی واقیعیانەیان بۆ هاوکێشەی نێوانیان هەبێت ؟ ئایا دەتوانن بیر لە سەرکەوتن بکەنەوە لەم هەڵبژاردنەدا نەک بردنەوه و دۆڕاندن ؟
لەڕاستیدا ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی پێشوو لەلایەک و، کاری ڕۆژانەو ئاڕاستەی ڕاگەیاندنەکانی هەردوو بەرە لەلایەکیترەوه، لە ئاستی ئەم پرسیارانەدا نەرێیانەیه و دڵخۆشکەرنین، سەبارەت بەوەی :
- هەردوولایەن تەنها گوتاری ئەرێیانەی بەرنامه و هەڵوێستیان بە خەڵکیی دەگەیەنن و، لەڕێی ڕاگەیاندنەکانیانەوە لایەنە لاوازەکانیان پەردەپۆشدەکەن.
- بەپێی ئه و بنەما ناڕاستە، خوێندنەوەیەکی ناواقیعی بۆ هاوکێشەی نێوانیان دەکەن و، هەر لایەنێک پێیوایە تەرازووی هاوکێشەکە بەلای خۆیدا شکاوەتەوە.
- پێوەری سەرکەوتن بۆ هەرلایەنێک بردنەوەی خۆی و دۆڕاندنی بەرامبەره. ئەم پێوەرە ژمارەی ئه و کورسییانە لەبەرچاودەگرێت کە لە ئەنجامدا بەدەستیدەهێنن، واتە ئامانجی هەڵبژاردن و مەبەستە دەستووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی، کە نیشانەن بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە پشتگوێدەخات و ئەولەوییەتی بۆ دانانێت.
هەڵسەنگاندنی ڕاست ئەوەیە ئەم پڕۆسەیە وەک خۆی ببینێت و ئه و ڕاستییە فەرامۆشنەکات کە هێزو لاوازیی، دوولایەنی یەک کردار پێکدەهێنن و، سەرەنجامی ململانێکان بەندە بەرادەی تێگەیشتن و مامەڵەی دروست لەگەڵ هەر لایەنێکیاندا. بۆیە لێرەدا بەشیک له و خاڵانە دەخەینەڕوو بۆ ئەوەی بتوانین پێشبینی لەسەر بنیاتبنێین.
یەکەم : دەسەڵات
دەسەڵات لە هێزێکی بەرچاو بەهرەمەندە. جێوڕێی دەسەڵات لە لوتکەی هەرەمی سیاسی و ئابووری و ئیداری و سەربازی و ڕاگەیاندندا بۆ خۆی هێزەو، دەتوانێت لە پڕۆسە چارەنووسسازەکاندا بەکاری بهێنێت و ئاڕاستەی ئه و پڕۆسانە بەره و ئه و ئاقارە بەرێت کە مەبەستێتی.
دەسەڵات لەڕووی سیاسییەوە هەرسێ دەسەڵاتەکەی هەرێمی لەدەستدایە. زۆربەیەکی پەڕلەمانی و ئەنجومەنی جێبەجێکردن و وەلائی زۆربەی دادوەرەکان بۆ دەسەڵات هێزن و دەشێت له و پڕۆسەیەدا کاریگەرییەکی ئیجابییان بۆ سەر بەرژەوەندیی دەسەڵات هەبێت. لەڕووی دیپلۆماسیشەوه، کە ئەرکێکی دەسەڵاتی سیاسییه و بڕیاردەری جێوڕێی دەسەڵاتی خۆجێیی هەرێمە لە نەخشەی سیاسیی ئەمڕۆی ناوچەکەدا، دەسەڵات توانیویەتی دۆستایەتی دەوڵەتانی دراوسێ ڕابگرێت و گرژییەکی کاتیی لەگەڵ حکومەتی ناوەندا پەرەپێبدات و به و هۆیەوە سۆزی بەشێکی ئه و هاووڵاتییانەی بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن بەلای خۆیدا ڕابکێشێت. ڕاگەیاندنەکانیشی بۆ تێپەڕاندنی ئەم سیاسەتە تەرخانکردووه و تەنانەت توانیویەتی هاوکێشەیەک لە نێوان ناڕەزایی بەرامبەر تۆپبارانی سنوورەکانی هەرێم و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و پشتگیریی ناڕاستەوخۆ لە خۆنیشاندانەکانی دژ به و تۆپباران و بۆردومانە پێکبهێنێت و، ئەم هەڵوێسته و جۆرێک لە شەرعییەتدانیش به و دەستدرێژییانه، لە بۆتەیەکی سیاسیدا بگرێتەوە. ئەم سیاسەتە ئیمکانی بەردەوامبوونی تا کاتی هەڵبژاردن هەیه و بەشێکی ململانێکە پێکدەهێنێت و سەرنج و پشتگیریی ڕێژەیەکی کاریگەری دەنگدەران دەستەبەردەکات و ئەگەری بردنەوەی هەڵبژاردنەکە بەهێزتر دەکات.
هەڵبژاردن پێویستیی بە توانایەکی دارایی گەورە هەیە. بەکارهێنانی پارە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی لایەنێک، جا ئه و بەکارهێنانە شەرعی بێت یان ناشەرعی، سیمای هەرە دیاری سیستمی هەڵبژاردنه و سیستمی هەڵبژاردنیش لە کوردستاندا لەم هۆکارە گرنگە بەدەرنییە، بەتایبەتی ئەگەر ئه و ڕاستییەمان لەبەرچاوبێت کە شادەمارەکانی ژیانی ئابووری به دەسەڵاتەوە پەیوەستە، بۆیە بوونی ئه و توانا ماددییە بەدەست دەسەڵاتەوە خاڵێکیدیکەی هێزە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن.
دەسەڵاتی ئیداری شانبەشانی دوو دەسەڵاتەکەی پێشتر باسمانکرد کاریگەریی خۆی هەیە. سیستمی حوکمڕانی لە هەرێمدا توانیویەتی دەزگایەکی ئیداریی تایبەت پێکبهێنێت و لەڕووی بەرژەوەندییەوە بەخۆیەوە ببەستێتەوە. حکومەتی هەرێم توانیویەتی چینێکی نوێ لە کاربەستان بەدەوری خۆیدا کۆبکاتەوە و سەرەوکاری پڕۆسە گرنگەکانیان پێبسپێرێت. دیارە بردنەوەی هەڵبژاردن و مانەوەی سیستمی حوکم وەکو خۆی بەردەوامیی ئەم چینە لە دەسەڵاتدا زامندەکات.
هەڵبەت دیاردەی بوونی هێزی چەکداری حزبەکانی دەسەڵات، کە هێشتا بە واقیعی نەبوونەتە هێزی چەکدارو پارێزەری سنوورەکانی کوردستان، هۆکارێکی زۆر دیارو ئاشکرای لایەندارییە بۆ حزبەکانی دەسەڵات و دەشێت سوودیان لێوەربگیرێت بۆ گۆڕینی سەرەنجامی هەڵبژاردنەکان چ وەک دەنگدان بۆ لیستی دەسەڵات و چ وەک ئامرازێکی نەشیاوی فشارخستنە سەر هاووڵاتییان بۆ دەنگدان به و لیستەی وەلائیان بۆی هەیە ؛ ئەوە ڕاگەیاندنیش ڕۆڵی بنەڕەتیی لەم کایەیەدا دەگێڕێت و، لە کوردستاندا ڕاگەیاندن بە هەموو کەناڵەکانییەوە لەژێر سایەی حزبە دەسەڵاتدارەکاندایە. ئەوەی پێی دەڵێن ڕاگەیاندنی ئەهلی و سەربەخۆ، جگە لەوەی لەڕووی چەندایەتییەوە هیچ نییە لەچاو ڕاگەیاندنی حزب و حکومەتدا، سەرکوتیش دەکرێت و هەر ڕۆژە بە بیانوویەک مەوداکانی ئازادی لەبەردەمدا تەسکدەکرێتەوە، بۆیە لیستی دەسەڵات لە ئیمکاناتێکی گەورەی ڕاگەیاندن سوودمەندەو، بوارێکی فراوانی بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتیی دەنگدەران هەیە.
لەڕاستیدا بەرەی دەسەڵات چەندین خاڵی لاوازیشی هەیە کە دەبێت لە لێکدانەوه و هەڵسەنگاندنی تەرازووی هێزدا ڕەچاوبکرێت، تا پێشبینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پشت بە کۆمەڵیک بنەما ببەستێت و هەڵەی تێدانەکرێت.
خاڵە لاوازەکانی دەسەڵات، لە دەسەڵاتی بیست ساڵەی هەردوو گەورە حزبەوە سەرچاوە دەگرێت. خاڵەکان، کۆی ئه و هەڵه و کەموکووڕی و ناتەواوی و سیاسەتە نابەجێیانەیە کە لە ئاستێکی فراواندا پەیڕەوکراوه و هێشتا چارەسەری بۆ دانەنراوە. بۆیه دەتوانین لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە گرنگەکانیان بدەین :
1) گەندەڵی نێو دەزگا ئیدارییەکانی دەوڵەت هەر لە دانانی کەسانی نەشیاو لەجێوڕێی مەسئولییەتدا تا دەگاتە سەر ئه و بێکارییە ڕووپۆشراوەی سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی گرتۆتەوە.
2) گەندەڵیی دارایی و بەفیڕۆدانی داهاتەکان و نەبوونی شەفافییەت لە چۆنیەتی خەرجکردنی لەماوەی ئەو بیست ساڵەی فەرمانڕەوایی هەردوو حزبی دەسەڵاتداردا، چ بە تەنها لەسەردەمی شەڕی ناوخۆداو، چ پێکەوە دوای ئه و یەکگرتنەوە شکڵییەی لە ئارادایە.
3) بەرنامەڕێژنەکردنی بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی کوردستان.
4) نەبوونی گوتارێکی نەتەوەیی ڕوون و ئاشکرا کە هەوڵبدات پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا بەپێی کۆمەڵێک پرنسیپی نوێی سەردەمیانە ڕێکبخات و چالاکییە دیپلۆماسییەکانیش لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرو وڵاتانیدیکەی جیهاندا ڕەنگدانەوەی ئه و گوتارە بێت.
5) بوونی هێزی چەکداری حزبی و بەکارهێنانی بۆ سەرکوتکردنی ئازادییەکانی خەڵک لەجیاتی پاراستنی سنوورەکان لە دەستدرێژی دراوسێکان.
6) نالەباریی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و خەمساردی لە بەدیهێنانیاندا.
7) بەفیڕۆدانی داهاتەکان لە بواری ڕاگەیاندندا، بەشێوەیەک نە لە خزمەتی پرسی سەربەخۆیی کوردستاندایەو، نە ڕۆڵێکی ئیجابی لە بنیاتنانەوەی کەسایەتیی ژنان و لاوان و منداڵانی کوردستاندا دەبینێت.
سەرباری ئەم خاڵانە، کۆمەڵێک خاڵیدیکە هەیه و سەرجەمی لایەنەکانی ژیانی جەماوەری خەڵکی کوردستان دەگرێتەوە، کە هەر هەموویان لایەنە لاوازەکانی دەسەڵات بەرجەستە دەکەن و کێبەرکێی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات جۆشدەدەن.
دووەم : ئۆپۆزیسیۆن
ڕەنگە وەک دەستپێکێک بتوانین ئاڵوگۆڕی خاڵەکانی هێزو لاوازی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بکەین تا وێنایەکی سەرەتاییمان بۆ هەردوو بەرە هەبێت، بەڵام لە واقیعدا چەندین وردەکاریی دیتەپێشەوە کە دەبێت ئاماژەیان پێبدەین و پاشان لەبەر ڕۆشناییاندا پێشبینیمان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و دواڕۆژی باشووری کوردستان بخەینەڕوو.
هێزی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، هەر لەسەرەتاوه، لەسەر بنەماو ڕادەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان لە شێوازی فەرماڕەوایەتیی حزبەکانی دەسەڵات خۆی نمایشکردووە، بۆیە ئه و هێزە لەدوای ڕووداوەکانی 17 ی شوباتی 2011 لە سلێمانی و ڕۆژانی دوایی بە لوتکە گەیشت، بەڵام زۆری نەخایاند ئه و ئامادەبوونە جەماوەرییە ڕووی لەدابەزینکرد. ئەگەرچی نە ئامارو نە ڕاپرسییەکی ڕای گشتی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بە وردی ڕادەی هەڵچوون یان دابەزین بەدەستەوەبدات، بەڵام دوو هۆکاری ناوەکی و دەرەکی ئاماژە بە کشانەوەی خەڵکی و نائومێدییان دەکەن بەرامبەر ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان کە شەقامی کوردی بەگشتی و شەقامی هەرێمی سەوز چاوەڕوانییەکانی خۆیان پێوەگرێدابوو.
ئەمڕۆ تەنها بوارێکی هێز بۆ ئۆپۆزیسیۆن ملنەدانێتی بە داواکارییەکانی دەسەڵات و ڕەتکردنەوەی دان و ستانی بێمەرجە. پێداگرتن لەسەر داوا جەماوەرییەکان و سووربوون لەسەر دەستگیرو دادگاییکردنی هەموو ئەوانەی بەرپرسیاربوون لە کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران لە 17 شوباتەوە تا بەزاندنی حەرەمی زانکۆی سلێمانی و سوکایەتی بە خوێندکاران لە ڕۆژانی 17 بۆ 19 نیسان، ڕەنگە تا ڕادەیەک باڵانسی هێزی جەماوەریی ئۆپۆزیسیۆن بەرزبکاتەوه و بتوانێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا ڕێژەیەکی نزیک لە ڕێژەی کورسییەکانی حزبەکانی دەسەڵات بهێنن لە پارێزگای سلێمانی و ناوچەی گەرمیاندا. بەڵام ئەگەر نزیکبوونەوەی پارتی و ئۆپۆزیسیۆن بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت بە تایبەتی پەیوەندی نێوان پارتی و گۆڕان، ئەوا ئەنجامەکان لەبەرژەوەندی دەسەڵات تەواو دەبێت.
ئۆپۆزیسیۆن بە تەرکیزکردنی ڕاگەیاندنەکانیان لەسەر کەیسی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و بەفیڕۆدانی سامان و داهاتی کوردستان و سەرکوتی خۆنیشاندان و بزووتنەوە ئیعتیرازییەکان و بەرتەسکردنەوەی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و، هەڵوێستی نادیارو تەمومژاوی دەسەڵات لە دەستدرێژییەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێم، دەتوانن وەک سەرچاوەیەکی هێز بۆ هەڵبژاردن سوودی لێوەربگرن، ئەوەش پێویستی بە ئاشکراکردن و دەربڕینی پشتگیریی ڕاشکاوانەیە، چونکە بێ ئەم هەڵوێستە دیارو ڕوونە دەکەونە هەمان وێستگەی ڕاوەستانی دەسەڵاتەوە. سەرباری ئەم هەڵوێستە، جەماوەری خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی هەڵوێستێکیدیکەش سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئۆپۆزیسیۆن دەکات. ئەم هەڵوێستە پەل دەهاوێت بۆ داواکردنی گوتارێکی نەتەوەیی ڕوون سەبارەت بە پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و پلاندانان بۆ بەجێگەیاندنی ڕیفراندۆمێک لەژێر سایەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بۆیە ئەگەر تا ئێستا نەبوونی گوتارێکی وەها خاڵی لاوازیی بووبێت بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش ئەوا ڕاگەیاندنی ئەم گوتارە بۆ هەر لایەکیان دەبێتە خاڵی هێزو کاریگەرێتی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەبێت.
ئه و هۆکارانەی ئاماژەمان پێدا، دەتوانرێت لەژێر بەندی هۆکارە دەرەکییەکاندا ڕیزبەندی بکرێن، بەڵام لەوانە گرنگتر هۆکارە ناوخۆییەکانن که بردنەوە سەرکەوتن و دۆڕاندن سەرنەکەوتن ، پتەوکردن و جێگیرکردنی خاڵەکانی هێزو لاوازیی دیاریدەکەن. ئەم هۆکارە ناوخۆییە پەیوەندی بە ڕێکخستن و کاری بەرەییەوە هەیە، یەکەمیان بەنیسبەت بزووتنەوەی گۆڕانەوەو، دووەمیشیان بە نیسبەت ئۆپۆزیسیۆن بەگشتی.
ڕێکخراوبوون، واتە بوونی ڕێکخستن، جا هەر ناوێکی لێبنرێت(حزب، ڕێکخراو، بزووتنەوە، کۆمەڵە، یەکێتی... هتد) ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە سازدانی جەماوەرو کۆنترۆڵکردنی ئاڕاستە سیاسییەکان بە ڕووکارێکی ڕاستدا، هێشتنەوەی جەماوەرێکی بەرینی خەڵک بەبێ ڕێکخستنیان به زیان بۆ ئه و لایەنە دەگەڕێتەوە نەک هەر لەکایەی هەڵبژاردندا بەڵکو بۆ خودی قەواره و بوون و بەردەوامبوونی پشتگیریی جەماوەرەکەی. نەبوونی ڕێکخستن دەبێتە مایەی سەرلێشێوان و بڵاوەلێکردنی جەماوەرەکە و هۆکارێکیش دەبێت بۆ ناکۆکی و خۆخواردنەوه و لەکەمیدان. ئەمە ئه و حاڵەتەیە کە گۆڕانی تێدایه و کاریگەرییەکی سەلبی لەسەر هێزو تواناکانی بۆ چوونە نێو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە دادەنێت. سەبارەت بە کاری بەرەییش دەبێت بەرنامه و شێوازی کاری ئاشکراو بەرنامەڕێژیی کاری سیاسی لەهەر قۆناغێکدا هەبێت و کاری بۆ بکرێ و دواتریش کاری لەسەر بکرێ، بەبێ ئەوە هێزە سیاسییە تەباکان پەرت دەبن و ناتوانن ڕێژەیەکی باشی ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن. دیارە ئەم خاڵەش لە واقیعی ئەمڕۆی ئۆپۆزیسیۆندا دەبینرێت و پەیوەندی و هاوکارییەکانیان سیستەماتیک و نەخشەبۆدانراو نییە، بۆیە چاوەڕوانی ئەنجام و دەستکەوتێکی سەرکەوتوانەیان لێناکرێت.
لە نێوان ئێستاو کاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا (ئەگەر ئەمجارەش دوانەخرێت) چەند مانگێک هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و ئامادەکاریی بۆ ئەم پڕۆسەیە. دەشێت زۆر مەسەله و بڕیارو کاری پەیوەند بە هەڵبژاردنەوه گۆڕانکاریی بەسەربێت، دەشێت هاوپەیمانێتییەکان وەکو خۆیان نەمێننەوە، دەشێت بەرنامەکانی پێشوو دەستکاریبکرێن، دەشێت هێزێکی بەدیل بۆ لیستەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن خۆی ڕابگەیەنێت و... هتد. لەبەر ئه و هۆیانە ناتوانرێت سەداسەد پێشبینی ئەنجامەکان بکرێت، بەڵام بە وەرگرتنی هەموو ئه و خاڵانەی شیکرانەوە زێتر لیستی یەکگرتووی حزبە دەسەڵاتدارەکان ئەگەری سەرکەوتنیان هەیە لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمدا، بەڕێژەیەکی گەورە لە هەولێرو دهۆکداو بە جیاوازییەکی کەم لە پارێزگای سلێمانیدا، هەڵبەت دوا پێشبینیی دروست دەتوانرێت دوای هەموارکردنەوەی یاساکه و هەڵسەنگاندنی چۆنایەتی هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەشێوەیەکی نزیک لە ئەنجامەکان، بکرێت.
چەپی ترادیشناڵ
ترادیشناڵ زاراوەیەکی سیاسییە بۆ هەموو شێوەکانی وشکهەڵاتوویی فیکرو ئەو هەڵوێستانەی لەسەر بنەمای ئەو فیکرە وەردەگیرێن، واتا دەربڕینێکی ئایدیا – سیاسییە بۆ زاراوەیەک کەلەنێو کۆمۆنیستەکاندا بە (دۆگماتیزم) ناودەبرێت.
لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا،(دۆگماتیزم) تۆمەتێک بوو، ڕیڤیژنیستەکانی نێو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی جیهانیی دەیاندایە پاڵ مارکسیست – لێنینیستەکان. هەر هەموو ئەوانەی لە کۆمۆنیزم هەڵدەگەڕانەوە، بەم پاساوە شانی خۆیان لە بیروباوەڕەکانیان خاڵیدەکردەوە.
هەمان ئەم زاراوەیە (ترادیشناڵ)، لەچەند دەساڵی ڕابردووداو تا ئێستا، بۆ ئەو بزووتنەوە ئاینییە سیاسییانە بەکاردەهێنرێت، کە دەیانەوێت بۆ سەرچاوە سەرەتاییەکانی ئاین بگەڕێنەوەو، واقیعی ئەمڕۆی جیهان و پێشکەوتنە زانستی و تەکنۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەم لەبەرچاو نەگرن. ئەوانە لە ئەدەبی سیاسیدا بە (توندڕەو) ناوزەد دەکرێن ؛ هەر لەبەر ئەم خاڵە نەرێییەیە، ” مورتەددەکانی ” بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕادیکاڵ، ئەوانەی هەنگاوی یەکەم لەم گەڕانەوەیەدا دەهاون، ئەم شوناسە فیکری و سیاسییە بۆ پێناسەی فیکری تا ئەو کاتەی خۆیان و هاوڕێکانیان بەکاردەهێنن.
مەبەستی ئەم پاشگەزبووانە لە پێناسەکردنی فیکرو هەڵوێستی مارکسییەکان بە ” ترادیشناڵ ”، ڕەتکردنەوەی پرنسیپە بنەڕەتییەکانی مارکسیزمە، لەڕێی لادان یان خۆگێلکردن لە جەوهەری مارکسیزم.
لێرەدا وەک پڕاکتیک شیکردنەوەی چینایەتی بە نموونە وەردەگرم، چونکە یەکەم هەڵوێستی هەڵگەڕاوەکان بەزاندنی ئەم شێوازەی شیکردنەوەو، خۆدزینەوەیە لە مێتۆدی لێکدانەوەی ماتەریالیستی دیالێکتیکی و مێژوویی، ئەو مێتۆدەی کە شیکردنەوەی چینایەتی بنەمایەتی.
“پاشگەزبووەکان”، هەروەک بۆرژواکان، لەبری شیکردنەوەی دیاریکراو بۆ واقیعێکی دیاریکراو، شێوازی گشتاندن بەکاردەهێنن. بەکارهێنانی ئەم شێوازە لەهەموو لێکدانەوەکانیاندا سیمایەکی دیارو ئاشکرایانە کەپێی دەناسرێنەوە، چۆن ؟
- لە هەڵسەنگاندنی دەوڵەت یان هەڵوێستە سیاسییەکانی پەیوەند بە پرنسیپی دیموکراسی، وەڵامی ئەو پرسیارانە نادەنەوە کە : دیموکراسیی چ چینێک و دیکتاتۆریی چ چینێکیان مەبەستە ! ناسنامەی چینایەتی لەو چەمکانە نادەن، ئەو پەیوەندییە دیالێکتیکییەی نێوان دیکتاتۆری و دیموکراسی نابینن، شوناسی واقیعیی (دووانەیی) چەمکی دەوڵەت ڕەتدەکەنە، بەلای ئەوانەوە : ” دیکتاتۆریی دیکتاتۆرییەو دیموکراسی دیموکراسییە ”.
- لە بواری ئەدەب و هونەردا، ڕاست و چەپێک بەسەر شوناسی چینایەتی ئەدەب و هونەردا دەهێنن. ئەدەب و هونەر لەدەرەوەی چینەکان یان لەسەرووی چینەکاندا دەبینن.بەپاساوی ئەوەی چێژوەرگرتنی ئەدەبی و هونەریی پەیوەندی بە تاکەوە هەیە، ئەو ڕاستییە فەرامۆش دەکەن کە پێکهاتەو ئینتیمای چینایەتیی لە سایکۆلۆژیی شەخسیدا ڕەنگدەداتەوەو چێژ لە بازنەی ئەو ئینتیمایەدا دەبێت و، خودی ئارەزووە ئەدەبی و هونەرییەکانیش بەڵگەن بۆ بیرو هەڵوێست ومەیلی چینایەتی هەر کەسێک. بۆیە بواری ئەدەب و هونەر بۆ پاشگەزبووەکان لە مارکسیزم، باشترین دەرفەتە بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی نوێ و سەنگەری نوێیان. لەبەرئەوە لە ئاستی پرسیارێکدا کە دەبێت ئەدەب و هونەر لە خزمەتی کێدا بێت و، بۆ ئەوانی مارکسی دەبێت لە خزمەتی چ چینێکدا بێت، دادەمێنن و وەڵامێکیان نابێت کە لەگەڵ پرینسیپە چینایەتییەکانی هەڵوێستگرتنی مارکسییانەدا بگونجێت.
- لەکایەی کۆمەڵایەتیشدا، کە مەسەلەی خێزان و پەیوەندی ژن و پیاو تەوەرەی سەرەکییەتی، تیۆری مارکسی سەبارەت بە ئازادی و یەکسانی ژنان و دەستوورێک کە ڕابەرانی بزووتنەوەی ژنانی کۆمۆنیست، زێتر لە سەد ساڵە پەیڕەوی دەکەن، لەفەرهەنگی سیاسی خۆیاندا دەسڕنەوەو دەیدەن بەدەم جووڵانەوەو تێزە سەرمایەدارییەکانی ژنانی بۆرژواوە. بانگەشەکردن بۆ فیمینزمی بۆرژوازی لیبراڵ، دابەشکردنی کۆمەڵ بە دوو ڕەگەزی دژ بەیەک (ژن و پیاو)، سووربوون لەسەر ئەوەی پیاوان هۆکاری چەوساندنەوەی ژنانن نەک سیستمی کۆمەڵایەتی، پێداگرتن لەسەر ئەوەی پرسی ژنان پەیوەندی بە پیاوانەوە نییەو، دەبێت لێگەڕێن ژنان تەنها خۆیان مشووری پرسەکەیان بخۆن، کەرتکردنی بزووتنەوەو خەباتی یەکگرتووی ژنان و پیاوان بۆ بەدیهێنانی جیهانێکی باشتر و دوارۆژێکی بێ چین و حزب و دەوڵەت و چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە ؛ ئەو بەرنامەیەیە کە پاشگەزبووەکان لە مارکسیزم پەیڕەویدەکەن و ئاشتیی چینایەتییان لەگەڵ چینە دەسەڵاتدارەکان و دەسەڵاتدا بۆ زامن دەکات.
- پاشگەزبووەکان یان هەڵگەڕاوەکان لە مارکسیزم پرنسیپی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە ڕەتدەکەنەوەو بەدوای ڕێبازێکی سیاسیی پاسیڤیستییەوەن، تەرویجدانی (گاندیسم) بەشێکی ئەم کەچڕەوییەیانە، ئەو ڕاستییە مارکسیستییە ناسەلمێنن کە (توندوتیژیی مامانی مێژووە)، ئەو ڕاستییەی کەسەرانسەری مێژووی ململانێی چینایەتیی کۆمەڵگاکانی بەشەرییەت سەلماندوویەتی، ڕاستیی ڕۆڵی توندوتیژیی لە گۆڕانکارییە ڕیشەییەکاندا، ڕاستی گواستنەوە لە پێکهاتە (فۆرماسیۆن) ێکەوە بۆ پێکهاتەیەکیدیکە لەڕێی شۆڕشی کۆمەڵایەتییەوە. بەرنامەی ئەوان، وەک ستراتیژیی بزووتنەوە مێژووییەکە، ڕیفۆرمخوازییە نەک شۆڕشی کۆمەڵایەتیی چینی پێشڕەوی کۆمەڵ لەو قۆناغە میژووییە دیاریکراوەدا. ئەوان لەبەر چەند هۆکارێک و، بۆ بەستنی پردێک لەنێوان خۆیان و بۆرژوازییەتی دەسەڵاتداردا، تەنها چالاکی و خەبات لەریزی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ngo دا،، بە کاری سەرەکیی خۆیان دەزانن، چونکە ئەوە بەرژەوەندیی ماددیی تایبەتی و ناسراوبوون و ناوبانگ پەیداکردنیان دەکاتە ئامانج و بەشێکی بەرچاوی خواستەکانیان بەدیدەهێنێت.
- هەڵگەڕاوەکان لە مارکسیزم ئەزموونێکی مێژوویی بزووتنەوەی کۆمۆنیزم دەدەنە دواوە، ئەزموونێک کە بەخوێنی گیانبەختکردووانی کۆمۆنەی پاریس بەدەستهێنراوە، ئەزموونێک کە پێداویستیی حزبی پێشڕەوی قۆناغە مێژووییەکە دەکاتە زەرورەت بۆ سازدان و ڕێکخستنی خەڵک و چینی پێشڕەو، بەر لەشۆڕش و، بۆ بەرپاکردنی شۆڕش بەشێوەیەکی ڕێکخراوی تۆکمەو زامنکردنی سەرکەوتنی بەسەر دوژمنەکانیداو، پاشان پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش و ڕێگرتن لە گەڕانەوەی سیستمی بەر لە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکە. ئەوان (پاشگەزبووەکان لە مارکسیزم) ئەو ڕاستییە پێلێدەنێن کە بەبێ ڕێکخستنێکی پۆلایین، بەبێ حزبێکی شۆڕشگێڕی پرۆلیتاری، نە شۆڕش دەکرێت و نە سەردەکەوێت و، نە بەرنامەی گۆڕانکاریی سیاسی – ئابووری – کۆمەڵایەتی پڕاکتیک دەکرێت و، نە سیاسەتی ڕێگرتن لە گەڕانەوە بەرەو ڕابوردووە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکە جێبەجێ دەبێت و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. ئەوە ڕاستی و سەلمێنراوێکی فیکری مارکسییە، کە چالاکیی سیاسیی، بەرزترین شێوەی کارو چالاکییە. ئەو شێوە بەرزەش لە کاری هۆشیارانەی حزبیدا بەرجەستە دەبێت، بۆیە بەرەنگاریی ئەم پرنسیپە و بەسووک سەیرکردنی و، ڕوانین لەباڵەخانەی خۆبەزلزانینی فیکری و وەهمی هەڵوێستی سەربەخۆوە، بۆ خەڵکی و حزبی پێشڕەو و، وێناکردنیان وەک مێروولە، جگە لەخۆباییبوون و نابووتیی تیۆری و فیزلێدانێکی بێ لۆژیک و گواستنەوە بۆ سەنگەری بۆرژوازییەت و خۆسازدان بۆ دەستکەوتی تایبەتی، هیچیتر نییە !
پاشگەزبووەکان، ئەوانەی دەمامکی مارکسیبوونیان بەستووە، وەک کەسانی وردەبۆرژوا، بە پێچ و پەنا بۆ جێگیرکردنی هەڵوێستە ” نوێیەکانیان ” دەچن و، تیۆری جۆراوجۆرو پاساوی ڕۆشنبیرانەش بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنن، کە زاراوەی (ترادیشناڵ) تەنها یەکێکیانە، بۆیە ئاساییە چەپی مارکسییان لێبگۆڕێت و بە چەپی ترادیشناڵ وەسفیان بکەن !!
تێبینی :
پاشگەزبووەکان یان هەڵگەڕاوەکان لە مارکسیزم، کەسانێکن لەناوماندا، ناون و هەن، دەشێت لەکاتی پێویستدا لەنێو ئەم دێڕانەدا جێیان بۆ دابین بکەم، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا پرنسیپەکانی نێو ناوەرۆکی وتارەکەم مەبەستە، بەدەر لەوەی ئاڕاستەی کێ کراون و لەسەر کێ و کێ نوسراون، خۆم لە ناوهێنانیان دەبوێرم.
4 ی ئابی 2013
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەبێ سەرکردایەتیی مامجەلال
نەخۆشیی ئەمجارەی مامجەلال و درێژەکێشانی بێهۆشیی ئەو نیگەرانی و چاوەڕوانییەکی گشتی خستۆتەوە و، کاریگەرێتییەکی تەواوی لەسەر بارۆدۆخە سیاسییەکەی عێراق و کوردستان داناوە، ئەمریکاو دەوڵەتانی دراوسێی عێراق، بەتایبەتی ئێران و تورکیا ش چاودێریی بارودۆخەکە دەکەن و، بە دڵنیاییەوە ئێستا خەریکی ڕێکخستنەوەی ئەجندەکانی خۆیانن بۆ قۆناغی دوای مامجەلال.
دیارە ئەم نیگەرانی و چاوەڕوانییە بێ بنەما نییە، بەڵکو ئاماژەیەکە بۆ ڕۆڵی بێ ئەلتەرناتیڤی مامجەلال لە ڕاگرتنی هاوکێشەی هێزە سیاسییەکانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی عێراق و کوردستان و، ئیدارەکردنی ململانێ سیاسییەکان و کۆکردنەوەی لە دەوری سیاسەتی گونجاندن (توافق)، هەر لەڕووخانی بەعسەوە تا ئەمڕۆ.
لەنێو فەزا سیاسییەکەدا حزبەکانی کوردستان بەدەسەڵاتدارو بێدەسەڵاتەوە زێتر کاریگەرێتی ئەو واقیعەیان بەسەرەوەیە ؛ تایبەتیتر لەوەش یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەمووان زێتر ئەو نیگەرانی و چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێ دەیگرێتەوەو لەبەردەم ئایندەیەکی نادیاردا ڕایگرتووە.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال، بۆ جارێکیتر دوای نزیک بە چل ساڵ، چ لەئاستی سیاسیداو چ لە ئاستی ڕێکخستندا، دەکەوێتەوە بەردەم خۆناساندنەوە، چونکە ئەوە یەکەم جارە بەم شێوەیە یەکێتیی بەبێ مامجەلال لەبەرامبەر چارەنووسی خۆیدا ڕابوەستێت و بەرەوڕووی وەرچەرخانێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی ببێتەوە. هۆکاری ئەوەش بۆ گرنگیی کەسایەتی مامجەلال دەگەڕێتەوە لە ژیانی یەکێتیی نیشتمانیدا، سەبارەت بەوەی مامجەلال، بۆ یەکێتیی، سەرکردەیەکی ئاسایی نییە کەلە کۆنگرەیەکدا هەڵبژێردرابێت و ئەمڕۆ بێ گرێوگۆڵ بتوانرێت سەرکردەیەکیتر لەجێگاکەی دابنرێت، مامجەلال جگە لەوە سەرکردەیەکی سیاسیی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردە لەم بەشەی کوردستاندا و، مێژووی بزووتنەوەکە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا بەبێ ژیانی سیاسی ئەو نانوسرێتەوە. ئەو سەرکردەیەکی کاریزمییە، لەسەرێکەوە بۆ بزووتنەوە نەتەوایەتییەکەو، لەسەرێکیترەوە بۆ خودی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، وەک دامەزرێنەرو ڕابەری فیکری و سیاسی ڕەوتەکەی، هەر لەسەردەمی خەباتی چەکداریی شاخەوە تا بەئیمڕۆ دەگات کە لایەنێکی سەرەکیی دەسەڵاتی سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا. بۆیە سەبارەت بەم ڕۆڵە کاریزمییەو ئەو جێوڕێیەی وەک باوک بۆ ڕەوتی یەکێتی هەیبووە، لەهەموو لایەکەوە پرسیارەکان ئاڕاستەی چارەنووسی ئەو ڕێکخستنەو ڕۆڵە سیاسییەکەی ئایندەی دەکرێت.
لەڕاستیدا ناتوانرێت وەڵامی دروست بۆ ئەو پرسیارانە بەدەر لە شیکردنەوەی واقیعی سیاسی ناوچەکەو عێراق و کوردستان بدرێتەوە، هەروەک ناکرێت بەبێ ناسینی کەسایەتی مامجەلال و ڕۆلی لەو واقیعەدا پێشبینی ئایندەی پڕۆسەی سیاسیی پەیوەند بەو واقیعەوە بە وردی بکرێت.
ناکۆکی سەرەکی لە ناوچەکەدا، ئەوەندەی پەیوەندی بە عێراق و کوردستانەوە هەبێت، لە نێوان سێکوچکەی ئەمریکا – ئێران – تورکیادایە، ململانێکان ڕۆژ بەڕۆژ لە توندبوونەوەدان، مامجەلال لە ماوەی سەرۆکایەتیدا هاوسەنگیی ئەو ململانێیەی ڕاگرتبوو، بەتایبەتی لە نێوان ئێران و تورکیاو، لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا و بەرژەوەندی هەرسێ لایەن هەتا ئەمڕۆش هاوشانی یەکتری دەڕوات، ئەگەرچی توندبوونەوەی ململانێکان بۆ هەرچی دەستبەسەرداگرتنی ئابووری و سیاسیی عێراق و کوردستان بەردەوامەو، لەپشت زۆربەی بارگرژییەکانەوە یە. بۆیە چۆڵبوونی پۆستی سەرۆک کۆمار، جگە لەوەی ئەو ناکۆکییانە دەمەزەرد دەکاتەوە، سیاسەتی گونجاندن (توافق) یش کاڵدەکاتەوەو، دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی ناکۆکی و ململانێی نێوان لایەنەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق تا ڕادەی مەترسی دەورەیەکیتر لە شەڕی تایەفی و، ئەگەری توندبوونەوەی گرژیی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند و زیادبونی خاڵێکیدیکە بۆ ناکۆکییەکان کە ئەویش پۆستی سەرۆک کۆمارە، چونکە پێشبینی ئەوە دەکرێت لایەنەکانی پرۆسەی سیاسی عێراق جارێکیتر ئامادەنەبن دەنگ بۆ کوردێک بدەن پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرێت.
لەبەر تیشکی ئەو واقیعەی ئاماژەمان پێدا، دیارە کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان گەورەترین باری گرانی دەکەوێتەسەرو بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال بەرەوڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە. ڕەگی ئەم ئاستەنگە بۆ ڕستێک ناکۆکی دەگەڕێتەوە کە یەکێتیی دەبێت کاردانەوەی هەبێت لە بەرامبەریاندا و بەشێکیان پەیوەندی بە کوردستان و فەرمانڕەوایەتی ناوکۆیی پارتی و یەکێتییەوە هەیەو بەشێکیتری بە باری ناوخۆی یەکێتیی خۆیەوە بەندە.
لەسەر ئاستی کوردستان دوو ناکۆکی : ناکۆکی یەکێتیی لەگەڵ پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕیزی پێشەوەن. هەرچەندە ڕێککەوتنی ستراتیژیی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە، بەڵام ڕێککەوتنێکی جێگیر نییە، تەنانەت هێشتا بەتەواوەتی حکومەتی هەرێم یەکگرتو نییەو زۆرجار جیاوازییەکانی بیروبۆچوون لەسەر کێشە سیاسی و ئیداری و داراییەکان، ڕێکەوتنە ستراتیژییەکە دەخەنە بەر ئەگەری هەڵوەشاندنەوە. جۆری پەیوەندییەکانیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا، هەرچەندە خاوبوونەوەی گرژییەکانی بەخۆیەوە دیوە، بەڵام ڕکابەری ویەکتری ڕەتکردنەوە بەردەوامەو، پڕبوونەوەی ئەو کەلێنە گەورەیەی لە نێوانیاندا هەیە دەمودەست و بەئاسانی ڕوونادات. بۆیە ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا مامجەلال کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووبێت لە یەکبینەیی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و خاوکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی پەیوەندی یەکێتیی نیشتمانی و گۆڕان، ئەوا بەبێ سەرکردایەتی ئەو ئەگەری تێکچوونی ئەو پەیوەندییانە لەئارادایە، چونکە ئەوە شاردراوە نییە کە لە ڕیزەکانی ڕێکخستنی هەرسێ لایەنەکەدا نەیارانی سیاسی ئەو پەیوەندییانەی ئێستا هەن ؛ خۆ ئەگەر پارتی بتوانێت دیسپلینی نێوخۆی کۆنترۆڵ بکات، بەڵام چۆنایەتی پێکهاتەی ڕێکخستنەکانی یەکێتی و گۆڕان زامن نین بۆ کۆنتڕۆلی پەیوەندییەکان و پاراستنی ئەو یەکڕیزییە ڕووکەشەی ئێستا هەیە.
ئێستا لە هەموو لایەکەوە پرسیارگەلێک دەربارەی چارەنووسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەکایەدایە،پرسیارەکان سەبارەت بە پەیوەندی یەکێتیی و پارتی و یەکێتیی و گۆڕانن، باری ناوخۆی یەکێتیش تەوەرەیەکی گرنگە کە پرسیارەکان بە دەوریدا دەسووڕێنەوەو چەندین پێشبینی بۆ دەکرێت، لەڕاستیشدا ئەم تەوەرەیە بڕیاردەری هەڵوێستەکانەو لەوێوە پرسیارەکان وەڵامی خۆیان وەردەگرن.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هەر لەسەرەتاوە وەک ڕێکخستنێکی فرە سەکۆ دامەزراو، زێتر لە بەرەیەک دەچوو کە چەندین بیروڕاو ڕووکاری فیکری و سیاسیی جۆراوجۆری لە خۆی گرتبێت ؛ دواتر ئەم پێکهاتەیە نەماو، دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان وەک حزبێک شێوەی خۆی گرت و، بووە خاوەنی یەک بەرنامەو پێڕەوو، یەک سەرکردایەتی و ئۆرگانی یەکگرتوو لە هەموو ئاستەکاندا، بەڵام ئەو پێکهاتە حزبییە هەر بە ڕووکەش بوو، چونکە بەپێی جیاوازییەکانی پێشوو و دواتریش ئەو بەرژەوەندییانەی بە هۆی جێوڕێی لە دەسەڵاتدارێتی هەرێمدا هاتبووە پێشەوە، چەند دەستەگەریی تێدا دروستبوو کە تا ئیمڕٶش بەردەوامە، ئەگەرچی هەوڵێکی زۆریش لەئارادابووە بۆ بنبکردنی دەستەگەرێتی و پاراستنی یەکێتیی نێو یەکێتیی.
ئەو دەستەگەرێتییەی ئاماژەمان بۆ کرد کاریگەرییەکی نەرێیانەی لەسەر یەکێتیی نیشتمانی داناوە، بەڵام هێڵەکانی ئەو دەستەگەرییە هاوتەریبی یەکتر ڕۆیشتوون و توانیویانە پێکەوە هەڵبکەن لەلایەک بەهۆی مەترسییەکانی دەرەوەی یەکێتیی و ململانێکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیتردا، بەتایبەتی پارتی و گۆڕان، لەلایەکیتر بەهۆی ڕۆڵی کەسایەتیی کاریزمی مامجەلال کە هەموویانی لەژێر چەتری خۆیدا کۆکردبۆوە، بۆیە ناکۆکییەکان و ناوەندەکانی هێزو کەسایەتیی یەکەمی ئەو ناوەندانە، بەناچاری، پێکەوە ژیاون و، ئاگاداری ئەوەبوون ناکۆکییەکان نەتەقێتەوەو زیان بە هەموویان بگەیەنێت.
ئەمڕۆ بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال ئەم گرفتە وەک ئەگەرێک بواری دەرکەوتن و هەڵچوونی هەیە و، هیچ بەربەستێکی فیکری و سیاسی و ڕێکخراوەییش نییە پێشی پێبگرێت، چونکە لەژێر سەرکردایەتی مامجەلالدا سەرچاوەی بڕیارو فیکرو سیاسەتەکان هەر ئەو بووەو، یەکێتیی وەک حزب نەیتوانیوە ژیانی نێوخۆی لەسەر بنەمایەکی دامەزراوەیی دابڕێژێت تا بتوانێت بەبێ سەرکردایەتی مامجەلال کێشەکان و ئاستەنگەکان و ناکۆکییەکانی نێوخۆ چارەسەربکات.
بۆ هەر حزبێک سێ مەرجی سەرەکی هەیە کە ناسنامەی حزبی دەداتێ و چوونەپێشەوەی سیاسەتەکانی زامن دەکات، ئەوانیش : یەکگرتوویی ئایدیۆلۆژی و یەکگرتوویی ئیرادەو یەکگرتوویی کارە، بەڵام لە یەکێتیی نیشتمانیدا هەرسێ مەرجەکە بزرە، چونکە نە لە ئاستی سەرکردایەتی و نە لە ئاستی خوارەوەدا (جەماوەری ڕێکخستن) یەکگرتوویی فیکری نییەو هیچ سەرچاوەیەکیشیان بۆ یەکخستنی فیکریی نییە ؛ بەهۆی بوونی دەستەگەرێتیشەوە، ناوەندی جیاجیای بڕیار هەیە، بۆیە نە یەکگرتوویی ئیرادە هەیەو نە یەکگرتوویی کار. لەبەر ڕۆشنایی ئەم واقیعەی نێوخۆی یەکێتی، بەتایبەتی لەکاتێکدا مامجەلال جێی لە سەرکردایەتیدا چۆڵدەبێت، بواری لێکترازان و پەرتەوازەیی دەڕەخسێت کە هەر دەستەیە هەوڵی یەکلاییکردنەوەی دەسەڵات لەناو یەکێتیدا بۆ بەرژەوەندی دەستەکەی خۆی بدات و، ئەوەش دەبێتە خاڵی لاوازیی یەکێتیی بەرامبەر نەیارەکانی و، سووربوونیش لەسەری یەکێتیی بە هەڵدێردا دەبات، یان لانیکەم کەرت کەرت بوون چارەنووسی دەبێت و ئەو یەکێتییە نامێنێتەوە کە مامجەلال سەرکردایەتی دەکرد.
بە خوێندنەوەی سەرجەمی ئەو واقیعە دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە :
- یەکێتیی نیشتمانی وەک ئێستای نامێنێتەوەو گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، گۆڕانکارییەکانیش بەند دەبێت بەو واقیعە سیاسییەی بێ سەرکردایەتی مامجەلال دێتەکایەوە. یەکتیی سەرکردە کاریزمییەکەی، واتە (باوک) ی نامێنێت و تووشی پاشاگەردانی دەبێت، چارەسەرکردنی پاشاگەردانییەکە یان فراوانبوونەوەی دەکەوێتە سەر چۆنیەتی تاووتوێکردنی ئاستەنگەکان لەلایەن ئەو سەرکردایەتیە نوێیەی دوای سەرکردایەتی مامجەلال دێتە سەرکار.
- ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر یەکێتیدا دێت، کتوپڕ نابێت بەڵکو ماوەیەک دەخایەنێت، ئەویش دەکەوێتە سەر هێزی ئەو دەستە سەرکردایەتییەی کار دەگرێتەدەست لەلایەکەوەو، سەر چۆنیەتی مامەڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بارودۆخ و سەرکردایەتییە نوێیەکەی یەکێتیی، هەڵبەت نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە لەم شێوە گۆڕانکارییانەدا، سەرەتا سۆزێکی جەماوەریی حزبی کاریگەریی خۆی دەبێت و بۆ ماوەیەک، کەم یان زۆر بخایەنێت، ململانێ و ناکۆکییەکان دوادەخات.
- یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، وەک ڕێکخراوێکی سیاسی کە بۆ دەیان ساڵ لە کوردستاندا خەباتی سیاسی و چەکداری کردووە هەروا بە ئاسانی پرش و بڵاو نابێتەوە، چونکە ئەم ڕابردووە سەنگی خۆی هەیە، بەتایبەتی لەکۆمەڵگایەکی خێڵەکی وەک کوردستاندا کە نەرێتە کۆمەڵایەتییەکان جۆرێک لە هاوکاری و دەستگرتن بە سەروەرییەکانەوە دەسەپێنێ و تاکەکەسەکانی کۆمەڵ بەزوویی دەستبەرداری نابن.
- ئەگەر لە ڕیزەکانی یەکێتیدا دەستەگەریی بەردەوام بێت و، دەستەیەکی دەسەڵاتدار بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا نەکات و هەوڵی دەرپەڕاندن یان ملکەچکردنی دەستەکانیدیکە بدات ئەوا چەند ئاڕاستەیەک چاوەڕوانی چارەنووسی یەکێتیی دەکات لەوانە :
1) ئەو دەستەیەی سەرکردایەتی دەگرێتەدەست بەشێکی ڕێکخستن لەخۆی کۆدەکاتەوە، بەڵام ناتوانێت هەموو ڕێکخستن کۆبکاتەوە، چونکە ئەوەی لەو دەستە بەهێزەی نێو یەکێتی ڕەچاودەکرێت ئەوەیە مۆرو سیمای ناوچەگەرێتی لە ڕێکخستنەکە بدات یان بە تەواوی بوار بڕەخسێنێت باڵی عەسکەری، نەک مەدەنی، لە سەرکردایەتی و ئۆرگانە بەرپرسەکانی خوارەوەدا باڵادەست بێت. هەر ئەم هۆکارە ڕەنگە ببێتە مایەی وازهێنانی هەندێک لە ئەندامەکانی سەرکردایەتی ئێستاو، بڕیاری دانیشتن بدەن.
2) لەبەر ئەوەی پێکهاتەی جەماوەریی یەکێتی تێکەڵەیەکە لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری و، هێڵێکی ڕوون و ئاشکرا لە جەماوەری پارتی جیایان ناکاتەوە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە بەشێکی کەم ڕووبکەنە پارتی و بەڕیزەکانی ئەوەوە پەیوەست بن، بەتایبەتی ئەو توێژەی کاریگەرێتی خێڵایەتییان بەسەرەوەیە.
3) بنکەی جەماوەریی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان تا ڕادەی ” چوونیەک ” بوون لەیەکەوە نزیکن، هەر هەمان جەماوەرن کە تەنها ناکۆکییەکیان لەسەر دینامیزمی ئیدارەی حکومەت و کەیسی گەندەڵییە، کەسایەتی یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕانیش بۆ چەند دە ساڵێک کەسایەتی دووەمی یەکێتیی بووەو ئەویش وەک سەرکردەیەکی کاریزمی جێوڕێی تایبەتی هەبوو لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا، لەبەرئەوە پێشبینی ئەوە دەکرێت بەشێکی بەرچاوی جەماوەری یەکێتی بە ڕیزەکانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پەیوەست بن.
4) بە پێچەوانەی هەندێک لەو بۆچوونانەی پێشبینی ئەوە دەکات یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان تێکەڵ ببنەوە، جا هەر بە ناوی یەکێتییەوە بێت یان ناوێکیدیکە لەخۆیان بنێن، ئاماژەکانی ململانێی چەند ساڵی ڕابردوو ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت کە هەڵنانی ئەم هەنگاوە کارێکی ئاسان نییە، تا ڕادەیەکی زۆر ئەستەمە هەریەکە لە سەرکردایەتی ئایندەی یەکێتی و سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان بتوانن بگەنە ڕێککەوتنێک لەسەر پۆستی کەسایەتی یەکەمی ئەو ڕێکخستنەی لە ئەنجامی یەکگرتن دروست دەبێت، چونکە ئەو جەمسەرانەی بەرپرسیارێتی لە هەردوولا یەکترییان پێ قبووڵناکرێت و ئەگەری پێکەوەکاردنیان بۆ جارێکیتر، ئەگەرێکی زۆر لاوازە.
دیارە شیکردنەوەی سیاسیی بۆ بارودۆخێکی وەها ئاڵۆزو پێشبینی بۆ ئایندە، هەر لە سنووری بیروبۆچووندا دەمێنێتەوەو ناتوانین ڕەهایی پێببەخشین، بۆیە ئایندەی کوردستان و، بەتایبەتی دواڕۆژی یەکێتیی نیشتمانی، دەشێت بە ئاڕاستەیەکیدیکەدا بڕوات بەپێی ئەو پێشهاتانەی ئایندە لەخۆیدا حەشارداوە، بۆیە دەروازەی پێشبینییەکان، بۆ توێژەرانی سیاسی لە داهاتوودا بە کراوەیی دەهێڵینەوە.
30-12-2012
گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بۆ حوکمڕانیی باشووری کوردستان
ئەو ململانێیەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی فەڕمیی کوردستان، کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009 وە بەگەرمی دەستیپێکردووە، هەتا ئێستاش بەردەوامە. سەرەنجامی ئەوە چارەنووسی پرسی کورد و ئاسۆی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هەڵواسراوەیی ماوەتەوەو هەتابێت ئومێدی دەربازبوون لەم قەیرانە کزترو لاوازتر دەبێت. بێزاری و ناڕەزایەتی خەڵکیش، بەگشتی، ڕوو لە هەڵچوونە. ئەگەرچی سەرەتا ئەم ناڕەزایەتییە ڕوو لە دەسەڵات بوو، بەم هۆیەشەوە ئۆپۆزیسیۆن توانی لە هەڵبژاردنەکاندا ژمارەیەکی بەرچاوی کورسییەکانی پەڕلەمانی کوردستان بەدەستبهێنێت، بەڵام دوای شکستی خۆنیشاندانەکانی 17 ی شوبات – 19 ی نیسانی 2011 و، دان و ستانی ئاشکراو نهێنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و، بێدەنگیی ئۆپۆزیسیۆن و ڕێکنەخستنی مەراسیمگەلێک بۆ یادی خۆنیشاندان و شەهیدەکانی 17 ی شوبات و ڕۆژانی دوایی، ڕستێک پرسیاری وروژاندووە، کە پرسیاری سەرەکییان دەربارەی توانایی هەردوو لایەنە لە حوکمڕانیی کوردستان. ئەوەی تاچ ڕادەیەک بوونی ئەم هێزە سیاسیانە وەڵامن بە واقیعی ئیمڕۆی باشووری کوردستان، ئەوەی کە پرسی کورد لەم بەشەی کوردستاندا گەشەکردن و چوونەپێشەوەیەکی چۆنایەتی بەخۆیەوە دەبینێت، تەنانەت تەواوی گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و لایەنەکانی لێکچوونیان، کەوتونەتە ژێر پرسیارەوە.
واقیعی ئەمڕۆی باشوری کوردستان
مەبەست لە واقیع سەرتاپای بوارەکانی ژیانی خەڵکی کوردستانە. ئەم واقیعە گشت لایەنە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە، پەیوەند بەوانیشەوە لایەنەکانی ئیداری و ڕۆشنبیری و تەندروستی و پەروەردەوفێرکردن و ئاستی پابەندبوون بە پرەنسیپ و بەها ئەخلاقییەکانیش لەخۆیدەگرێت.
ئەم واقیعە فرەڕەهەندە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی گەرەکەو دواڕۆژی خەڵکی لەم شوێنە جوگرافیاییەی ناوی باشووری کوردستانە بەم گۆڕانکارییەوە گرێدراوە، بۆیە پێوەری سەرکەوتوویی دەسەڵات و ڕاستگۆیی ئۆپۆزیسیۆنیش، جگە لەبەرنامەیەکی هەمەلایەنەی گۆڕانکاریی، پراکتیکی بەرنامەکەو زەمینەخۆشکردنە بۆ بەدیهێنانی. کێبەرکێی سیاسی لەم سنوورو بازنەیەدا دروستەو، ئاساییە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن هەریەکەیان بەرنامەی خۆیان هەبێت. بوونی بەرنامەی جیاواز بۆ گۆڕانکاریی، بنەمای ئەو کێبەرکێیە دەبێت، بەپێچەوانەشەوە بوونی بەرنامەی هاوشێوەو پێڕەوکردنی شێوازی چوونیەک و نزیکیی ئەو زمان و گوتارەی ئاڕاستەی ڕاگەیاندن و تەواوی ململانێکەی پێدەکرێت ڕەوایی کێبەرکێ و ململانێ توندەکان ناهێڵێت و دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دەکاتە دووڕووی یەک دراو.
ئەوەی ئێستا لە باشووری کوردستاندا لەبەرچاوە، بوونی دەسەڵات و چەند هێڵێکی سیاسییە کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەناسێنن، لەنێویاندا ئۆپۆزیسیۆنێکی فەڕمی هەیە کە لە دووباڵی نەتەوەیی و ئیسلامی پێکدێت، ململانێی دەسەڵات و گۆڕانکاری و بەرنامەو بۆچوونەکان لەنێو ئەم سێگۆشە سیاسییەدایە، کە ئەگەر هەندێک دیدو ئامانجی ستراتیژیی ئیسلامگەرایانەی لێدەربکەین، لێکچوونێکی لەڕادەبەدەر لەنێوان ئەم لایەنانەی ململانێکەدا هەیە، بەتایبەتی لەنێوان دەسەڵات (پارتی و یەکێتی) و ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەیی، واتە (گۆڕان) دا.
بنەماکانی لەیەکچوونی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن
حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەڕێژەیەکی بەرچاو لەڕووی بونیادەوە سەر یەکتری دەچنەوە، واتە چەند بنەمایەک هەیە کە هەموویان لە ئاڕاستەیەکدا کۆدەکاتەوە، بۆیە هاووڵاتی کورد لەئاستی سیاسەتەکانیاندا تووشی ڕامان و سەرەگێژە دەبێت و ناتوانێت هەڵسەنگاندن و بڕیارێکی دروست لەبارەیانەوە بدات، یان دڵنیابێت لەوەی کە ئەم کەشتییە بەرەو ڕۆخێکی ئارام دەڕوات و لەوێدا بەهێمنی دەگیرسێتەوە. لەبەرئەوە دەتوانین لە خوێندنەوەیەکی گشتیدا بنەماکانی لەیەکچوون لەچەند خاڵێکدا دەستنیشان بکەین :
1) بنەمای چینایەتی : هەموو لایەنەکان، وەک شوێنی چینایەتییان لە کۆمەڵگای کوردستاندا، سەر بە توێژە جیاجیاکانی چینی بۆرژوازین، وەک چینێکی زۆر فراوان و باوی کۆمەڵگا، کە لەسەرەوەو لوتکەکەیدا بازرگانان و سەرمایەدارانی گەورەو بۆرژوازیی بێرۆکراتی دەوڵەتی و، لەبنەوەشدا جەماوەرێکی بەرینی وردەبۆرژوازی هەیەو، لەڕووی ئینتیمایانەوە دابەشدەبنە سەر دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن. سەرچاوەی نارەزایەتیش، چ لە نێو جەماوەری حزبەکانی دەسەلات بەرامبەر سەرکردایەتییەکانیان و، چ لەنێو جەماوەری ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر دەسەڵات و چینی باڵادەستی کوردستان، ئەم چینەیە، کە بەهۆی گەشەنەکردنی ئاسایی سەرمایەداریی لە کۆمەڵگای کوردستاندا، بێزاری و نارەزایەتییەکەی ئاوێتەیە بە هەندێک لە چەمکە دەرەبەگییەکانەوە، ئەو چەمکانەی کەم و زۆر کاریگەرێتی لەسەر شێوازی ململانێکان دادەنێت.
2) بنەمای کۆمەڵایەتی : پێکهاتەی هەموو لایەنەکان وەک سیستمی حزبی و پەیوەندی بە جەماوەرو خودی جەماوەرەکانیشیان ئەوەندە لەیەکدەچن کە هێڵێکی ڕوون و پانی جوێکردنەوەیان بەئاسانی نابینرێت. ڕوانگەی حزبی و پیرۆزاندنی سەرۆکی کاریزمیی حزب و ڕەتکردنەوەی بەرامبەرو هەڵوێستی نێگەتیڤانە لەبەرامبەر گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی سیستمی دەوڵەت و سیستمی باوی کۆمەڵ، خاڵی یەکانگیربوونیانە، ئەگەرچی هەریەکەیان بەشێوازێک دەریاندەبڕێت. ئەم بنەما کۆمەڵایەتییەی لێکچوون، بە واقیعی دەیانکاتە خێزانێک و ئەو هەلەیان بۆ دەڕەخسێنێ (بەتایبەتی هەردوو حزبی دەسەڵات و گۆڕان) کە چارەسەری ناکۆکییەکانیان وەک ئەندامانی یەک خێزان بکەن، جا ئەوە زوو بکرێت یان بخایەنێت و درەنگ بێتەدی.
3) بنەمای کەلتوریی : لایەنەکانی ململانێی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا خاوەنی کەلتوورێکی سیاسین. ئەم کەلتوورە وجودیان، هەڵسوکەوتیان، کاردانەوەیان بەرامبەر کێشەوگرفتەکان دەگرێتەوە.
لەڕووی بوونیانەوە ڕەچەڵەکی هاوبەشیان هەیە، چ ڕەوتە نەتەوەییەکان و چ ڕەوتە ئیسلامییەکان، هەریەکەیان زادەی یەک دایکن : گۆڕان لەیەکێتیی نیشتمانی کوردستان بووەو، ئەمیش لەڕووی مێژووییەوە زادەی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ڕەوتە ئیسلامییەکانیش زادەی بزووتنەوەی ئیخوان موسلمینی (حسن البناو سید قطب) ن. ململانێی نێوخۆ و یاخیبوون لە دایک، یان باشترە بڵێین : یاخیبوون لە باوکە کاریزمییەکە سیمای پەیوەندییە بونیادییەکەیان دیاریدەکات. هەڵسوکەوتەکانیش پابەندی، بوون و ململانێکانە، کاردانەوەکانیش بریتین لە : (هێرشی ڕاگەیاندن و هاندان و سووکایەتیکردن دژی یەکتری و، پەنابردنە بەرچەک و کاری توندوتیژیی و، نانبڕین و، گرتن و، کوشتن و،چەند جارە بوونەوەی کاری سووتاندن و... هتد).
پڕاکتیکی بنەماکان
پراکتیکی بنەما لێکچووەکانی کاری سیاسی و بەڕێوەچوونی ململانێکان لەدوو بواردا خۆیان دەنوێنن، ئەوانیش : (بەرنامەو میتۆد) ن.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە بەرنامەی ئیسلامییەکان لەناوەرۆک و مەبەستی ستراتیژییاندا جیاوازەو پەیوەندییەکی بنچینەیی بە پێداویستییەکانی واقیعی ئەمڕۆی کوردستانەوە نییە، بەرنامەی ئەوان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی و پەیڕەوکردنی شەریعەتی ئیسلامە لە کۆمەڵدا، بەرنامەی ئاشکرایان کە لە جێوڕێی ئۆپۆزیسیۆنەوە ململانێی لەسەردەکەن، جۆرێکە لە خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرجەکانی ئەمڕۆی جیهان و وێستگەیەکە بۆ گەیشتن بە ستراتیژی بزووتنەوەکەیان، بۆیە لەم بەشەدا زێتر بەراوردەکان لەسەر گوتاری دەسەڵات (پارتی و یەکێتی) و ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەیی (گۆڕان) دەکەین.
1) گوتاری سیاسی
مەبەست لە گوتاری سیاسی ستراتیژو جۆری ئاڕاستەکردنی سیاسیی تواناکانە بۆ گەیشتن بەو ستراتیژە. گوتاری سیاسیی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لە باشووری کوردستاندا، نزیک بەسەدەیەکە، لەبازنەی عێراقیبوون و خۆبەستنەوە بە یەکێتیی خاکی عێراق و ئۆتۆنۆمی و، دواجار لە فیدرالی تێنەپەریوە. پرسی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ باشووری کوردستان لە گوتاری ئەم بزووتنەوەیەدا نەبووە. هەتا ئێستاش ئەوەندەی نوێنەرانی ڕەسمیی بزووتنەوە نەتەوایەتییەکە بەکاروباری عێراق و مەسەلەی سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی عێراقی دوای داگیرکردنەوە خەریکن، بەهیچ بوارێکی پرۆسەی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆوە خەریک نین. لەم بارەیەوە بیروبۆچوونی دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆنی فەڕمی لەیەکچوونێکی زۆری تێدایە. بۆ نموونە : ملدانی هەردوو لایەن و پشتگیرییان بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی بەناو نیشتمانیی عێراقی بۆ ڕێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک بنەما کە دەسەڵاتی ناوەندو نەیارەکانی (ئۆپۆزیسیۆن) ڕێکبخاتەوە، هەروەها بۆ دووپاتکردنەوەی بنچینەکانی دەوڵەتێکی فیدراڵیی دیموکراتی پشتبەستوو بە دەستووری عێراقی و زامنکردی سەرکەوتنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی تەوافوق ؛ بەڵگەیەکی ئاشکرای گوتارە ناوکۆییەکەیانە کە جێگای ستڕاتیژیی جیابوونەوە لە عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی تێدانەبۆتەوە.
مەسەلەی سیستمی فەرمانڕەوایی لە باشووری کوردستاندا، کە ناویان لێناوە (هەرێمی کوردستان) هیچ جۆرە ناکۆکییەکی لەنێوان دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆندا لێنەکەوتۆتەوە، هەموویان پابەندن بە سیستمی پەڕلەمانی و پرەنسیپی جیاکردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتەکە (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری). وەک بەرنامەو گوتاری سیاسیش هەمووان بانگەشەی سەلماندنی ئازادییە سیاسییەکان دەکەن، لەو مەودا سنووردارەی لەسەروبەندی دامەزراندنی حکومەتدا لەسەری کۆکبون و ئەمڕۆ دەسەڵات کەم و زۆر پێشێلیان دەکات ؛ ئەم پابەند نەبوونەی دەسەلاتیش بۆ خۆی، سەرچاوەیەکی دیار پێکدەهێنێت بۆ بەشێکی گەورەی ناکۆکییەکانی هەردوو لایەن.
ئەم گوتارە سیاسییە ناوکۆییە، لە پرسی (جیاکرنەوەی ئایین لە دەوڵەت) دا بەهەمان شێوە خۆی نمایش دەکات. هیچ لایەنێکیان، نەلە بەرنامەکەیاندایەو نە بە ئاشکرا گوتارەکەیان بەو ڕووکارەدا ئاڕاستە دەکەن، بۆیە پڕۆژەی جێگیرکردنی ئەم پرەنسیپە سێکیولاریستەیان نییە، تەنانەت لە بەرنامەو کۆی ڕاگەیاندنەکانی بزووتنەوەی گۆڕانیشدا بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری هەرێم، بەشێوەی پێشنیازیش دوورو نزیک شتێک دەربارەی جیایی ئایین و دەوڵەت لە ئارادا نییە.
2) گوتاری ئابووری
لەلای کەس شاراوە نییە کە دوای ڕاپەڕینی 1991 ژێرخانی ئابووری کوردستان داڕماو هیچی بەسەر هیچیەوە نەما، گەمارۆدانی دووسەرەی عێراقی و نێودەوڵەتیش هێندەیتر ئەم ژێرخانەی وێرانکرد، نەبوونی و گرانی و برسێتی بووە سیمایەکی دیاری ژیانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردو بەرئەنجامی ئەو ژێرخانە داتەپیوە. کاربەدەستانی کوردستان بەپەلە ئابووریی دەوڵەتییان کۆتایی پێهێنا، ئەگەرچی بەعس بەشێکی گەورەی ئەو شێوە ئابوورییەی داڕووخاندبوو ؛ لەجێگەی ئەوەشدا هیچ نموونەیەکی ئابووریی ئەزموونکراوو تۆکمەی نەبوو تا نەهێڵێت بارودۆخە ئابوورییەکە لە گرێژەنە بچێت، بۆیە بەبێ لێکۆڵینەوەی هەلومەرج و واقیعی ئەو کاتەی کوردستان نموونەی (بازاڕی ئازاد) ی سەرمایەدارییان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاند.
سەپاندنی ئەم نموونە ئابوورییە جگە لەوەی باڵادەستیی کەرتی تایبەتی هێنایەئاراوە، دەرگای کوردستانیشی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان ئاوەڵاکرد تا بە ئارەزووی خۆیان سەرمایەگوزاریی لە کوردستاندا بکەن و لە سامان و ڕەنج و ئارەقەی خەڵکی کوردستان سەرمایەکانیان زێتر کەڵەکە ببێت. لەم کردارەشدا سەرمایەدارانی خۆماڵیی پشکی گەورەیان بەرکەوت و دواتر تا بە ئێستا دەگات، سەرباری بیانییەکان، کۆمپانیاکانی حزب و بۆرژوازییەکی بێرۆکرات کە پلەو پایە حزبییەکان خولقاندوونی دەستیان ناوەتە بینی ئابووری کوردستان و لە خنکاندن نزیکیان کردۆتەوە.
ئەمڕۆ شا دەماری ئابووریی باشووری کوردستان بەدەست کۆمپانیا بیانییەکانەوەیە، هەر لە کۆمپانیاکانی ولاتانی دراوسێوە تا دەگاتە کۆمپانیا فرەناسنامەکان. ئەمە بۆتە سەرچاوەی وێرانی بەرهەمهێنان و ستەمکاری لە دابەشکردنی داهاتی نیشتمانیدا. نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و جەمسەربەندیی کۆمەڵگا لەنێوان جەمسەرێکی داراو جەمسەرێکی نەداردا، لەنێوان توێژێکی ئێجگار دەوڵەمەندو زۆربەیەکی ئێجگار هەژاردا، دیاردەیەکی هەرە زەقی بازاری ئازادە کە بۆ زێتر لە بیست ساڵە خەڵکی کوردستان بەدەستییەوە دەناڵێنێت ؛ ئەگەر دوێنێ ئابووریی کوردستان و سەرمایەداریی لەکوردستاندا پاشکۆی سیستمی سەرمایەداریی دواکەوتووی عێراقی و بەشێک بوو لە ئابووریی عێراق، ئەوا ئیمرۆ پاشکۆی سەرمایەداریی وڵاتانی دەوروبەرو ئابووریی ئەو وڵاتانەیە کە لەسایەی دەستئاوەڵابوونی کۆمپانییەکانیان و سەرمایەگوزاری بازرگانیدا، بەپلەی یەکەم، هەموو ڕایەڵە ئابورییەکانی کوردستانیان بەدەستەوەگرتووەو، لەوڕێیەوە دەست لەکاروباری ناوخۆی کوردستان وەردەدەن و هیچ سەروەرییەکی سیاسییان بۆ حکومەتە خۆماڵییەکەی نەهێشتۆتەوە.
لەبەرامبەر ئەم گوتارە فەرمییەی دەسەڵاتدا، ئۆپۆزیسیۆنی فەرمی ئەلتەرناتیڤێکیان پێ نییە. ئەوانیش لەسەر ئەم نموونە ئابوورییەی دەسەڵات هاوڕان، ناکۆکییەکانیان لەسەر جەوهەری ئەم ئابوورییە نییە، بەڵکو لەسەر هەندێک دینامیزمی جێبەجێکردن و ئەو گەندەڵییەیە کە لەم بوارەدا زێتر لەهەر بوارێکدیکە بەبەرچاوەوەیە.
3) گوتاری کۆمەڵایەتی
کۆمەڵگای کوردستان، گەشەکردنێکی سەرمایەداریی بەخۆیەوە نەدیوە، هێشتا گەشەی سەرمایەداریی ژێرخانێکی پتەوی پیشەسازی و سیستمێکی بانکی پەرەپێدراوی نییە، سەرمایەدارییەکی دواکەوتووی تێدایە کەزێتر سەرمایەگوزاریی لە بوارەکانی بازرگانی و خانووبەرەدا دەکات ؛ لەبەرئەوە کۆمەڵگای کوردستان بەتەواوی لە سیستمی دەرەبەگایەتی نەپچڕاوەو دیاردەکانی کۆمەڵگای دەرەبەگی، بەشێوەی جۆراوجۆر، تێیدا زاڵە، ئەقڵی خێڵ و عەشیرەتگەری و باوکسالاری و پیاوسالاری و گەورەسالاریی، کەم و زۆر، لە هەڵسوکەوت و فیکرو کرداری خەڵکیدا ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە. ئەم ڕەنگدانەوەیە لە پێکهاتەو سیاسەتی حزبەکاندا، بە دەسەڵاتدارو بێدەسەڵاتەوە دیارەو هۆکارێکیشە بۆ تەشەنەسەندنی ناکۆکییەکان و درێژەکێشانیان و بەیەکنەگەیشتن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان. کاتێک خەڵکی لەسەر بنەماڵەیی ڕێکخستنی حزبی دەدوێن، واقیعەکە هەستپێدەکەن و بەشێوەیەکی ڕاست دەیخوێننەوە. لێرەا تەنها ئاماژە بە دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی دەکەم کە نە دەسەڵات لە ماوەی بیست ساڵی دوای ڕاپەڕیندا توانیویەتی بەرەو کزبوونی بەرێت و نە ئۆپۆزیسیۆنی فەڕمیش بەرنامەیەکی ڕوونی بۆ چارەسەرکردنیان هەیە.
1/3 دیاردەی یەکەم پەیوەندی بە ئەقڵییەتی خێڵەوە هەیە. لەبری ئەوەی ئاستی حزبەکان و جەماوەری خەڵکی کوردستان بەرەو تێپەڕاندنی ئەم ئەقڵییەتە ببرێت و گوتاری خێڵ و عەشرەت بە مۆزەخانەی مێژوو بسپێردرێت، لانی کەم حزبەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لەگەڵ گوتارە نەتەوەییەکەی خۆیاندا ڕاستگۆ بن و گوتاری نەتەوەیی لەسایەیاندا سەروەربێت و جەماوەرە حزبییەکەی خۆیان بەو ئاڕاستە نەتەوەییەدا ببەن، کەچی دەبینین هەتادێت ئەو گوتارەی خێڵ باڵادەستی پەیدادەکات و بەدوای خۆشیدا هەموو تەنگژە ئیداری و سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەکانیش ڕادەکێشێت. گوتاری بنەماڵەیی و بەرچاوتەنگیی حزبایەتی و شارچێتی و ناوچەگەرێتی و ڕەنگدانەوەکانی لەسەر کەرتکردنی کوردستان بۆ (بادینان و سۆران) و (هەرێمی زەردو هەرێمی سەوز) و ئاڵای (زەردو سەوزو مۆرو شین و سپی.. هتد) بەڵگەن بۆ ئەو واقیعە تاڵەی خەڵکی ستەمدیدەی کورد، لەڕاپەڕینەوە تا ئێستا، ڕۆژانە دەیچێژێت.
2/3 دیاردەی ستەمی ڕەگەزی و، ڕاگرتنی ژنان لەسایەی یاساکانی هەڵاواردنی جێندەری و، هەڵنەگرتنی هەنگاوی بنبڕ بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوەی ژنان و زامنکردنی ئازادی بۆیان و یەکسانکردنیان لەهەموو ڕوویەکەوە بە پیاوان.
ئەوەی سەبارەت بەم کەیسە سەرنجڕادەکێشێت، جیاوازی نێوان بەرنامەو پڕاکتیکی حزبەکانە. هیچ یەکێک لە حزبەکانی دەسەڵات و حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش، بەشێوەیەکی شەفاف لەم پرسە کۆمەڵایەتیە گرنگە نادوێن و توخنی جەوهەری پرسەکە ناکەون.
خاڵی هەرەگرنگی ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان ئازادیی بڕیاردانی چارەنووسە لە هاوسەرگیریی و پێکەوەنانی خێزان و منداڵبوون و جیابوونەوەشدا. سەلماندنی چوونیەکیی ژنان و پیاوان لە پڕاکتیکی ئەو شێوازەی پەیوەندی هەردوو ڕەگەزدا و، دەستەبەرکردنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی مافە مرۆییەکانی ژنان و بە یاساییکردنیان، نەبۆتە هێڵێک بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتی بۆ ئۆپۆزیسیۆنێک بەرنامەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی هەبێت.
4) گوتارە پەیوەستەکان
مەبەست لە گوتارە پەیوەستەکان، گوتارەکانی : (ئازادی سیاسی، کارگێڕیی، سەربازیی، ئاسایش وهەواڵگریی، پەروەردەیی، ڕۆشنبیریی، تەندروستیی، ڕاگەیاندن و... هتد) ن. واتە هەموو ئەو گوتارانەیە کە بەشێکن یان پەیوەستن بە گوتاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە و، بەپلەی جیاجیا کاریگەرێتی ئەم سێ گوتارەیان لەسەرە.
دەسەڵات سەبارەت بەم گوتارە پەیوەستانەوە پڕاکتیکی بیست ساڵی هەیە، کە بە گشتی مایەی ڕەخنەو ڕەتکردنەوەی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستانە. ئۆپۆزیسیۆنی ڕەسمی، بەشێوەیەک لەشێوەکان، تا هەڵبژاردنەکەی 2009 بەشدارو هاوکاری دەسەڵات بووە لە بڕیارو بەجێگەیاندنی ئەو گوتارەدا، لەساڵی 2009 یش بەدواوە ناکۆکییەکانی لەم مەیدانەدا سەبارەت بە چۆنیەتی و دینامیزمی جێبەجێکرنەکەیە نەک جەوهەری بەرنامەو گوتارەکە.
حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی فەرمی بۆ هەر یەکێک لەو گوتارانە بەرنامەی سەربەخۆیان نییە کە بتوانێت ڕایەکی گشتیی جەماوەری لەبەرامبەر پڕاکتیکی دەسەڵات بۆ ئەو گوتارانە سازبدات و یەکبینە کاری لەسەر بکات، بۆیە لەجێوڕێی ئۆپۆزیسیۆنەوە بەشێکی گەورەی ناکۆکییەکان لەگەڵ دەسەڵاتدا بە هەڵواسراوەیی دەمێنێتەوە، چونکە هەلی پراکتیک بۆ ئۆپۆزیسیۆن ناڕەخسێت تائەو کاتەی نەبنە دەسەڵات و جڵەوی حوکم بەدەستەوە نەگرن.
ئایا ئۆپۆزیسیۆن مەودای ئازادی سیاسی چۆن دەبینێت ؟ چ هەلومەرجێکی پراکتیکی ئازادی بۆ خەڵکی کوردستان بە شیاو دەزانێت ؟ تاچ ڕادەیەک بڕیارو بەشداریی جەماوەر لە فەرمانڕەوایەتیدا بەڕەوا دەزانێت ؟ چۆن ئەمە لەگەڵ سیستمی پەڕلەمانیدا دێتەوە، کە سیستمێکە هەر چوار ساڵ یەک جار ماف بە هاووڵاتی دەدات دەنگێک بدات ؟ ئایا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە توانایاندایە شێوازی کارگێڕیی ئێستا بەشێوەیەکی ئەرێیانە بگۆڕن و، ئەو گەندەڵییانەی هەیە بنبڕ بکەن ؟ میکانیزمی کارکردنیان بۆ جیاکردنەوەی حزب لە دەوڵەت چییە و ئایا دەتوانن لەم کایەیەدا دەستبەرداری ئەجندەی حزبییانەی خۆیان ببن ؟
ئۆپۆزیسیۆن هەروەکو دەسەڵات بیردەکاتەوە لە ئاستی سەربازی و ئاسایش و هەواڵگیرییدا، وەک زەرورەتێک بۆ بەڕێوەبردنی حوکم و ئەوەی پێی دەڵێن ئاسایشی نەتەوەیی . بەرنامەیەک کە ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەم هیزو دەزگایانە هەیەتی بەهێزکردن و چەکدارکردنی زیاترو پاراستنێتی وەک دەزگایەکی سەرکوتی سەرووخەڵکی نەک هەڵوەشاندنەوەو پەیڕەوکردنی جۆرێکیتری ڕێکخستنی هێزە چەکدارەکان.
ئەم لێکچوون و نەبوونەی هێڵیێکی جیاوازی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی فەڕمی بوارەکانی پەروەردەو ڕۆشنبیریی و تەندروستییش دەگرێتەوە، ڕەخنەو گلەیی و ئیعتیرازەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دەوری کەم و کووڕییەکان دەخولێنەوە نەک فەلسەفەی پەروەردەوفێرکردن و ئاڕاستەیەکی مۆدێرنی ڕۆشنبیریی و سیستمێکی تەندروستیی فراوان و هەمەلایەنە لەخزمەتی جەماهیری خەڵکی کوردستاندا.
5) میتۆدی کارو هەڵوێست
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی چۆنایەتی ئاڕاستەی گوتارەکان و بانگاشەکردنیان لەلایەن دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، میتۆدی کارکردن و وەرگرتنی هەڵوێستە کە بەم ڕادە یان ئەو ڕادە نزیکییەک لەنێوانیاندا هەیە. لەم ڕووەوە تەنها ئاماژە بە چەند بوارێک دەکەم :
أ - کارو هەڵوێستی حزبی
لەدوای ڕاپەڕینەوە هەلی کاری سیاسیی حزبی، دوای ساڵانێکی زۆر لەکفراندنی، بۆ خەڵکی ڕەخسا. جگە لە حزبەکانی بەر لە ڕاپەڕین، بەدەیان حزب و ڕێکخراوی سیاسی سەریانهەڵداو سوودیان لە بارودۆخی سەردەمی دوای ڕاپەڕین بۆ کاری حزبی وەرگرت، بەڵام بەهۆی پراکتیکی نادروستی ئەم کارە حزبییەوە، بەتایبەتی حزبە گەورەکان، ئاڕاستەیەکی لیبراڵی هەڵە سەریدەرهێناو بەشێوازێکی کاریگەرتر لەساڵانی پێش ڕاپەڕین کفراندنی کاری حزبی هاتە ئاراوە. ئەوەی ئەم ئاڕاستەیەی جێگیرکرد ململانێی حزبیی نێوان پارتی و یەکێتی و حزبەکانی سەر بەم دوو حزبە گەورەیە بوون. حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستاش، چ وەک بەشێک یان هاوپەیمانی حزبە گەورەکان، ڕۆڵیان لەم ئاڕاستە هەڵەیەدا هەبوو، ئەمێستا لەسەر یەک ڕیتم کاری حزبایەتی دەکرێت و سکتاریزمی حزبی باڵی بەسەر هەموویاندا کێشاوە و هەریەکە لە پێگەی بەرژەوەندیی حزبەکەی خۆیەوە پراکتیکی کاری سیاسی دەکات. ئەو کێبەرکێیەی کارو هەڵوێستی حزبییانە هێناویەتە کایەوە، لە سەرەتای ئەزموونەکەدا شەڕی ناوخۆیی لێکەوتەوەو ئەمڕۆش توندترین ململانێی لێڕسکاوەو زەمینەی هەڵگیرسانی شەڕێکیتری ناوخۆی لە هەر کات و ساتێکدا خۆشکردووە. لەڕووی ڕێکخستنیشەوە، بەگشتی نەک وەکویەک، بێسەروبەری و پەرتوبڵاوی و پێشێلکردنی پرەنسیپە حزبییەکان بۆتە سیمای ئاشکرای کاری حزبی، تارادەی ئەوەی هەندێک لەو حزبانە مەرجی حزبیان تێدا نەماوەو زێتر وەک دەزگایەکی تایبەتی هەڵبژاردن دێنەبەرچاو، مەرجەکانی ڕێکخستنی حزبی کە بریتین لە (یەکگرتوویی فیکری و یەکگرتوویی کارکردن و یەکگرتوویی ئیرادە)، تەنها لە یەک دوو ڕێکخستنی ئیسلامیدا نەبێت، لەوانیتردا نەماوە. هەر ئەمەشە دیسپلینی نەهێشتووەو کاریگەرێتییەکی نەرێیانەی لەسەر بارودۆخەکە داناوە.
ب - کاری جەماوەری
میتۆدی حزبیانەی کارکردن، میتۆدێکی تایبەتی بۆ پەیوەندی حزبەکان و جەماوەر هێناوەتەکایەوە، لەلایەک بە خۆناساندن وەک نوێنەری جەماوەر، لەلایەکیدیکە پشتگوێخستنی جەماوەرو بەکارهێنانی وەک کارتێکی هەڵبژاردن. ئەگەرچی هەموو حزبەکان بە حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە لافی خزمەتکردنی جەماوەرو پشتبەستن بەجەماوەر لێدەدەن، بەڵام کۆکن لەسەر ئەوەی خەڵکی کوردستان تەنها بەشدارییەکی ڕووکەشیان لە بڕیاردانی سیاسیدا هەبێت. ئەو خەڵکەی ئەوان بە ناویانەوە دەدوێن و خۆیان بە نوێنەریان دەزانن، تەنها دەتوانن هەر بەچەند ساڵ جارێک دەنگێک بدەن ؛ نە دەتوانن نوێنەرەکانیان بەر لە تەواوبوونی ماوەی نوێنەرایەتییان لابدەن، نە دەتوانن دەنگیان هەبێت لە دانان و لابردنی پۆستە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتداو، نەدەتوانن کارمەندێکی دەوڵەت بۆ بەردەمی دادگاکان ڕابکێشن و، نە بۆ پەسەندکردنی یاساو بڕیارە چارەنووسسازەکان پرسیان پێدەکرێت، جگە لەمەش چ هەردوو حزبی دەسەڵات و چ ئۆپۆزیسیۆن زامنکردنی دەنگی جەماوەر بۆ بەرنامەکانی هەڵبژاردن لە دەستبەسەرداگرتنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا دەبینن، بۆیە هەریەکەیان لەلای خۆیەوە ڕێکخراوی تایبەتی بۆ چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵ پێکدەهێنێت، لەبەر ئەوە چەندین ڕێکخراوی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و ژنان و... هتد هەن کە تەنها شوناسە حزبییەکە لەیەکترییان جیادەکاتەوە نەک ئاوات و ئامانج و خواستەکانی ژیانی ئەو کەرتە کۆمەڵایەتییانەی نوێنەرایەتی دەکەن.
ج - پەیوەندی و دیپلۆماسیی شاراوە
تێکڕای لایەنە سیاسییەکانی نێو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیش، بەشێوەیەک لەشێوەکان پەیوەندییان بە وڵاتە دراوسێکانی کوردستان و وڵاتانیدیکەی جیهانەوە، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپاو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەیە. جۆری پەیوەندییەکان شاراوەیی بەسەریاندا زاڵە، واتە شەفافییەت لە پەیوەندییەکاندا نییە، زێتر لە ژوورە داخراوەکاندا بەڕێوەدەچێت، نە جۆرنالیزمی کوردی و نە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زانیارییەکی ڕاستیان دەربارەی ئەم پەیوەندییانە نییە.
ئەم پەیوەندییانە خۆشخەیاڵییان لێکەوتۆتەوەو، دۆستی وەهمیی سەروبەرژەوەندیی دەوڵەتیانەیان، بەردەمی جەماوەری خەڵکی کوردستان خستووە، خەڵکی کوردستانیان لە چاوەڕوانیی ئەو دۆستە فریادڕەسانەدا ڕاگرتووە. ئەم پەیوەندییە شاراوەیەش، زۆرجار لەنێوان حزبەکاندا هەیەو خەڵکیی لێی ئاگادار نییە، دەگمەن تەواوی گفتوگۆی نێو ئەم حزبانە پەخشدەکرێت یان دەگاتە نێو خەڵک.
لە ساڵی 2009 وە ئۆپۆزیسیۆنێکی فەرمی بوونی خۆی سەلماندووە، لایەنەکانی نوێنەریان لە پەڕلەمانی کوردستاندا هەیە، بەشدارییەکی زیندوو و کاریگەریان لە ژیانی سیاسییدا هەیە، بەڵام ململانێ وگرژبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدا بەسەر زاری خەڵکییەوەیە، توندبوونی پەیوەندییەکانیان و خاوبوونەوەیان دیاردەیەکی بەرچاوە، کەچی سەرەڕای ئەوە هێشتا شەفافییەت لە ئارادا نییە، چ کۆبوونەوەکان و چ دانوستانەکان و چ پەیوەندییەکانی کاتی تۆران و دابڕانەکان بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون نییە و نازانرێت بارودۆخەکە بەچی دەگات و چارەنووسی ئەم بەشەی کوردستان بەچی دەشکێتەوە. ئەم هەڵوێستە لەیەکچووەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، کە لە ناوەرۆکدا پەیوەندی بەشێوازی دیپلۆماسیی کاری سیاسییەوە هەیە، سێ دەرهاویشتەی نەرێیانەی بە وجودهێناوە :
- پابەندبوون یان سەلماندنی ئەجندەو ستراتیژی دەوڵەتە بیانییەکان، هەڵبەت هی هەریەکەیان بە جۆرێک و، بەوهۆیەشەوە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی لەدەستدراوە.
- یەکلایینەکردنەوەی هەڵوێست بەرامبەر حکومەتی ناوەند سەبارەت بە پێشێلکردن و ئەجندەی دوژمنکارانەی بەرامبەر گەلی کورد، هەروەها پەنابردنە بەر گەمەی سیاسی لەگەڵ هێزە سونییەکان و هێزە شیعییەکان و گۆڕین و جێگۆرکێکردنی هەڵوێست لێیان و نەبوونی سیاسەتێکی جێگیر یان ستراتیژێکی ڕوون لە ململانێی نێوان دەسەلاتی ناوەندو دەسەڵاتی سیاسیی کوردستاندا، هەڵبەت ئەم باری سەرنجە ئۆپۆزیسیۆنیش دەگرێتەوە بەو سیفەتەی بەشدارییان لە پەڕلەمانی عێراقیدا هەیە.
- بنبڕنەکردنی ناکۆکییەکان و پەردەپۆشکردن و هێشتنەوەیان و سپاردنیان بە داهاتوویەکی نادیار لەڕێی پەیڕەویکردنی سیاسەتی گونجاندن (توافق) و بەردەوامبوونی هاوپەیمانێتی ستڕاتیژیی هەردوو حزبی دەسەڵات. چ دەسەڵات بەهاوپەیمانێتی هەردوو حزب (پارتی و یەکێتی) و، چ ئۆپۆزیسیۆن بە ڕێککەوتنی هەرسێ لایەنەکە (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو) لە بازنەی سیاسەتی گونجاندندا هاوکاری یەکتر دەکەن و بوارێکیان بۆ پراکتیکی دیموکراسییانەی فەرمانڕەوایی نەهێشتۆتەوە کە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنێک پێکبهێنن تەواوکەری یەکتریبن وەک هەر دەوڵەتێکی دیموکراتیی بۆرژوازیی ئەم جیهانە.
د - کاری ڕاگەیاندن
کاری ڕاگەیاندنی هەموو لایەنەکانی ململانێ لە کوردستاندا کاریگەرییەکی لەڕادەبەدەری هەیە بەسەر بارودۆخە ئاڵۆزکاوەکەی کوردستانەوە. ڕاگەیاندن ئەو چەکەیە هەتا ئەمڕۆ جگە لەخۆشکردنی ئاگرێک کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ماف و داوا ڕەواکانیانی تێدا دەسووتێ هیچیتری ئەنجامنەداوە. لەم کارکردنە نەرێیانەیەی ڕاگەیاندنی حزبەکاندا، دیسان، سێ دەرهاویشتە دەبینرێت :
- راگەیاندن خراوەتە خزمەتی یەک ئامانج و مەبەستەوە ئەویش هەڵبژارنەکانی پەڕلەمانی کوردستان و پەڕلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانە. کۆی بەرنامەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەدەوری ئەم تەوەرەیەدا دەسووڕێتەوە. ئەم ئاڕاستەیە لە ڕاگەیاندنی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا زۆر بە زەقی دیارەو، لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا کۆمەڵی کەرت کەرت کردووەو ناکۆکیی سیاسی – کۆمەلایەتی بۆ نێو هەموو شانەو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بردووە.
- لەسایەی ئەم ڕاگەیاندنەدا سڕینەوەی یەکتری بۆتە بەرنامەی کارو، پرەنسیپێکی دیموکراسی وەک ڕێزگرتنی ڕاو ڕای جیاواز پێشێلکراوە، لەکاتێکدا بیروبۆچوونە جیاوازەکان لەسەر شێوازە ناسەرەکییەکانی کاری سیاسی و ئیداری و ئابوورییە، نەک ئەو مەسەلە سەرەکییانەی پەیوەندی بە پرسە نەتەوایەتییەکەی کوردەوە هەیە.
- هەردوو هەڵوێستەکە (خزمەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن و سڕینەوەی یەکتری) شێوازی هاندان (تحریض) ی کردۆتە شێوازێکی سەرەکیی کاری ڕاگەیاندنی حزبە بەشدارەکان لە ململانێکەدا، تەنانەت هەندێ جار دەگاتە ئاستی موهاتەرات و جنێودانی سیاسی و شکاندن و ناوزڕاندنی یەکتری. لەلایەکیدیکەشەوە هەر لایەنە دۆی خۆی بە ترش نازانێ، ئەمیان ڕۆژانە دەسکەوتەکانی دەژمێرێت و بەچاوی خەڵکیدا دەداتەوەو ئەویشیان هەمووی ڕەتدەکاتەوەو، یەکبینە تایتڵی هیچمان بۆنەکراوە لەبوارە جیاجیاکانی ڕاگەیاندنەکانیدا پەخشدەکات.
لەڕاستیدا تێکڕای بارودۆخە سیاسییەکەی باشووری کوردستان و ململانێیەک کەلە ئارادایە، چەندین سەرنج و خوێندنەوەی لێڕسکاوە، چەندین پرسیاری دروستکردووە. بەشێکی ئەو سەرنج و خوێندنەوەو پرسیارانە دەربارەی بەرنامە دیموکراتییە پەڕلەمانییەکەی هەموو لایەکیانە. بۆچی پرەنسیپەکانی ئەو سیستمە وەکوخۆی جێبەجێناکەن ؟ بۆچی لەم بوارەدا چاو لە نموونەی یەکێک لەو وڵاتە ڕۆژئاواییانە ناکەن کە پێیەوە موعجیبن ؟
بەشێکیتری سەرنج و خوێندنەوەکان دەربارەی نزیکیی فیکری و بەرنامەیی و جەماوەریی لایەنەکانە، کە لەڕووی بونیادییەوە سەر بەیەک بنەماڵەن و، ئەگەر تایبەتمەندێتی ئیسلامییەکانیش ڕەچاوبکەین لە دوو بنەماڵە یان خێزان تێناپەڕن یان دەتوانین بڵێی دوو بەرەن : بەرەی کوردایەتی و بەرەی ئیسلامی. ئایا ئەم نزیکییە بەس نیە بۆ یەکخستنی گوتاری حوکمڕانییان بۆ کوردستان ؟ یان لانیکەم پێکەوەهەڵکردنیان تا نەبنە هۆکاری نەهامەتییەک کە دەشێت لەسایەی ئەم سیاسەتەی ئێستایاندا گەلی کورد تووشی ببێت ؟ دیارە لە جیهانی ئەمڕۆدا پیادەکردنی ئەو لانیکەمە لە توانادایە، ئەگەر چی خەڵکێک هەن لەوەزێتر دەڕۆن و هەستە نەتەوەییەکەیان خۆشخەیاڵیان دەکات و خەون بە ئایندەیەکەوە دەبینن کە ئەم حزبانە لە قەوارەیەکی سیاسی و ڕێکخراوەییدا یەکبگرن !!
16 – 3 – 2012
مرۆڤبوون و کوردبوون
لەسەر تۆڕی ئینتەرنێتیی فەیسبوک و، لە پەراویزی نووسینێکی چەند دێڕیدا دەربارەی (مرۆڤبوون و کوردبوون)، چەند ڕایەکی جیاواز هاتەپێشەوە، سەبارەت بەوەی : دەبیت پەیوەندی نێوانیان چۆن بێت و کامیان لە پێشەوە بن ؟
من وەک جمک ئەو دوولایەنە دەبینم و، هەڵوێستی ڕاست بەوە دەزانم خاوەنی هەردووکی بین، بەڵام ئەگەر مرۆڤبوونمان لە پێشەوە دانەنا، بمانەوێت و نەمانەوێت بەلای نەتەوە پەرستی و، لێرەدا (کوردبوون) دایدەشکینین و دەکەوینە بەرەی شۆڤێنیستییەوە. ئێمەی دانیشتوانی ئەم گۆی زەمینە، بە جیاوازی زمانەکانمانەوە، مرۆڤین. مرۆڤبوون خاڵی یەکانگیربوونمانە لە سەرانسەری دنیادا، هەموو بیروباوەڕە جیهانییەکانیش (ئاسمانی و وەزعی) بە واتای جیاجیا، جەخت لەسەر ئەم لایەنە گشتگیرەی مرۆڤ واتە مرۆڤبوون دەکەنەوە، بۆیە دەبێت لەو پێگەیەوە بەرگری لە پرسە گشتییە جیهانییەکان بکەین کە لە خزمەتی مرۆڤدان و، بەهەمان پێودانگ بەرگری لە ناسنامەی نەتەوایەتیمان بکەین. هەڵبەت نەبوونی کیانی سەربەخۆی خۆمان و چەوساندنەوە تا ڕادەی جینۆساید، دژی مرۆڤبوونە، بۆیە ئەرکێکی مرۆڤانەیە کە دەست بە کوردبوونیشمانەوە بگرین، لەبەرئەوە ناکۆکی لەنێوان مرۆڤبوون و کوردبووندا نابینم و، ئەوە فیکری ناسیۆنالیستییە کوردبوونی خۆی دەخاتە سەروو مرۆڤبوونیەوە، هەروەک چۆن فیکری کۆسمۆپۆلیتی ئینتیما بۆ نەتەوە ڕەتدەکاتەوەو بەناوی جیهانیبوونەوە مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلانی ستەمدیدە پێشێلدەکات. کەواتە کوردبوون و مرۆڤبوون هاوکێشەیەکە ناتوانرێت هیچ لایەکیان بسڕدرێتەوەو زێتر لە هاوکێشەی (نان و ئازادی) دەچێت کە دوو چەمکی یەکگرتوون و لەنێوانیاندا (نان) چەمکی سەرەکییە.
هۆکارێکی دوژمنایەتیکردنی کورد
ئەو دەولەتانەی بەشێک لە کوردستانیان پێوەلکێندراوە، بە ئاشکرا دوژمنایەتی کورد دەکەن و، هەر لە زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤی کوردەوە تا دەگات بە جینۆساید نەپرینگاونەتەوە. ئەوانە چاویان لەسەر شوێنی ستراتیژیی کوردستان و ئەو سامانە زۆروزەبەندانە یە کە لە کوردستاندا هەن. کوردستان سەرچاوەیەکە بۆ هێزی کاری هەرزان بۆ بۆرژوازییەتی گەلانی سەردەست لەو وڵاتانەدا کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بۆ نموونە تورکیا کە ئەمڕۆ زێتر لەوانیدیکە لە باشووری کوردستاندا وجودی هەیە. هەروەها بازارێکی بەرینیشە بۆ سەرمایەگوزاری و چنینەوەی قازانج بۆ خۆیان و کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان لەسەر حسابی چەوساندنەوەی کوردو چینە نەدارەکانی خۆشیان. بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی ئەم ڕاستییە فەرامۆش دەکات و بازاڕی کوردستانی بۆ تورکیا خستۆتەسەرپشت و ئێمە لەم بەشەی کوردستاندا نیمچە کۆلۆنییەکی کۆمپانیاکانی تورکیاین و، بەو هۆیەشەوە دەتوانن ئەجندەی سیاسی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن و تەنانەت هەڵوێستی دژ بە پەکەکەمان پێوەربگرن (دیارە مەبەستم حکومەتی هەرێمی کوردستانە)، واتە دەست بخەنە کاروباری نێوخۆی کوردستان، کە دوژمنایەتی نێوان هێزە سەرەکییەکانی کوردستان و شەڕی ناوخۆش لە کاریگەرێتی ئەو سیاسەتە بەدەرنەبوو.
2012
حکومەت لەسەفەرە
هەواڵ : حکومەت سەفەریکردووه !
ماڵپەڕی(نوچە نێت) ڕۆژی 10 ی تشرینی دووەمی 2011 وتارێکی دەربارەی سەفەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوه. بەسەرهاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە پەیوەندی بە لێدوانی سەرچاوەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە بۆ ڕاپۆرتێکی گۆڤاری (سڤیل) و ماڵپەڕی (نوچەنێت) سەبارەت بە پرسێکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەڕلەمانی سوید. ئەم ماڵپەڕە دەیەوێت لێدوانێکی فەرمی لە وتەبێژێکی حکومەتەوە وەربگرێت دوای ئەوەی سەرچاوەکە داوایلێکردووە ناوی ئاشکرا نەکات، بۆیە بۆ ماوەی دوو سێ ڕۆژ پەیوەندی دەکات بەڵام کەس ناچێتە ژێرباری پێدانی زانیاری لەم بارەیەوە. بۆ ئەم پرسە پەیوەندی بە هەریەک لە : بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، وتەبێژی فەرمیی حکومەت و، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەت دەکات، بەڵام هەموویان دەڵێن لە سەفەرداین و ئەوەتاین لە دەرەوەی وڵات و ناتوانین تا نەیەینەوە هیچ بڵێین، بەمانا (حکومەت لەسەفەردایە) و تا نەگەڕێتەوە چاوەڕوانی لێدوانی فەڕمی مەبن.
وەڵامی وتەبێژەکان چی دەگەیەنێت ؟
لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە کارێکی باشە حکومەت وتەبێژیی ڕەسمی هەبێت بۆ ئەوەی لێدوان لەچەند سەرچاوەی جیاوازەوە دەرنەچێت و ئه و بڕیارانەی ئاشکرا دەکرێن شێوەی فەرمی وەربگرن و کەس بە ویست و ئارەزووی خۆی لێکینەداتەوە، بەڵام نەبوونی کەسێکی بەرپرس یان دەزگایەک یان دامەزراوەیەکی ڕاگەیاندن کە بتوانێت لەکاتی سەفەری وتەبێژەکانی حکومەتدا وەڵامبداتەوه، کۆمەڵێک نیشانەی کەموکووڕی لەخۆیدا هەڵدەگرێت، لەوانە :
1) بوونی ناوەندێتییەکی بێئەندازە لە نێو حکومەتدا کە بەرپرسیارێتیی تاکەکەسیی تێیدا زاڵەو، شێوازی کاری دامەزراوەیی تێدا بزرە. ئەم شێوە ناوەندێتییە کاریگەریتی لەسەر کەسایەتییە ئیدارییەکان بە جۆرێک داناوە کە هەر یەکەیان لە ترسی ئەوەی ژوور خۆی نەتوانێت لە پرسەکان بدوێت، یان تەنانەت نەوێرێت لێدوانێک بۆ ڕۆژنامەکان بدات، بەڵکو هەر یەکە بەرپرسیارێتییەکە لەکۆڵ خۆی بکاتەوه و بیدا بە شانی ئەویدیکەدا.
2) بوونی سانسۆر لەسەر زانیاری نیشانەیەکیدیکەی ئەم حاڵەتەیە. ئەگەرچی بەرپرسەکان هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پرەنسیپە دیموکراتییەکان لە هەرێمی کوردستاندا بەرقەرارە، بەڵام لە ئاستی پرەنسیپێکی دیموکراتییانەی وەک مافی ڕۆژنامه و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لەمپەرێک دروستدەکەن و بە سانایی بەدەستییەوە نادەن.
3) لەڕووی ئیدارییەوە نیشانەی نەشارەزایی کاری کارگێریی یان بوونی کەموکورتییە لە ڕێکخستنی ئیداریی کاروبارەکانی حکومەتدا. شارەزایانی کاری ئیداریی هەمیشە جەخت لەسەر هەنگاوی سۆراخکردن (متابعة) دەکەن. ئەم کارە کەسێک بەرپرسی دەبێت کە ئاگای لەسەرجەمی هەنگاوەکانی کاری ئیداری هەبێت و نزیک بێت لە دەزگای بەرنامەڕێژیی و جێبەجێکردنەوە ؛ دیارە دەبێت وتەبێژ ئه و کەسەبێت کە ئەرکی ئەم سۆراخکردنەی لەسەرشان بێت تا هەر کاتێک داوای لێکرا بتوانێت دواهەواڵ و ئەنجامەکان وەکو خۆی بگەیەنێت.
4) بوونی ئەم چەشنە حاڵەتانە دوو کەموکورتیدیکە دەگەیەنیت :
أ - نەبوونی پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی کار لە دەزگا ئیدارییەکەدا. پەیوەندی ئیداریی لە دووشێوەدا دەردەکەوێت : پەیوەندییەک لە نێوان ئاستی سەرەوە خوارەوەی دەزگاو کارە ئیدارییەکەدا و، پەیوەندیەکی هاوتا یان هاوتەریب لە نێوان دەزگا یان کارو کەسەکاندا. هونەری سەرکەوتنی کاری ئیداریی لە چۆنایەتی ڕێکخستنی ئەم دووجۆرە پەیوەندییەدایە. ئەگەر ئەم دوو پەیوەندییە بەباشی ڕێکخران ئەوا لەکاتی نەبوونی بەرپرسێک یان دەسەڵاتێکی سەرەوە یان هەر کەسێک لەهەر جێیەکی ئیداریدا کاربکات نابێتە هۆی پەککەوتنی کارەکان. ئەمە ئه و حاڵەتەیە که لە دەزگاکانی حکومەتی هەرێمدا بەباشی ڕێکنەخراوه، بۆیە گرفتی وەهای لێدەکەوێتەوە و سەفەرکردنی چەند لێپرسراوێک یان کارمەندێک ببێتە هۆی پەککەوتنی کارێک یان پرسێک یان ڕاگەیاندنێکی پێویست.
ب - نەبوونی پرەنسیپی سەرپشککردن (تفویض) لە کاری ئیداریدا. ئەم خاڵە نەک هەر کەموکورتییە بەڵکو لە حاڵەت دەرچووه و بووەتە دیاردە. لە هەموو ئاستە ئیدارییەکاندا میزاج و فەرمانی تاکەکەسی باڵی بەسەر کارەکاندا کێشاوە. هەر بەرپرسە بەپێی تێگەیشتن و ویستی خۆی فەرمان دەداو جۆرێکی تایبەتیی لە جێبەجێکردندا دەوێت. کارەکان لە هەموو فەرمانگەکاندا لەدەستی بەرپرسی یەکەمدا کۆبوونەتەوە. بەم پێیە دەبینین جگە لە سەرۆک یان بەڕێوەبەری فەرمانگەکە هیچ کەسێکیتر لە فەرمانگەکەدا دەسەڵاتی نییە.
چەند پێشنیازێک بۆ چارەسەرکردن...
دەبێت چارەسەرکردن لەبەر تیشکی هۆکارو واقیعی کەموکووڕییەکاندا دابنرێت، ئەوەش پێویستی بەم هەنگاوە ئیدارییە سەرەتاییانە هەیە :
1) بەدامەزراوەییکردنی هەموو دام و دەزگاکانی حکومەت. مەبەست لە دامەزراوەییکردن دانانی یاسا و نیزام و ڕێساو ڕاسپاردەکانە بۆ هەر وەزارەتێک، دامەزراوەیەک، فەرمانگەیەک، بەشیوەیەک کاروبارەکان بڕوات بەبێ ئەوەی نەهاتنی هەر بەرپرسێک یان کارمەندێک ببێتە هۆی دواخستنی کارەکان.
2) ڕاهێنانی کارمەندانی حکومەت لەهەر فەرمانگەیەکدا لەسەر چەند کاری جیاجیای ئه و فەرمانگەیە لەڕێی کۆرسی تایبەتییەوە بۆ ئەوەی لەکاتی مۆڵەتی ئاسایی یان مۆڵەتی نەخۆشی یان سەفەرکردن یان نەهاتنی هەر بەرپرسێک یان کارمەندێک، بەهەر هۆیەکیترەوە بێت، کارمەندێکیتر جێی بگرێتەوه و هیچ کارێک ڕانەوەستێت.
3) ڕوونیی کارەکان و نەشاردنەوەی لەلایەن دەزگا باڵاکانەوە، کە سەرچاوەی بڕیارن، زەمینەی ئەوە خۆشدەکات هەر وتەبێژێک بێترسی لێپرسینەوه و سزادان زانیاری بدات به و لایەنانەی یاسا ڕێیپێداون دەستیان بە زانیارییەکان بگات لەوانەش دەسەڵاتی چوارەم . بۆ جێبەجێکردنی ئەمکارەش دەبێت کەسانێک له و ناوەندانە دابنرێت کە کارامه و لێوەشاوه و خاوەن شەخسییەتێکی ئیداریی بەرچاوبن کە شایانی هەڵگرتنی لێپرسراوێتی بن و بتوانن لە شوێن و ساتە جیاجیاکاندا دەستپێشخەری بکەن و چاوەڕێی پسوڵه و مۆری ڕەزامەندی سەروو خۆیان نەبن.
4) بۆ بە دامەزراوەییکردنی دەزگاکانی حکومەت و دانانی کەسی شیاو لەشوێنی شیاو، دەبێت دامەزراندن لە خوارەوە بۆ سەرەوە لەسەر بنچینەی (پێناسەی کارەکان) بێت. ئەم بنەما ئیدارییە دامەزراندن بە شیاویی زانستی و پیشەیی و کارامەییەوە گرێدەدات، بۆیە به پەیڕەویکردنی، دامودەزگاکان له و ئاستەنگەی ئەمڕۆ دەردەچن و، هەر کەسێک کە دادەمەزرێت شوینی شیاوی خۆی دەگرێت و. دەبێتە هۆی پێشکەوتنی خودی ئه و کارمەنده و مەردودێکی ئەرێیانەشی لە بواری کارە دیاریکراوەکەدا دەبێت.
5) پەیڕەوکردنی سیستمی (مەرکەزییەت لە بەرنامەڕێژی و لامەرکەزییەت لە جێبەجێکردندا) وەک پرەنسیپێکی ئیداریی پێشکەوتوو. کاتێک ئەم ئازادییە بۆ بنکەکانی کاری ئیداریی دابین دەکرێت، گیانی کارکردنی ئازادو سەربەخۆ و گیانی دەستپێشخەری برەوپێدەدات و دەبێتە مایەی داهێنان. ئەمە پرەنسیپێکە دەزگاکانی حکومەت ئەکتیڤ دەکات و له و بارودۆخە ڕاوەستاوو وشکهەڵاتووەی ئێستای دەردەهێنێت.
6) دابەشکردنی کار لە هەر فەرمانگەیەکدا و سەرپشککردنی دەزگاکانی خوارەوە لەلایەن دەزگاکانی سەرەوە بۆ ڕاپەڕاندن و جێبەجێکردنی کاروبارەکان قورسایی کاری چڕی سەر بەرپرسی یەکەم یان چەند کەسێکی هەر فەرمانگەیەک ناهێڵێت و هاوتاییەک لە کارکردندا دێنێتە کایەوە. ئەم دابەشکردنە سەرپشککردن (تفویض) دەکاتە بنەماو پرەنسیپ، واتە هەر بەرپرسێک لە شوێنی خۆیەوە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی خۆی بە بەرپرسێکی خوارتر دەدات، ئەویش بەهەمان شێوە بەشێک له و دەسەلاتانە بە ئەوانەی خوار خۆی دەدات. بەم پێیە کارەکان دابەش دەبن و یەکێتییەک لە نێوان کاری فەردی و کاری هەرەوەزیی لەسەر ئاستی ئیداریی سەرجەم فەرمانگە حکومەتییەکاندا دروست دەبێت و له و پاشاگەردانییەی ئێستا ڕزگار دەبین.
لەکۆتاییدا پێویستە هەموو ئه و چەمکە ئیدارییانەی باسکران بە هەڵوێستی سیاسی دەزگا باڵاکانی حکومەتەوە ببەستینەوە، واتە بە سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و پەڕلەمان وەک سێ سەرچاوەی فەرمانڕەوایی کە هەر یەکەیان لە شوێنی خۆیەوه و دەتوانێت زەمینە بۆ ئیدارەیەکی بە دامەزراوەییکراوی ڕێکخراو لەسەر بنچینەی پرەنسیپە ئیدارییە مۆدێرنەکان خۆشبکات و ڕێوشوێنی جیبەجێکردن و سۆراخکردن (متابعة) یشیان بۆ دابنێت.
لە ماڵپەڕی(نوچە نێت) دا ڕۆژی 14 ی تشرینی دووەمی 2011 بڵاوکراوەتەوە
ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و چەند سەرنجێک
ڕۆژی هەینی 7 ی ئابی 2009، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند. لەم هەڵبژاردنەدا کە ڕۆژی 25 ی تەموزی 2009 بەڕێوەچوو، زێتر لە دوو ملیۆن و نیو هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو.ژمارەیەکی زۆر قەوارەی سیاسی بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد.
لەم هەڵبژاردنەدا خەڵکی کوردستان دەنگیان بۆ کاندیدەکانی سەرۆکایەتی هەرێمیش دا کە 5 کاندید بۆ ئەم پۆستە ڕکابەرایەتی یەکترییان دەکرد.
ژمارەی ئه و کورسییانەی پەڕلەمان کە ئەم کێبەرکێ گەرمەی لەسەرکرا (100) کورسی بۆ کوردو (5) کورسی بۆ کلدان و ئاشورییەکان و (5) کورسی بۆ تورکمانەکان و (1) کورسی بۆ ئەرمەنەکان بوو.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامە کۆتاییەکانی بەم شێوەیە ڕاگەیاند :
1) ژمارەی ئه و کەسانەی دەنگیانداوە 1859522 یەک ملیۆن و هەشت سەدو پەنجاو نۆ هەزارو پێنج سەدو بیست و دوو کەس بوون.
2) لیستی کوردستانی 1076370 ملیۆنێک و حەفتاو شەش هەزارو سێ سەدو حەفتا دەنگیان هێناوه و بەم پێیە 59 کورسییان لە پەڕلەماندا دەبێت.
3) مەسعود بارزانی بەڕێژەی 69.75 کە دەکاتە 1266397 یەک ملیۆن و دوو سەدو شەست و شەش هەزارو سێ سەدو نەوەدو حەوت دەنگ، پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی بردەوە.
4) ئەنجامەکانی دیکەی هەڵبژاردن بەنیسبەت لیستەکانەوە بەم جۆرە ڕاگەیەندرا :
- لیستی گۆڕان 25 کورسی.
- لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازی 13 کورسی.
- لیستی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان 2 کورسی.
- لیستی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی 1 کورسی.
5) ڕێژه و ژمارەی دەنگی کاندیدەکانی دیکەی سەرۆکایەتی بەم شێوەیە ڕاگەیەندرا :
کەمال میراودەلی 460323 دەنگ و بەڕێژەی 25.32
هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد 63377 دەنگ و بەڕێژەی 3.49
سەفین شێخ محەمەد 18000 دەنگ و بەڕێژەی 1.04
حسین گەرمیانی 10000 دەنگ و بەڕێژەی 0.95
6) ڕێژەی دەنگدان لە سەرانسەری کوردستاندا و بەپێێ پارێزگاکان بەم جۆرە بوو :
دهۆک 85
هەولێر 79
سلێمانی 74.5
کوردستان بە گشتی 78.5
7) ئه و سکاڵایانەی لە پڕۆسەی ئەم هەڵبژاردنەدا لەلای کۆمیسیۆنی باڵا تۆمار کران، بەپێی جۆری سکاڵاکان بەم شێوەیە بوون :
أ - 371 سکاڵا لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەکردندا. کۆمیسیۆن 273 سکاڵای ڕەتکردۆتەوه و 98 ی غەرامەکردووە.
ب - 40 سکاڵا لە دەنگدانی تایبەتدا، کە ڕۆژی 23 ی تەموز بەڕێوەچوو.
ج - 727 سکاڵا لە دەنگدانی گشتیدا ڕۆژی 25 ی تەموز.
8) لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پێشێلکارییەکان کە سکاڵایان لەبارەوە کرابوو، کۆمیسیۆنی باڵا 40 سەندوقی ڕەتکردەوە.
9) هەروەها کۆمیسیۆن ناوی ئه و پەڕلەمانتارانەی بڵاوکردەوە کە لەم هەڵبژاردنەدا دەرچوون، کە بەسەر (10) لیستی براوەدا دابەشبوون لەگەڵ یەک پەڕلەمانتاری نوێنەری ئەرمەنییەکان.
ئەم ئەنجامانە هەندێ سەرنج و پرسیار دەوروژێنن و پێویستییان بە شیکردنەوه و وەڵامدانەوە هەیە، بەتایبەتی لەسایەی هەلومەرجێکی ئاڵۆزو ڕکابەرییەک کە بە تۆمەتی پێشێلکاری یاساو ساختەکاری و گزیکردن لە هەڵبژاردنەکاندا شکایەوە. لێرەدا زۆر بە کورتی گرنگترینی ئه و خاڵە سەرنجڕاکێشانە دەستنیشان دەکەم :
سەرنجی یەکەم :
هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵا ڕێژەی بەشداریکردنی گشتی لە هەڵبژاردندا ڕاگەیاند، کە به و پێیە ئەوانەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە 21.5 دەکات، بەڵام بە ژمارە ئه و ڕێژەیەی نەخستەڕوو کە نزیکەی نیو ملیۆن کەس دەکات. ئایا مەبەست لەمە چیبوو ؟ ڕاگەیاندنی ئەم ئامارە بە پێویست نەزانرا یان پەردەپۆشکردنی واقیعی پڕۆسەکە بوو، لەبەر هەر هۆکارێک کە پەیوەندی بە کاری کۆمیسیۆنی باڵا یان دەسەڵاتدارانی کوردستانەوه بووبێت !
سەرنجی دووەم :
وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد، ژمارەی ئه و کەسانەی لە هەڵبژاردنەکەدا دەنگیانداوە 1859522 بوو، بەڵام کۆی دەنگی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی 1818097 بووە. لێرەدا 41425 چل و یەک هەزارو چوار سەدو بیست و پێنج دەنگ دیارنییە و کۆمیسیۆنی باڵا ئاماژەی پێنەکردووە، کە دەشێت کارتی سپی بووبن یان بەخراپی پڕکرابێتنەوه و کۆمیسیۆن ڕەتیکردبنەوە !
سەرنجی سێیەم :
لیستی کوردستانی بەپێی ئه و ئامارەی کۆمیسیۆن ڕایگەیاند 1076370 دەنگیان هێناوە، بەڵام کاندیدی ئەم لیستە بۆ سەرۆکایەتی 1266397 دەنگی هێناوە، واتە کاندیدی سەرۆکایەتی 190027 سەدونەوەد هەزارو بیست و حەوت دەنگ زیاتری لە لیستەکە هێناوە، وەک ڕێژەش جیاوازی نێوان 59 ی کورسییەکان تا 69.75 ی ئه و دەنگانەی بارزانی هێناویەتی دەکاتە 10.75.
ئەم دوو ژمارەیە سەرنج ڕادەکێشن چونکە ئەوەی کە لەنێو خەڵکیدا باس دەکرێت - دیارە لەخۆڕا قسەوباس لەنێو خەڵکدا دروست نابێت - ئەوەیە کە جەماوەری لیستی (گۆڕان) بەتایبەتی و بەشێکی زۆری جەماوەری لیستی (خزمەتگوزاریی و چاکسازی) ش، دەنگیان بە بارزانی نەداوە. لە پارێزگای سلێمانی دکتۆر کەمال میراودەلی زۆربەی دەنگەکانی هێناوە، تەنانەت دەڵێن : زۆربەیەک لە ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی و هەولێرو دهۆکیش، لە کاتێکدا دەنگیان بە لیستەکەیان (لیستی کوردستانی) داوە، بەڵام دەنگیان بە کاندیدی لیستەکەیان بۆ سەرۆکایەتی (مەسعود بارزانی) نەداوە، لەبەر ئەوە لێکدانەوه و شرۆڤەکردنی ئەوەی کە کاندیدی سەرۆکایەتی لیستی کوردستانی دەنگی لە لیستەکەی زیاتر هێنابێت، جێی تێڕامان و سەرنجه و سەلماندنی ئاسان نییە !
سەرنجی چوارەم :
ئەگەر بەدەر لە یاساو ڕێساکانی هەڵبژاردن کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێڕەوی دەکات، بۆ ڕێژەی ئه و هاووڵاتیانەی لە کوردستاندا دەنگیان بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی لیستی کوردستانی داوە بڕوانین، دەبینین نزیکەی 50 یان کەمتریش دەنگیانپێداوە ؛ چونکە نزیکەی یەک ملیۆن دەنگ زێتر بە بارزانی نەدراوە بە کۆی ئه و دەنگانەی بۆ کاندیدەکانی دیکەی سەرۆکایەتی ڕۆیشتون و ئه و دەنگانەشی کە سپی بوون یان هەر بەشدارییان نەکردووه و بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کردووە، واتە نیوەی دەنگی ئه و کەسانەی هێناوە کە مافی دەنگدانیان هەبووە. پرسیارەکە لەمەدایە : ئایا ئەم حاڵەتە لەڕووی لۆژیکییەوە شەرعییەت دەخولقێنێ، یان بە دەربڕینێکی دیکە، کاندیدێک بە نیوەی دەنگەکان شەرعییەتی سەرۆکایەتی دەبێت یان نە ؟ ئایا چ ڕێژەیەک پەسەندە بۆ ئەوەی سەرۆک دڵنیابێت کە گەل موتمانەی خۆی داوەتێ ؟
سەرنجی پێنجەم :
دوای ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن و، لە ئەنجامی سەدان سکاڵا لەلایەن قەوارە سیاسییە جیاجیاکانەوە، گومان لەسەر 300 سەندوق ڕاگەیەندرا. دوای لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکان کۆمیسیۆنی باڵا 40 سەندوقی ڕەتکردەوە چونکە ساختەکاریی یان گزی یان پێشێلکاریی یاسایان تێدا کرابوو. جا ئەگەر هەڵبژاردنێک 40 سەندوقی به و شێوەیە ڕەتبکرێتەوە، ئایا لەڕووی لۆژیکییەوە نابێت ئه و سەندوقانەی دیکەش کە لە هەمان ناوچە یان پارێزگادا هەن ڕەتبکرێنەوە ؟
واقیع ئەوەیە کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەنگ بۆ چل سەندوق ڕۆیشتووە، واتە فیعلی پێشێلکاریی ڕوویداوه و دەشێت هەموو سەندوقەکانی دیکەش به و جۆرە بن بەڵام ڕێکەوت بەڵگەی تەواویان لەسەر نەبێت، یان گزییەکە زۆر وەستایانە کرابێت وکەشف نەبووبێت. ئەم حاڵەتە وەک لۆژیکی ئەقڵ به و شێوەیەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باس و لێکۆڵینەوەی فراوان هەڵدەگرێت و دەبێت بۆ هەڵبژاردنەکانی دیکه چارەسەرێکی ڕیشەیی بکرێت، ئەگەرچی ئەزموونێک کە لە جیهانی دیموکراتیدا هەیە لەم ڕووەوە دڵخۆشکەر نییە.
تێبینی :
ئامارەکانی هەڵبژاردن لەم وتارەدا، لە هەردوو سایتی ئینتەرنێتی (puk media و ئاوێنە) وەرگیراون.
ئاکامەکانی هەڵبژاردن و ئەگەری بەیەکدادان
دوای ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان، ترس و دڵەڕاوکێی بەیەکدادانی هێزە ڕکابەرەکانی هەڵبژاردنی لێکەوتۆتەوە. مەترسی شەڕی ناوخۆ لە هەڵوێست و ئاخاوتنی خەڵکیدا بەدیدەکرێت. هەڕەشەکردنی هەر لایەنێک، ئەمیان بە ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ئەویان بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان بە ناوی پاراستنی هێمنی و ئاسایشی هەرێمەوە، بارودۆخەکەی سەردەمی بانگاشەی هەڵبژاردنی بە گرژی هێشتۆتەوە، تەنانەت نوقڵانەی ئەوە لێدەدرێت کە ڕووداوەکانی ئێران دوای پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بە شێوەیەک لە شێوەکان لە کوردستانیشدا دووبارەبێتەوە. بەڵام ئایا ئەم ئەگەرو پێشبینی و ترسە تا چ ڕادەیەک زەمینەی لەباری هەیەو، چەندە لە واقیعی سیاسیی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا پێگەی بەدیهاتنی هەیە ؟
لەڕاستیدا هەڵبژاردنی ڕۆژی 2 05-07-2009 ئاڵوگۆڕێکی لە بارۆدۆخی سیاسیی کوردستاندا هێنایە کایەوە، گرنگترین دیاردەشی سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنێکە لەنێو خودی دەسەڵاتی باڵادەستی هەژدە ساڵی ڕابردوودا. ئەم دیاردەیە دەسەڵاتی هەردوو حزبی (پارتی و یەکێتی) شڵەژاندووه و ئەمەش ناچاریان دەکات مامەڵە لەگەڵ ئه و واقیعەدا بکەن و ئەوە بسەلمێنن کە ئیتر دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بۆ ئەوان قۆرخ نییه و ناتوانن کۆنترۆڵی هوشیاریی خەڵک و بیروڕا جیاوازەکانیان بکەن. ئەم واقیعە بەشێوەیەک خۆی دەسەپێنێ کە دەبێت دەسەڵات لە چوار ساڵی ئایندەدا حسابی بۆ بکات تا خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بۆ ئێجگارەکی لە دەسەڵاتیان نەخات.
لە ماوەی چوار ساڵی ئایندەدا ناکۆکییەکانی پێشوو بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوە هێزە ڕکابەرەکانی ئەمڕۆ لەبەرامبەر ناکۆکییە دەرەکییەکاندا ناچار دەبن، کە سەرباری ناکۆکییەکانی نێو خۆیان، سازش لەگەڵ یەکتریدا بکەن. ئیمکانی ئەم سازشە بۆ بەرژەوەندیی ناوکۆییان دەگەڕێتەوە کە بە پاراستنی ئه و بەرژەوەندییانە خێزانی بۆرژوای دەسەڵاتدار، بەجیاوازییە تاکتیکییەکانیانەوە لە داڕمان و هەڵوەشاندن دووردەخەنەوە.
حزب و دەستە بۆرژواییەکانی کورد لەناوەرۆکدا هیچ ناکۆکییەکی بنەڕەتییان لە نێواندا نییە. ئەم حزب و گروپانە کە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا ڕکابەری یەکتری دەکەن، بەرنامەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییان، تاڕادەی لەیەکچوون، لە یەکدییەوە نزیکە، بۆیە ئەجندەی ستراتیژیی کارکردنیان نەخشەی پێکەوە هەڵکردن و دانیشتن و قبووڵکردنی یەکترییان دیاریدەکات و، لە هەلومەرجی ئاستەنگ و هەڕەشەی دەرەکی و مەترسی لەدەستدانی دەسەڵاتدا یەکدەگرن و یەکدەست بەرەنگاریان دەبنەوە. ئەمە خاڵێکی گرنگی ڕوونەدانی بەیەکدادانه و لەمپەرێکی بونیادییە لە بەربەستکردنی شەڕێکی دیکەی ناوخۆییدا. ئەم هۆکارە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتووداولەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەمریکادا بە کارایی خۆی دەسەلمێنێ و واقیعێکی بەرچاو دەبێت.
بوونی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا هۆکارێکی گرنگ و مەرجێکی دەرەکی کاریگەر دەبێت بۆ دوورخستنەوەی تارمایی جەنگێکی دیکەی ناوخۆیی لە نێوان هێزە ڕکەبەرەکاندا. ئه و حزب و دەسته و هێزانەی بەشداریی هەڵبژاردنی کوردستانیان کرد، هەموویان، کەم و زۆر، پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە. بەرنامەی هیچ لایەنێکیان هەڵوێستێکی سەلبی لە بوونی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا نییە. هیچ بەرنامەیەکیان ئەمریکا وەک داگیرکەر ناناسێت. لەبەرنامەی هەمواندا بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمان نە باسی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی داگیرکەر هەیەو، نە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان ئەمریکاو عێراقیان وەک ئامانجێکی خۆیان داناوە. بەکورتی هێزە ڕکابەرەکان ئەرکی پەیڕەوکردنی ئەجندەیەکیان لەئەستۆی خۆیان دانەناوە کە دژ بە ئەجندەی ئەمریکییەکان بێت، ئەمریکاش وەک دۆست ی هەموو لایەنەکان و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی لە عێراق و ناوچەکەدا لەسەر دوو تەوەرەی سیاسی گەمە دەکات و لەنگەرەکەی بەدەستەوە دەگرێت :
تەوەرەی یەکەم پاراستنی هاوکێشەی سیاسی نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، تەوەرەی دووەمیش پاراستنی هاوکێشەی نێوان هێزە دەرچووەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەمانی کوردستانە.
ئەمریکاییەکان لە بارودۆخی ئەمڕۆدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان پێباشە، هەر بۆیە ئیمکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان یان دووبارە هەڵبژاردنەوە لە کایەدا نییە. ئەمڕۆ تەنها دوو حزب پاوانی پەڕلەمان ناکەن بەڵکو هێزی دیکە (گۆڕان و چاکسازی) لە ئارادان کە هاوکێشەکان دەگۆڕن، ئەمریکاش ئەوەی مەبەستە چونکە بەم هۆیەوه دەتوانێت بە سانایی سیاسەتەکانی خۆی لە کوردستان و عێراقدا بباتەپێشەوە.
ئەمریکا لە چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ ئه و ناکۆکییانەی دێنەپێشەوه و ئەگەری ئەوەیان هەبێت گرێکوێرەی سیاسی بۆ دروست بکەن، دەتوانێت گەمە بە واقیعی هاوکێشە نوێیەکان بکات، بەتایبەتی هاوکێشە سیاسییە نوێیەکەی نێو پەڕلەمانی کوردستان و، لەچەند مانگی داهاتووشدا لە کۆپێیەکی هەمان هاوکێشە لە پەڕلەمانی عێراقدا ؛ بەم پێیە دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر سەری هەمواندا (بەغداو هەولێر) ڕابگرێت. جا لەبەر ئەوەی لەم قۆناغەدا ئەم بەرژەوەندییەی هێمنی و ئاسایش دەخوازێت، بۆیە ئەمریکا ڕێگریی لەبەیەکادان و شەڕی ناوخۆ دەکات و هۆکارێک دەبێت بۆ پێکەوە بەئاشتی ژیانی هێزە ڕکابەرەکانی نێو پەڕلەمانی کوردستان و نێو هەردوو حکومەتی بەغداو هەولێر.
ئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا باسی نەبوو !
ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنی سێیەم پەڕلەمان لە باشووری کوردستاندا، گەرمترین هەڵمەتی بانگەشە بەڕێوەچوو. کێبەرکێی لیستەکان، بەتایبەتی لە نێوان لیستی دەسەڵات و ئەوانیدیکەدا، تا ڕادەی بەکارهێنانی ناجۆرترین شێوەکانی پڕوپاگەنده و ڕکابەرایەتییەکی نامەبدەئی، شەقامی کوردی بۆ ماوەی زێتر لە مانگێک بەخۆیەوە خەریک کرد. ئەگەرچی هەر لیستە بەرنامەیەکی هەڵبژاردنی هەبوو بەڵام ململانێی سەرجەمی لیستەکان، بەکردەوە، لە بازنەی ناکۆکییه تایبەتی و جۆراوجۆرەکانی هەژدە ساڵی ڕابردوودا دەسووڕایەوه و کەمتر بەرنامەکانی دەگرتەوە. لەم کەشە بارگاوییەی بانگەشەدا، هیچ بەرنامەیەکی تێروتەسەل بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لەکایەدا نەبوو، چوارچێوەی بەرنامەی لیستەکان کاریگەریی دەستووری کۆنەپەرستانەی عێراقی پێوە دیاربوو، ئه و دەستوورەی کە دەسەڵاتی کوردی لەساڵی 2005 دا بۆ ئیمزاکردنی، جەماوەری خەڵکی کوردستانیان ڕاکێشایە سەر سەندووقەکانی دەنگدان. نەبوونی ئەم بەرنامانەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی، لەنێو گێژاوی ململانێکاندا لەبیرچوونەوە. من لێرەدا هەندێک خاڵ دیاریدەکەم کە بەدەر لەوەی ئیمکانی پراکتیزەکردنی لەمڕۆدا هەیە یان نە، دەشێت ناوەرۆکی بەرنامەیەک بێت کە ئاوات و ئامانجی کۆمەڵانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان دەرببڕێت و ئەم جەماوەرە بۆ بەدیهێنانی سازبدرێت و لەسەر ئه و بنچینەیە کەسایەتی مرۆڤی کورد و بناغەی کێشە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە ڕەواکەی دابڕێژرێتەوە.
1) بەرنامەی لیستەکان گوتارێکی نەتەوەیی ڕوونی تێدا نەبوو. گوتاری نەتەوەیی بۆ گەلێکی چەوساوه و بێبەش لە مافه نەتەوایەتییەکانی، سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتە. تەنها دەوڵەتی سەربەخۆیە زامنی ژیانی ئازادانه و دواڕۆژێکی بێمەترسیی تواندنەوه و جینۆساید، بەتایبەتی لەبەرامبەر دەسەڵاتێکدا کە بە ئاشکراو بە نهێنی، دژی دۆزە ڕەواکەی خەڵکی ستەمدیدەی کورد، لێوان لێوی ئایدیاو ڕەفتاری شۆڤێنیستانەیە. دەکرا لە بەرنامەکاندا بۆچوونێکی ناوکۆیی هەبوایە بۆ ئەم گوتارە نەتەوەییەو، لانی کەم پەڕلەمانی ئایندە بەرەوڕووی بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بکرایەتەوە وەک ورووژاندن و بەرپاکردنی ڕیفراندۆمێک لە کوردستاندا تا گەلی کورد بڕیاری چارەنووسی خۆی بدا بە سەربەخۆیی یان یەکگرتنی دڵخوازانە لەگەڵ بەشی عەرەبی عێراقدا ؛ ئەم کارە یەکێکە لە زەرورەتەکان هیچ نەبێ بۆ ساغکردنەوەی ئه و بەندەی دەستووری هەرێمی کوردستان کە ئیددیعا دەکات (گوایا) گەلی کورد بە خواستی خۆی و ئازادانە یەکێتی و پێکەوەژیانی لە چوارچێوەی عێراقدا هەڵبژاردبێت !!
2) هەر لە نێو ئەم گوتارە نەتەوەییەی خاڵی پێشوودا، کە لە بنچینەدا گوتاری بۆرژوازیی نەتەوەیی و دیموکراتە، دەبوایه بەرنامەکان پشتگیریی خەباتی گەلی کوردی لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا بسەلماندایەو، پەڕلەمانی ئاینده مولزەم بوایە به و شێوەیەی دەلوێ و دەگونجێ جێبەجێی بکات ؛ بەڕاستی جێی نیگەرانی و شەرمەزارییه بۆ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کە دۆزی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا هاوپشتی و هاریکاری و سۆزی بەشێکی ئەم جیهانەی لەگەڵدا بێت بەڵام لێرە لە کوردستانێکدا پەڕلەمان و حکومەتی خۆی هەبێت، بۆ دڵنەوایی دەوڵەتە دراوسێکان و ئیمپریالیزمی ئەمریکا دژایەتی بکرێن و بە کردەوە سنوور بۆ چالاکی حزبەکان و پێشمەرگەکانیان دابنرێت.
3) گەلی کورد ئازادە چ سیستمێکی سیاسی - ئابووری – کۆمەڵایەتی بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت. ئەمە پرنسیپێکی پراکتیکیی مافی بڕیاردانی چارەنووسە بۆ هەموو گەلێک. لەبەرئەوە مەرج نییە ئه و سیستمە سیاسییەی لە عێراقدا پەیڕه و دەکرێت، بەهەمان شێوە، وەک خۆی، کۆپییەکی لە کوردستاندا هەبێت، ئەوەی مافی بڕیاردانیشی هەیە خەڵکی کوردستانە کە دەتوانن لە ڕاپرسییەکدا ئەم مەسەلەیە یەکلایی بکەنەوە. ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە دەڵێین : ئەگەر حزبەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردو پەڕلەمانی ئایندە ئه و پرنسیپە لەبەرنامەیاندا هەبوایه و بە جیددی کاریان بۆ بکردایه و واقیعیانە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانیان ڕەچاوبکردایە، ئەوا بەرنامەیەکی سیکولاریان دادەڕشت، کە جیایی ئایین لە دەوڵەت و پەروەردەوفێرکردنیان تێدا بچەسپاندایە، نەک ئەوەی وەک ئێستا دەیبینین خۆیان بەدەستەوە بدایه و ملیان بۆبەرنامه و دەستووری دەوڵەتی شۆڤێنیزمی عەرەبی – ئیسلامی درێژبکردایە.
4) ئەگەر حزب و ڕێکخراوە نەتەوەییەکانی کوردستان کە ڕکابەریی یەکترییان بۆ پەڕلەمانی کوردستان کرد، بۆ شانی خۆ خاڵیکردنەوە لەژێر باری ئەم مەسئولییەتە مێژووییەدا، ئەم خاڵەی سەرەوە بە ناواقیعی دەزانن، ئەوا دەبوو بەرنامەکانیان هەڵوێستی نیشتمانی و دیموکراسی لە ئاست بارودۆخی ئێستای عێراق و کوردستان وەربگرتایه، بەوەش دەیانتوانی سۆزو پشتیوانی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی عێراق و ناوچەکه و جیهانیان بۆ مەسەلەی ڕەوای گەلی کورد ڕاکێشایەو، لەم گۆشەگیری و بێزراوییەی بەسەریدا سەپاوە دەربازیان بکردایە ؛ هەڵبەت گرنگترین کارێکیش لەم کایەیەدا هەڵوێستی ڕوونە لە بوونی ئەمریکییەکان لە عێراقدا. ئاخر کەسێک لەم جیهانەدا ئەوە بۆ ئێمەی کورد ناسەلمێنێ کە ئیمپریالیزمی ئەمریکا وەک فریادڕەس لە قەڵەم بدەین و پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق بە پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق ناوزەد بکەین، لە کاتێکدا دۆکیۆمێنتێکی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک داگیرکەر باسیان دەکات و خۆشیان وەک داگیرکەر ناوی خۆیان دەهێنن. لەبەر ئەوە لانی کەمی هەڵوێستی نیشتمانی ئەوە بوو بەرنامەکانی هەڵبژاردن :
أ – گێڕانەوەی سیادەی نیشتمانی بۆ عێراق و دەرکردنی داگیرکەرانی ئەمریکایی لەخۆیبگرتایە.
ب – تێکۆشان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان ئەمریکاو عێراقی تێدابوایەو، هەر ڕێککەوتننامەیەکی نابەرابەری دیکەش لە داهاتوودا ڕەتبکرایەتەوە. لەسەرێکی دیکەشەوە، دەبوو بەرنامەکان لە ئاستی سنوور بەزاندن و بۆردومان و تۆپباران و لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بێدەنگ نەبوایە، لانی کەم ئەرکی پاراستنی سنووری کوردستان و پەیڕەوکردنی ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئه و مەبەسته، وەک ئەرکێکی پەڕلەمان وحکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق دیاریبکردایە.
5) ئه و بەڵێنانەی لە بەرنامەکاندا هاتوون زێتر سیمایەکی تیۆری هەیە، میکانیزمی جێبەجێکردنیانی تێدا نییە بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی ژنان و کێشەکانی گەنجان. بەرنامەکان ئەرکێکی پراکتیکییان سەبارەت بە ئازادی ژنان و یەکسانی ژنان و پیاوان لە ئەستۆ نەگرتووە. هیچ ڕێوشوێنێکی کردەوەییان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری کەسێتی دانەناوه و بەژێر ڕسته و دەستەواژەی گشتییانەوە کردووە. مەسەلەی ژنان وەک مەسەلەیەکی زۆر گرنگ کە پەیوەندی بە نیوەی کۆمەڵ و ئاسۆی دواڕۆژی کوردەوارییەوە هەیە، بە هەڵواسراوەیی هێشتوویانەتەوە. سەبارەت بە گەنجانیش خۆشخەیاڵییەکی تەواویان پێداون کە نە بارودۆخی کوردستان و نە توانای کردەوەیی پەڕلەمان و حکومەتی ئایندە لە ئاستی بەدیهێنانیاندان، سەرەنجامیش بە نائومێدییان و جارێکیتر بە سەرهەڵگرتنیان بەره و هەندەران کۆتایی دێت.
6) هەروەها لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، بەرنامەکان ڕێگای کردەوەیی بۆ نەهێشتن یان سنووردانانی بۆ هەندێ دیاردە تێدا نییە کە ئەمڕۆ کۆمەڵگاکەمان بە دەستیانەوە دەناڵێنێ. بۆ نموونە : ئایا پلانی لیستەکان بۆ کاری پەڕلەمان و حکومەتی داهاتوو دەربارەی دیاردەی تەشەنەکردنی لەشفرۆشی لە کوردستاندا چییە ؟ چۆن گەنجەکانی لێدەپارێزێت ؟ چۆن چارەسەری دەکات ؟ ئایا دەتوانێت کۆنترۆڵی ئەم دیاردە ترسناکە بکات ؟ چ ڕێوشوێنێکی بۆ ئەوە هەیە ؟ هەروەها سەبارەت بە دیاردەی پەرەسەندنی بەنگکێشان لەناو گەنجەکاندا چ پلانێکیان هەیە و چۆن بەرهەڵستیی قاچاخچێتی بە ماددە هۆشبەرەکان دەکات ؟ چۆن لە بازاڕەکاندا نایهێڵێت ؟ چۆن گەنجەکان هوشیاردەکاتەوە بۆ ئەوەی نەیکڕن و بەکارینەهێنن... هتد.
لەڕاستیدا ئەم کێشانە گرنگترن لە کێشەکانی ئاوو کارەباو سووتەمەنی ڕێگاوبان و خزمەتگوزارییەکانی دیکە کە لە ڕاپەڕینەوە تا ئێستا بۆتە کێشەی شەووڕۆژمان و چارەسەری بنەڕەتییان بۆ دانەنراوە. ئەم کێشانە کە پەیوەندیان بە دواڕۆژی نەوەکانەوە هەیە و، سەبارەت بەوەی ئەمڕۆ لە گەنجەکانەوە ئاڵاوه و گیرۆدەی کردوون، شایانی ئەوە بوون لە بەرنامەی هەموو لیستەکان و بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەولەوییەتیان هەبوایە و بە کردەوەش لە چوار ساڵی ئایندەدا پەڕلەمان حکومەت بە پلان و بەرنامەڕێژیی بەتەنگییانەوە بێت و زۆر بە هەند وەریان بگرێت.
7) خاڵێکی دیکە کە زۆر سەرنجڕاکێشە، پشتگوێخستنی چینێکی گەوره و کارای وەک کرێکارانە. ئەم چینە جگە لەوەی هیچ حسابێکی بۆ نەکراوه و لە کاندیدکردن بۆ پەڕلەمان بێبەشکراون، بەرنامەی خۆشگوزەرانی و پاراستنی مافەکانیان بە ڕوونی و ئاشکرا، سەربەخۆ لە داواکاریی گشتیی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان، دیارینەکراوە. کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان بە درێژایی دەیان ساڵ چ لە ژێر سایەی حکومەتەکانی عێراق و چ لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، هەمیشە مافەکانیان پێشێلکراوه و ناڕەزایەتییەکانیان بە بەرپەرچی توندوتیژانەی دەسەڵاتداران و دەسگا پۆلیسی و سەرکوتگەرەکان ڕووبەڕووبۆتەوە. بەرنامەکانی هەڵبژاردن خۆیان لەم ڕاستییە لاداوه و هیچ ئیلتیزامێکیان بەرامبەر ئەم چینە سەرەکییەی کۆمەڵ نیشان نەداوە، ئه و چینەی کە دابینکردنی ژیانی سەرتاپای کۆمەڵ، لە هەموو ڕوویەکەوە، بەسەر شانی ئەوانەوەیەو، بەهۆی ئارەقه و ڕەنجی ئەوان کۆمەڵگەی شارستانی و گەشەکردووی ئایندە لە کوردستاندا بنیاتدەنرێت.
لە کۆتایی ئەم وتارەدا دەبێت ئەوە بە خوێنەری هێژا بڵێم کە خۆشخەیاڵیی ئەوەم بۆ دروستنەبووە کە هێڵە چینایەتییەکان تێکەڵ بکەم و بڕوا بهێنم بەوەی که ئەگەر بەرنامەی حزب و ڕێکخراوە نەتەوەییەکانی کورد ئەم خاڵانەشی لەخۆبگرتایه و بانگەشەشیان بۆ بکردایە، دەیانتوانی کاری بۆ بکەن و بەدیبهێنن ؛ بە پێچەوانەوە تەنها وەک چەند خاڵێک کە کەس باسی ناکات خستمنەڕوو، دەنا سروشت و پێکهاتەی چینایەتی ئەم هێزە نەتەوەییانە، توانای خۆبەستنەوەیانی بەبەرنامەیەکی وەهاوە لێزەوتکردوون و، لەڕووی مێژووییەوە شیاویی ئەوەیان تێدا نییە ئه و ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانی و کۆمەڵایەتییانە بەدیبهێنن.
هیچمان بۆ نەکراوە کەرەسەی سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردنی
پەڕلەمانی کوردستان بوو !
مایەی دڵخۆشییە مرۆڤ پەی بە مافەکانی بەرێت و لەکاتی خۆیدا داوای بکات. بەڵگەی هوشیارییشە کەسێک یان حزبێک یان حکومەتێک نەتوانێ فریوی بدات و بە زمانی لووس و دروشمی بریقەدار ئه و مافانە بکات بەژێر ئەرکەکانەوه و شانی خۆی لە جێبەجێکردنی خاڵیبکاتەوە.
ئەمە ئه و حاڵەتە بوو، کە بە گشتی، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ پەڕلەمانی کوردستان بەرچاو دەکەوت. خەڵکی کوردستان هەر لە منداڵێکەوە تا بەساڵاچوویەک، هەریەکە لە سنووری ژینگەی خۆیدا، داواکارییەکانیان بەڕووی دەسەڵاتدا دەداو لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە ڕاشکاوانە بێمافی و بەشمەینەتی و هەموو ئه و کوێرەوەرییانەیان باس دەکرد که چاوەڕوان نەبوون لە سێبەری حکومەتی خۆماڵیی کورددا بەسەریاندا بێت.
هەڵبەتە بەشێکی زۆری ئه و خەڵکه بە حکومەتی خۆمالیی کورد خۆشباوەڕ بوون، ئەگینا حکومەت هەر ناسنامەیەکی هەبێت، بەر لەوەی بیر لە بەرژەوەندییەکانی خەڵک بکاتەوە، بەرژەوەندی و ئەجندەی خۆی و چین و حزبە باڵادەستەکانی کۆمەڵ جێبەجێ دەکات. ئەوەی کە داواکارییەکان لەگەڵ هەندێ خزمەتگوزاریی حکومەتدا یەکدەگرنەوە، لانی کەمی بەردەوامیی ژیان و زامنکردنی بێ گرێوگۆڵی فەرمانڕەوایی دەسەڵاتە له و کۆمەڵەدا.
هەمیشە ماف گشتی و تایبەتی هەیە، داواکاریی بۆ مافەکان لەیەکێک لەم دوو شێوەیەدا دەخرێتەڕوو. داواکاریی گشتی هەموو ئه و کارو پڕۆژه و خزمەتگوزارییانە دەگرێتەوە کە خەڵکی بە جیاوازی چین و توێژو شوێنەکانی نیشتەجێبوونیانەوە پێویستییان پێی هەیەو، ژیان و گوزەران بەبێ دابینکردنیان لە توانادا نییە. خزمەتگوزارییەکانی وەک (کارەبا، ئاو، ئاوەڕۆ، تەلەفۆن، ڕێگاوبان، تەندروستی، فێرکردن، بیمەی کۆمەڵایەتی و کاروبژێوی... هتد)، له و مافانەن کە هەموو حکومەتێک مولزەمە بە دابینکردنیان و مایەی هیچ منەت و شاباشێک نییە کە کاربەدەستان بەسەر جەماوەری خەڵکدا بیکەن، چونکە ئەوە دەکەوێتە چوارچێوەی ئەرکەکانیان و، تەنانەت پاساوی بوونی خۆیان لە زامنکردنی ئه و مافە گشتییانەدایە. هەر کاتێک ئەم خزمەتگوزارییە گشتییانە نەبوو، ئەوە مافی خەڵکییە بەهەر ڕێگەیەک بۆیان گونجاو بێت کار بۆ لەسەر کار لابردنی کاربەدەستانی ئه و حکومەته و جێگرتنەوەیان بە دەسەڵات و حکومەتێکی دیکە بکەن.
دیارە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا و دواتریش لە دەنگداندا، لایەنێکی هوشیاریی خەڵک لە داواکردنی ئەم خزمەتگوزارییانەدا دەردەکەوێت، بۆ لیستە ڕکابەرەکانی هەڵبژاردنیش وەها شیاوە پشتگیریی ئەم لایەنە بکەن و ئاڕاستەی بانگەشەکانیان ڕوو لە دەرخستن و زەقکردنەوه و فۆرمۆڵەکردنی ئه و داواکارییانە بێت، کە دواتر وەک بەرنامەی هەڵبژاردنیان لە پەڕلەمان و حکومەتدا، هەوڵی بەجێگەیاندنیان بدەن.
دیارە لای کەس شاراوە نییە کە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە زۆر شوێن و ناوچەداو، هەندێک جاریش بۆ توندکردنەوەی بێزاری ئەم لیست له و لیستی دیکە، داواکارییەکانی خەڵکی بە ئاڕاستەیەکیتردا دەبراو، شێوەیەکی تایبەتی و تاکەکەسیی لەخۆی دەگرت. زۆر له و چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییانە بە مەسەلە شەخسییەکانەوە خەرک دەبوون و ئه و مەسەلانەیان لە ناخی دەنگدەراندا دەبزواند. قسەی زۆربەی ئەوانە هیچم یان هیچمان بۆ نەکراوە بوو. ئەوانە هەقیان بوو کە گلەیی و گازاندە بکەن چونکە هەندێکیان چەند جار ماڵیان وێرانکرابوو، هەندێکی دیکەیان چەند ساڵ پێشمەرگە بوو بوون، بەشێکیان ماڵە شەهید و ئەنفالکراو بوون و... هتد، بەڵام ئەوەی ئەم داواکارییانەی بچووک کردبۆوە، هێنانە خوارەوەی بوو بۆ ئاستی داواکاری شەخسی یان داواکاریی یەک خێزان بۆ (پارە) یان (زەوی)، بەدەر لە بارودۆخە پڕ کەموکووڕییەکه و زەروورەتی گشتگیرکردنی ئه و داواکارییانە.
ئەم داواکارییە سنووردارە شەخسییانە، بەزۆری لە لایەن کەسانێکی گوندنشین یان ئەوانەوە پێشکەشدەکران کە لە گەڕەکە پەراوێزخراوەکانی شارەکاندا دەژیان ؛ کە ئەمە بۆ خۆی یەک ئاماژەی ئەقڵیی تێدایە کە پەیوەندی بە کلتوورو ئایدیای جووتیارییەوە هەیەو، پتر خودی خۆی دەبینێت، واتە ناتوانێت خۆی لەنێو کۆمەڵ و، بەرژەوەندییە ڕاستەقینەکانی خۆی لە بەرژەوەندییەکانی گشتدا ببینێتەوه. لیستە ڕکابەرەکانیش، هەریەکەیان بە مەبەستێک ئەم لایەنەیان لە بانگەشەدا هاندەداو، پاساوی بوونی خۆیان وەک ڕکابەری لیستی دەسەڵات لەمەدا چڕدەکردەوە.
لەڕاستیدا هەلومەرج و بارودۆخی کوردستان و، بێزاریی کەڵەکەبووی هەژدە ساڵی دوای ڕاپەڕین، سەرجەمی مەسەلە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بە ئاوەڵایی لەبەردەم بانگەشەدا بەشێوەیەکی وەها دانابوو، که بتوانرێت بە ئاسانی دژی لیستی دەسەڵات ڕابگیرێن. بۆ نموونە لەڕووی سیاسییەوە حکومەتی کوردی ئەوەندە درزو کەلەبەری تێدابوو کە لیستە ڕکابەرەکانی بتوانن بیری جەماوەری بخەنەوه و لەم سەروبەندەی هەڵبژاردندا پێیان بناسێننەوە ؛ لەگەڵ ئەوەشدا لیستە ڕکابەرەکانی دەسەڵاتیش، هەروەکو لیستی دەسەڵات، گوێی خۆیان له و لایەنە سیاسییه خەفاند کە پەیوەندی بە بنەڕەتترین خواستێکەوە هەبوو کە ئەویش خواستی جیابوونەوه و سەربەخۆیی کوردستان بوو، ئه و خواستەی کە لە ڕاپرسییەکەی ساڵی 2005 دا خەڵکی کوردستان بە ڕێژەی لەسەدا نەوەدوهەشت دەنگیان بۆدا. هەروەها لەڕووی ئابووریشەوە، یەک بەرنامەی سۆسیالیستی لە ئارادا نەبوو کە کۆمەڵگەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی بکاتە خەونی خەڵکی و سنوورێک بۆ بازاڕی ئازاد ی سەرمایەدارانی کوردستان دابنێت و بەخەمی ژیانی سەربەرزانەی چینە هەژارو نەدارەکانی کوردستانەوە بێت. لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، نە بەرنامەی بیمەی کۆمەڵایەتی، نە بەرنامەی ئازادی و یەکسانی ژنان، نە بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی خەرافییات هەبوو، که بتوانن بەو هۆیانەوە زنجیرەکانی کۆتکردن و ڕاپێچکردنی گەلی کورد بەره و دواوە بپسێنن.
بە کورتی : کەرەسەی بانگەشەی هەڵبژاردن و چۆنیەتی بەکارهێنان و بێبایەخکردنی لە داواکارییە زۆر شەخسییەکاندا، کە بە هیچ یان هیچمان بۆ نەکراوە دەریاندەبڕی، دەبێت دەرسێک، پەندێک، ئەزموونێکی بەردەست بێت و، بۆ ململانێ سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی دواڕۆژ سوودی لێوەربگیرێت.
خۆشخەیاڵیی هەڵبژاردن و پێشبینی چۆنایەتی پەڕلەمانی ئایندە
ئەوە بۆ چەند مانگێک دەچێت سەرجەمی خەڵکی کوردستان بە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستانەوە بۆ چوار ساڵی ئاینده خەریک کراوە. ململانێی نێوان حزبەکان و فراکسیۆنە سیاسییەکان بەشێوەیەکی تەواو ترسناک گەیشتۆتە نێو جەماوەرو، ئەگەری توندبوونەوەی و کاریگەریی نەرێیانەی لەسەر کۆمەڵگەی کوردەواری لە زیادبووندایەو، ئەگەر هەندێک فاکتەری عێراقی و ناوچەیی نەبوایە، بۆ جارێکی دیکە مەترسی شەڕی ناوخۆ باڵی بەسەر باشووری کوردستاندا دەکێشایەوه و بگرە لەگەڵ ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا بە فیعلی بەیەکدادان و خوێنڕشتن نەک هەر ڕوویدەدا، وەک ئەوەی لە هەولێر لەڕێی تەقەی بەناو خۆشییەوە چەندین کوژراوو برینداری لێکەوتەوە، بەڵکو درێژەی دەکێشاو شەڕی چەند ساڵەی ناوخۆیی بۆ زیندوو دەکردینەوە ؛ بەڵام ئه و فاکتەرانه سنووریان بۆ سەرەتای ئه و جەنگە ناوخۆییە دانا کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکە لەسلێمانی و چەند شارۆچکەی ئەم پارێزگایەو، لەلایەکی دیکەوە بە هۆی پەلاماردانی بارەگاکانی هەردوو لیستی (گۆڕان) و (چاکسازی و خزمەتگوزاری) لە هەولێرو دهۆک لە تەقینەوەدا بوو.
جەماوەری خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی گەنجەکان کە ئەزموونێکی سیاسییان نییه و لە ماوەی هەژدە ساڵی ڕابردووی حکومەتی کوردیدا هیچ جۆرە چارەسەرێک بۆ گیروگرفت و کێشەکانیان نەکراوەو، بەناچاری، بەهۆی بێکاری و ژیانی مەمره و مەژییانەوە پەیتا پەیتا ڕوو لە هەندەران دەکەن ؛ ئەم گەنجانە بەتایبەتی و جەماوەرێکی بەرفراوان، بە بەرنامەی لیستەکانی هەڵبژاردن خۆشخەیاڵبوون و هیوای ئەوەیان دەخرێتەپێش کە پەڕلەمانی ئایندە بەهەشتێکیان پێشکەش بکات. خۆشخەیاڵی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئاکامێکی کە لەم هەڵبژاردنە دەکەوێتەوە، جەماوەری خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی گەنجانی هێناوەتە کۆڕی ململانێکانەوه و بە عەمەلی بوونەتە کەرەسەی ئه و ململانێیەی کە لە نێو خودی چینی باڵادەستی کوردستان و دەستە جیاجیاکانیدا لەسەر پشکی زێتری دەسەڵات و دەسکەوتە ماددییەکان لەئارادایە. بۆیە بۆ بەرچاوڕوونی ئەوان و دەرخستنی واقیعێک کە سەرەنجامی واقیعی ئه و ململانێیەی ئەمڕۆ دەبێت، هەندێک پێشبینی دەردەبڕین کە لە لایەک پشت بە واقیعی دەسەڵاتی کوردی لە دوو گرێی ڕابردوودا دەبەستێت و، لەلایەکی دیکەوە بە شیکردنەوه و ناسینی واقیعی چینایەتی ئەم هێزانه پشتئەستوورە.
ئه و پەڕلەمانەی ئەمجارە هەڵدەبژێررێت لەڕووی پێکهاته و هاوکێشەوە لە پەڕلەمانەکانی پێشوو جیاواز دەبێت. یەکێک لە جیاوازییە هەرە دیارەکانی، کۆتاییهێنان بە پاوانخوازی هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان (پارتی و یەکێتی) دەبێت، بەڵام سنوورو بازنەی کارکردنی، تا ڕادەیەکی زۆر، بەهەمان دینامیزمی پێشوودا دەڕوات و ئەگەری گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لێڕەچاو ناکرێت. گرنگترین ئه و پێشبینییانەی دەکرێت، لەم خاڵانەدا بەرجەستە دەبن :
1) هەڵبژاردن دەسەڵاتی هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی ئەمڕۆ بەلاوەنانێت، ڕەنگە کەمێک گرانتر بتوانن تەواوی سیاسەتەکانیان جێبەجێبکەن و بواری ئەوەیان بۆ نەڕەخسێ وەکو پێشوو بەبێ ئیعتیراز تێیانبپەڕێنن، بەڵام دەتوانن، بەسوودوەرگرتن لە زوربەیەکی پەڕلەمانی کە چاوەڕوان دەکرێت بەدەستی بهێنن، دەسەڵاتی خۆیان زاڵ بکەن و، بۆ ئەم مەبەسته و لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیاندا، لەبەرامبەر نەیارو ڕکەبەرەکانیاندا پتر لەیەکتر نزیک ببنەوەو، لەسەر بردنەپێشەوەی سیاسەتەکانیان و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، ئه و ڕێککەوتنەیان کە ناوی ڕێککەوتنی ستڕاتیژییان لێناوە بەردەوام بێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەسەڵات لەنێو پەڕلەماندا وەک دەسەڵاتی ئەوان بمێنێتەوە.
2) دەسەڵات بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی و سەرکوتکردنی هەر ئیعتیرازێکی جەماوەری، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە بەهێز دەکات و، وەک هێزێکی حزبی نەک حکومەتی، لە خزمەتی سیاسەتەکانی خۆیدا دایاندەنێت. ئەم هێزانە وەک ئامرازی دەستی دەسەڵات، هەر بە هەمان ڕیتمی ئێستا لە جەماوەری خەڵکی کوردستان دوور دەبن و، وەک باڵی زەبروەشینی دەسەڵات بۆ سەپاندنی ئه و یاسایانەی لە بەرژەوەندی سیستمی کۆمەڵایەتیی دڵخوازی خۆیاندا دەریدەکەن، بەسەر سەری خەڵکییەوە دەمێننەوە.
3) لەبەر ئەوەی پێکهاتەی حزبیی حکومەت بەشێوەیەکی سەرەکی لە هەردوو حزبی براوەی هەڵبژاردن دەبێت، کەرەسەکانی فەرمانڕەوایی هەردوو حزبی باڵادەست وەکو خۆی دەمێنێتەوە، بۆ نموونە ناتوانرێت هیچ چاوەڕوانییەک بۆ پیادەکردنی یاسای ئەمەت لە کوێ بوو لەلایەن پەڕلەمانەوە بکرێت، بۆیە لە چەند ساڵی داهاتوودا، گەندەڵیی سیاسی و ئیداری و دارایی هەر به و ڕێچکەیەدا دەڕوات کە هەژدە ساڵە خەڵکی ڕۆژانە دەیبینن.
4) ئاستی پراکتیکی ئازادییەکان وەکو خۆی دەمێنێتەوه، واتە ڕێژەیەکی ئازادی لەسایەی چاوسوورکردنەوه و سەرکوتدا دابین دەکرێت، ئەمەش بۆ سروشتی چینایەتی حزبەکانی پەڕلەمان بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنیانەوه دەگەڕێتەوه، کە لەسەر ڕاستەهێڵێک لەوبەری ئازادی و بەپێچەوانەیەوە ڕادەوەستن و، پڕاکتیکی بەرنامەی ئازادی بۆیان ستەم دەبێت. بە کورتی ناتوانرێت هیچ چاوەڕوانییەکی ئازادی ڕەهای ژنان و گەنجان و مناڵان بکرێت ؛ ئەمە جگە لە ئازادی دەربڕین و خۆڕێکخستن و ڕۆژنامەگەری و کۆبوونەوه و خۆنیشاندان و مانگرتن... هتد، کە دەبێت لە سێبەری دەسەڵات و سانسۆری دەزگا ئەمنییەکاندا مومارەسە بکرێت.
5) لەڕووی پەیوەندی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بە حکومەتی ناوەندی و وڵاتانی دراوسێ و دەوڵەتانی ئەمریکاو ئینگلیزو هاوپەیمانەکانیان، هەروەها پەیوەندی حکومەت و هەردوو حزبی فەرمانڕەوا بە حزب و ڕێکخراوە عەرەبی و ئیسلامییەکان و هەر سازش و سەوداو سەوداکارییەک لەم پەیوەندییانەوە بڕسکێت، شەفافییەت بەخۆوە نابینێت و، دیپلۆماسییەتی نهێنی و شاردنەوەی زانیارییەکان لە خەڵکی، هەروەکو ساڵانی پێشوو درێژەی دەبێت.
6) لەڕووی ئابووریشەوە، دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندترو هەژارەکان هەژارتر دەبن. بەپێی بەرنامەی حزب و گروپەکانی نێو پەڕلەمان بوار بۆ بازاڕی ئازاد دەڕەخسێنرێت و دەرگا بۆ کۆمپانیا سەرمایەدارییە ناوچەیی و جیهانییەکان دەخرێتە سەرپشت و سیستمی ئابووری کوردستان هەرچی توندتر بە ڕەوڕەوەی سیستمی سەرمایەداریی جیهانگیرەوە گرێدەدرێت.
ئەگەرچی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان، بەتایبەتی چینە نەدارەکان لە کرێکاران و زەحمەتکێشانی بیرو بازوو چاوەڕوانیی ئەوەیان هەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا، پەڕلەمان و حکومەتی کوردستان گۆڕانێک بەسەر باری ژیانیاندا بەره و باشتربوون بهێنێت، بەڵام ئاماژەکان لە هەموو جەمسەرەکانییەوە پێچەوانەی ئەم خواستە دەگەیەنن. ئەوەی لەم بارەیەوە پێشبینی بکەین ئەوەیە کە لە یەک دوو ساڵدا ئەم خۆشخەیاڵییە دەڕەوێتەوه و ئه و واقیعە زێتر ڕووندەبێتەوە کە پەڕلەمانی کوردستان بەم تەرکیبەی ئێستایەوەو، حکومەتێکیش کە ئه و پەڕلەمانە پەسەندی دەکات، ناتوانێت لە ئاستی بارودۆخی ئێستای کێشەی کوردو ژیانی خەلکی کوردستاندا بێت و، لێهاتووانە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی کوردستان دەرببڕێت و بەڕاستی نوێنەرایەتییان بکات.
ئۆپۆزسیۆن و هەڵبژاردن
دیدارێکی ڕۆژنامەی ئاڵای ئازادی لەگەڵ فوئاد قەرەداغیدا
ئاڵای ئازادی : لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، تا چەند بوار بۆ دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن ڕەخساوە، بە تایبەتی ئه و لایەن و پارتانەی دەیانەوێت وەک ئۆپۆزسیۆن کاربکەن ؟
فوئاد قەرەداغی : لەهەر شوێنێک دەسەڵات هەبێت، ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت، به و واتایەی دەسەڵات بەرنامەی تایبەتی خۆی هەیە کە لەگەڵ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیدا دەیگونجێنێت. ئەم بەرژەوەندییانە، لە زۆربەی کاتەکاندا، بە پێچەوانەی ئارەزوو و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵانی خەڵکییەوەیە، بەتایبەتی ئەگەر جیاوازییە چینایەتییەکان جەمسەربەندییەکی لە نێوان دەسەڵاتداران، وەک چینێک کە فەرمانڕەوایەتی دەکەن، لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش له و وڵاتەدا، پێکهێنابێت. لەبەر ئەوە ئۆپۆزسیۆن، چ بە شێوەیەکی ئاشکرا بێت یان بە شێوەیەکی نهێنی (شاراوە) بێت، لە واقیعدا هەیە، بەڵام ئایا تاچەند کاریگەرێتی هەیەو، تاچەند ڕێکخراوە ؟ تاچەند توانیویەتی خۆی لە حزب و ڕێکخراوی ئۆپۆزسیۆندا بەرجەستە بکات، ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە.
لەڕاستیدا ئۆپۆزسیۆن زەروورەتە و وڵاتی بێ ئۆپۆزسیۆن وڵاتێکی مردووە. بوونی ئۆپۆزسیۆن یەکێکە لە پێداویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتن، به و پێیە بوونی کێبەرکێ و ململانێ لەسەر کارە باشەکان دەبێتە مەرجی ئه و گەشەکردن و پێشکەوتنه و، ئەوەش بەبێ بوونی دوو یان چەند لایەن کە له بەرامبەر یەکتردا ڕابوەستن و ململانێ بکەن، ناکرێت. بە واتایەکیدیکە، هەمیشە ئۆپۆزسیۆن دەبێتە لایەنێکی گرنگی پێداویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتن کە لە فەزای ململانێدا بەرجەستەی دەکات و، بەشێوەیەکی ئیجابی کاریگەرێتی لەسەر ئه و ئاڵوگۆڕانە دادەنێت کە پێویستە لە کۆمەڵگادا بکرێت. لەبەر تیشکی ئەم ڕاستییەدا، ئۆپۆزسیۆن بۆ هەر وڵاتێک دەبێتە مەرجی فەزایەکی سیاسی تەندروست ؛ بەبێ ئەمە وڵاتێکی مردوو، کش و مات، تۆتالیتاری دێتەکایەوە کە ڕەخنەی تێدا نابێت، وڵاتێک کە سەرەنجامی ژیانی سیاسی تێیدا بە سەرکوتکردن و کپکردنی دەنگ کۆتایی دێت ؛ بۆیە ئەگەر بمانەوێت کوردستانیش وەک هەر وڵاتێکی دیکەی ئەم دونیایه فەزایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی تەندروستی هەبێت، دەبێت ئۆپۆزسیۆنێکی کارای هەبێت، ئەم ئۆپۆزسیۆنە مەرجی بەرەوپێشەوەچوونی لەمەوبەر بووه و ئەمڕۆش مەرجێکی پڕبایەخی پێشکەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی پڕۆسەی سیاسییە لە کۆمەڵگای کوردستاندا.
ئاڵای ئازادی : تا چەند لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە دوای ڕاپەڕینەوە ئه و فەزایە بۆ ئه و لایەن و ڕێکخراوانە دروستبووە کە وەک ئۆپۆزسیۆن کاربکەن و کاریگەرییان هەبێت لەسەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ؟
فوئاد قەرەداغی : لەڕاستیدا هەندێک جار ئۆپۆزسیۆن کاریگەریی هەبووەو، لە گشتێتی خۆشیدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووه. واتە بەگشتی لە ماوەی 18 ساڵی دوای ڕاپەڕیندا کاریگەرێتییەکی زۆر بەهێزی لەسەر دەسەڵات نەبووەو، هەمیشە تەرازووەکە بەلای دەسەڵاتدا شکاوەتەوە.
دەسەڵاتداران لە کوردستاندا کۆمەڵێک ئەزموونیان لە کاری سیاسیدا هەبووه، پێشینەی دەیان ساڵیان لەم بوارەدا هەبووە. ئەم ئەزموونەی دەسەڵات لایەنی خەباتی چەکداری و کاری سیاسی و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی گرتووەتەوه، کە بوونی پێگەی ڕێکخراوەیی حزبی و ژمارەیەکی زۆر شەهید لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا، هۆکاری بەهێزی ئەوان و لاوازیی ئۆپۆزسیۆن بووە تا ڕادەی ئەوەی کە هیچ دەنگێکی بیستراوی ئۆپۆزسیۆن لەئارادا نەبووە، هەر بۆیە ئیمڕۆش ئه و دەنگە بە کزی دەبیستین و ڕۆڵێکی کاریگەری لەسەر دەسەڵات نابینین ؛ بەڵام ئەمە ئه و ڕاستییە ناشارێتەوە کە ئۆپۆزسیۆن لە ڕاپەڕینەوە تا ئێستا لە بەرامبەر ئه و دوو حزبەی دەسەڵاتیان لە کوردستاندا بەدەستەوە بووه، بوونی هەبووه و هەندێک جاریش کاریگەرێتی خۆی لەسەر ماجەرای ڕووداوەکان داناوە.
ئەگەرسەیری پانۆرامای بارودۆخی سیاسی کوردستان بکەین، دەبینین ئۆپۆزسیۆن لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە شێوەکانی مانگرتن و خۆنیشاندان و ئیعتیرازاتی جەماوەریی گەورەدا خۆیدەرخستووە، ئەمە جگە لەوەی جۆرنالیزمی ئۆپۆزیۆن، جۆرنالیزمێکی کاریگەر بووه و توانیویەتی چاودێرییەکی تەواوی دەسەڵات بکات و، کەموکووڕییەکانی دەسەڵات ئاشکرا بکات و ئیعتیرازاتی خۆی لەسەر ئه و کەموکووڕییانە بەباشی نیشانبدات ؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێشتا تەرازووی هاوکێشەی سیاسی لە کوردستاندا بەلای دەسەڵاتدا دێتەوە، واتە ئۆپۆزسیۆن کاریگەرییەکی بەرچاوی له و هاوکێشەیەدا نەبووەو دەسەڵات هەوڵی داوە لە پەراوێزدا ڕایبگرێت.
دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا توانای گەورەی لەبەردەستدایە هەر لە توانای داراییەوە تا توانای ڕاگەیاندن، هەروەها توانیویەتی هەندێک پشتگیریی دەرەوەش بۆ خۆی مسۆگەر بکات بە تایبەتی لە سەردەمی ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا. ئەم تواناییانەی دەسەڵات کاریگەرێتی لەسەر سنووردارکردنی کاری ئۆپۆزسیۆن هەبووه، بە تایبەتی کە ئۆپۆزسیۆنیش بۆ خۆی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو نەبووە، ئۆپۆزسیۆنێکی پەرتەوازە بووە، ئۆپۆزسیۆنێک کە لە تەیفێکی زۆر زۆر فراواندا خۆینواندووە، لەوپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاستی تێدابووە، تێیدا ئۆپۆزسیۆنی چەپ لاوازبووە بۆیە زێتر وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ئیسلامگەرا خۆینیشانداوە، لە کاتێکدا ئەوەی بە دەردی خەڵکی کوردستان دەخوات ئۆپۆزسیۆنێکی سێکولارو چەپ و سۆسیالیستییە نەک زاڵبوونی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامگەرا یان ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستڕەوی نەتەوەیی، بەتایبەتی لە هەلومەرجێکدا کە دەسەڵات خۆی سروشتێکی نەتەوەیی و سازشکارانەی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا هەیە.
ئاڵای ئازادی : لە دوای ڕاپەڕینەوه و بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا، باس لە فەزایەکی دیموکراتی دەکرێت لە هەرێمی کوردستاندا، ئایا ئه و فەزا دیموکراتییە بواری داوه به و لایەنانەی دەیانەوێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسی وەک ئۆپۆزسیۆن کاری خۆیان بکەن ؟
فوئاد قەرەداغی : سەرەتا ڕەنگە لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئه و دوو چەمکە (دیموکراتی و ئازادی) ئیعتیرازم هەبێت. ئایا دیموکراسی لە کوردستاندا هەیە ؟ ئایا ئازادی بە واتا فراوانەکەی وجودی هەیە ؟ پێموایە ئازادی بەشێوەیەکی ڕێژەیی (نسبي) لە کوردستاندا هەیە، بایی ئەوەندە هەیە کە مەترسی لەسەر دەسەڵات دروست نەکات، له و شوێنانەی بچوکترین مەترسی لەسەر دەسەڵات دروست بکات زۆر بە توندی بەرپەرچدەدرێتەوە، نموونەش زۆرە لەسەر ئەوە هەر لە گوللەبارانکردنی کرێکارانی کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەوە تا دەگاتە بەرەنگاریی خۆپیشاندانی شارو شارۆچکەکانی کوردستان وەک کەلارو ڕانیە و هەڵەبجەو...هتد، بە تەقەلێکردن و دەستگیرکردن و پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانیان. ئەوانە هەمووی بەڵگەی ئەوەن ئازادی لەلای ئێمە، لە هەرێمی کوردستاندا، ئازادییەکی سنووردارە، ئازادییەکە لە بازنەی ئەوەدا کە تا چەند دەتوانیت لەگەڵ ویستی دەسەڵاتدا بیگونجێنیت، چونکه ئەگەر دەسەڵات بزانێت مەترسی هەیە، بەبێ دوودڵی کپی دەکات. سەبارەت بە دیموکراسیش، قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن دوو حزبەوه و ڕێگەنەدان بە حزبەکانی دیکە کە دەورو کاریگەرێتییان هەبێت و، سیاسەتی بە پاشکۆکردنیان، بەڵگەی ئەوەن کە دیموکراتیش لەم وڵاتەدا لەنگه و پڕبەپڕی واتاکەی خۆی لەئارادا نییه.
لەبنەڕەتدا، دیموکراتی واتای هەڵبژاردن دەگەیەنێت، بۆیە بە بۆچوونی من تا ئێستا لە کوردستانداو بۆ هیچ بوارێک هەڵبژاردنێکی تەواو ئازاد نەکراوه. پڕۆسەی هەڵبژاردن کە یەکێک لە کۆڵەکەکان (پایەکان) ی دیموکراسییە، زۆرجار بەلاڕێدا براوە و ئەنجامەکانی، ئەنجامی ڕاستەقینەی دەنگدانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نەبووە، چونکە بۆ بەدەستهێنانی ئه و ئامانجانە جۆرنالیزمی کوردی و پایه و نفوزی حزبە دەسەڵاتدارەکان و، هەندێک جار پەخشکردنی پاره و چاوسوورکردنەوە بەکارهێنراوە. لەبەرئەوەش ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەپێچەوانەی ئیرادەی خەڵکەوە بووه و ئەوەندەی لە دیموکراسی دەگەین و چاوەڕوانیی لێدەکەین، نەچووەتە خزمەتی ئه و خەڵکەی کە دەنگیانداوە. نموونەی بەرچاو بۆ ئەمە دەنگدان بوو بۆ دەستووری هەمیشەیی عێراق. ئه و دەستوورە هەر کەسێک بێلایەنداری و بە ویژدانەوە بیخوێنێتەوە لەوە تێدەگات کە شتێکی ئەوتۆی بۆ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان تێدا نییه بەڵام خەڵکیش دەنگیان بۆ داوە چونکە حزبە دەسەڵاتدارەکان وەهایان ویست و بۆ ئەوەش بە تەواوی توانا دارایی و حزبییەکانیانەوە، بە مراوەغەی سیاسی و هاوپەیمانێتییە جۆراوجۆرەکانیانەوە، توانییان خەڵک بۆ دەنگدان ڕاپێچ بکەن و دەنگ بۆ پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق مسۆگەر بکەن. لێرەدا دیسان دەڵێم : ئه و دیموکراسییەی باسی دەکەین سنوورداره و زێتر بەپێی خواستی حزبە دەسەڵاتدارەکانە نەک بەپێی خواست و ئیرادەی خەڵک، بۆیە لەسەر ئه و دوو وشەیە ڕادەوەستم و پێموانییە لە کوردستاندا ئازادی و دیموکراسیی بە واتا ئەسڵییەکەی خۆیان هەبن، بەتایبەتی ئەگەر لە چەمکی ئازادی بکۆڵینەوەو، ئازادی لە بارە سیاسییەکەیدا ببەزێنین و بڕۆین بەره و چەمکە دارایی و کۆمەڵایەتییەکەی، کە ئەمەی دواییان بە ئاشکراترین شێوە لە نموونەی بڕیاردانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئازادکردنی فرەژنیدا دەردەکەوێت. لە واقیعدا ئەم بڕیارەی پەڕلەمان بۆ خۆی لێدانێکی گەورەی ئازادی بوو، لێدانی ئازادی نیوەی کۆمەڵ بوو، بگرە بە لێکدانەوەیەکی فراوانتر، لێدانی ئازادی هەمووکۆمەڵ بوو بەهەردوو ڕەگەزەکەوه. بۆیە دەتوانم پێ لەسەر ئەوە دابگرم کە نموونەیەکی پڕ کەموکووڕی ئازادی و دیموکراسی لەم وڵاتەدا پەیڕەودەکرێت کە تەنانەت لەگەڵ چەمکە ڕۆژئاواییەکەشیدا ناگونجێت کە دەسەڵاتی کوردی بەدوای لاساییکردنەوەیەتی.
ئاڵای ئازادی : ئەگەرچی لەلایەن پەڕلەمانی کوردستانەوە یاسایەکی تایبەت بەرێکخستنی کاری حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەرچووە، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی یاسایەک لە هەرێمی کوردستاندا نەبووه کە بودجەی حزبە سیاسییەکان ڕێکبخات، ئەوەش تا ڕادەیەک کاریگەری لەسەر دەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن دروستکرد، کە حزبی دەسەڵاتدار وەک کارتێکی فشار بەکاریهێناوە، ئایا نەبوونی یاسایەک بۆ دابەشکردنی بودجە تا چەند کاریگەری لەسەر ئۆپۆزسیۆنبوون هەیە ؟
فوئاد قەرەداغی : ناتوانین نکوولی لەوە بکەین کە مەسەلەی دارایی و بودجە دەورو کاریگەریی نییە، بە تایبەتی بۆ هەموو ئه و حزب و ڕێکخراوانەی کە لەسەرەتای کاردان و بە ئاشکرا کاردەکەن. واتە بودجه و توانای دارایی زەروورەتێکی کارکردنە، بەڵام مەسەلەکە لەوەدا کۆنابێتەوە کە گەشەنەکردنی ئه و حزبانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوە نییە بە هۆکاری نەبوونی بودجه و بێتوانایی دارایی بێت. پێموایە ئەوە نابێتە هۆکاری سەرەکی چونکە ئه و هۆکارە سەرەکییە پەیوەندی بە بزووتنەوەی جەماوەرییەوە هەیە. بزووتنەوە فراوانە جەماوەرییەکان، ئامانجەکانی، شێوازەکانی کارکردنی و بارودۆخی بابەتی کاری سیاسی و کۆمەڵێک هۆکاریدیکە، هەم سەرچاوه و هەم مەرجی ژیان و گەشەکردن و چوونە پێشەوەی حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانن.
لە گۆڕەپانی کوردستاندا ئه و حزبانەی کاردەکەن زۆر لە یەکتری دەچن، یەک جەماوەرو تارادەیەکی زۆر نزیک یەک بەرنامه و پەیامیان هەیە. بۆ نموونە، ئەگەر سەیری بەرنامەکانی حزبی زەحمەتکێشان، حزبی سۆسیال دیموکرات، یەکێتیی نیشتمانی بکەین، دەبینین بەڕێژەیەکی بەرچاو لەیەک دەچن و هێڵێکی جوێکەرەوەی دیار لەنێوانیاندا نییە. بۆیە دەتوانین بڵێین حزبەکان سیمای ناوکۆییان هەیه و جیاوازییەکانی نێوانیان، بۆ خەڵکی، جیاوازییەکی ڕوون و دیار نییە، ئەگەر جیاوازییەکیش هەبێت، جیاوازی شکڵییه و پەیوەندی بە بونیادەوە نییه و دەتوانین ئامانجە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان لە بەرنامەکانی پارتی و یەکێتیدا ببینین، بەم واتایە جیاوازی لە نێوانی ئەم بەرنامانه و بەرنامەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدا نییە، هێڵێکی سیاسی – ئابووری – کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا نییە، ئەمەش بواری گەشەکردن و چوونەپێشەوە بەرتەسکدەکاتەوە و ساڵ دێت و ساڵ دەڕوات و هەر لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە ؛ ئەمە جگە لەوەی کە حزبەکانی دەسەڵات لە چەند هۆکاریدیکە بەهرەمەندن کە حزبە بچوکەکان بۆیان ناڕەخسێ و ناتوانن لە گۆڕەپانەکەدا جێیان پێ لەق بکەن.
من له و باوەڕەدام مەسەلەی داراییەکی بەهێزو بودجە له و خاڵەوە دەتوانێت کاریگەریی هەبێت کە بزووتنەوەیەکی جەماوەری تەواو جیاوازی لە پێگە کۆمەڵایەتییەکەی دەسەڵات هەبێت، ئامانج و ئاسۆیەکی جیاوازی بۆ دواڕۆژی کۆمەڵگای کوردستان هەڵگرتبێت و، وەڵامی گونجاوو لەباری بۆ کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان پێبێت، بتوانێت ئامانج و خواستەکانی گەنجان و ژنان و منداڵان و سەرجەمی توێژە کۆمەڵایەتییەکان بە جۆرێک دابڕێژێت و لەخەباتی خۆیدا بەرجەستەی بکات کە لەبەرامبەر حزبەکانی دەسەڵاتدا جەمسەربەندییەکی ئاشکراو دیاری پێکهێنابێت.
ئەم شێوە حزب و ڕێکخراوانە کە پشت بە بزووتنەوەیەکی وەها ببەستن، ڕەنگە ئەمڕۆ بە هێواشی بچنە پێشەوە بەڵام لە دواڕۆژدا گەشەدەکەن تەنانەت ئەگەر بودجەیەکی مەمره و مەژیشیان لەبەردەستدا نەبێت، چونکە کاتێک بزووتنەوەی فراوانی جەماوەری لەسەر ئەم پێگەیە دروست دەبێت، بۆ خۆی حزبەکە دەژێنێت، وەک ئەوەی سەردەمی خۆی و بەر لە نیوسەدە، هیچ یەکێک له و حزبانەی کاریان دەکرد بودجەی دیاریکراویان نەبوو، بە پارەی ئەندامان و لانگیران و دۆستانیان بەڕێوەدەچوون. لێرەدا پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە ئایدیای شۆڕشگێڕانە ڕۆڵی خۆی هەبوو. ئه و ئایدیایە لە ئایدیای ئەمڕۆ بەهێزتر بوو. ئه و ئایدیا شۆڕشگێڕانەیە وا لە مرۆڤ دەکات بڕوای شۆڕشگێڕانەی هەبێت، خۆنەویست بێت، بارودۆخی حزبەکەی و وڵاتەکەی ڕەچاوبکات و لە نەبوونیدا بە شتی کەم ڕازی بێت، کە ئیمڕۆ ئەوانە لە کایەدا نییە و بەجۆرێکی دیکەیە. ئەمڕۆ هەر کادیرێکی ئەم حزبانە دەگریت ئامادە نییە بە دەرامەتێکی کەم ڕازی بێت، دیارە هۆکارەکانی ئەم هەڵوێستەش زۆرن و لەڕووی بونیادییەوە لەگەڵ ڕابردوودا جیاوازییان هەیە، بۆیە هەر حزبێک بیەوێت به و حاڵەتە لاوازەی خۆشیەوە بمێنێتەوە ناچار دەبێت چەندین ڕێگا بگرێتەبەر کە هەڵوێستەکان و هاوپەیمانێتییەکان چ وەک ئۆپۆزسیۆن و چ وەک هاوپەیمان یان پاشکۆی دەسەڵات دەکەونە چەقی ئه و چەندین ڕێگایەوە.
ئاڵای ئازادی : ئایا ئۆپۆزسیۆن پێویستی بەوە هەیە لەلایەن دەسەڵاتی باڵادەستەوە سنوورو چوارچێوەیەکی بۆ دیاریبکرێت تا کاری سیاسی خۆی له و سنوورەدا بکات ؟
فوئاد قەرەداغی : ڕەنگە ئۆپۆزسیۆن لەم دەورەیەی پەرلەماندا نەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت. دەسەڵات هەر بەم شێوەیەی ئێستا دەمێنێتەوە، حزبەکانی دەسەڵات، ئەگەرچی هەندێک گیروگرفتی ناوخۆییان هەیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردن بەشێکی ئه و گرفتانە چارەسەر دەکەن، یان جۆرێک لە نزیکبوونەوه و موساوەمە لەنێوان خۆیاندا دروستدەکەن، بۆ ئەوەی دەسەڵات لە کوردستاندا، هەروەک پێشوو، بەدەست هەردوو هێزە گەورەکەوە بمێنێتەوە، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئه و دوو دەسەڵاتە یان ئه و دوو هێزە، هیچ یەکێکیان، ئامادە نین دەسەڵاتی یەکلایەنەی ئەویتریان قبوڵ بکەن، لەبەر ئەوە ناچارن لەبەرامبەر بارودۆخی کوردستان و ئه و ململانێیەی ئێستا لەنێوان هەرێم و ناوەنددا هەیە، بەیەکەوە دابەزن و هەڵبژاردن ببەنەوە. من پێموایە ئەوان بۆ مەودایەکی مێژوویی دیکە فەرمانڕەوای کوردستان دەبن و دەسەڵات بەدەستیانەوە دەمێنێتەوه و حزبەکانی دیکە ناتوانن دەورێکی کاریگەری ئەوتۆیان هەبێت ؛بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێک، چەندیش بچووک بێت، لەناو پەڕلەماندا کارێکی زەروورییە.
لەڕاستیدا هەموو ئۆپۆزسیۆنێک بەکەڵکی ئێمە نایەت، وەزعەکە ئۆپۆزسیۆنێک دەخوازێت کە بتوانێت گۆڕانکاری بکات و تەکانێک بەباری ڕاوەستاوی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بدات، واتە ئۆپۆزسیۆنێکی ئیجابی بێت. لە دەورەی پێشووی پەڕلەماندا ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی هەبوو بەڵام هیچ کاریگەرییەکیان بەشێوەی ئیجابی نەبوو، ڕەنگە بەشێوەی سەلبی کاریگەرییان هەبووبێت، بۆ نموونە دەوریان هەبووبێت لە پەسەندکردنی فرەژنی لەلایەن پەڕلەمانەوە. بۆیە ئۆپۆزسیۆنێکی عەلمانی، چەپ و سۆسیالیستی، ئه و بەدیلەیە کە دەیخوازین، بۆ ئەوەی لانی کەم دەنگێک هەبێت لەپەڕلەماندا تا هەموو شتێک بەئاسانی تێنەپەڕێت، دەنگێک کە لە مینبەری پەڕلەمانەوە موخاتەبەی کۆمەڵانی خەڵکی بکات و کەموکووڕییەکانیان پێبڵێت.
ئاڵای ئازادی : ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بەشداربێت لەدەسەڵاتی بەڕێوەبردن و سیاسی و یەکە ئیدارییەکانی ناوچەکانداو ئه و کاتەش بڵێت ئۆپۆزسیۆنم ؟
فوئاد قەرەداغی : بۆ ئەمە با سەیری دەسەڵاتەکان بکەین. لەوڵاتدا دەسەڵاتی یاسادانان، تەنفیزی، یاسایی هەیە. بەپێی عورفی دیموکراتی دەبێت دەسەڵاتی یاسایی دەسەڵاتێکی ئازاد بێت و پەیوەندی بەوانی ترەوە نەبێت، دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش دەسەڵاتی حزبی باڵادەستە لە وڵاتدا ؛ لە عورفی دەسەڵاتی دیموکراتیدا، ئەوەی هەڵبژاردن دەباتەوە، ئەوە دێت کاری جێبەجێکردن دەگرێتە ئەستۆی خۆی. ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت لە بواری دەسەڵاتی یاساداناندا دەوری خۆی ببینێت. ئه و هێزانەی وەک ئۆپۆزسیۆن دەچنە پەڕلەمانەوە، دەتوانن لەکاتی دانانی یاساکاندا کاریگەرییان هەبێت، ئەگەرچی بەهۆی کەمیی دەنگیانەوە نەتوانن سەرکەون و زۆرینەیەک کە سەر بە دەسەڵاتن بیبەنەوه.
ئاڵای ئازادی : لەزۆرێک لە وڵاتاندا ئۆپۆزسیۆن بەشێکی زۆر لە پۆستە باڵاکانیان بەدەستەوەیه و وەک ئۆپۆزسیۆنیش کاردەکەن، ئەگەر حزبێک لە هەموو پێکهاتەکانی وڵاتدا بەشداربێت، دەتوانێت وەک ئۆپۆزسیۆنیش خۆی نیشان بدات ؟
فوئاد قەرەداغی : لێرە لە کوردستاندا زۆر شتی دنیا لە خوێنەری کوردو خەڵکی کوردستان دەشاردرێتەوە کەلەڕاستیدا ئەم دنیایە به و شێوەیە نییە کەلە ڕۆژنامەکانی کوردستاندا نمایش دەکرێت و، وەهای نیشان دەدەن کە دنیا بریتییە لە ئەمریکاو ئینگلیزو ئه و ڕۆژئاوایەی کە هەیه و جاران پێیدەوترا ئیمپریالیزم. ئەمڕۆ لە دنیادا حەرەکەیەکی زۆر بەهێزی جیهانی هەیە لە دژی ئیمپریالیزم و دەسەڵاتەکەی. لەبندەستی ئەمریکای گەورە دەوڵەتی ئەم جیهانەدا، کۆمەڵێک بزووتنەوە لە ئەمریکای لاتیندا هەیە کە لە ڕۆژنامەگەریی (جۆرنالیزمی) کوردستاندا باسنەکراوه و باسناکرێت وەک ئەوەی کە لە ڤەنزوێلاو مەکسیک و پۆلیڤیا دەگوزەرێ. جاران تەنها کوبا هەبوو، ئێستا چەندین کوبا دروستبووە. لە ئەمڕۆدا بزووتنەوەی چەپ لەگەشەکردندایە، لەلایەکی ترەوە بزووتنەوەیەکی گەورەی جیهانیی دژ بەجیهانیبوون هەیە. ئەم بزووتنەوە جیهانییە بزووتنەوەیەکە کەسانی هەمەجۆر تێیدا بەشدارن و هەموویان چەپ نین. لەهەر شوێنێک کۆنگرەیەک، کۆبوونەوەیەکی سەندووقی پولی نێودەوڵەتی، بانکی ئاوەدانکردنەوە، ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی هەبێت، دەبینین لەوێ ماندەگرن و دژ بە سیاسەتە ئابوورییەکانیان خۆپیشاندان دەکەن، واتە ئۆپۆزسیۆنێک لەدەرەوەی بوونی جیهانگیریدا هەیە. ئه و حزبانەی لە ئەمریکاو بەریتانیا حوکم دەکەن جۆرێک لە ئۆپۆزسیۆنی شکڵی پەیڕه و دەکەن، چونکە ئه و حزبانە خاوەنی یەک بەرنامەن و یەک مەرجەعییەتیان هەیە کە چینی سەرمایەداریی ئه و وڵاتەیە ؛ یەک خێزانن و دەسەڵات دابەش دەکەن، هەر چەند ساڵ جارێک یەکێکیان دێتە پێشەوه و کامیان له و قۆناغەدا زیاتر خزمەت بە چینی باڵادەست بکات ئەوەیان دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت وەک ئەوەی ئێستا لە ئەمریکادا بوونی هەیه و ڕەشپێستەکان دەسەڵاتیان بۆ ڕەخسێنراوە، ئەگینا ئۆباما نەدەگەیشتە ئه و پایەیه و ئه و هەموو پارەیەی بۆ خەرج نەدەکرائەگەر چینی باڵادەست نەیانزانیایە لەم کاتەدا بوونی سەرۆکێکی ڕەشپێست سوودی بۆ سیستمی وڵاتەکەیان دەبێت. ئۆپۆزسیۆن لەوێ شکڵییه و جیددی نییە بۆیە دەکرێت کەسانی حزبی بەرامبەر بەشداری حوکم بکەن بەبێ ئەوەی بەرنامەی حکومەت لەنگی تێبکەوێت و لە هێڵی سەرەکی لابدات، واتە دەشێت لە ئۆپۆزسیۆنەوە خەڵکانێک بهێنن و پۆستی زۆر گرنگیشی پێبدەن. ئۆپۆزسیۆنی جیددی ئەوەیە کە لەبەرنامەدا جیاوازی هەبێت، لە ئاسۆی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، له و ئاسۆیانەوه جیاوازییەکی بنەڕەتی هەبێت، ئه و کاتە سیفەتی ئۆپۆزسیۆن هەڵدەگرێت و لەگەڵ دەسەڵاتدا ئاوێتەی یەکتری نابن. لەم باری سەرنجەوە، تەنها ئۆپۆزسیۆنی جیددی دەتوانێت دەور ببینێت، ئەم ئۆپۆزسیۆنە دەبێت ئاگاداری ئەوە بێت بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵانی خەڵک لەدەست نەدات.
بۆ ئێمە لە کوردستاندا کە بارودۆخێکی دیاریکراومان بۆ دروستبووە، بارودۆخێکی سیاسی کە حکومەت و پەڕلەمانی کوردستان بەشێکێتی، مەترسی چاوەڕوانکراومان لەسەرە، ئەم مەترسییە لەلایەن شۆڤێنییەتی عەرەب و وڵاتە دراوسێکانەوەیە، جگە لەوەی مەترسی ئەوەمان لەسەرە کە بە هۆی سیاسەتی غەڵەت و گەندەڵیی ناوخۆوە، ئەزموونەکە هەڵبوەشێتەوه و بیانوو بەدەستەوە بدات تا لەناوببرێت. دەبێت ئۆپۆزسیۆن ئاگاداری ئه و بارودۆخە بێت و نەهێڵێت تێکبچێت، چونکە بە تێکچوونی، تەنها بە زیانی دەسەڵات تەواو نابێت بەڵکو بە زیانی خودی ئۆپۆزسیۆن و جەماوەری خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان دەگەڕێتەوە.
ئۆپۆزسیۆنی جیددی، دەبێت بەرنامەی تایبەتی خۆی هەبێت کە جیای بکاتەوە لە دەسەڵات و بەرنامە تەنفیزییەکەی سەبارەت بەوەی حکومەت (دەزگای تەنفیزی) بەرنامەی تایبەتی خۆی هەیە. بۆ نموونە حکومەتی ئێستای هەرێم بەرنامەیەکی تایبەتی خۆی هەیە و ئەوەی داهاتووش بەرنامەیەکی تایبەتی خۆی دەبێت. هەمیشە بەرنامەی حزب بەرنامەیەکە بۆ دەسەڵات، لەبەر ئەوە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بێت بەرنامەکەی جیاواز دەبێت، بۆیە گەر گریمانی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنێکی جیددی لە کوردستاندا دابنێین، دەبێت چاوەڕوانی جیاوازی بین لە سەرجەمی بەرنامەکاندا (دیسان بۆ نموونە) لە کایەی کشتوکاڵدا یان لە کایەی تەندروستی و پەروەردەوفێرکردندا. لەم بوارەی دواییاندا دەبێت ئۆپۆزسیۆن وەڵامی ئه و پرسیارە بداتەوە کە چ جۆرە پەروەردەوفێرکردنێکمان دەوێت ؟ ئه و پەروەردەیەی لە کوردستاندا هەیە کلاسیکییە یان پێشکەوتوو و گونجاوە لەگەڵ گیانی سەردەمدا ؟ ئه و گۆڕانەی لە ئارادایە شکڵییە یان ڕیشەیی ؟ ئۆپۆزسیۆنی جیددی لەم بارەیەوە زوو دەگاتە ئه و ئەنجامەی کە دەبێت بەرنامەکەی لە بواری پەروەرەوفێرکردندا دەبێت ڕیشەیی بێت و بڕیاری پەروەردەیەکی عەلمانی بدات، واتە خاڵێکی بەرنامەکەی جیاکردنەوەی ئایین بێت لە دەوڵەت و پەروەردەوفێرکردن، هەر بۆیە ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت لە سایەی دەسەڵاتی بەرامبەرەکەیدا پۆستی پەروەردەوفێرکردن وەربگرێت و بەم جۆرە لە هەموو بوارەکانی دیکەی فەرمانڕەوایەتیشدا.
ئاڵای ئازادی : بەشداری خەڵکی جیا لە پارتی و یەکێتی لە ئاستەکانی خوارەوەی دەسەڵات چ گۆڕانێک بەرهەمدێنێ ؟
فوئاد قەرەداغی : لە واقیعدا دوو شت هەیە دەبێت لە یەکتری جیابکرێنەوە : ئیشی سیستەماتیک لەگەڵ ئیشی فەردی. تۆ وەک تاکەکەس کە لە شوێنێکدا هاوبەشیی دەکەیت، لە سنووری بیروبۆچوونی خۆتدا دەتوانیت هەندێک کاریگەریت هەبێت کە لە دواییدا وەها دەشکێتەوە کەله و سنوورەی دەسەڵاتی یاسایی خۆتدا کارێکی باشت کردووە ؛ ئەوەیتریان کارێکی سیستەماتیکه و پێویستیی بە دەسەڵات هەیە، واتە یەک گۆڕانکاریی بەرنامەڕێژکراوت هەیه و دەبێت لە ڕێگەی ئەندام و لایەنگرانی خۆتەوه جێبەجێی بکەیت. هەر لە بواری پەروەردەوفێرکردندا (کە بواری پسپۆڕێتیمە بۆیە بە نموونە دەیهێنمەوە) کۆمەڵێک خەڵکی سکۆلارو چەپ دەتوانن کاریگەریی تاکەکەسییان لەسەر دەوروبەرەکەیان لە سنوورێکی دیاریکراودا هەبێت، چونکە هەموو سیستمەکە لەگەڵ ئه و بیروبۆچوون و ڕەوتەدا نییە کە ئەوانی لەسەر دەڕۆن، ئەوان ڕەوتێکی جیاوازیان هەیە لەبەر ئەوە هەوڵەکانیان دەبێتە شتێکی تاکەکەسی و بە گۆڕانکاریی لە سیستمەکەدا تەواو نابێت، بۆیە کاتێک باس لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەکەین، دەبێت بە شێوە سیستماتییەکە سەیری بکەین نەک بە شێوەی تاکەکەسی.
ئاڵای ئازادی : ئێستا باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان دەکرێت لە هەرێمی کوردستان، ئایا بە بۆچوونی تۆ ئەنجامی ئه و هەڵبژاردنە هیچ گۆڕانێک لە کوردستاندا دروست دەکات ؟
فوئاد قەرەداغی : لەڕاستیدا ناتوانرێت بڕیاری ڕەها لەم بارەیەوە بدرێت یان بە ڕەهایی پێشبینییەکی دیاریکراو دەربڕیت، چونکە یەکێک لە سیفەتەکانی کاری سیاسی ئەوەیە کە ئەگەری زۆری تێدەکەوێت، جگە لەوەی بارودۆخی سیاسی ناوخۆو و تەنانەت بارودۆخی ناوچەیی و جیهانیش کاردانەوەیان دەبێت. بۆیە ناتوانم بە ڕەهایی بڵێم گۆڕانکاریی دەبێت یان نە، بەڵام بە مەزەندەی سیاسەتێک کە تێیدەگەم زۆرو کەم ئه و ئەگەرە نابینم کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەم وڵاتەدا، لە سایەی ئه و پەڕلەمانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا دێتەکایەوە، ڕووبدات، لانی کەم بۆ سێ تا چوار ساڵی داهاتوو.
ئاڵای ئازادی : لەسەروبەندی باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستاندا باس لە دروستبوونی لیستی جیاواز لە لیستی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار دەکرێت، ئایا ئه و لیستانە لە چ ڕێگایەکەوە دەتوانن زۆرترین ڕێژەی دەنگ بەدەستبهێنن تا گۆڕان لە هەیکەلی پەڕلەمان و حکومەتدا دروست بکەن ؟
فوئاد قەرەداغی : پێموایە دروستبوونی لیستێک یان چەند لیستی جیاواز کارێکی باشە (دیارە لە ڕووی مەفهومی سیاسی پەرلەمانییەوە کە ئێستا لە کوردستاندا جێبەجێدەکرێت) ئەگەر ئه و لیستانە بتوانن چەند ئەندامێکی خۆیان بگەیەننە ناو پەڕلەمان، بەمەرجێک پابەند بن به و هێڵانەوە کە ئه و لیستانە بۆ خۆیانی دیاریدەکەن و بەڕاستی ئۆپۆزسیۆنێک لە ناو پەڕلەمانی داهاتوودا دروست بکەن و لە بەرامبەر دەسەڵاتی حکومەتدا ڕاوبۆچوونیان هەبێت و ئەکتیڤ بن.
ئاڵای ئازادی : خەڵکی هەرێمی کوردستان گلەیی و ناڕەزایی زۆریان لە ئەدای کاری پەرڵەمان و حکومەت هەیە، بەتایبەت لەسەر پێشکەشکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، ئایا ئه و گلەیی و ناڕەزاییەی خەڵک تا چەند لیستە جیاوازەکان دەتوانن ئه و هەلە بقۆزنەوە، هەروەها حزبە باڵادەستەکان چۆن دەتوانن کاری بۆ بکەن ؟
فوئاد قەرەداغی : لەڕاستیدا دانانی بەرنامە کارێکی زەروورییە بۆ خەباتی سیاسی و پەڕلەمانی، دانانی بەرنامەی هەڵبژاردن لەسەر بنچینەی گلەییەکان، ڕەنگە مەودایەکی کورتی هەبێت و دوای بڕینی ئه و مەودایە کاریگەرێتی نەمێنێت. ئەگەر دەسەڵات کەمێک وریابێت و بتوانێت بەشێک له و شتانەی لەسەر بنەمای گلەیی دروست دەبێت چارەسەربکات، گلەییەکان پووچەڵدەکاتەوه و، دەورو کاریگەرێتی ئه و لیستانەی لەسەر بنەمای گلەیی کاردەکەن کلۆرو مایەپووچ دەکات. لەم پڕۆسەیەدا دەبێت لەسەر بەرنامەیەکی جێگیر کاربکرێت.
ئاڵای ئازادی : بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستای هەڵبژاردن، بە لیستی کراوە بێت یان داخراو، کامیانت پێباشترە ؟
فوئاد قەرەداغی : ئه و شێوازە باشترە کە نوێنەرایەتیی حەقیقی لێدەکەوێتەوە، بۆیە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا، ئاسایی وەها دەبینم کە بە لیستی کراوە بێت. ئەمە لە بەرژەوەندیی نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەیە بۆ خەڵکی، نەک هەر بۆ لیستەکانی دەرەوەی دەسەڵات بەڵکو بۆ ئه و حزبانەشی ئێستا لەدەسەڵاتدان. پێویستە لەهەموو ئاستەکاندا بەپێی ناو، بەپێی بازنەی هەڵبژاردن، کاندیدەکان دەنگیان پێبدرێت، ئەمە باشترە لەوەی لەلایەن حزبەکانەوە لیستی کاندیدکراوەکان دەستنیشانبکرێت، ئەوەی کە خەڵک دەنگ بە نوێنەری خۆی بدات کارێکی زۆر گرنگە، چونکە ئەوە یەکێکە لە پرنسیپەکانی دیموکراسیی بۆرژوازی کە تۆ بەشداریی بکەی لە هەڵبژاردنی نوێنەری خۆت بۆ پەڕلەمان نەک حزب بەناو نوێنەرت بۆ دیاری بکات و، ئه و کاتەشی کە دەنگ دەدەیت نازانیت دوایی حزب کێ دەکاتە نوێنەرت لە پەڕلەماندا، لەبەر ئەوەی تۆ پێشەکی حزبت کردووە بە نوێنەری خۆت و ئیتر مەرج نییە ئەندامەکانی پەڕلەمان کە حزب دایان دەنێت خەڵک لێیان ڕازیبێت و دوور نییە کەسانی وەهاشی تێبکەوێت کە پێشینەی نیشتمانیبوونیان نەبێت یان ڕابردوویەکی باشیان نەبێت. بۆیە دووپاتی دەکەمەوە کە لیستی کراوە باشترە و پێویستە خەڵک دەنگی ڕاستەوخۆی خۆی بە نوێنەرانی ناسراو، بە ناوو بەپێی بازنە بدات، واتە دەبێت خەڵک بزانێت ئه و کەسانە کێن کە دەنگیان پێ دەدات، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە وەک ئەوەکانی پێشووبێت و حزب لیستەکان دابنێت ئەوا بە هەمان هەڵەکانی ڕابردوودا دەچینەوه و شتێک بە شتێک ناکەین.
ئاڵای ئازادی : لە وڵاتانی ترداو لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بانگەشەیەکی ڕوون بۆ پاڵێوراوەکان دەکرێت و لە هەندێک شوێنیش پاڵێوراوەکان لە مونازەرەکردندا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوه و قسە لەسەر ڕابردوو و ئه و بەرنامانە دەکەن کە دوای وەرگرتنی دەسەڵات جێبەجێیدەکەن، ئەم حاڵەتە بۆچی لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا بوونی نییە ؟
فوئاد قەرەداغی : بەدەر له و بەراوردکردنە (کە مەرج نییە هەموو کاتێک بەراوردکردن ڕاست بێت) دەڵێم : بەهۆی ئەوەی بارودۆخێکی تایبەتی لە کوردستاندا هەیە، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێک پاڵنەر (دوافع) ی سیاسییەوە کە کاریگەرێتی لەسەر تێکڕای وەزعەکە دادەنێن، بەهۆی ئەوەی ئاسەواری شەڕی ناوخۆ ماوە کە دوو لایەنی سەرەکیی دەسەڵاتی کوردی بەشدارییان تێداکردووه و ڕابردوویەکی لە مێژووی بزووتنەوەی چەکداریی کوردستاندا هەبووە، دوو لایەن کە هەردوولایان جەماوەرو بەرنامه و هێزی چەکداری خۆیان هەبووه و هەیە. پێموایە ئەوە بۆ گشتمان ڕوونە کە کوردستان به و بارودۆخە تایبەتەدا هاتووه و بۆیە ئه و شێوازانەی لە پرسیارەکەدا هاتوون بۆ ئیمڕۆی وەزعی دەسەڵاتداران نەگونجاوه و دوور نییە شەڕیتری لێبکەوێتەوە ؛ لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی مونازەرە - لەڕووی بابەتییەوە - شێوازێکی ڕاست و گونجاوە کە حزبەکان، لیستەکان، کاندیدەکانی پەڕلەمان پەیڕەویی بکەن و له و ڕێیەوە کێبەرکێی یەکتری بکەن. کاتێک دوو پاڵێوراو بۆ یەک پۆست خۆیان کاندید دەکەن مافی ئەوەیان هەیە قسە بۆ خەڵک بکەن و خەڵکیش ڕەخنەیان لێبگرێت، هەریەکەیان لایەنی بەهێزیی خۆی ولاوازیی بەرامبەرەکەی نیشان بدات تا خەڵکی بتوانێت بڕیاری هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی بدات، چۆن خەڵک دەتوانێت نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت کاتێک بۆی ڕوون نەبێت کە نوێنەرەکەی کێیە ؟ حزبەکان یان لیستە جیاوازەکانیش دەتوانن لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا شێوازی مونازەرە بەکاربهێنن، نوێنەرەکانیان باسی بەرنامەی خۆیان بۆ خەڵکی بکەن. لەڕاستیدا ئەم شێوازە تائێستا لەلای ئێمە وجوودی نەبووه و نییە ئەوەش ڕەنگە پەیوەندی بە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستانەوە هەبێت، ئەوە جگە لەوەی واقیعی ئیمڕۆ وەهایە کە خەڵک ئەوەندەی سەیری حزبەکان و کەسانی ناسراوی حزبەکان دەکەن، ئەوەندە گوێ بەوە نادەن بەرنامەکان چین و لە ئایندەدا چۆن حوکم دەکرێن.
ئاڵای ئازادی : ئەگەر ئه و لیستە نوێیانەی بڕیارە دروست ببن و بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن، لەبارێکدا نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن و لیستی حزبی باڵادەست سەرکەوت، پێتوایە هیچ گۆڕانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا ڕووبدات ؟
فوئاد قەرەداغی : من پێموانییە ئه و لیستە نوێیانەی بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن و وەک ئۆپۆزسیۆن کاردەکەن هیچ دەنگێک بەدەست نەهێنن، چونکە ئۆپۆزسیۆن تەنها کۆمەڵێک کەسی ڕۆشنبیر نین کە بەرامبەر دەسەڵات ڕاوەستابن، بەڵکو جەماوەرێکیشە کە ناڕازییە لە بارودۆخی سیاسی و ئابووریی کوردستان. کۆمەڵێک چین و توێژی کۆمەڵایەتی هەیە بەرژەوەندییان نەپارێزراوه و دەیانەوێت کەسانێک بهێننە سەرکار کە بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن، بۆیە ئه و لیستانەی دەیانەوێت وەک ئۆپۆزسیۆن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، بەدەستی بەتاڵ دەرناچن ؛ خۆ ئەگەر گریمان کەسیشیان دەرنەچوون، ئەوە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت لە دەرەوەی پەڕلەمان و حکومەت کاریگەریی هەبێت، لە هۆیەکانی ڕاگەیاندن و سەرشەقامەکاندا دەور ببینن هەروەک چۆن لەمەوبەر لەسەر شەقامەکان دەوریان هەبووه و چوونەتە بەردەم بینای پارێزگاکان و پەڕلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و... هتد و داواکانی خۆیان پێشکەشکردووە ؛ هەر ئەم خۆپیشاندانەش کەلەرابردوودا کراون بۆ خۆیان بەڵگەی جووڵانەوەیەکن کە دەکرێت تا ڕادەیەک وەک پشتگیریی بۆ لیستەکانی ئۆپۆزسیۆنی لەقەڵەم بدەین. لەسەر ئەگەری سەرکەوتنی حزبە دەسەڵاتدارەکانیش (راستتر دوو حزبەکە) لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەوێتە سەر پێشبینی کردن، ئەوەش بە پشت بەستن بە پڕاکتیکی ڕابردوو، ئه و پڕاکتیکەش مژدەی چوونەپێشەوە نادات، بە کورتی و پوختی من بە گۆڕانی بارودۆخەکە یان هیچ پێشکەوتنێک لە واقیعی ئیمڕۆی کوردستاندا گەشبین نیم.
ئاڵای ئازادی : بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان، هەڵپەساردنی دەنگ چۆن دەبینیت، کاتێک هاوڵاتییان نەچوونە سەر سەندووقەکانی دەنگدان و بەشدارییان لە هەڵبژاردندا نەکرد ؟
فوئاد قەرەداغی : هەڵپەساردن یان بایکۆتکردنی دەنگدان پەیوەندی بەبارودۆخەوە هەیە، ناتوانین بڵێین : لە هەموو حاڵەتێکدا بایکۆتکردن دروستە. بایکۆتکردن هەموو کاتێک بە موتڵەقی دروست نییە، ئەوە دەکەوێتە سەر هەڵسەنگاندنی ئه و بارودۆخە لەلایەن ئه و لایەنەی بڕیار دەدات بایکۆتی هەڵبژاردن بکات یان نەیکات، لەبەر ئەوە وەک بۆچوون و پرنسیپ بایکۆتکردن ئەگەرێکە لە ئەگەرەکان کە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت پەنای بەرێتەبەر بە مەرجێک ئه و بایکۆتکردنە خزمەت بەبارودۆخەکه و گەشەکردنی بزووتنەوەیەک بکات کە ئه و لایەنە تیایدا نوێنەرایەتی دەکات ؛ ئەگەر بایکۆتکردن خزمەت بە گەشەی بزووتنەوەیەک نەکات، دەبێتە هەڵوێستێکی سەرپێیی و هەڵە لە بەرامبەر دەسەڵاتدا.
لە ئیمڕۆی وەزعی کوردستاندا بایکۆتکردن کارێکی دروست نییە، بەپێچەوانەوە بەشداریی بکەیت باشترە، بەمەرجێک بزانیت دەنگ بەکێ دەدەیت و چۆن نوێنەرانێک دەگەیەنیتە پەڕلەمان، چەندە ئه و نوێنەرانە کەمیش بن.
بایکۆتکردن بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیه و له و بارودۆخە تایبەتەدا دەتوانرێت بڕیاری لەسەر بدرێت، نموونەیەکت بۆ دەهێنمەوە لەسەر مێژووی شۆڕش لە ڕوسیا : ساڵی 1905 بۆ پەڕلەمانی ڕوسیای تزاری کە پێیان دەگوت (دۆما) هەڵبژاردن دەکرا، ئه و کاتە حزبی بەلشەفی حزبێکی بەهێز بوو پێشڕەویی حەرەکەیەکی جەماوەریی فراوانی دەکرد، بزووتنەوەیەکی شؤڕشگێڕانە لە ئارادا بوو بۆیە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئه و ساڵەی کرد، ئه و بایکۆتە چووە خزمەتی بزووتنەوەکەوه و ڕاپەڕین ڕوویدا بەڵام بە شکست کۆتاییهات ؛ دواتر هەر هەمان حزبی بەلشەفی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1912 نەکرد لەبەر ئەوەی بارودۆخەکەی ئه و کاتە لەبار نەبوو و بایکۆتکردن خزمەتی بە حزبەکەیان و بزووتنەوەی شؤڕشگێڕانە نەدەکرد و پێیان باشتر بوو کە چەند ئەندامێکیان بگەیەننە پەڕلەمان و لەوێ بەرنامەی خۆیان پێشکەش بکەن و لە بەرامبەر دەسەڵات و قەیسەردا ڕایبگەیەنن، بۆیە دیسان ئەوە دووپاتدەکەمەوە کە ئێستا بایکۆتکردن ڕاست نییه و خزمەت بەخەڵک و ئایندە، لانی کەم لە چەند ساڵی داهاتوودا، ناکات.
ئیمڕۆ کوردستان بە بارودۆخێکی تایبەتیدا تێدەپەڕێ، وەزعی عێراق ناجێگیرە، ئایندەی ڕوون نییە، شۆڤێنیزمی عەرەبی خەریکی خۆکۆکردنەوەیە، هەڕەشەی جیددی لەسەر دۆزی ڕەوای کورد هەیه، دراوسێکانی کوردستان هەڵوێستی تاکتیکی و دووفاقانەمان لەگەڵدا پەیڕەودەکەن، گەندەڵی تا سەر ئێسقان کۆمەڵگەی کوردستانی داڕزاندووە، لەبەر ئەوە مانەوەی حکومەت و پەڕلەمان – بە کەموکورتییەکانیشیەوە - زەروورەتی خۆی لەدەستنەداوه و نابێت دەستبەرداری ببین، لەهەمان کاتیشدا دەبێت بزانین چیدەکەین و چی دەڵێین و چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڵبژاردندا دەکەین.
ڕۆژنامەی (ئاڵای ئازادی) لەژمارەکانی (798، 799، 800) بەرواری 11 و 18 و 30-03-2009 دا ئەم دیدارەی بڵاوکردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی داڕشتنەکەی لاواز بوو و، لە زۆر شوێندا مەبەستەکەمی بەباشی نەدەگەیاند، ناچار بووم لەگەڵ هەندێ دەستکاریکردندا جارێکی دیکە دایبڕێژمەوە بەبێ ئەوەی دەستکاری ناوەڕۆکەکەی بکەم.
ئامارەکانی هەڵبژاردن و ئاماژەکانی..!
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئامار، ئه و ئاماژانەیە کە لێیدەڕسکێ. هەمیشە لە پشت ئه و ژمارانەی ئامار دەیانخاتەڕوو، واقیعێک هەیە کە پێویستیی بە خوێندنەوە هەیە. ژمارەکان بەپێی جۆری بابەت و دیاردەکان، ئاماژەکانیان چ بە ئاشکراو چ بە نهێنی، ئەرێیانە یان نەرێیانە واقیع تێیاندا ڕەنگدەداتەوه، جا ئەوە واقیعی سیاسی و ئابووری بێت یان واقیعی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و... هتد.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراقدا، بە پێچەوانەی چەواشەکارییەکانی دەسەڵاتداران و توێژێک ڕۆشنبیرانی ئەمریکاییخواز، ئاماژەیەکی ڕاستەقینەی واقیعێکی شێواو و گەندەڵ بوو. ژمارەکانی هەڵبژاردن ئه و ڕاستییەیان دەربڕی بۆیە پتر لە خوێندنەوەیەک هەڵدەگرن و نابێت هەروا بەسەرماندا تێپەڕببن.
سەرەتا با ئەم ژمارانەمان لەبەرچاو بێت، تا بۆ لێکدانەوەکانمان پەنایان بۆ بەرین :
- 14 پارێزگا لە کۆی 18 پارێزگا بەشدارییان لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا کردووە. پارێزگاکانی کوردستان بە کەرکووکیشەوە، واتە چوار پارێزگا (بێ پاساوێکی بەجێ) بەشدارییان لەم پڕۆسەیەدا نەکرد.
- ژمارەی ئه و کورسییانەی کێبەرکێیان لەسەرکرا 440 بوو کە 57 یان لە بەغداو 37 یان لە موصل و 35 یان لە بەصرە بوون و، کورسی پارێزگاکانی دیکە لەوان کەمتر بوو.
- ژمارەی ئه و کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو 15 ملیۆن بوو.
- 401 حزب و قەوارەی سیاسی بەشدارییان لەم کێبەرکێیەی هەڵبژاردندا کرد کە ژمارەی کاندیدکراوەکانیان 14431 (چواردە هەزارو چوار سەدو سیی و یەک) کەس بوو کە لە نێوانیاندا 3912 (سێ هەزارو نۆ سەدو دوازدە) یان ژن بوو.
بەدەر لەوەی خۆکاندیدکردن به و ژمارانە بۆ ئەنجومەنی پاریزگاکان لەچ فەزایەکی سیاسیدا کراوە، نزیک بە ساڵێکیشە خەڵکی بەم پڕۆسەیەوە سەرقاڵکراوه و بەردەوام درۆو بەڵێن و خەونی ڕەنگاوڕەنگیان بەسەردا پەخش دەکرێت، بڕێکی گەورەش لە سامانی خەڵکی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆسەیە (لە هەندێ شوێنیشدا بۆ مەبەستی ناشەریفانەی دەنگ کڕین) بەفیڕۆ خەرجکراوه.
- بۆ ئەم پڕۆسەیە 42000 (چل و دوو هەزار) وێستگەی دەنگدان کرابووەوە کە زێتر لە 250000 (دوو سەدو پەنجا هەزار) کارمەندی حکومەتیان بۆ دانابوو تا بەسەر سەندووقەکانی هەڵبژاردنەوە بن.
- لەم پڕۆسەیەدا (20) ملیۆن کاغەزی دەنگدان لە ئیماراتی عەرەبی چاپکراو هێنرا.
- لە چین و هیندو بەریتانیاو تورکیاش (575) تەن پێداویستییەکانی هەڵبژاردن دابینکرابوو. (ژمارەکان لە ماڵپەڕی وتووێژی مۆدێرن لەنێو ئینتەرنێت وەرگیراون).
ئەگەر بە وردی لەم ژمارانە بڕوانین، دەبینین :
1) زۆر نامەسئولانە پارەیەکی زۆر بە خۆرایی لە پڕۆسەیەکدا خەرجکراوە کە هیچ کاردانەوەیەکی ئەرێیانەی لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی عێراق نییە، بەتایبەتی ئەگەر بەراوردی بکەین بە ڕێژەی ئه و عێراقیانەی دەنگیانداوە کەتێکڕا51 بوون(ئەویش گومانی ئەوەی لەسەرە کە لە هەندێ پارێزگادا بە بەڵگەنامەی ساختەوە خەڵکی غەیرە عێراقی بۆ دەنگدان هێنرابن.)
لە هەندێ پارێزگاشداکەمتر له و ڕێژەیە (45 – 50)، واتە نزیکەی حەوت ملیۆن و نیو عێراقی کە مافی دەنگدانیان هەیە، بەشدارییان نەکردووه و ئەم پڕۆسەیەیان ڕەتکرووەتەوە.
2) کێبەرکێی ئه و ژمارە گەورەیە لە حزب و قەوارەی سیاسی، کە زۆربەیان سایەیەکی خێڵەکی و تایەفەگەرییان هەیە، ئاماژەیە بۆ پەرتەوازەیی بزووتنەوەی سیاسی عێراق و گەمەکردن بە چەمکی دیموکراسی و ڕادەی ئه و کەلەبەرە سیاسییە گەورەیەی کە چارەنووسی سیاسی عێراق بۆ مەودایەکی مێژوویی دیکە بە هەڵواسراوی دەهێڵێتەوه ؛ ئەمە نیشانەیەکە بۆ ڕادەی گرژی و توندتربوونەوەی ململانێ نامەبدەئییەکان، ئه و ململانێیانەی کە دەکەونە ژێر هێڵی بەرژەوەندی چینایەتی و نەتەوایەتی و ئایینی و تەنانەت تایەفەگەریشەوە.
3) هەر ئەم ژمارانه ئاماژە بۆ بێ سەروبەری ڕیزبوونی چینایەتیی ژێر سایەی سیستمێکی ئابووری جێگیر دەکەن، واتە لەگەڵ ئەوەدا کە زۆربەی حزب و قەوارەکان، وەک بەرنامەی ئابووری، لە بازنەی ئابووریی سەرمایەداری و بازاڕە ئازادەکەیدان، بەڵام ئه و بەرنامە لەیەکچووانە کە لە بنەما چینایەتییە لەیەکچووەکانەوە سەرچاوە دەگرن، کاریگەرێتییان لەسەر ڕیزبوونە چینایەتییەکان دانەناوەو، هێشتا کەلتووری چینایەتیی کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتی و سەرخانە خێڵەکی و ئاینییەکەی بەسەر کەلتوورە خوازراوەکەی بۆرژوادا زاڵە. ئەم واقیعەش جارێکی دیکە چەمک و ئەرک و زەرورەتی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی کۆمەڵگا دەخاتەوە بەرنامەی هەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەوە کە بۆ دواڕۆژێکی سۆسیالیستی خەبات بکات.
4) ژمارەکان ئاماژە بۆ هەڵوەشانێکی دیارو ئاشکرای بونیادی کۆمەڵگای عێراق دەکەن.
ئەگەرچی هێزە کۆنەپارێزەکانی کۆمەڵ دەیانەوێت بە ناوی پاراستنی (نیشتمانی عێراقی یەکگرتوو) و یەکپارچەیی خاکی عێراق و بەرهەڵستی فیدیرالیزمەوە ڕێگە لە پڕۆسەیەکی دیموکراتی نوێ لە عێراقدا بگرن و چەمکەکانی شۆڤێنیزمی عەرەبی – ئیسلامی بەسەر کۆمەڵدا بسەپێنن، بەڵام واقیعی ڕووداوەکان لەیەکترازانی کۆمەڵایەتی دەسەلمێنێ بەشێوەیەک کە پێشبینی ئەوەی لێناکرێ جارێکیتر و لە سایەی ئەم شێوە حکومەتانەدا لایەنە لەیەکترازاوەکانی بە یەکەوە پەیوەست ببنەوە. ئەم هەڵوەشان و دابڕانەش دەبێتە مایەی ڕێگا چارەیەکی سیاسی دیکە بۆ بڕیاردانی چارەنووسی ئەم وڵاتەو، جۆرو شێوازێکی دیکە بۆ چۆنایەتی ژیانی پێکهاتەکانی دیاریدەکات کە کەرتبوون و دابەشبوونی عێراق بە سێ دەوڵەتی جیاجیا دەکاتە لۆجیکیترین چارەسەر و، کۆتایی بەم جەنگە ناوخۆییە دەهێنێت کە کێبەرکێی ئه و ژمارە زۆرەی حزب و قەوارە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ئەمجاره و هەڵبژاردنەکانی داهاتووشدا یەکێک لە ئاماژە زەقەکانێتی.
5) خۆکاندیدکردنی ژنان لەم پڕۆسەیەدا هیچ شتێک لە جێوڕێیان سەبارەت بە بڕیاردانی سیاسی نابینێت. ئه و ڕێگرییە دەستووری و یاساییانەی لەبەردەمی ژناندان، بواری فراوانبوونەوەی سنووری چالاکییان لە کۆمەڵدا نادەن و هەڵسووڕانیان چواچێوەدار دەکەن.
بوونی کۆمەڵێک ژن لە پەڕلەمانداو سنوورداریی بەکارهێنانی تواناکانیان و بەرتەسککردنەوەی مەودای جموجۆڵیان لەچەند ساڵی ڕابردوودا بەڵگەن بۆ ڕووکەشیی ئه و خۆ کاندیدکردنە، ئەمە جگە لەوەی لە سایەی میکانیزمەکانی هەڵبژاردنداو سەرەڕای ئەوەی کە ژنان نیوەی کۆمەڵ پێکدەهێنن، بەڵام پیاوان زۆربەی کورسییەکان داگیردەکەن و، سەرەنجام ژنەکان هەر بە پاشکۆیی پیاوەکان دەمێننەوە.
بە کورتی : ئاماژە ژمارەییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نە ئاسۆی ئازادی و دیموکراتی لێوەدیاره و نە نوقڵانەی ژیانی خۆشگوزەرانیی بۆ عێراق پێیە.
6 ی شوباتی 2009
هەڵبژاردن وەک ئامرازی دەسەڵات و فریودان
دوای چەندین مانگ خۆئامادەکردن و کێبەرکێ و توندکردنەوەی گرژی و ناکۆکی نێوان پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق و قوتبوونەوەی سەدان حزب و ڕێکخراو بۆ ئەم مەبەستە، لە دواڕۆژی کانوونی دووەمی 2009 دا، خەڵکی ستەمدیده و فریوخواردووی عێراق لە چواردە پارێزگادا بەره و سندووقەکانی دەنگدان بەڕێکەوتن و لە فەزایەکی پۆلیسی بێوێنەداو، بە ڕێژەی کەمتر لە نیوەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، بەشدارییان له و پڕۆسەیەدا کردو، کۆمەڵێکیتریان لە بەرژەوەندیخوازان بە پله و پایەی دەسەڵات گەیاند. لەم پرۆسەیەدا، بۆ جارێکیدیکە، شەرعییەتیان بە چەوسێنەرەکانی خۆیان دایەوە، تا لەم ڕێیەوە بۆ چەند سالێکیتر سامانی ئەم وڵاتە بە تاڵان ببەن و ئەوانیش هەروەک ڕابردوو لە سایەیاندا زگیان هەڵگوشن و بەردەوام قوربانیی ژیانێکی پڕ کارەسات و نائەمنی و برسێتی و گرانی و دەردوبەڵای جەستەیی و دەروونی بن.
کاربەدەستانی ئەمڕۆی عێراق و، داگیرکەران لە پشتیانەوەو، لەڕێی جۆرنالیزمی جیهانییەوە، دەیانەوێت هەڵبژاردنی ئەمجارە کە بۆ دیاریکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکرێت، وەک ڕووداوێکی مەزن و وەرچەرخانێک لە مێژووی عێراقدا بخەنەڕوو، دەیانەوێت کاڵای ڕزیوی (دیموکراتی) یەکەیان بەسەر گەلانی عێراقدا ساخبکەنەوه و ڕای گشتی جیهانی پێ چەواشە بکەن.
ئەمڕۆ عێراق بە هەلومەرجێکی زۆر دژواردا تێدەپەڕێت، هەڵبژاردن له و هەلومەرجەدا نەک هەر دەستەبەری لانی کەمی ئازادی بۆ کۆمەڵانی خەڵک ناکات، بەڵکو بە نانەوەی ئەم کێبەرکێ حزبی و تایەفەییه کە پێشینەیەکی خوێناوی هەیە، زێتر دەرگا لەسەر ئازادییەکان کلۆم دەبێت. چونکە ئه و ڕاستییانە سەلماندنیان ناوێت کە لە وڵاتێکدا داگیرکەران فەرمانڕەوایی بکەن و، سیاسەت و ئابووری وڵاتەکەیان، لەڕێی ڕێکەوتننامەیەکەوە، بە خۆیانەوە گرێدابێت و، هەر کانتۆنێکی بەدەست مێلیشیای حزبێک یان تایەفەیەکەوە بێت و، لەسایەی هێزە کۆنەپارێزەکاندا هوشیاری تا ڕادەی ژێر سفر دابەزیبێت، بێ هیچ گومانێک هەڵبژاردن نابێتە ئامرازێک بۆ ساڕێژکردنی هەموو ئه و زامە قووڵانەی دەیان ساڵە لەجەستەیدا هەڵکۆڵراوه و یەکبینە هەڵدەکۆڵرێت.
هەڵبژاردنێک ئازادی تێدا نەبێت، ئامانجی ڕوون و دیاریکراوی نەبێت، دەنگدەرەکانی ئازادییان لێ زەوتکرابێت و کاریگەرێتی سیستمی خێڵەکی و ئینتیمای تایەفییان لەسەربێت، کاندیدکراوەکانیشی، جگە لە هەڵپەی پله و پایه و پاره، هیچ پرنسیپێکی نیشتمانی و دیموکراتی لە بەرنامەیاندا نەبێت، ئه و هەڵبژاردنە تەنهاو تەنها بە سوودی دەڵاڵەکانی داگیرکەران و ڕەوتە شۆڤێنیست و کۆنەپەرستەکان دەشکێتەوە. دیارە بە لەبەرچاوگرتنی ئه و ڕاستییانەی واقیعەکە دەیانسەلمێنێ و، سەبارەت بە ئاڕاستە جۆراوجۆرەکانی ناکۆکییەکان (تناقضات) و لەپێشی هەموویانەوە ناکۆکی خەڵکی سەرانسەری عێراق لەگەڵ داگیرکەران و دارودەسته وابەستەکانیان، بە دوو سەرەنجام دەگەین کە دەشێت بۆ هەر هەڵبژاردنێکی له و جۆرەی ئەمڕۆ لە عێراقدا پیادەدەکرێت،دروست بێت ؛ ناوەرۆکی ئه و دوو سەرەنجامەش لەلایەک ململانێی گەیشتن بەدەسەڵات و تەواوی ئه و ئیمتیازاتانەیە کە دەسەڵاتدارێتی بۆ دەسته و تاقم و کەسە ناسراوەکانیانی دابین دەکات، کە ئەمە بۆخۆی گرێکوێرەیەکی بەرچاوی بارودۆخەکەیە، لەلایەکی دیکەوە بەردەوامبوونی نەرێتی فریودانی کۆمەڵانی خەڵکییە لەلایەن چینە باڵادەستەکانی کۆمەڵەوە کە هەر ساتە بە ئامرازێک و هەر ڕۆژە بە کۆمەڵێک بەڵێن و پەیمان لە چاوەڕوانیی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەییدا ڕایان دەگرن. ئەمڕۆ دەبێت هەڵبژاردن لەنێو ئەم بازنەیەدا ببینرێت لەلایەک وەک ئامرازێکی دووسەرە بۆ گەیشتنی ڕەوتە دواکەوتووەکانی کۆمەڵ بە دەسەڵات و،لەلایەکیدیکەوە بۆ فریودان و چەواشەکردنی خەڵکی ستەمدیدەی بێبەش لە هوشیاری و ئیرادەی سەربەخۆ.
1 ی شوباتی 2009
بە هانای ئێزیدییەکانەوه بچن...
تیرۆریزمی بەعس و تەکفیرییەکان ڕیسوا بکەن... !
جارێکی تر دەستی ڕەشی تاوان گەیشتەوە ئێزیدییەکان و لە کردارێکی دڕندانەی تێرۆریستیانەدا شەنگال خەڵتانی خوێنی ڕۆڵەکانی کرا.
ڕۆژی سێشەممە 14-08-2008 چوار ئۆتۆمبێلی خنراو بە سەدان کیلۆ تی ئێن تی لەلایەن باندە ژیانکوژەکانی بەعس و تەکفیرییەکانەوە، لە دوو ناوچەی شەنگال : گرعوزێرو سیبا شیخ خدرێ، تەقێنرایەوه و بووە مایەی کوشتن و بریندارکردنی زێتر لە پێنچ سەد هاووڵاتی ئێزیدی و ڕووخاندن و کاولکردنی دەیان ماڵی خەڵکی دەستکورت و هەژاری ئەم دەڤەرە.
ئەم کارەساتە ئەڵقەیەکی دیکەی زنجیرەیەک دەستدرێژی باندە بەعسی و تەکفیرییەکانە بۆ سەر ئێزیدییەکان. هەر دوێنێ بوو بیست وچوار کرێکاری ئێزیدی بەدەستی ئەم باندانە تیرۆرکران. هەر دوێنێ بوو دوو کرێکاری دیکەی ئێزیدی لە کەرکووک بەردەباران کران و گیانیان کێشان. ڕۆژانەش هەڕەشەی لەناوبردنیان دەکرێت و ناچارکراون لە شاری موصل هەڵبێن و لانه و شوێنی کارەکانیان بەجێبهێڵن.
ئەم هێرشە یەک لەدوای یەکانه درێژەپێدانی سیاسەتی ڕەوتی بەعسییە فاشستەکان و ئیسلامی تەکفیریی دوژمن بە بەشەرییەته کە هیچ ئاین و ئاینزاو نەتەوه و تایەفەیەک لە عیراقدا نەماوە جەزرەبەی بە دەستیان نەخواردبێ. تەقاندنەوەی کەنیسه و مزگەوت و حسەینییه و پەرستگاکان و کوشتن و ڕاونانی مەسیحییەکان و صوببییەکان بەردەوامه و هێشتا تاوانباران هەر تینووی خوێنن.
بەڕاستی ئێزیدییەکان بە ئاشکراو به بەرنامەیەکی نەخشە بۆ کێشراوی فاشستیانه و شۆڤێنیستانە، دووچاری پڕۆسەیەکی جینۆساید بوون و بە تەنها بەره و ڕووی گەلەگورگی تیرۆر ڕاوەستاون.
چەندبارە بوونەوەی دەستدرێژی بۆ سەر ئێزیدییەکان بەڵگەی ئەوە بەدەستەوە دەدات کە :
1 – ئەمریکا لە بەرامبەر ئه و لافاوی خوێنەی سەرانسەری عێراقی گرتۆتەوە نەک هەر خەمساردە بەڵکو ئاشی بەرژەوەندییەکانیشی پێ دەچەرخێنێ.
2 – حکومەتی ناوەندیی دەستی لە دەستی کەروێشک کورتتره و ناتوانێت هاووڵاتییەکانی بپارێزێت و بەمەش مەرجێکی گرنگی فەرمانڕەوایی لەدەستداوە. ئاخر حکومەتێک تەنها ناوچەی کەسکی لە بەغداددا بە دەستەوە بێت و بەبێ داگیرکەران پەنجە بە ئاودا نەکات، چۆن دەتوانێت بەهانای خەڵکی ستەمدیده و بەشمەینەت و بێ دیفاعەوە بچێت.
3 – بێ دەربەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرامۆشکردنی ئێزدییەکان و بەتەنگەوەنەهاتنی پاراستنیان، بەر لە ڕووداوەکە، لە دەستدرێژی دوژمنانی کورد کە پەیتا پەیتا هەڕەشەی لەناوبردنیان لێدەکردن.
ئەمڕۆ شەڕی تێرۆریستانی بەعس و تەکفیرییەکان لەلایەک و تێرۆریستی دەوڵەتیی ئەمریکا لەلایەکی ترەوە، بۆتە دۆزەخێک و بۆ سەرجەم گەلانی عێراق و بۆ هەموو تاکەکەسێکی عێراق داخراوه و زوو یان درەنگ یەخەی پێدەگرێت.
ئەم شەڕە تایەفی و ئایینی و ئەتنییە بەشێکی ستڕاتیژیی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانێتی کە هەر ڕۆژە لاپەڕەیەکی لێ هەڵدەدەنەوە. ئەمەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات مایەی ڕستێک پرسیاره و بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستان زەنگێکی مەترسیداره و نیشانەی داهاتوویەکی تراژیدییە کە چاوەڕێمان دەکات.
دواخستنی مەسەلەی گێڕانەوەی ئه و ناوچانەی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتیی ناوەندیدان بۆ ژێر سایەی حکومەتی هەرێم و بێدەنگیی ئەمریکا بەرامبەر هەڕەشه و لەشکرکۆکردنەوەی وڵاتانی دراوسێ بۆ بەزاندنی سنووری کوردستان، پیلان گێڕان دژی پەکەکە، چاوپۆشیی ئەمریکاو نەتەوەیەکگرتووەکان لە دەستێوەردانی حکومەتی تورکیا لە کاروباری ناوخۆی کوردستان و عێراق بەتایبەتی کەرکووک، هەڵمەتی پڕوپاگانده و ڕاگەیاندنی حزب و ڕێکخراوو لایەنە نەتەوەپەرستە تەسکبیرەکانی عەرەب و تورکمان، پتربوونی ڕێژەی کاری تێرۆریستی دژی هاووڵاتیانی کورد لە موصل و بەعقوبه و کەرکووک، هەڵکشانی تێرۆر بەرە بەره لە ناوەڕاستی عێراقەوە بەره و کوردستان... هتد ؛ ئەمانە هەموویان نیشانەی جەنگێکی چنراوو ئامادەکراوە کە هەر کاتێک نۆرەی هاتەسەر هەڵیبگیرسێنن. شەڕی لەناوبردنی ئێزیدییەکان دەستپێکی ئه و دواڕۆژەیه و دەبێت لەبەرامبەریدا هەڵوێست وەربگیرێت و ڕێگا چارەی بۆ دابنرێت.
ڕۆشنبیران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بە ئەزموونی خوێن و فرمێسکی دەیان ساڵەی پێکەوەژیانیان لەگەڵ گەلانی سەردەستدا (عەرەب لە عێراقدا) دەمێکە گەیشتوونەتە ئه و ڕاستییەی کە تەنها ڕێگا چارەیەک بۆ کێشەی مافەکانی گەلی کوردو کۆتایی هێنان بە هەموو کوێرەوەرییەکانی، بەدیهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووسه، جیابوونەوە لە عێراق و سەربەخۆیی کوردستانە.
هەر ئێستا دەتوانرێت ئەم ڕاستییە بکرێتە بەرنامەی کاری حکومەت و حزب و ڕێکخراوەکان لە کوردستانداو، پشت بە دوو ملیۆن کورد کە، لە ڕاپرسییەکەی بۆ دەستووری عێراق کرا، دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا، بانگهێشتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵی نەتەوەیەکگرتووەکان بکەن بۆ سەرپەرشتیی ڕیفراندۆمێک لە باشووری کوردستاندا تا خەڵکی کوردستان ڕای خۆیان بدەن و وەڵام به و پرسیارە بدەنەوە کە ئایا دەیانەوێت لەگەڵ عێراقدا بژین یان سەربەخۆییان دەوێت.
دەکرێت جارێکی تر لە شەنگالەوە، لە هەڵەبجەوە، لە گەرمیانی ئەنفالکراوەوە دەنگی بانگەوازێک، زەنگێکی بەئاگاهاتنەوەبەره و جیهان هەڵدەین و گوتاری سەربەخۆیی بکەینەوە بە ستڕاتیژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتیی گەلی کورد.
16 – 8 - 2008
شۆڕشی نیپال و بەرنامەی دواڕۆژ
لە نیپال پادشایەتی هەڵوەشایەوە. پادشای نیپال کە لە ڕوانگەی باوی خەڵکی نیپالەوە نوێنەری خواوەندێکی هیندۆسی بوو بەناوی فیشنو ، داگیرایە خوارەوه و دەبێت لە ماوەی دوو هەفتەدا کۆشکی پادشایەتی نارایانهیتی بەجێبهێڵێ و وەک هەر هاوڵاتییەکی نیپالی بژی. دراوی نیپالی و سروودی نیشتمانی سەردەمی پادشایەتیش هەڵوەشێندرایەوه. نیپال وەک کۆمارێکی فیدراڵ ڕاگەیەندرا.
ئەم ڕووداوانە سەرەنجامی سەرکەوتنی پارتی کۆمۆنیستی ماویستیی نیپال بوو کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی دامەزراندندا جێوڕێیەکی بەرچاوی لە پەڕلەماندا هێنا. بەم سەرکەوتنەی پارتی کۆمۆنیست، ئیمپریالیزمی جیهانی و دەوڵەتەکانی دەوروبەری نیپال تووشی شۆک بوون. بۆیە چاوەڕواندەکرێت کاردانەوەیەکی توندو زنجیرەیەک پیلانگێڕانیان دژی ئەم کۆمارە ساوایەی بناری هیمالایا بەدەستەوە بێت.
لە بەرامبەر ئه و مەترسییانەدا، دەبێت بەرنامەی شۆڕشی نیپال و سەرکردایەتییەکەی هەر لە ئێستاوە ڕوون بێت و، بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی گۆڕانکاریی بەره و کۆمەڵگایەکی دیموکراسیی نوێ و سۆسیالیستی، هەنگاوی یەک لەسەریەکی شۆڕشگێڕانە بنێت. دەبێت شۆڕشگێڕان پرنسیپە مارکسییەکانیان سەبارەت بە دەوڵەت و شۆڕش لەبەرچاو بێت و هەوڵی پیادەکردنی لە بارودۆخی ئیمڕۆی نیپالدا بدەن، چونکە بەبێ پەیڕەوکردنی ئه و پرنسیپانە تەنگژەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دێتەڕێیان و سەرەنجام شۆڕش شکستدەخوات.
یەکەم پرنسیپ دوای سەرکەوتنی شۆڕش، ڕاگەیاندنی کۆماری دیموکراتی نوێیه، بەڵام واقیع ئەوەیە کە شۆڕشگێڕانی نیپال لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی پەڕلەمانیدا دەسەڵاتیان وەرگرتووە نەک ئەوەی لە درێژەی پڕۆسەی ئابڵووقەدانی شار لە لادێوە دەستیان بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا گرتبێت. واتە لە بری واقیعێکی شۆڕشگێڕ لە کایەی دەسەڵاتی دەوڵەتیدا واقیعێکی پەڕلەمانی لە ئارادایە ؛ هەر ئەمەشە هۆکاری ڕاگەیاندنی کۆمارێکی فیدرالی، کە لە ناوەرۆکدا(دەسەڵاتێکی بۆرژوازی) یە، لە بری کۆمارێکی شوورایی یان کۆمارێکی دیموکراتیی میللی کە بەرنامەی شۆڕشی دیموکراتیی نوێ بەئەنجام بگەیەنێت و بەره و سۆسیالیزم هەنگاوهەڵگرێت. ئەم واقیعە پەڕلەمانییە ئەگەری ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە هێزە کۆنەپەرستەکان دوا هەوڵ و تەقەللای خۆیان بۆ بەکارهێنانی سیستمی پەڕلەمانی بەکاربهێنن تا دەسەڵاتی خۆیان بەدەستبهێننەوە.
دووەم پرنسیپ لە هەر شۆڕشێکدا وردوخاشکردنی لەشکرو سیستمی دەواوینیی دەوڵەتە تا لە شوێنەواریاندا لەشکری گەل و دامەزراوە گەلییەکان، پشت بە جەماوەری کرێکاران و جووتیاران و زەحمەتکێشانی دیکه، جڵەوی کار بەدەستەوەبگرن.
شۆڕش و دەوڵەت هەمیشە سیمایەکی چینایەتییان هەیه و نابێت شۆڕشگێڕان لە نالەبارترین بارودۆخدا ئەوەیان لەبیربچێت یان لە نێو پێداویستییەکانی سەوداو سەوداکاریی سیاسیدا پشتگوێیبخەن. هەر فەرامۆشکردنێکی ئەم پرنسیپە مارکسییە، باجەکەی لەسەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە گران دەکەوێت و چارەنووسی شۆڕش بەره و هەڵدێر دەبات.
شۆڕشگێڕانی نیپال بە سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیستی ماویستیی نیپال ئەرکیانە دەمودەست بەرنامەی دواڕۆژ، واتە بەرنامەی دیموکراتیی نوێ و سۆسیالیزم جێبەجێبکەن و بوارێک بۆ دزەکردنی دەستوپێوەندەکانی ئیمپریالیزمی جیهانگیرو دەوڵەتی ڕیڤیژنیستی چین و دەوڵەتی کۆنەپەرستی هیند نەهێڵنەوەو، نیپال بە دواڕۆژێکی پرشنگدارو ئاسوودە بگەیەنن تا بۆ هەمیشە ئاڵای سۆسیالیزم لە لوتکەکانی هیمالایادا بشەکێتەوە.
4 ی حوزەیرانی 2008
کۆماری فیدرالیی نیپال ڕاگەیەندرا
ئاژانسەکانی دەنگوباسی جیهانیی هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی پادشایەتی و ڕاگەیاندنی سیستمی کۆمارییان لە وڵاتی نیپال ڕاگەیاند. ئەنجومەنی دامەزراندن لە نیپال لە دانیشتنی ڕۆژی 28 ی مایسی 2008 دا بە زۆربەی دەنگ ئەم بڕیارەی داو، پادشای ئه و وڵاتە (جیانیندرا) ی ئاگادارکرد کە لە ماوەی دوو هەفتەدا کۆشکی پادشایەتی بەجێبهێڵێ. ئەم بڕیارە دوای ئه و هەڵبژاردنە دێت کە تیادا پارتی کۆمۆنیستی نیپال (ماویست) و هاوپەیمانەکانی زۆربەی کورسییەکانی ئه و ئەنجوومەنەیان بەدەستهێنا. بەم بڕیارە، پارتی کۆمۆنیست لە یەکەم هەنگاوەکانی کارەکانیدا، ئامانجێکی سەرەکیی خۆی کە ڕووخاندنی سیستمی پادشایەتی بوو، بەدەستهێنا.
ڕاگەیاندنی سیستمی کۆماری دواییهێنانە بە دەسەڵاتێکی پادشایەتیی ئایینیی هیندۆسی کە نزیکەی 240 ساڵە لە نیپالدا فەرمانڕەوایە و، تاجەگوڵینەی خەباتێکی چەکداریی شۆڕشگێڕانەیە کە ماوەی دوازدە ساڵە بە ڕابەریی پارتی کۆمۆنیستیی ماویستیی نیپال دژی دەسەڵاتی چینە کۆمپرادۆرو موڵکدارە گەورەکانی نیپال بەرپاکراوە.
ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی پارتی کۆمۆنیست بووە مایەی خۆشحاڵیی حزب و ڕێکخراوو کەسایەتی و سەرجەم بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی دژ بە ئیمپریالیزم و سیستمی سەرمایەداری لە جیهاندا.
سەرکەوتنی گەلی شۆڕشگێڕی نیپال لە هەڵوەشاندنەوەی پادشایەتی و ڕاگەیاندنی کۆماری نیپال وەک هەنگاوی یەکەمی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی نوێ و خۆشکردنی زەمینەی سۆسیالیزم، بایەخێکی بەرچاوی لە بارودۆخی ئیمڕۆی جیهانگیریی ئیمپریالیستیدا هەیە. ئەم سەرکەوتنە بەسەرکردایەتی پارتێکی شۆڕشگێڕی کۆمۆنیستی بەدەستهاتووە کە جەنگی گەلیی درێژخایانی لەسەردەمێکدا بەرپاکرد کە بلۆکی ڕۆژهەڵاتی بەناو سۆسیالیزم هەرەسیهێنابوو، هەروەها چینی سۆسیالیستی بە چینی سەرمایەداریی دەوڵەتی وەرچەرخابوو، سیستمی سەرمایەداری و هەموو چینە بۆرژوازییە وابەستەکانی جیهان تەپڵی کۆتاییهاتنی مێژوو یان دەکوتاو خۆشخەیاڵانە بالۆرەی مەرگی کۆمۆنیزمیان لێدەدا.
سەرکەوتنی پارتی کۆمۆنیستیی ماویستیی نیپال جارێکیتر مەسەلەی کۆمۆنیزمی بەردەمی جیهان خستەوەو، بڕواو موتمانه و گیانی پشتبەخۆبەستنی بە بەری بزووتنەوەی کرێکاریی و ڕزگاریی نیشتمانیدا کردەوە. گرنگیی سێ چەکە لەشکاندننەهاتووەکەی دەستی کرێکاران و زەحمەتکێشانی جیهانی، واتە (حزب، لەشکری گەل، بەرەی نیشتمانیی یەکگرتوو) سەلماندەوە. جارێکیدیکە مەسەلەی ڕزگارکردنی وڵاتانی نیمچە کۆلۆنی – نیمچە دەرەبەگی، بە پیادەکردنی ستراتیژی ئابڵووقەدانی شارەکان لەڕێی دێهاتەوە ، زیندووکردەوە ؛ ئه و ستراتیژەی کە پارتی کۆمۆنیستی نیپال لە دە دوازدە ساڵی ڕابردوودا پەیڕەویکرد، هەر لە دامەزراندنی ناوچەی سوورو پێکهێنانی دەوڵەتی شۆڕشگێڕانە لە ناوچە ڕزگارکراوەکان و دابەشکردنی زەوی موڵکدارە گەورەکان بەسەر جووتیارانی هەژارو دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی خوێندن و تەندروستی، تا ئازادیی ژنان و باشترکردنی باری بژێوی و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی ستەمدیدەی نیپال.
ئەمڕۆ کۆماری فیدرالی نیپال لە سایەی پارتی کۆمۆنیستی نیپال (ماویست) دا لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەی سیستمی ئیمپریالیستیی جیهانگیردایە. مەترسیی دەوڵەتی ڕیڤیژنیستی چین و دەوڵەتی سەرمایەداریی کۆنەپەرستی هیندیشی لەسەرە. مەترسیی ئابڵووقه و فشاری سیاسی و ئابووری لە ئارادایە. لەنێو خۆشیدا ڕووبەڕووی لەشکری سەردەمی پادشایەتی و پیلانی سیاسیی (حزبی کۆنگرە) ی پادشایەتیخوازو هێزی کۆمەڵایەتیی کۆنەپەرستانەی ئایینپەرستانی هیندۆسیی دەبێتەوە. بۆیە دەبێت حزبی کۆمۆنیست لە بەرامبەر ئەم بارودۆخە ناوخۆیی و دەرەکییەدا هەنگاوەکانی گورجتربکاتەوه و لەبەر تیشکی پرنسیپە مارکسییەکاندا کۆمەڵێک بڕیاری شۆڕشگێڕانە ڕابگەیەنێت تا دەستەبەری سەرکەوتنی ئێجگارەکی و پاراستنی دەستکەوتەکان بکات و ڕێگە لە شکست و تێشکان داخات.
3 ی حوزەیرانی 2008
هەرەسی ئایدیای نەتەوەیی عەرەبی - ئیسلامی
ئایدیای نەتەوەیی لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە تا بە ئیمڕۆ دەگات، چەند قۆناغێکی بڕیوە. لەم ڕەوتەدا هەر وڵاتە بەپێی ڕادەی گەشەکردنی، کاریگەرێتی ئەم ئایدیایەی لەسەر بووە.
سەدەی بیستەم لەم بوارەدا بە سەدەی زێڕینی ئەم ئایدیایە دەژمێردرێت. سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر (1917) و شۆڕشی چین (1949) بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی لە سەرانسەری جیهاندا، بە ئاڕاستەی بەرهەڵستیکردنی ئیمپریالیزم و چینە وابەستەکانیدا برد.
بزووتنەوەی نەتەوایەتی و ئایدیای ڕزگاریی نەتەوەیی و نیشتمانی باڵێکی چالاکی بزووتنەوەی سۆسیالیستییان پێکهێنا، بە جۆرێک کە چەند دە ساڵێکی سەدەکە لە سەنگەری پێشەوەی ململانێ لە پێناوی جیهانێکی نوێدا، ڕێنمایی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی گەلانی دەکرد.
ئەم ڕۆڵە گرنگەی ئایدیای نەتەوەیی و نیشتمانی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا گۆڕانکاریی بەسەردا هات. زۆر نووچدانی بەخۆیەوە دی، بە تایبەتی پاشەکشەی سۆڤیەت لە سۆسیالیزم و زاڵبوونی ڕیڤیژنیزم لە ناوەندی سەرکردایەتی حزب و دەوڵەتی سۆڤیەتدا و پاشان ڕەوتی سەرمایەداریی دەوڵەتی و سیاسەتی سۆسیاڵ ئیمپریالیستی و؛ دواتریش سەرکەوتنی ڕیڤیژنیزم لە چین و گەڕانەوەی بەره و سەرمایەداری، وەرچەرخانێکی کۆنەپەرستانەی ڕاستڕەوانەی لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکاندا پیادە کرد. ئه و بزووتنەوانە بەره و ئایدیا نەتەوەییە بەرچاو تەنگەکەی بەر لەشۆڕشی ئۆکتۆبەر گەڕانەوە و، ناوەرۆکی ڕزگاریخوازانه و شۆڕشگێڕانەی خۆیان بزر کرد. ئایدیای نەتەوەیی لە سەرانسەری جیهاندا گۆڕانێکی ڕیشەیی بەسەردا هات و، بەره و ئایدیای کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتی و چەمکە فیکری و ڕەفتارییەکانی خێڵ گەڕایەوە. ئەم گەڕانەوەیە بە ڕادەیەکە کە ئایدیای نەتەوەیی وەک بازنەیەکی فراوانتری ئایدیای خێڵ دەخاتە ڕوو.
ئایدیای نەتەوەیی وەک ئامرازێکی ئایدیۆلۆژی چینی بۆرژواو پیتی بۆرژوا شوناسی پێشکەوتنخوازانەی کاتیی خۆی دۆڕاندو لە نێو ستڕاتیژی ئیمڕۆی ئیمپریالیزمی جیهانگیردا گیرسایەوه و ناکۆکییەکانی نێو ڕیزی نەتەوە بندەستەکانی قووڵتر کردەوە، تەنانەت لە ئاستی بانگاشەی ئابووری نەتەوەیی و دەوڵەتی نەتەوەیی و فەرمانڕەوایی نەتەوەیی سەربەخۆوە دابەزیوەتە ئاستی ململانێی خێڵەکی و ناوچەگەرێتی و حزبی و تایەفەگەری و ئایینی و ئایینزایی و...هتد. ئیتر ئەمە هەستی نەتەوایەتی سڕیوەتەوە یان کردوویەتی بە بەشێک لە ئایدیای خێڵ و حزب و ئایین و ئایینزاو تایەفە. ئەم ئاوێتە بوونەش تایبەتمەندییەکی دڕندانه و توندو تیژی پێبەخشیوەو، دیاردەی فراوانبوونەوەی شەڕی ناوخۆو تیرۆریزمی لێکەوتۆتەوە.
ئه و شەڕە ناوخۆییەی نێوان فەتح و حەماس لە فەلەستین، دوا نموونەی ئه و بەدوادا هاتنەوەیەیە بەره و سەنگەرەکانی خێڵ لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان لە بارودۆخێکی ناهەمواری شەڕی ناوخۆو ناکۆکی دوژمنکارانەدا، ڕۆژانێکی سەخت و تاریک وخوێناوی بەسەر دەبات. ئەم بارودۆخە لە سێ کوچکەی (عێراق - لوبنان - فەلەستین) دا چڕبۆتەوە. بۆرژوا ناسیۆنالیزمی عەرەبی - ئیسلامی لە جەنگی دەسەڵاتخوازیدا خەریکن یەکتری دەبڕێننەوە. هەستی نەتەوایەتی نەک هەر بە یەکیانەوە گرێنادات بەڵکو هەموو پرنسیپەکانی لە نێو ئاگری ململانێ خوێناوییەکاندا لەناوچوون، شتێک نەماوەتەوە بە هەستی نەتەوایەتی و یەکگرتوویی نیشتمانی وەسفی بکەین. ئایدیای نەتەوەیی عەرەبی - ئیسلامی لەسەر بنەما غەیرە نەتەوەییەکان هەتا دێت دابەش و دابەشتر دەبێت و زێتر چنگیان لە جەستەی یەکتر گیردەبێت و خوێنی یەکتر دەخۆنەوە.
جەنگی تایەفەگەریی ئایینزایی سوننه و شیعە لە عێراق و، جەنگی حکومەتی لوبنان و چەکدارەکانی (فتح الاسلام)لە خێوەتگەی (نهر البارد) و، جەنگی فەتح و حەماس لە غەززه و کەناری ڕۆژئاواو هەموو فەلەستیندا، باشترین نموونەی هەرەسی ئایدیای نەتەوەیی - ئیسلامیی عەرەبە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی سەدەی بیست ویەکەم و سەرەتای هەزارەی سێیەمدا.
هەڵبەت ئەم ئاگری جەنگە ناوخۆییەی، بۆرژوا ناسیۆنالیزمی عەرەب بۆ جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی عەرەبی داخستووە، بێ پێشینە نییە. ئەم بۆرژوازییە نەتەوەییە،به و ئایدیا خێڵەکییەوە، هەمیشە ئەمە پیشەی بووە و دەیان ساڵە لە زنجیرەیەکی بێکۆتاییدا لەسەری بەردەوامە.ئەمەی ئەمڕۆ لە ئارادایە، درێژەدانە به و سیاسەتەی کە ناسنامەی ئەم چینە نەتەوەپەرستە پێکدەهێنێت.
ئایدیای نەتەوەیی شۆڤێنیستیی عەرەبی - ئیسلامی بەردەوامه و هەر جارە لە قاڵبێکدا خۆی دەنوێنێ، هەر لە عروبەکەی عبدالناصرەوە تا (امة عربیة واحدة) کەی بەعس و، هەر لە ئایدیای محمد بن عبدالوهاب - ی دامەزرێنەری ڕێبازی وەهابی و تێزەکانی (حسن البنا و سید قطب) ەوە تا پەیامی قاعیده و طالیبان.
• لە سایەی ئایدیای نەتەوەیی شۆڤێنیستیی عەرەبیدا زێتر لە هەشتا ساڵ جەنگی لەناوبردنی کورد و، سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوایەتی و، هەوڵدان بۆ تواندنەوەی و،دواجار جینۆسایدکردنی، پەیڕه و کرا.
• لە سایەی ئایدیای نەتەوەیی عەرەبی - ئیسلامییەوە، لوبنان زێتر لە پەنجا ساڵە لەگەڵ شەڕی ناوخۆیی تایەفەگەری و ئایینی دەژی و ئارامیی بەخۆیەوە نەدیوە.
• لە سایەی ئایدیای نەتەوەیی عەرەبدا، هەشت ساڵ جەنگێکی ڕەگەزپەرستانەی خوێناوی دژی ئێران (فورسی مەجوس!) بە پاڵپشتی دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان ودەوڵەتانی کۆنەپەرست و شۆڤێنی عەرەب بەڕێوە چوو.
• لە سایەی ئایدیای نەتەوەیی عەرەبی - ئیسلامییەوه، حکومەتی یەمەنی باکوور بۆ سەر باشوور هێرشی بردو، دەوڵەتە شەرعییەکەی خست و، عەدەنی پایتەختی باشووری وێران کردو، هەتا ئیمڕۆش داگیرکردنی - بە ناوی یەکگرتنەوە - بەسەردا سەپاندووە.
• لە سایەی ئایدیای نەتەوەیی عەرەبدا، حکومەتی بەعس (کویت) ی داگیرو وێران کرد، به و هۆیەوە چەند جەنگی دیکەی هێنایە ناوچەکەوە و، سەرەنجامیشی داگیرکردنی عێراق و جەنگی تایەفەگەریی سوننه و شیعە بوو.
ئەمانە مشتێکن لە خەروارێک تاوانی ئایدیای شۆڤێنیزمی نەتەوەیی عەرەبی - ئیسلامی و، پێشبینی ئەوەش دەکرێ، بەم زووانە کۆتایی نەیەت وئاگرەکەی خۆشتر بکرێت چ لە مەڵبەندەکانی ئێستایدا یان بۆ وڵاتانی دیکە لە ناوچەکەدا بگوێزرێتەوە.
خەباتکردن دژی ئایدیای نەتەوەیی شۆڤێنیستی لە هەر شێوه و، بە هەر ناوێکەوەو، لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانەدا بێت، مەرجێکی گێڕانەوەی ئارامی و ئاسایشە بۆ جیهان و، دەستەبەری پەکخستنی پیلانەکانی ئیمپریالیزمی جیهانییە، پیلانی سەپاندنی پڕۆژەی جیهانگیری و پەرەپێدانی ئیمپراتۆرییەتی سەرمایەداریی لە سەرانسەری جیهاندا. هەروەها پێشمەرج وکرۆکی خەباتێکی نوێی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی جیهانییە بەره و کۆمەڵگایەکی بەشەری کە تیادا چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە بنبڕ بکرێت.
هەڵسەنگاندنێک بۆ حزب و تێکۆشانی حزبی لە باشووری کوردستاندا
(چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی رۆژنامە لەگەڵ فوئاد قەرەداغیدا)
ڕۆژنامە : بیرۆکەی نوێکردنەوەی پارادایسی سیاسی و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی حزبی کوردی سەرچاوەی لە چیدایە، زاڵبوونی گوتاری دیموکراسیی لە جیهان و ناوچەکەداو وەڵامدانەوە بە داخوازییە سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردیی لە پێکهاتنی ئه و بیرۆکەیەدا چەندە کاریگەر بوون ؟
قەرەداغی : ئەگەرچی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە کایەی سیاسەتدا، بۆ زێتر لە دە ساڵێک دەبێت سەریهەڵداوەو، ئاستەکانی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆی گرتووەتەوە، بەڵام پێبەپێی ئەوە حزب، وەک یەکێک لە ئامرازە گرنگەکانی ئیدارەی ململانێ سیاسییەکان گۆڕانکارییەکی بونیادیی بەسەردا نەهاتووە. سەرباری ئەوەی بانگاشەی گۆڕانکاریی و نوێبوونەوه و ڕیفۆرم بە فراوانی دەکرێت و، لەم پێگەیەوە هەر ڕۆژە حزبێک یان ڕێکخراوێکی سیاسیی نوێ خۆی ئاشکرا دەکات و بەرنامەیەک ڕادەگەیەنێ، کەچی هێشتا میراتی ڕابردووی بزووتنەوەی سیاسی و کاری ڕێکخراوەیی حزبی لەشوێنی خۆیدایەتی و پێشڕەوییەک له و ڕووەوە لەکایەدا نییە. لە کوردستاندا نموونەی ئەم ڕاستییە بەبەرچاوەوەیە کە ئێستا، لەبری یەک دوو حزبی بزووتنەوەی نەتەوایەتی و چینایەتی کە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا کارو چالاکیی سیاسییان لە باشووری کوردستاندا ئاڕاستە دەکرد، بە دەیان حزب و ڕێکخراوی دیکە هاتوونەتە مەیدانەوە، هەر هەمووشیان خۆیان بە خاوەنی پەیامی نوێ و بەرنامەی نوێ و کاری ڕێکخراوەیی نوێ دەزانن ؛ کەواتە مەسەلەکە لە ئاستی بیرۆکەدا نییە، بەڵکو بە کردەوە ڕۆژانە حزب و ڕێکخراو و ڕوخساری نوێ سەرهەڵدەدات بەبێ ئەوەی لە بینای کۆمەڵگای کوردەواریدا بەردێک سەر بەردێک بخەن. ئەم حاڵەتە یەکبینەیی لە دامەزراندن و پێکهێنانی حزبدا دروستکردووە. پێکهاتنی حزب و جۆری کاری ڕێکخراوەیی و شێوازی خستنەڕووی ئامانج و ڕێگاکانی هەڵسووڕانی سیاسی نەک هەر جوونەوەی تێدایە، بەڵکو بەزاندنی پرنسیپ و ڕێسا ڕێکخراوەییەکانی ڕێکخستنی حزبی بە ئاڕاستەیەکی لیبرالیدا بەبەرچاوەوەیە کە لە دواشیکردنەوه و پێشبینیدا بۆ ژیانی حزبی، نائومێدی دەخاتەوە، چونکە مۆرکی دواکەوتوویی پێوەیه و ئەقڵییەتی خێڵەکی دەستی باڵای له و پێکهاتە ڕێکخراوەییانەدا هەیە.
کاتێک ئەقڵییەتی خێڵ و نەریتەکانی کۆمەڵگای باوکسالاریی لە پێکهێنانی حزبدا، وەک ئامرازی سیاسی، ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت، نە گوتاری دیموکراسی لە جیهان و ناوچەکەدا و نە داخوازییە سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردی کاریگەرێتی لەسەر ئەوەی پێیدەگوترێت نوێبوونەوە دانانێت ؛ بە واتایەکی دیکە : خۆهەڵواسین بە مۆدێلی دیموکراسیی باو لە جیهاندا، ئەگەر مەبەستێکی دیماگوگی و چەواشەکاریشی لەدواوە نەبێت، لانی کەم لاساییکردنەوەیەکە لە واقیعدا زەمینەی سەرکەوتنی نییە.
کاتێک گوتاری دیموکراتی دەکرێتە ئامانج و ڕێبازی ڕێکخستنێکی سیاسی، دەبێت لە هەموو ئاستەکاندا ڕەنگبداتەوە، هەر لە هەڵبژاردنی سەرکردایەتی ڕێکخراوو هەڵبژاردنی ئۆرگانەکان و زامنکردنی سەربەخۆیی ڕێکخراوەکه و دینامیزمی پەیوەندییەکانی نێوخۆوە، تا دەگاتە سەر بەرنامەی دیموکراتی و پراکتیکی پرنسیپە دیموکراتییەکان و پەروەردەکردنی دیموکراتییانەی ئەندامان و جەماوەری ڕێکخراو. ئەمانە مەرج گەلێکن ناسنامەی پێکهاتە حزبییەکان دیاریدەکەن، کە لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئیمڕۆی کوردستاندا وجوودی نییه و، ئەوەی بەبەرچاوەوەیە شێواندن یان پێچەوانەکانی ئه و پرنسیپانەیە ؛ زێتر پێکهاتن یان دامەزراندنی ڕێکخستنەکان بۆ دەسەڵات و دابەشکردنی داهات و خۆپاراستن و بەرجەستەکردنی نەریتە دواکەوتووەکانی خێڵە. هەر لەم باری سەرنجەوە دەتوانین هۆکاری پەیدابوونی دوو جەمسەری لایەنداریی حزبی لە شەڕی ناوخۆدا شیبکەینەوە کە هەر کۆمەڵە حزبێک بەپێی شوێنی بوونیان لە دەوری حزبی دەسەڵاتداری ئه و شوێنە خڕدەبوونەوه و بەشداریی شەڕی ناوخۆیان دەکردو دەبوونە لایەنێک لە ململانێکانی نێوان هەردوو لایەنە دەسەڵاتدارەکەی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردو حکومەتی هەرێمی کوردستان.
کۆمەڵگای کورد لە باشووری کوردستاندا خاوەن داخوازیی سیاسی – ئابووری – کۆمەڵایەتییە. ئەم داخوازییانە پێشینەیەکیان هەیه و ڕەگیان لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورددا داکوتاوە. هەلومەرجی دوای جەنگی یەکەمی کەنداوو، هەلومەرجی تایبەتیتری دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئاستی داخوازییە نەتەوایەتییەکانی بە پلەیەکی نوێ گەیاندووەو، ڕوونتر لە جاران ئەرکەکانی شۆڕشی نیشتمانی – دیموکراتی کردۆتە ئەرکی هەر حزب و ڕێکخراوێک کە کوردستان بە مەیدانی کاری خۆی دیاری بکات. گرنگترینی ئه و ئەرکانە بەدەستهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووسە کە گەلی کورد لەڕێی ڕاپرسی و دەنگدانێکی گشتییەوە چارەنووسی خۆی لە باشووری کوردستاندا دیاری بکات. مەسەلەی جیابوونەوه و سەربەخۆیی باشووری کوردستان هێڵێکە لە نێوان دوو ماوەی مێژوویی جیاواز لە بزووتنەوەکەدا کە ناکرێت هیچ حزب و ڕێکخراوێکی سیاسی لە ئاستیدا نابینابێت. ئەوە داخوازییەکی سیاسیی سەرەکییە کە نوێبوونەوەی کاری سیاسی و شێوەیەکی دیکەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و بەرنامه و شێوازی خەباتی حزبی دەخوازێت. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم حەقیقەتە ناتوانرێت مۆرکی نوێبوونەوە لە هیچ حزبێک بدرێت.
گەلی ستەمدیدەی کوردو کۆمەڵگای کوردستان لە هەلومەرجی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی ئیمڕۆدا بەرامبەر ململانێیەکی سەخت بوونەتەوە. ئەم بەرەوڕووبوونەوەیە بەرنامەی نوێ و کاری نوێ و ڕێکخستنی نوێ و شێوازی تێکۆشانی نوێ دەخوازێ کە هیچ یەکێک لەم مەرجانە (بەگشتی) لە حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئیمڕۆی کوردستاندا نییە. لەبەر ئەوە حزب و ڕێکخراوەکان لە باشووری کوردستاندا مەحکوومن بە دوو سەرەنجام : یەکەمیان پیادەکردنی سیاسەتێکی نوێیه لە داڕشتنی بەرنامەی بەدیهێنانی ئەرکەکانی شۆڕشی دیموکراتیی نیشتمانی و پاشان سۆسیالیزم و کۆمەڵگای خۆشگوزەرانیی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان و، به و پێیەش پەیڕەوکردنی شێوازی جۆراوجۆری خەبات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی هەردوو قۆناغەکە. دوومیشیان، بەردەوامبوونە لەسەر هەمان سیاسەتە تاکتیکی و ڕۆتینی و ململانێ بێ پرنسیپەکانی ئیمڕۆ کە لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا بە کزبوونی دەورو، دوورکەوتنەوە لە داخوازییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردو، بێزاریی و نەفرەتی لەڕادەبەدەری جەماوەرو، دوائاکامیش نەمان و دەرچوونیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەشکێتەوە.
پرسیار : بابەتی نوێکردنەوەی حزب زۆر جار لەلایەن حزبە کوردییەکانەوە بە ناوی ڕیفۆرم و خۆساغکردنەوه و دەستپێکردنی قۆناغی نوێوە دووبارە بووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ نموونەیەکی ئۆبژەکتیڤ (عەینی) دەرنەکەوتووه و هیچ مۆدێلێکی نوێی حزبایەتیش کە تایبەتمەندییەکی جیاوازی لە مۆدێلەکانی پێشوو هەبێت نەهاتووەتە ئاراوە، هۆکاری ئەمە بۆ چی دەگێڕنەوه و پێتانوایە لە ئێستادا چ مۆدێلێک لە حزب وەڵامی داخوازییە سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردیی دەداتەوە ؟
قەرەداغی : ڕاستە، هەروەکو لە وەڵامی یەکەم پرسیاریشدا ڕوونمکردەوە، کە هیچ مۆدێلێکی نوێی حزبایەتیش کە تایبەتمەندییەکی جیاوازی لە مۆدێلەکانی پێشوو هەبێت نەهاتووەتە ئاراوە و ژیانی حزبایەتی لە باشووری کوردستاندا لەنێو گێژەنێکدا لوولدەخوات و بەردەوام خۆی دووبارەدەکاتەوە. ئەوە بازنەیەکە حزبی کوردی، کۆن و نوێیان بە گشتی، بەدەوریدا دەخولێنەوەو، لەهەر چەند دە ساڵێکدا بۆ جارێکی دیکە دێنەوە هەمان خاڵ و کێشەکە بێ چارەسەرکردن دەمێنێتەوە. مێژووی نزیک بە سەد ساڵی ڕابردوو لە باشووری کوردستاندا بەڵگەی ئەم خاڵە سەلبییەیە لە نێو بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلی کورددا.
لەڕاستیدا زانینی هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە پێویستیی بە توێژینەوەی جیاجیا لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و حزبیدا هەیە، تا هەڵسەنگاندنەکان زانستی بن و سەرپێیانە بڕیار نەدرێت. بۆیە لێرەدا بە کورتی بۆچوونێکی شەخسی بەیاندەکەم کە دەکرێت وەک خاڵێکی گریمان (فرضیة) لەهەر توێژینەوەیەکدا لەم بارەیەوە بکرێت، بەکاربهێنرێت.
بەبڕوای من یەکەم هۆکارێک لە خودی (ریفۆرم) وەک ئامانج و پڕۆسەوە دەستپێدەکات. خاڵی قەتیسبوونی هەوڵەکانی نوێبوونەوە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە (ریفۆرم) واتای (گۆڕانکاریی) پێدەبەخشرێت یان دەخرێتە شوێنی (گۆڕانکاریی).
ڕیفۆرم یان چاکسازیی هەمیشە گۆڕینێکە لە سەروسیماو شێوەی دیاردەکانداو، پتر لایەنی (شێوە) دەگرێتەوە نەک (ناوەرۆک). ڕیفۆرم یەکێتیی لێکدانەبڕاوی شێوه و ناوەرۆک نابینێت یان فەرامۆشی دەکات، لەبەر ئەوە دەست بۆ لایەنێک دەبات و سەرەنجامی ئەوەش لاسەنگیی دروست دەبێت. ڕیفۆرم کردارێکە لەنێوخۆی سیستمێکی دیاریکراودا. لەڕێی چەند پینەوپەڕۆیەکەوە سیستمەکە دەهێڵێتەوە. بۆ نموونە : کاتێک لەسەر ڕیفۆرمی حزبی دەدوێین، پڕۆسەکە لە گۆڕینی هەندێ ڕێساو چەند خاڵێکی سەلبی لەملاو ئەولای هەمان سیستم تێناپەڕێت. هەمان سیستم و هەمان قوتابخانه و هەمان ئامانج دەمێننەوه و، چاکسازیی هەندێ لایەنی لاوەکی دەگرێتەوە کە لەدوائەنجامدا یان گۆڕینێکی شکڵییانە لە هەندێ بواردا دەکات یان تووشی بنبەست دەبێت و پاشەوپاش بۆ خاڵی سەرەتا دەگەڕێتەوە. ئەمە ئه و حاڵەتەیە کە لە باشووری کوردستاندا مایەی بەردەوامیی قاڵبە حزبییە کلاسیکییەکان بووه و لە مێژە بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لەم کایەیەدا نوێبوونەوەی بەخۆیەوە نەدیوە. لەبەر ئەوە، لە ئێستاشەوە بۆ داهاتوو،
نەک هەر لە بواری کاری حزبیدا بەڵکو لە چەندین بواری دیکەشدا بە شێوازی ڕیفۆرم گۆڕانکاریی پێویست، کە بە ڕاستی بشێت ناوی نوێبوونەوەی لێبنرێت، ناکرێت.
دووم هۆکاری، کە دیسان پەیوەندی بە ئامانج و پڕۆسەی نوێبوونەوە هەیە، چۆنیەتی تێگەیشتن و مامەڵەکردنە لەگەڵ چەمکی تیۆری و پراکتیکیی (قۆناغ) دا. چۆن لە قۆناغ دەگەین ؟ چ شێوازێک بۆ هەر قۆناغێک هەڵدەبژێرین ؟ ئایا ئەمە کاریگەرێتی لەسەر چۆنایەتی و شێوازو ئاڕاستەکردنی پڕۆسەی نوێبوونەوە هەیە ؟
قۆناغ، لە فیکری باوی سیاسیی ئیمڕۆدا، وەرچەرخاندنە لە بارێکی سیاسییەوە بۆ بارێکیتر. کاتێک ڕووداوێکی بەرچاو (بۆ نموونە ڕووخانی ڕژێمێک یان ڕوودانی جەنگێک) دێتە پێشەوە، کاردانەوەیەکی گونجاو دەخوازێت کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی پەیوەند به و ڕووداوەوە بێت. ئەم وەرچەرخانە سیاسییە وەک قۆناغ تەعبیری لێدەکرێت، کە لە ڕاستیدا دەربڕینێکی ئیجرائییە بۆ ئه و حاڵەتەو، زانستییانە نییە. لەبەر ئەوە لە هەڵسەنگاندنی ناوەرۆکی نوێبوونەوه و ماهییەتی بارودۆخەکەدا ناڕۆشنی دەخاتەوە. حزب و ڕێکخراوێک لەبەر تیشکی ئه و دیاردەیە یان ئه و ڕووداوانەدا بێنەکایەوە، ڕەنگە بتوانن بۆ مەودایەکی دیاریکراو ڕێبکەن، بەڵام چونکە لە بازنەی قۆناغێکدا کاردەکەن کە گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، یان لانی کەم بەپێی بارودۆخە واقیعییەکەش دەستکاریی بەرنامه و ئامانجی تێدا نەکراوە، زوو یان درەنگ بە بنبەست دەگەن و، ئەگەر وەک پەیکەری ڕێکخراوەییش بمێننەوە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە نەفیدەبنەوە.
(قۆناغ) پەیوەندی بە پێکهاتەی ئابووری – سیاسی – کۆمەڵایەتی کۆمەڵەوە هەیە. شێوەی ئاسایی گوێزانەوە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی سیستمی کۆمەڵایەتییە، واتە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی چینێکە لە چینەکانی کۆمەڵ بە هۆی ئامرازە چینایەتییەکانیەوە، کە یەکێک لەوانە حزبە.
لەبەر تیشکی ئەم لێکدانەوەیەدا حزب و ڕێکخراوەی نوێ، ئەوانەن کە بەرنامەی گۆڕانکاریی یان شۆڕشیان پێیە.
لە هەلومەرجی ئیمڕۆی جیهاندا ململانێیەکی ئابووری و سیاسی بەرچاو لە ئارادایە. کۆتاییهاتنی جەنگی ساردو هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵاتی بەناو سۆسیالیست، نەیانتوانی ئه و ململانێیە خامۆش بکەن و کۆتایی مێژوو ی پێبێت. ئیمڕۆ جەمسەربەندیی ئابووریی سیستمی سەرمایەداری و هێزە ڕێکخراوەکەی کە لە سەندووقی پوولی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیدا خۆیدەنوێنێ، هەرچی زێتر کەلێنی نێوان باکوورو باشووری جیهانی فراوانترکردۆتەوەو، لە بەرامبەر چەند دەوڵەتێکی گەورەی پیشەسازی و پوولدا جیهانێکی بەرین ڕاستبووەتەوە. واقیعی هەژموونی سەرمایەداریی جیهانگیر بەسەر جیهانەوە، بزووتنەوەیەکی دژە جیهانگیریی جیهانی هێناوەتەکایەوە کە ساڵی 1999 لە (سیاتڵ) ەوە دەستیپێکردووه و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئه و بزووتنەوەیە لە پەرەسەندندایە. شانبەشانی ئەوەش، پاش شۆکی هەرەسی شۆرەوی و وڵاتە بەناو سۆسیالیستەکان و وەرچەرخانی (چین) بەره و پەیڕەوکردنی ڕێگای سەرمایەداری، بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، کە بۆرژوازییەتی جیهانی خۆشی خۆشی لەناوچوون و چاوەڕوانی مەرگی بوون، جارێکی دیکە، بەپێچەوانەی خواستی جیهانی سەرمایەوە سەریهەڵداوەتەوە.
ئیمڕۆ لە جیهاندا بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی دوای دە تا پازدە ساڵێک تەنگژه و پەرتەوازەبوون، لە قۆناغی بەخۆداچوونەوه و پێکهاتنەوه و خۆڕێکخستنەوەدایە. بە سەدان حزب و ڕێکخراوی کۆمۆنیستی نوێ لە جیهاندا ڕۆژانە دژی سەرمایەداری و جیهانگیریی سەرمایە دێنەوە مەیدانی تێکۆشان ؛ شانبەشانی ئەوەش هەستی نیشتمانی بۆ جارێکی دیکە دەبووژێتەوەو، هەر ئێستا لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین ململانێی مەرگ و ژیان دەکات و، ڕاستەوخۆ دەستەویەخەی مۆنۆپۆلە جیهانییەکان و دەستێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆیان بوونەتەوە.
ئەم سێ تەوژمە سەرەکییە، واتە (بزووتنەوەی دژە جیهانگیریی، بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، بزووتنەوەی نیشتمانی) و بزووتنەوە لاوەکییەکانی دیکەی وەک (بزووتنەوەی ئایینداری، بزووتنەوەی چەکداری، بزووتنەوەی سەوزەکان و پاراستنی ژینگە... هتد) بەره و نەخشاندنی ڕوخسارێکی نوێی جیهان دەچێت کە نوێبوونەوه و مۆدێلی نوێی حزبیی پێیانەوە بەستراوەتەوە. ئه و حزبەی لەم بزووتنەوە جیهانیانەدا جێی خۆی دەگرێت و ئەندامانی خۆی بۆ ئه و ململانێیە لە ئاستی جیهانی و ناوخۆدا پەروەرده و ئامادە دەکات، دەبێتە خاوەنی گوتاری نوێ و، بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر ڕۆژانە دەیان حزب لە دەرەوەی ئه و ڕێڕەوەدا سەرهەڵبدەن، دوائاکام ڕۆڵ و کاریگەرێتییان بەسەر ڕەوت و ئایندەی جیهاندا نابێت.
بارودۆخی ئیمڕۆی کوردستان و، هەلومەرجێک کە دەگوزەرێ و، ئه و وەرچەرخاندنە مەترسیدارەی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردو بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکه و تەنانەت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش بەره و ڕاست و دابڕان له و سێ تەوژمە سەرەکییە نوێیەی جیهان کەلە دەوری گەشەکردندایە ؛ هۆکارێکی گرنگی داڕووخان و هەرەسی کاری حزبایەتی و نائومێدی بەرامبەر حزب و، خۆخواردنەوه و خۆجوونەوەی ژیانی حزبییەو، مایەی سەرنەکەوتنی پڕۆژەکانی ڕیفۆرم و مایەپووچبوونی هەر ڕێکخراوێکی حزبییە کە ئیرادەگەرییانە لێره و لەوێ سەرهەڵدەدەن.
لەبەر تیشکی ئەم بیرو بۆچوونانەداو، تایبەت بە باشووری کوردستان، دەتوانین بڵێین : ئه و حزب و ڕێکخراوانەی سیفەتی نوێ هەڵدەگرن یان لە ژیانی حزبایەتیدا مۆدێلی نوێ دەبن، جگە لەوەی دەبێت بەشێک لە تەوژمە جیهانییە ڕوو لە گەشەکردنەکە بن، دەبێت بەرنامەیەکی سیاسیی نوێشیان پێبێت کە پشت بە بەرنامەیەکی ئابووریی نوێ ببەستێت و گۆڕانکاریی نوێی کۆمەڵایەتی بەرئەنجامی بێت. بە مانا دەتوانرێت لایەنێکی دیکەی ناسنامەی حزبی نوێی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد بەوە دەستنیشان بکرێت کە لەڕووی سیاسییەوە (گوتاریی سیاسیی سەربەخۆیی کوردستان) ی پێبێت، کە ئەمە ئەرکی بەرنامەی نەتەوەییە، لەڕووی ئابوورییەوه (گوتاریی خاوەندارێتیی گشتی) ی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان و هەردوو کرداری بەرهەمهێنان و دابەشکردنی داهاتەوە هەبێت. لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە بەرنامەی (گۆڕانکاریی ڕیشەیی) هەبێت لە ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا، بە تایبەتی گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە ژیانی لاوان و ژنان و منداڵاندا بکات کە ڕوخساری مرۆڤانەیان بۆ بگێڕێتەوه و له و نامۆبوونە ڕزگاریان بکات کە سەرتاپای ژیانیانی گرتۆتەوە.
پرسیار : بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە حزبی کوردی لەژێر کاریگەریی ڕووداوەکانی دوای شەڕی دووەمی جیهانیداو هەر لە سەرەتاوە لەسەر مۆدێلی مارکسی – لینینی دامەزراوه و چەندین دەیەیە ئه و مۆدێلە پێڕه و دەکات، ئایا بە ئاسانی دەتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوه و قەواره و پێکهاتەیەکی دیکە دابڕێژێت، گەر وایە بۆ ئه و مەبەستە دەبێت بە چ ئاقارێکدا بڕوات و چ ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر ؟
قەرەداغی : بە بیروبۆچوونی من، ئەوەندەی کاری حزبیم کردبێت یان مێژووی حزبایەتیم لە کوردستاندا خوێندبێتەوە، نە پێش دووەم جەنگی جیهانی و نە دوای ئه و جەنگەش و هەتا ئێستاش، حزبی کوردی لەسەر مۆدێل ی (مارکسی – لێنینی) دانەمەزراوە. ڕاستە زۆربەی ئه و حزبانەی دامەزراون هەوڵیانداوە بەرنامەیەکی مارکسی لێنینیان هەبێت و پرنسیپەکانی ڕێکخستنێکی لێنینی لە بەرنامه و پێڕەوەکەیاندا دابڕێژن، بەڵام لە پراکتیکدا نەیانتوانیوە پابەندی ئه و پرنسیپانە بن. دیارە لە نێوان ئه و حزبانەشدا، لەڕووی دوورو نزیکییانەوە له و پرنسیپانە، جیاوازی هەیە ؛ تەنانەت دامەزراندنی چەند ڕێکخراوێکی ماویستیش لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، پێودانگ و پرنسیپەکانی حزبی مۆدێل ی چینی تێدا بەدینەهات. هۆکارەکانی ئەم بێتواناییە لە واقیعی کۆمەڵگای کوردەواریدا ڕیشەی هەیە، کە ئەگەرچی نیازی زۆر چاک و پاک بۆ پێڕەوی ئه و پرنسیپانە هەبوون، بەڵام ئه و واقیعە کۆمەڵایەتییە ڕێگریانبووەو، هەر ئه و واقیعەش هۆکاری سووڕانەوەی هەمان شێوە حزب و هەمان ڕێبازو مۆدێل بووە بەدەوری خۆیدا، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی ئه و مۆدێلە، کە ناکرێت به و شێوه و ئاستەیەوە لەسەر شێوەی حزبی مارکسی لێنینی یان ماوی حساب بکرێت، بەندە بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا.
کۆمەڵگای کورد بنەمای شێوه و ناوەرۆکی ژیانی حزبییە. حزب بۆ خۆی کاریگەرێتی بارودۆخە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی لەسەرە. حزبی کوردی هەتا ئێستا(بەگشتی) لەسەر بنەمای کۆمەڵگەیەکی باوکسالاریی و پیاوسالاریی و گەورەسالاریی دامەزراوە. ئەقڵی خێڵ کە ڕەنگدانەوەی سیستمی دەرەبەگایەتی و عەشایەرییە ئاڕاستەی کردووه و دەیکات. گەشەکردنی سەرمایەداریی بەشێوەیەکی ئەوتۆ نەبووە کە بنەمای خێڵەکی بە بنەمایەکی بۆرژوازیی بگۆڕێت، بۆیە هەمیشە ناکۆکی لە نێوان بەرنامەی بۆرژوازی و شێوازی دەرەبەگی یان خێڵەکی لە ژیانی حزبی کوردیدا هەبووه و هەیە.
حزب لە کۆمەڵگای کوردەواریدا بە دوای شەخسییەتی کاریزمییەوە بووە. حزب باوکی هەبووە. باوک ملکەچی و گوێڕایەڵی ویستووە. باوک نە ڕەخنە قبووڵ دەکات و نە سەرپێچی. هەمیشە سیمای حزب و سیمای شەخسییەتی کاریزمی سەرکردەی حزب یەک شت بوون. کەسایەتیی حزبیی ئەندامان لە پرۆسەی پیرۆزاندنی شەخسییەتی کاریزمیدا – کە شەخسییەتی یەکەمی حزبە - تواوەتەوە. حزبی کوردی هەمیشە حزبی سەرۆک یان سکرتێرەکان بووە. دەنگی جیاواز یان شەخسییەتی تاکەکەسی حزبی یان کەسایەتیی سەربەخۆی ڕەخنەگر لەم حزبانەدا جێگەیان نەبۆتەوە. لەبەر ئەوە هەر حزبێک یان ڕێکخراوێکی نوێ دابمەزرێت، دەبێت ئەم واقیعە کۆمەڵایەتییەی لەبەرچاو بێت و بەرنامەی تێپەڕاندن و گۆڕانکاریی بۆ دابڕێژێ.
پرسیار : هەندێک له و کەسانەی سەرقاڵی ئەم بابەتەن مۆدێلی خۆرئاوایی حزب بۆ کوردستان پێشنیاز دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە خۆرئاوا حزبەکان لە کەش و هەوایەکی تا ڕادەیەک دیموکراسیدا بەسەر دەبەن و لە ڕێگای هەڵبژاردن و ڕێنتی ئابووریی و ڕێگای دیکەی له و چەشنەوە بە دەسەڵات دەگەن. بەڵام لە کوردستان تا ئێستا ئه و کەش و هەوایە دەستەبەر نەبووه و حزبەکان ناچارن بۆ پاراستن و مانەوەی خۆیان کەڵک لە هێزی پێشمەرگە وەربگرن و هەندێک جار خەباتی چەکداریی بکەن، لەلایەکی دیکەوە زۆر هۆکاری کۆمەڵایەتی ورۆشنبیری و ئابووریی دیکە هەن کە جیاوازیی بەرچاوی خۆرئاواو کوردستان له و ڕووەوە پیشان دەدەن، بەڕەچاوکردنی ئەم حاڵەتە مۆدێلی خۆرئاوایی حزب تاچ ڕادەیەک دەتوانێت لە کوردستان جێبەجێ بکرێت و وەڵامدەرەوە بێت ؟
قەرەداغی : لەبەر تیشکی ئه و وەڵامانەی بە پرسیاری پێشووم دایەوە، مۆدێلی ڕۆژئاوایی حزب بۆ کوردستان ناشێت. حزبی خۆرئاوایی زادەی کۆمەڵگایەکی سەرمایەداریی پێشکەوتووە. بەرەنجامی چەند سەدەیەک لە سەقامگیربوونی دیموکراتیی بۆرژوازییە. حزبەکانی بۆرژوازیی خۆرئاوایی بەرنامەی شۆڕش و گۆڕینی پێکهاتەیەکیان بە پێکهاتەیەکی دیکە نییە. ئه و حزبانە لە بازنەی سیستمی سەرمایەداری و گەشەکردنی سەرمایەداریدا کار دەکەن. بەرنامەکانیان بۆ ئه و مەبەستە تەرخانکردووە. نەرێتی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات باوه و ململانێی خوێناوی لە نێوان حزبەکاندا دروست ناکات. ئەوەی لە ڕۆژئاوادا هەیە تەقلیدێکی لیبرالییه و لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و ئازادیی یاسایی (نەک کۆمەڵایەتی) خۆیگرتووە. ئەم تەقلیدە لە کوردستانی ئێمەدا کورت دەهێنێ و توانای جێبەجێکردنی نییە.
لەڕاستیدا نموونەی ئه و حزبە نوێیە یان مۆدێلێکی حزبی کە بتوانێت ئەکتیڤ بێت ولە گۆڕەپانی سیاسیدا ڕۆڵێکی بەرچاو ببینێت، لەبەر تیشکی ستراتیژی قۆناغەکاندا دیاریدەکرێت.
حزب بۆچی دادەمەزرێت ؟ ئەمە پرسیارێکە بەر لەوەی بیر لە پێکهێنانی بکرێتەوە، دەبێت وەڵامی دیاریکراوی هەبێت، یان وردتر بڵێین :
- ئایا حزب بۆ بەدیهێنانی ئەرکەکانی شۆڕشی نیشتمانی – دیموکراتی دێتە کایەوە ؟
- ئایا حزب بۆ بەدیهێنانی ئەرکەکانی شۆڕشی سۆسیالیستی دادەمەزرێت ؟
- ئایا حزب وەک ئامرازی دەسەڵات و گەمەی پەڕلەمانی بەکاردەهێنرێت ؟
بۆ کامیان ؟ ئەوە پرسیارێکە لێرەدا، تا هەلێکی دیکەی نووسین، بە کراوەیی بەجێیدەهێڵم.
ڕۆژنامەی (رۆژنامە) ژمارەکانی (175) و (176) بەرواری 9 و 10 ی مارتی 2008
کۆنگرەی بە جیهان ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد
26 – 28 کانوونی دووەمی 2008
جینۆسایدی گەلی کوردو ستەمێکی نەتەوایەتی کە هەزاران ساڵه لە نەتەوەی کورد وەک یەکێک لە هەرە دێرینترین نەتەوەکانی ئەم جیهانە دەکرێت، زۆر گەورەترو فراوانترە لەوەی بە وتاری نووسەرێک و دوو نووسەرو دەیان نووسەریش هەقی خۆی بدرێتێ. بۆیە ئەمجارەیان ئه و نەرێتە باوە (وتاری بۆنە) وازلێدەهێنم و لە بری ئەوە چەند پرسیارو تێبینییەک لەسەر لایەنی هونەریی ڕێکخستنی کۆنگرەکە دەنووسم بە هیوای ئەوەی لە کۆنگرەکانی داهاتوودا سوودیان لێوەربگیرێت. دواتریش بە جیا دەقی تۆمارێکی جینۆساید بڵاودەکەمەوە کە لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەکە بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی ڕێکیانخستبوو و لە ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەدا بە هەموو بەشداربووانیان گەیاند.
پرسیارو تێبینییەکان
1) بۆچی بەر لە کۆنگرە یان لە یەکەم دانیشتنی کۆنگرەدا هەموو لێکۆڵینەوه و تۆژینەوەکان دابەشنەکران؟ ئەوە ڕاستییەکی بەڵگە نەویستە کە بەشداریکردنی ئەکتیڤانەی ئەندامانی کۆنگرە، تاڕادەیەکی زۆر، بە خوێندنەوەی ئه و تۆژینەوانەوە بەندە.
2) پێوانەکانی بانگکردن بۆ ئەم جۆرە کۆنگرانە چین ؟ کێ شایستەی ئەوەیە ببێتە ئەندامی کۆنگرە ؟ ئەوەی سەرنجی ڕادەکێشا ئەوە بوو : نە قوربانیانی ئەنفال و کیمیابارانەکان لە گەرمیان و هەڵەبجه و بادینان و ناوچەکانی ترەوە بانگکرابوون و، نە کۆمەڵێک ئەدیب و نووسەرو ڕۆشنبیری کوردی ناسراو.
3) بۆچی نوێنەرانی حکومەت و پەڕلەمانی بەغدا ئامادە نەبوون ؟ یان وتاریان هەبێت لە کۆنگرەیەکدا کە بۆ یەکەم جارە دەربارەی جینۆسایدی کورد دەبەسترێ.
4) لەبەرچی کۆنگرەکە بە وتاری سەرکۆماری عێراق، یان سەرۆکی هەرێم یان جێگرەکەی، یان سەرۆکی حکومەت یان جێگرەکەی، یان سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان نەکرایەوە ؟ بۆ هیچ کامیان لە یەکەم ڕۆژی بەستنی کۆنگرەکەدا ئامادە نەبوون ؟ بۆچی سەرۆکی حکومەتی کوردستان لە دوارۆژی کۆنگرەدا ئامادەبوو، لە کاتێکدا بەڕەسمی کۆنگرەکه لە ژێر چاودێری ئەودا بوو ؟
5) بەجیهان ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد لەڕێی کۆنگرەیەکی وەهاوە، هەڵمەتێکی بەربڵاوو لە ڕادەبەدەری ڕاگەیاندنی دەویست. ڕاگەیاندنی کەناڵە جیاجیاکان لە هەموو ئاستەکاندا ئه و ڕۆڵەیان بەباشی نەبینی و نەیانتوانی گەورەیی کارەساتەکه و بایەخی ئەم کۆنگرەیە دەرببڕن و ئه و چەند ڕۆژە بکەنە ڕۆژانی نمایشێکی بەرچاوی دۆزی گەلی ستەمدیدەی کورد چ لەسەر ئاستی ناوخۆو چ لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا.
6) میوانێکی زۆر بە یەکەم دانیشتن هاتبوون، لەنێویاندا کۆمەڵێک میوانی بیانی تێدابوو. بۆیە دەبوایە بۆ یەکەم دانیشتن چەند کەسێک بۆ کاری وەرگێڕان دابنرانایه تا وتارەکانیان لە زمانی کوردییەوە بۆ عەرەبی و ئینگلیزی وەربگێڕایەو، بەپێچەوانەشەوە لە عەرەبی و ئینگلیزییەوە بۆ کوردی.
7) دەستوورێکی باوی هەر کۆنگرەیەک ئەوەیە : دوای یەکەم دانیشتن، ئەندامانی کۆنگرە بەسەر چەند لیژنەیەکی جیاجیادا دابەش دەبن. هەر لیژنەیەک لە لایەنێک یان بابەتێکی کۆنگرەکە دەکۆڵێتەوه و ڕاسپاردەی پێویست بۆ بڕیاردانی لە دوا دانیشتندا ئامادە دەکات.ئەم دەستوورە لەم کۆنگرەیەدا پەیڕەونەکراو، زێتر دانیشتنە تایبەتەکان بۆ خوێندنەوه و خستنەڕووی ناوەرۆکی لێکۆڵینەوەکان تەرخانکران نەک دیراسەکردن و هەڵێنجانی بڕیارو ڕاسپاردە. ئەم دانیشتن یان کۆبوونەوانە ماوەیەکی ئێجگار کەمیان بۆ دانرابوو، خستنەڕووی هەندێکیان چارەکێک و موداخەلەی بەشداربووانیش لە دوو دەقیقەوە تا پێنج دەقیقە بوو کە بووە مایەی ئەوەی بە تێروتەسەلی قسەیان لەسەر نەکرێت.
----------------------------------------------------------------------------------------
ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی بە جیهان ناساندنی جینۆسایدکردنی گەلی کورد
کۆنگرەی بە جیهان ناساندنی جینۆسایدکردنی گەلی کورد کە بە چاودێری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا لە هەولێر سازدرا، لە سێیەم ڕۆژیدا بەر لە کۆتاییهێنان بە بەرنامەکانی لە پێناو ئامانجەکانی و درێژەپێدان بە هەوڵەکانی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال لە دژی گەلی کوردستان لە کۆتایی کارەکانیدا چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەکی خستەروو بۆ تاوتوێ و پەسەند کردنیان لەسەر ئاستی کۆنگرە.
ڕاسپاردەکانی کۆنگرە لەلایەن خاتوو ڤینۆس فایەق ئەندامی لیژنەی باڵای کۆنگرەی بە جیهان ناساندنی جینۆسایدکردنی گەلی کورد خوێندرایەوە کە بریتی بوون لە:-
یەکەم: بە مەبەستی بەردەوامبوونی لە خزمەت و ئامانجەکانیدا بڕیاردرا کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی لە دەرەوەی وڵات سازبدرێت، کە زۆرترین لایەن و ناوەندی بڕیار و بڕیار بەدەستی جیهانی بەشداری تێدا بکەن، بە مەرجێک زووتر بانگەوازی بۆ بکرێت و ڕێوشوێنەکانی بەشداربوون دەستنیشان بکرێت.
دووەم: لیژنەی باڵای کۆنگرە لەگەڵ لایەنەکانی پەیوەندیدار، وەک درێژە پێدانی ئەرکی چاودێری کردن و بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنگرە لە ئەستۆ دەگرن.
سێیەم : چاککردن و وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی هەموو ئه و لێکۆڵینەوه و توێژینەوانەی پێشکەش بە کۆنگرە کران.
ڕاسپاردەی کۆنگرەی لەسەر ئاستی عێراق و جیهان:
1 کۆنگرە داواکارە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق تایبەت بە کەیسی ئەنفال وەکو خۆیی و لەسەر بنەمای دادوەری جێبەجێ بکرێت.
2 دەوڵەتی عێراق یاساییەک دەربکات بۆ داوای لێبوردن لە قوربانییەکانی ئەنفال و کەسوکاریان.
3 تاوانەکانی ئەنفال بخرێتە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
4 زانکۆکانی عێراق تاوانی ئەنفال وەک نموونەی تاوانی جینۆساید بخەنەپڕۆگرامی خوێندن و توێژینەوەی زانستی لەسەر ئەنجامبدەن.
5 دامەزراندنی سەنتەرێک لە حکومەتی عێراق بۆ کۆکردنەوە و وەرگێڕان و چاپکردن و بە دکیۆمێنتکردنی لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی سەبارەت بە ئەنفال و بڵاوکردنەوەیان لە جیهاندا.
6 پێکهێنانی لیژنەیەکی یاسایی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر ئه و کۆمپانیا و دەوڵەتانەی چەکی کۆکوژیان بە ڕژێمی سەدام فرۆشتووە، بە مەبەستی لێ پرسینەوە و ڕاپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا.
7 دووبارە بنیاتنانەوە و ژێرخانی ناوچە ئەنفالکراوەکان، کە داواکارییەکی خێرایه و ئەرکی دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
8 دەوڵەتی عێراق یاساییەکی تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکانی تاوانی ئەنفال دەربکات.
9 سازکردنی کۆنگرەیەکی تایبەت بە جینۆساید و تاوانەکانی ڕژێمی سەدام دەرهەق بە گەلی کوردستان و گەلانی دیکەی ناوچەکە، کە لە یەکێک لە پایتەختی وڵاتە عەرەبییەکان بەڕێوەبچێت.
10هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی هاوبەش لە نێوان سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی جینۆساید لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانی جیهان بە کوردیشەوە ساڵانە کۆنگرەیەک لە یەکێک لە وڵاتەکان سازبدەن.
لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
1 پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە دۆستانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بۆ پەیوەندیکردن بە ناوەندەکانی بڕیاری جیهان، وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی و پەرلەمانی ئەوروپا و پەرلەمانەکانی وڵاتانی جیهان، دادگای تاوانەکانی لاهای و سەنتەر و ڕێکخراوەکانی جینۆساید بە مەبەستی بەشدرایکردنیان لە هەوڵەکانی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال لە سەر ئاستی جیهانی.
2 زانکۆکانی کوردستان ڕاسپاردە دەربکەن و ساڵانە توێژیینەوەی زانستی لەسەر تاوانەکانی ئەنفال ئەنجامبدرێت.
3 دامەزراندنی لیژنەیەکی تایبەت بۆ دیراسەکردنی ئەزموونەکانی جیهان لە بواری قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و سوود وەرگرتن لێیان و پێشکەش کردنی پڕۆژەیەک سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکانی تاوانەکانی ئەنفال.
4 دابینکردنی کورسی خوێندن لەلایەن هەردوو حکومەتی کوردستان و عێراقەوە بۆ منداڵەکانی قوربانیانی ئەنفال بە مەبەستی درێژەپێدانی خوێندنیان لە زانکۆ و کۆلیژەکانی ئەوروپا و جیهان.
5 پەلە کردن لە دۆخی هەڵواسراوی یاسایی نا جێگیری کەسوکاری قوربانییەکان.
6 دابینکردن و چاککردنی باری ژیان و گوزەرانی کەسوکاری قوربانیانییەکان.
7 لێ پێچینەوەی یاسایی له و کەسانەی ڕۆڵی خەراپیان بینیوە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکانی ئەنفال دا.
8 کارکردن بۆ ئەوەی ناوچە ئەنفالکراوەکان و کیمیابارانکراوەکان وەکو ناوچە لێقەوماوەکانی جیهان پۆلین بکرێن.
9دانانی پلانێک بۆ پاک کردنەوەی جەستەی قوربانیان و ناوچە کیمیا بارانکراوەکان.
10دروستکردنی مۆزەخانەیەکی نیشتمانی کە هەموو پاشماوەکانی ئەنفالکراوەکان، وەکو کەلوپەل و جلوبەرگ و وێنە و ناسنامە و دۆکیۆمێنت... هتد تێیدا بپارێزرێت.
11 لە گشت ناوچە ئەنفالکراوەکان مۆنۆمێنتی یادەوەری و ڕەمزی دروست بکرێت.
28-01-2008
تۆماری جینۆسایدی گەلی کورد
ئێوە... ئێوە :
ئەی کەڕەواڵەکانی جیهانی بێڕەوشتی سیاسەتی پڕ پیلان و درۆو ساختە...
ئەی برا دوژمنەکانی دەوروبەرمان، خاوەنانی عەقڵی شۆڤێنیستی و فاشیستی...
ئەی جاشە چاوشۆڕەکانی کوردزمان کە بۆ هەناسەیەک بیرتان نەدەکردەوه و ویژدانتان نەدەهەژا...
ئەی ئەوانەی ئامادەنین چەند چرکەیەک گوێبیستی ژیاننامەی یەکێک لە قوربانییانی ئەنفال و کیمیابارانەکان ببن...
ئەی ئه و گەنجانەی خوێندنەوەی بەسەرهاتێکی خوێناوی مێژووی گەلە ستەمدیدەکەتان بەفیڕۆدانی کات دەزانن...
ئەی ئه و لیبرالیستانەی یادی گیانبەختکردووانی مێژووی خەباتی گەلی کورد بە مەرگدۆستی لەقەڵەم دەدەن...
ئەی ئه و مرۆڤە کوردانەی ڕاگەیاندنی چەواشەکار سەریلێشێواندوون و خۆشخەیاڵانە ئەمریکاو ڕۆژئاوای داهێنەرو دابەشکارو فرۆشیاری چەکی کۆکوژ بە دۆستی کورد دەزانن!!
ئەی ئەوانەی خوێنی گیانبەختکردووانی گەرمیان و بادینان و هەڵەبجه و قەرەداغ و گشت ناوچە وێرانکراوەکانی کوردستان، باجی تێپەڕبوونتان بوو بەره و دەسەڵات و پله و پایه و پارەو شتی تریش !!
بۆ ئێوە هەمووتان ئەم تۆمارەی جینۆسایدی گەلی کورد پێشکەش دەکەم کە لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەکە بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی ڕێکیانخستبوو و لە ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەدا بە هەموو بەشداربووانیان گەیاند.
(فوئاد قەرەداغی)
تۆماری جینۆسایدی گەلی کورد بەدەستی سوپای ڕژێمی بەعس
بۆردومان : 1974
( 24-04-1974 ) بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراقەوە.
( 24-04-1974 ) خاپورکردنی زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزێ، بە بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکان.
( 26-04-1974 ) بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجە.
کیمیاباران : 1987
( 15-04-1987 ) کیمیابارانکردنی گوندەکانی هەڵەدن، بەرگەڵو، کانی توو، ئاوەژێ، سیروان، نوڵچکە، چنارنە.
( 16-04-1987 ) کیمیابارانکردنی گوندی شێخ وەسانان.
( 17-04-1987 ) کیمیابارانکردنی گوندەکانی قزلەر، سنگر، مێوڵاکه.
(19 – 20-04-1987) کیمیابارانکردنی گوندەکانی دۆڵی بالیسان.
( 21-04-1987 ) کیمیابارانکردنی ناوچەی قەرەداغ.
(01-05-1987)کیمیابارانکردنی گوندی زێوێ و ناوچەی دهۆک.
( 23-05-1987 ) کیمیابارانکردنی گوندەکانی تۆمار قەمەر، گورگان.
( 27-05-1987 ) کیمیابارانکردنی گوندەکانی مەلەکان، گۆڕەشێر، کەندۆڵ، بەردۆک، بڵی، ناڵی، تاهێ.
( 27-05-1987 ) کیمیابارانکردنی گوندەکانی نازەنین و بالیسان.
( 28-06-1987 ) بۆردومانی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆمبی ژەهراوی، کە بووە هۆی کوشتنی (132) و برینداربوونی (5000) کەس.
کیمیاباران : 1988
(25 – 26 – 28-02-1988) کیمیابارانکردنی گوندەکانی (سەرگەڵو، یاخسەمەر، هەڵەدن، گوێزیلە، دۆڵی جافایەتی).
( 16-03-1988 ) کیمیابارانکردنی شاری (هەڵەبجە) کە بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە (5000) و برینداربوونی زیاتر لە (10000) کەس.
( 18-03-1988 ) کیمیابارانکردنی گوندی (عەنەب) و دەوروبەری شاری (هەڵەبجە).
(22 – 23/3 1988) کیمیابارانکردنی ناوچەی (شاناخسێ) و گوندەکانی (سێوسێنان، دوکان، بەلەکجار، جافەران، ولیان) لە ناوچەی قەرەداغ.
(03-05-1988) کیمیابارانکردنی گوندەکانی (گۆپتەپە، عەسکەر، مایلە، سەرچما، شێخان، کەڵەشێرە، چەمی ڕێزان، قۆجەبڵاخ، زەرزێ).
(25 – 29-08-1988) کیمیابارانکردنی ناوچەی بادینان (گەلی بازێ) لەلایەن (12) دوانزە فڕۆکەی ڕژێمی عێراقەوەو، کوشتنی (2980) دوو هەزارو نۆ سەدو هەشتا کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
پڕۆسەی ئەنفال :
ئەنفال پڕۆسەیەکی بەرنامەداڕێژراوی پاکتاوی ڕەگەزی و کوشتنی بەکۆمەڵ و سڕینەوەی کولتوری و نەهێشتنی ناسنامەی نەتەوایەتی گەلی کورد بوو، کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەکۆمەڵکوژیی کوردە فەیلییەکان دەستیپێکردو دواتر لە 1988 دا بە چەند قۆناغێک کۆتاییهات، کەلەلایەن ڕژێمی بەعسی فەرمانڕەوای دەوڵەتی عێراق بەرامبەر بەگەلێکی چوارچێوەی دەوڵەتەکەی خۆی ئەنجامیدا، لە ئەنجامی ئه و تاوانەدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی بێتاوان بوونە قوربانی و بێسەروشوێنکران، پاش دادگاییکردنی بەشێک لە تاوانبارانی سەرەکی پڕۆسەکانی ئەنفال، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی لە ڕۆژی (24-06-2007) دا ئەم تاوانەی بە جینۆساید ناساند.
مێژووی کۆمەڵکوژیی گەلی کورد :
(04-09-1980) کۆمەڵکوژیی کوردە فەیلییەکان (10000) قوربانی.
( 31-07-1983 ) کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان (8000) قوربانی.
ئەنفالی 1988 کە بە هەشت قۆناغ ئەنجامدرا (182000) قوربانی.
( 21-02-1988 – 18-03-1988 ) ئەنفالی یەک (دۆڵی جافایەتی و مەرگە).
( 22-03-1988 – 01-04-1988) ئەنفالی دوو (ناوچەی قەرەداغ).
( 31-03-1988 – 18-04-1988 ) ئەنفالی سێ (ناوچەی گەرمیان).
( 20-04-1988 – 05-05-1988) ئەنفالی چوار (سنووری عەسکەر، گۆپتەپە، شوان، قەڵاسێوکە، دەشتی کۆیە).
( 24-05-1988 – 31-08-1988 ) ئەنفالی پێنج، ئەنفالی شەش، ئەنفالی حەوت (ناوچەکانی شەقڵاوه و ڕەواندوز)
( 25-08-1988 – 06-09-1988) ئەنفالی هەشت (دەڤەری بادینان)
ڕاگواستن :
( 10-07-1963 ) دەربەدەرکردنی (40000) چل هەزار کوردی دەوروبەری شاری کەرکووک.
( 11-06-1963 – 23/7 1963) وێرانکردنی (875) هەشت سەدو حەفتاو پێنج گوند.
ساڵی 1971 – 1972 زیاتر لە (40000) چل هەزار کوردی فەیلی ناسنامەی هاووڵاتیبوونی عێراقییان لێسەندرایەوه و ڕەوانەی سنوورەکانی وڵاتی ئێران کران.
ئەم ژمارەیەی کوردە دەرکراوەکان تا کۆتایی ساڵی 1980 گەیشتە نزیکەی (215000) دووسەدو پانزە هەزار کەس. بەپێی ئامارەکانی خاچی سوورو مانگی سووری نێودەوڵەتی بە (400000) چوارسەد هەزار هاووڵاتی مەزەندە دەکرێت.
ساڵی (1975) زیاتر لە (200000) دووسەد هەزار کورد لە کوردستانەوە بەره و ناوچەکانی باشووری عێراق ڕاگوێزران. لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 1975 کۆمەڵەی پشتگیریکردنی گەلانی چەوساوە لە ئەڵمانیا – گویتنگن، لەگەڵ کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە هۆڵەندا، ڕایانگەیاند : ژمارەی ڕاگوێزراوان گەیشتووەتە 200000 دووسەد هەزار کەس و 116 سەدوشانزە گوند وێرانکراون، 25000 بیست و پێنج هەزار کوردی ئێزیدیش لە سنجار ڕاگوێزراون.
ئەم شاڵاوی ڕاگواستنە بەردەوام دەبێت بەجۆرێک تا سەرەتای ساڵی 1979 ژمارەی کوردە ڕاگوێزراوەکان دەگاتە (700000) حەوتسەد هەزار کەس، کە لە (1222) هەزارو دووسەدو بیست و دوو گونددا شاڵاوەکە ئەنجام درا.
کوشتن :
(1961 – 1962) کوشتنی (3000) سێ هەزار خەڵکی سیڤیل و وێرانکردنی (150) سەدوپەنجا گوند.
( 11-06-1963 ) لە ماوەی مانگێکدا، کوشتنی (2000) دوو هەزار کەس و سووتاندنی (200) دووسەد گوند.
(09-06-1963) قەدەغەکردنی هاتووچۆو گوللەبارانکردنی (83) هەشتاوسێ کەس لە خەڵکی شاری سلێمانی.
(09-06-1963) دەستبەسەرکردنی (5000) پێنج هەزار کەس لە شاری سلێمانی و کوشتنی (276) دووسەدو حەفتاوشەش کەس لە ڕۆژانی دواتردا.
(09-06-1963) گوللەبارانکردنی (20) بیست کەس پاش بەستنەوەیان بە دارتێلی سەرشەقامەکانەوە لە شاری کۆیە.
مانگی ئابی (1969) هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر هەردوو گوندی (دەکا) و (خورت) لە ناوچەی ئاکرێ و، بووە هۆی سووتاندنی هەردوو گوندەکه و ئاگرتێبەردانی (67) شەست و حەوت ژن و منداڵ کە لە ئەشکەوتێکی نزیک گوندەکان خۆیان حەشاردابوو.
( 16-09-1969 ) هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر گوندی (صوریا) لە سێگۆشەی سنووریی (تورکیا – عێراق – سوریا) و گوللەبارانکردنی (60) شەست کەس لە دانیشتوانی گوندەکە.
(09-06-1984) بۆردومانی ئۆردوگای پەناهەندەکانی (زێوە) لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان، (42) چل و دوو کەس کوژراو (230) دووسەدوسیی کەس بریندار بوو.
(01-07-1984) بۆردومانی ئۆردوگای پەناهەندەکانی (زێوە) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، (2) دوو کەس کوژراو (14) کەس بریندار بوو.
(ئەیلول – تشرینی یەکەمی) 1985 لەسێدارەدانی (300) مێردمنداڵ کە تەمەنیان لە نێوان (17 – 23) ساڵیدا بوو لەشاری سلێمانی. لە ( 14-05-1990 ) دەزگاکانی ڕژێم لە شاری سلێمانی وەفاتنامەی (150) سەدوپەنجا کەسی لەسێدارەدراویان بە خاوەنەکانیان دایەوە.
ئەمڕۆ مۆمێکی نوێ بۆ ساڵێکی نوێی خەون و هیواکانمان دادەگیرسێنین
ساڵی 2007 ی پڕاوپڕ ململانێ و شەڕی دەستەویەخەی چەوساندنەوە هەمە جۆرەکانی نێو ئەم جیهانە جەنجاڵەی ژێر سایەی سەرمایەداریمان بەڕێکردوو، ئەمڕۆ چین و مرۆڤە چەوساوەکانی جیهان، بەهەمان ئه و خەون وهیوایانەی سەری ساڵانی ڕابردووەوە، پێشوازی لە ساڵی 2008 دەکەن.
ساڵی 2007، ساڵی توندو فراوانبوونەوەی ململانێی کرێکاران و گەلانی جیهان بوو دژی هەیمەنەی تاکجەمسەریی ئەمریکا. ساڵی بەرهەڵستکاری و ڕیسواکردنی سیاسەتەکانی سیستمی جیهانگیریی سەرمایه بوو. ساڵی چوونەپێشەوەی خەباتی دژە جیهانگیریی بوو لەسەرانسەری جیهاندا، ساڵی خۆڕێکخستنەوه و گوڕسەندنەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ستەمدیدەو، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جیهانیی سۆسیالیزم بوو. بەدڵنیاییەوە ئەمساڵیش هەمان ڕەوت درێژەی دەبێت و ململانێکان تین و تاوێکی دیکە بەخۆیانەوە دەبینن.
ساڵی 2007 بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیسان، ساڵی پێکداهەڵپژان و خەباتی نەپساوەی گەلانی ناوچەکە بوو دژی پڕۆژە ئیمپریالیستییەکەی ڕۆژهەڵاتی گەورەی ناوەڕاست ، ساڵی سەرکەوتنی دیدو بۆچوونی حزب و ڕێکخراوە چەپەکانی ناوچەکە بوو سەبارەت بە ڕووکارو ئاکامی کێشە گڕگرتووەکان. ساڵی ڕیسوابوونی بۆرژوا شۆڤێنیزمی عەرەبی – ئیسلامی بوو. ئاستەنگەکانی نێوان هێزە بۆرژوازییەکانی لوبنان و فەلەستین و عێراق لەسەر دەسەڵات، تێشکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئیرادەی پۆڵایینی گەلی لوبنان لە باشووری ئه و وڵاتەدا، هەرەسی دەسەڵاتی فەلەستینی و شەڕی ناوخۆی نێوان فەتح و حەماس، ڕیسوابوونی سیاسەتە چەوتەکانی ئەمریکا لەعێراقیشداو ناچاربوونی بەسەوداو سەوداکاریی لەگەڵ بەرەی شۆڤێنیزمی عەرەبی – ئیسلامی بەعس و قاعیده ؛ ئەمانە هەموویان پێکەوە لە گرنگترین دیارده و بەسەرهاتەکان بوون و سیمای ساڵی ڕابردوویان لە ناوچەکەدا نەخشاندو، وەهاش پێشبینی دەکرێت کە سیمایەکی ئاشکراترو ڕوونتریان بۆ ساڵی نوێ (2008) لێدەرکەوێت.
بۆ گەلی کوردیش بە گشتی، پارساڵ، ساڵی کۆمەڵێک ڕووداوو فشارو پیلانی هەمەڕەنگ و هەمەلایەنە بوو بۆ پێچانەوەی کێشە ڕەواکەی و، بۆ جارێکی دیکە، سەپاندنەوەی تەوقی دیلێتی بەسەریدا، بۆ جەماوەری خەلکی باشووری کوردستانیش، ساڵی بەردەوامبوونی گەندەڵیی بوو لەهەموو ئاستەکاندا، ساڵی خاوەخاوکردن بوو لە یەکگرتنەوەی تەواوەتی ئیدارەی حکومەتی هەرێمدا، ساڵی چوونە سەرەوەی نرخی شتومەک و هەڵچوونی گرانی بوو.
ساڵی 2007، شاهیدی فراوانبوونەوەی ئیعتیرازە جەماهیرییەکان بووین. لەم ساڵەدا سەرکوتی خۆنیشاندانە جەماوەرییەکان درێژەی هەبوو، پێشێلکردنی ئازادییەکان بە گشتی و ئازادیی ڕۆژنامەنووسی بەتایبەتی بەردەوام بوو. هەروەها ساڵی هەڕەشه و لەشکرکێشیی ئیسلامییە کەمالیستەکانی تورکیا و سەرهەڵدانەوەی هاوپەیمانێتی دەوڵەتە شۆڤێنیستەکانی ناوچەکە بوو دژی پارتی کرێکارانی کوردستان و لەشکری بەرگریی میللی کوردستان ؛ هەر لەم ساڵەدا ڕوخساری ڕاستەقینەی ئەمریکا بەرامبەر بە گەلی کوردو کێشە ڕەواکەی (بۆ ئەوانەی گوتیان : بژی مارینز !) کەوتەڕوو، چ بە سیاسەتی پشتگیریکردنی لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر پەکەکه و باشووری کوردستان و، چ بەپشتگیریکردنی ئه و ڕەوتە شۆڤێنیستانەی کۆسپیان خستەبەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق سەبارەت بە کەرکووک و ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی ژێر سایەی دەسەڵاتی ناوەند و، هەڵواسینی چارەنووسی بۆ ئایندەیەکی تەمومژاوی نادیار.
لە کاتێکدا ئەمڕۆ پێدەنێینە ساڵێکی نوێوە، چارەنووسی گەلەکەمان (بەپێچەوانەی ئەوەی ڕاگەیاندنی دەسەڵات بڵاویدەکاتەوە) بەره و دواوە دەگەڕێتەوە ؛ ئەگەرچی مەترسی جینۆساید، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی جیهان و لاوازیی دوژمنە شۆڤێنیستەکانمان لەعێڕاقدا، لەم قۆناغەدا لەئارادا نییە، بەڵام مەترسی گەڕانەوەمان بۆ پلە دوویی یان کەمتریش لە نێواندایەو، یەک جەمسەرگیریی : (ئەمریکایی – دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان – عەرەبی شۆڤێنیستیی سوننه و شیعه و ئیسلامییە تەکفیرییەکان) دوورو نزیک لە یەکترییەوە بە عەمەلی پێکهاتووەو، بەنیازن هاوکێشه و تەرازووی بەرژەوەندی و پەیوەندییەکانیان بە سەرکوت و زەوتکردنی مافی گەلی کورد لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیدا ڕابگرن. بۆیە دەشێت لە ساڵی نوێدا ململانێکان بە توندی لەسەر هەرچوار ئاستەکەدا (جیهانی، ناوچەیی، عێراقی و کوردستانی) بەردەوام بێت و، هاوشانی بەرەوپێشەوە چوونی خەباتی گەلان و چینە ڕەنجدەرەکان لەئاستی جیهانی و ناوچەییدا، گەلی ستەمدیدەی کورد خەباتێکی دژوار چاوەڕێی بکات و مافەکانی بکەونە بەر هەڕەشەیەکی جیددییەوە کە ئەوەش هەڵسەنگاندنی نوێ و بیرکردنەوەی نوێ و سیاسەتی نوێ و شێوازی تێکۆشانی نوێ و گیانێکی نوێی بەرەنگاریی دەوێت.
1 ی کانوونی دووەمی 2008
ئەمریکاو شەڕی ناوخۆیی عێراق
هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئاوێنە (دووشەممە 17-09-2007 ) شایانی ئەوەیە سەرنجمان ڕابکێشێت و بە دوایدا بچین تا بە شێوەیەکی لۆژیکی دەستەکانی پشتەوەی شەڕی ناوخۆیی عێراق بناسین و، ڕاستی و ناڕاستی هەواڵەکە بزانین.
هەواڵەکە لە زاری بەرپرسی لیژنەی داقوقی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕاگەیەندراوە. هەواڵەکە باس لە چەکدارکردنی گوندنشینە عەرەبەکانی ئه و ناوە لەلایەن ئەمریکاییەکانەوە دەکات.
بەرپرسەکە هەست بە مەترسی ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دەکات و، ئه و ڕاستییە ڕادەگەیەنێ کە ئه و چەکانە بۆ شەڕی تایەفی بەکاردەهێنرێت و بارودۆخی ناوچەکە تێکدەدەن و ئاسایشی هاووڵاتیان بەر مەترسی دەخەن.
ئەم هەواڵە زێتر لە سەرنجێک هەڵدەگرێت و، بۆ شیکردنەوەی چەند وتارێکی دەوێت.
هەواڵەکە، هەڵوێستی ئەمریکییەکان لە شەڕی ناوخۆ ئاشکرا دەکات. هەڵوێستەکانی ئەمریکا لە یەکەم ڕۆژی داگیرکردنی عێراقەوە تا ئەمڕۆ، بەتایبەتی خۆشکردنی ئاگری شەڕی تایەفی و ململانێکانی نێو عێراق، نەک هەر گوماناوی دەکات، بەڵکو وەک ڕاستییەک دەسەلمێنێ.
یەکێک له و ڕاستییانە بەرنامەڕێژیی و پلانی هەڵگیرساندنی شەڕە، کە بڵاوکردنەوەی چەک – بەهەر بیانوویەکەوە بێت - ئامرازێکی بەدیهێنانێتی. ئەمە سەرنجمان بۆ سەرەتای هاتنی لەشکری ئەمریکا ڕادەکێشێ، ئەوەمان بەبیردەهێنێتەوە کە لەشکری تێکشکاوی عێراق ئاشبەتاڵی لێکردو هەر یەکێک، لە ئەفسەرە گەورەکانەوە تا دەگاتە سەر سەربازەکان، ملی ڕێگای خۆ شاردنەوە یان ماڵەکانی خۆیانیان گرت ؛ نەکەس لێیپرسینەوە، نە مەرجی تەسلیمکردنی چەکەکانیان بۆ دانرا. تەواوی چەکەکانی لەشکری دۆڕاوی عێراق بۆ شاردنەوه و دەستاودەستکردن و تاڵانی و فرۆشتن بەجێهێڵران. ئه و هەڵوێستە ئاسایی و عەفەوی نەبوو، بەڵکو مەبەستی تایبەتی لە دواوە بوو.
دیسان ئەمریکا بە پلان و، بۆ ڕاکێشانی قاعیدە بۆ نێو عێراق و دوورخستنەوەیان لە ئەمریکاو شوێنەکانی دیکەی جیهان کە مەبەستێتی ئاسایشیان تێدا بێت، سنوورەکانی عێراقی فەرامۆش کردو بەڕووی چەکدارە خۆکوژەکانی قاعیدەیدا ئاوەڵا کرد. ئەوەی ئەمڕۆ بە لۆژیکی ئەقڵ پرسیار هەڵدەگرێت ئەوەیە : ئایا ئەمریکا ناتوانێت ئه و سنوورانە بپارێزێت ؟ ئایا ئەمریکا ناتوانێت بەهۆی مانگە دەستکردەکانەوە چاودێریی سنوورەکان بکات ؟ یان بە هۆی سارووخە دابەستراوەکانی لەسەر ئوستۆڵە جەنگییەکان، کە لە دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای سوورو کەنداودا هەن، ناتوانێت یەک بە یەکی ئه و شوێنە سنوورییانەی چەکدارانی قاعیدە و بەعس لێی مۆڵدەخۆن خاپوور بکات ؟ ئایا ئەمریکایەک توانای پاراستنی سنوورەکانی خۆی و وڵاتەکانی پەیمانی ناتۆو وڵاتە وابەستەکانی لە ئاسیاو ئەمریکای لاتین هەبێت، توانای کۆنترۆڵی سنوورەکانی عێراقی نییە ؟ یان خۆی لێ گێل دەکات و مەبەستێتی ئاگری شەڕو کوشتار بەردەوام لە کڵپەسەندندا بێت.
ئەمریکا بە پەیڕەویکردنی سیاسەتی جیاجیای دژ بەیەک و دنەدانی هەموو پێکهاتە ئەتنی و ئاینی و تایەفییەکان، هەر یەکە بە جۆرێک، هەر لە دنەدان بەهۆی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە تا چەکدارکردنی ئەم یان ئه و بەپێی پلان و چۆنیەتی بردنە پێشەوەی بەرژەوەندییەکانی، تەنوورێکی داخستووە کە بەرودوا خەڵکی گیرۆدەی عێراقی تێدەکەوێ.
ئەمریکا سیاسەتێکی چەند سەرەی لە عێراقدا هەیە. خەڵکی عێراق بەگژ یەکتریدا دەکات. هەر ڕۆژە لایەنگیریی لایەنێک دژی لایەنێکی دیکە دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش چەک و پارە دەبەشێتەوە، ئاکامیش هەموو لایەنەکان (عەرەب، کورد، تورکمان) یان (سوننە، شیعە) یان (موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی، صابیئە) و... هتد، لاوازو زەبوون و عێراق سفر دەکات، هەتا بەم ڕێگەیە بەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆی دەستەبەر بێت و هەرچی زێتر ستڕاتیژی نەتەوەیی خۆی جێبەجێ بکات. دیارە نرخی ئه و سیاسەتەش، ئه و لافاوی خوێنەیە کە چوار ساڵە لەبەر گەلانی عێراق دەڕوات و ناشزانرێت کەی بەربەستێکی بۆ دادەنرێ و ڕادەگیرێت.
دابەشکردنی چەک لە گوندەکانی داقوق و ناوچەی کەرکووک، جگە لەوەی هەوڵێکە بۆ پەکخستنی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق، سەرەتای سیاسەتی خۆشکردنی شەڕی ناوخۆو تەشەنەکردن و هێنانی ئه و شەڕەشە بەره و کوردستان.
20 ی ئەیلولی 2007
سەردانی وڵاتێکی بێ پەرژین
ڕۆژی 03-09-2007، لە ناکاوو بێ ئاگاداریی کاربەدەستانی عێراق، جۆرج بوش و وەزیرانی دەرەوه و بەرگری و فەرماندەی لەشکرەکانی ئەمریکا سەردانی عێراقیان کرد. لەجیاتی ئەوەی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بنیشنەوە، لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایی بەناوی (قاعدة الاسد الجویة) دەرکەوتن.
ئەمە جاری یەکەم نییە کە کاربەدەستانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان بێ ڕەچاوکردنی ئەتەکێتی دیپلۆماسی و، بێ دانانی نرخێک بۆ وڵاتێک کە گوایا سەروەرێتی هەیە، خۆیانی پێدا دەکەن و ئاغایانە بەدوای کاربەدەستانی پایەبڵندی عێراقیدا دەنێرن تا له و شوێنەی هەڵیانداوە بچنە خزمەتیان.
ئەمریکا لەم هەڵوێستەدا بەئاشکرا عورفە دیپلۆماسییەکان پێشێل دەکات و، دەوڵەتی زەبوونی عێراقیش توانای ئەوەی نییە دەمی بکاتەوه و هیچ نەبێ لە یادداشتێکدا ئه و پرنسیپانەیان بیربخاتەوە کە خۆیان وەک زلهێزێکی ئەم جیهانە لەنێو پەیمانی کۆمەڵی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دایانناوه و مۆریان کردووە.
ئەم شێوازە ڕەفتارەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بەرامبەر عێراق ڕووی ڕاستەقینەی داگیرکەران دەردەخات و ئەم ڕاستییانە دەسەلمێنێ :
1 - عێراق خاوەنی هیچ سەروەرییەک نییە و، لەسایەی داگیرکەراندا وەک وڵاتێکی کۆلۆنی ڕەفتاری لەگەڵدا دەکرێت.
2 - ئەمریکا وەک داگیرکەرێک سەیری عێراق دەکات و ئەوەی لە فەرهەنگی دیپلۆماسییاندا نەبێت، ڕێزگرتنی سەوەرێتی دەوڵەتی عێراقە. عێراق له و فەرهەنگەدا (بە واقیعیش هەروایە) سەروەرێتییەکی کارتۆنیی هەیە.
3 - وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ ئیعتیبارێک بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق دانانێت و بە هاوشانی خۆی نازانێت تا لەڕێی ئەم کەناڵە سەرەکییەی دیپلۆماسییەوه، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پەیوەندی و هاتووچۆو سەردانەکان ڕێک بخرێت.
4 - عێراق سنوورێکی نییە. بۆیە چ دەوڵەتە زلهێزەکان و چ دەوڵەتەکانی دراوسێ هەرکاتێ ویستییان، بەئارەزووی خۆیان، بەناوی دەکەون و چییان بوێت دەیکەن.
5 - کاربەدەستانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان، تەنانەت ڕێز بۆ کاربەدەستانی باڵای عێراقی وەک سەرکۆمارو سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان دانانێن و، مەبەستیان نییە ئەوان، وەک عورفی دیپلۆماسیی دەخوازێ، لە پێشوازییاندا بن.
داگیرکەرانی عێراق ڕۆژانە لە هەڵسوکەوتیاندا هەیمەنەی سیاسیی خۆیان دووپاتدەکەنەوەو، نە رزگاری عێراق و نە دیموکراسی و نە خۆشگوزەرانی یەک، کە فشەیان پێوە دەکرد، لە ئەجندەیاندا نییەو، تەنهاو تەنها بەدوای ستراتیژی نەتەوەیی خۆیانەوەن و، تا ئه و بەرژەوەندییانەیان مابێت، بەسەر سنگی گەلانی عێراقەوە دەمێننەوەو، کۆنتڕۆڵی هەناسەدانی ئەم وڵاتە بێ پەرژینه و جەماوەری خەڵکی گیرۆدەخواردووی دەستی تێرۆریزمی عەرەبی - ئیسلامی و تێرۆریزمی دەوڵەتیی دەکەن.
(دۆستە ئەمریکاییەکانی کورد) ناوەندی پۆلیسی فریاکەوتنی گەرمیان بۆردومان دەکەن... !
ببورن لە ناونیشانی ئەم وتارەدا ئەمریکاییەکانم وەک دۆستی کورد ناوبرد. ئەوە کرێکاران و زەحمەتکێشانی کورد نین کە ئەمریکا بە دۆستی خۆیان بزانن. ئەوە لەسەر زاری ڕاگەیاندنی بۆرژوازیی دەسەڵاتداری کوردەوەیە کە سیفەتی دۆستم دایە دەوڵەت و سیستمێک کە دۆستی هیچ گەلێک نییە لەم جیهانەداو تەنها بەدوای بەرژەوەندی و ستڕاتیژی نەتەوەیی خۆیەوەیەتی.
ئەم دۆستەی بۆرژوازیی نەتەوەیی کورد ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو 26-08-2007 لە (ناحییەی قەرەتەپە) دوو جار بە فڕۆکەی هیلیکۆپتەر هێرشی کردۆتە سەر (ناوەندی پۆلیسی فریاکەوتنی گەرمیان) و لە ئەنجامی بۆردومان کردنیدا 4 پۆلیس کوژراون و 8 ی دیکەش بریندار بوون.
ئەمە جاری یەکەم نییە هێزەکانی ئەمریکا لە کوردستاندا پەلاماری پێشمەرگه و هێزە چەکدارەکانی کوردو خەڵکی مەدەنی بدەن و زیانی گیانییان پێبگەیەنن. سەیر ئەوەیە هەموو جارێکیش بە بیانووی نەزانین و سەهو شانی خۆیان لەم تاوانانە خاڵی دەکەنەوە.
پێشتر، لە سەروبەندی ڕووخانی ڕژێمی سەددامدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، لە نێوان هەولێرو کەرکووکدا هێرشیان کردە سەر کاروانێکی هێزی پێشمەرگەی پارتی ولە ئەنجامی ئه و پەلامارەدا برایەکی سەرۆکی پارتی بە خەستی بریندار بوو. هەروەها چەند پێشمەرگەی دیکەش کوژران و بریندار کران.
جارێکی دیکەش، لە شاری موصل، ئەمریکا هێرشی کردە سەر بارەگایەکی یەکێتیی نیشتمانی و ژمارەیەک پێشمەرگە له و پەلامارەدا کوژران و بریندار بوون.
یەک دوو هەفتە لەمەوبەریش لەسەر ڕێگای سلێمانی – کەرکووک ئەمریکییەکان هێرشیان کردە سەر کۆمەڵێک خەڵکی مەدەنی و چوار هاووڵاتییان بریندار کرد.
چەند بارەبوونەوەی ئەم پەلامارانە، کە هیچ پاساوێکیان نییە، مرۆڤ دەخاتە گومانی ئەوەی کە هەر جارە یان بە کۆی هەموو جارەکان پەیامێک بە خەڵکی کوردستان و بە تایبەتیش بە دەسەڵاتی کوردیی بدەن. ناوەرۆکی ئه و پەیامەش جەختکردنەوەیە لەسەر باڵادەستیی ئەمریکاو، سفربوونی کورد بەگشتی و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە چاوی ئەمریکاوە. دەیانەوێت بڵێن : ئێمە لەم وڵاتەدا سەروەرین و ئێوە لەبەرامبەرماندا هیچ نین و دەبێت گوێ لە مستی ئێمە بن. پێمان دەڵێن : پڕۆژەی تایبەتی خۆتان بۆ خۆتان و ئێمە چۆنمان دەوێت و چ پڕۆژەیەک لەم وڵاتەدا پیادە دەکەین، دەبێت گوێڕایەڵ بن و لێی دەرنەچن.
ئەمە خوێندنەوەیەکە بۆ دیوی دەرەوەی ڕووداوەکان، بەڵام لە دیوی ناوەوه و، ئەوەی لە کایەی دیپلۆماسیی نهێنی نێوان ئەمریکاو دەسەڵاتی کوردیدا چی دەگوزەرێ، نازانرێت و گەلی کورد لە مێژە بە نەزانینی ئه و دیپلۆماسییەتە ڕاهێنراوە !
دەبێت هێرش و پەلاماری هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێشمەرگه و هێزە چەکدارەکانی کوردو خەڵکی مەدەنی کوردستان شایانی ڕیسواکردن و بێزاری و تووڕەیی گەلەکەمان بێت و، جەماوەری خەڵکی ستەمدیدەی کورد وەک زەنگێکی مەترسیدار حسابی بۆ بکات و، لە ئاستیدا بە ئاگابێت و، بە نیازپاکیی ئەم دۆستە ڕاگوزەرە شەڕەنگێزە فریو نەخوات.
چواردەی تەمموز مێژووی سەروەریی دوێنێ و مژدەی ڕزگاری بۆ ئاینده
ئەمڕۆ ڕۆژی چواردەی تەمموزە، چواردەی تەمموز لە مێژووی جیهان و عێراق و کوردستاندا، بۆنەیەکی ساڵانەیە. ڕۆژی بیرەوەریی نەوە بە نەوەی مرۆڤە لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا. ئەم ڕۆژە بۆ نەوەی ئێمەش کە نیو سەده لەمەوبەر منداڵ بووین یادەوەرییەکە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە. بۆ نەوەی ئەمڕۆش دەرس و پەندێکە خۆیان شاهیدی گوتنەوەی بوون و لە مێشکیاندا هەڵکەندراوه و ناسڕدرێتەوە.
چواردەی تەمموزی ساڵی 1789 یادەوەریی ڕووخاندنی بەندیخانەی باستیل و بەرپابوونی شۆڕشی مەزنی فەڕەنسایه، ئه و شۆڕشەی کە پێکهاتەی سیاسی – ئابووری – کۆمەڵایەتیی دەرەبەگایەتی پێچایەوه و لە شوێنەواریدا پێکهاتەیەکی نوێی لە مێژوودا هێنایە ئاراوە کە پێکهاتەی سەرمایەدارییە.
شۆڕشی بۆرژوازی فەڕەنسا وەرچەرخانێکی گەورەی مێژوو بوو بەره و پێشەوە. ئه و شۆڕشە مەزنە بوو کە بانگی مافەکانی مرۆڤ و دروشمەکانی ئازادی و یەکسانی و برایەتی دا. ئه و شۆڕشە بوو کەلە سایەیدا چەپ و ڕاست و، سەرمایەدارو پڕۆلیتاریا، هاتنە گۆڕەپانی سیاسەت و بەردەوامییان بە ململانێی مێژووی خەباتی چینایەتی دا.
شۆڕشی بۆرژوازی فەڕەنسا، بە بەرجەستەکردنی ئەم ململانێ نوێیە لە مێژووی بەرهەمهێناندا، مژدەی سەرکەوتنی پڕۆلیتاریا و دواڕۆژێکی سۆسیالیستیشی بۆ بەشەرییەت هێنا. بۆیە جیهانی پێشکەوتنخواز هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا ئه و یادە بەرزو بەرزتر ڕادەگرن.
لێرەش لە عێراقدا هەموو ساڵێک یادەوەریی چواردەی تەمموزی ساڵی 1958 دەکرێتەوە. جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی عێراق، ئەمەکدارییان بەرامبەر ئه و شۆڕشە مەزنە دەردەبڕن، ئه و شۆڕشەی کە دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی هەڵتەکاندو وەرچەرخاندنێکی بۆرژوازییانەی، بەره و پێشەوە، لە ژیانی گەلانی عێراقدا کرد، ئه و شۆڕشەی کە ئەرکەکانی شۆڕشی نیشتمانی – دیموکراتی یەکە یەکە جێبەجێکرد تا زەمینەی عێراقێکی سۆسیالیستی خۆش بکات. بەڵام هێزی نەگریسی جیهانی کۆن بە پشتگیریی ئیمپریالیزمی جیهانیی ئەم شۆڕشەیان لەناوبردو بەدەست بەعسییە فاشستەکانیانەوە دا.
چواردەی تەمموزی 1958 یادەوەرییەکە لە بیری ڕێبوارانی کاروانی ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزمدا، ئەم شۆڕشە ڕێزی تایبەتی خۆی هەیه و ئەمڕۆ چاوەڕێی دەستی چینە شۆڕشگێڕەکانی گەل دەکات کە سەرلەنوێ ئەرکەکانی بکەنەوە بە بەرنامەی خۆیان و، لە ڕەوتی بەره و پێشەوەچوونیاندا بەره و سۆسیالیزم بەدیبهێنن.
چواردەی تەمموز لە مێژووی نەوەی نوێی خەڵکی کوردستانیشدا ئاوێتەیە بە یادەوەریی بزووتنەوە جەماوەرییەکەی دوای ڕووخانی بەعس، بە تایبەتی ئه و بزووتنەوەیەی لە مانگی تەمموزی 2003 دا سەریهەڵدا، ئاوێتەیە بە کۆبوونەوە گشتییەکەی ڕۆشنبیران و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان لە چواردەی تەمموزی 2003 دا تا بزووتنەوەی بەره و ڕیفراندۆم بەڕێبخەن و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان سازبدەن بۆ بەرگری لە مافی بڕیاردانی چارەنووس و بەرپاکردنی ڕیفراندۆمێک لە باشووری کوردستاندا بۆ ئەوەی گەلی کورد خۆی، ئازادانە، بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات کە ئایا دەیەوێت لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە یان جیابێتەوه و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دابمەزرێنێ.
ئەگەرچی بزووتنەوەی (بەره و ڕیفراندۆم) شکستی هێناو ئامانجەکانی بەدینەهات و سیاسەتی کوردیی بووە مایەی پووکاندنەوەی، بەڵام لە کایەی سیاسەت و مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا گوتارێکی سیاسیی کۆنی نوێکردەوە کە ئەویش گوتاری سەربەخۆیی کوردستان بوو. ئەمڕۆ ئەم گوتارە لە ویژدان و هەست و هزری زۆربەی جەماوەری خەڵکی کوردستاندا چەسپیوەو، ڕووداوەکان هەتا دێت جێگیرتری دەکەن.
چواردەی تەمموز لە مێژوودا، هەمیشە مژدەی وەچەرخانێکی مێژوویی پێبووە، بۆیە دڵنیاین کە مژدەکانی ئایندەش لە ڕۆژانێکی وەک چواردەی تەمموزدا وەردەگرین و، ڕەوتی بەشەرییەت بەره و ئازادی و یەکسانی و، دواتر هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی چینایەتی و بنبڕکردنی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە، بە چەند چواردەی تەمموز ێکدا تێدەپەڕێ.
14 ی تەمموزی 2007
جەوهەری ئەنفال
ئەمڕۆ لە تەلەفزیۆنەکانەوه ئاکامی دادگایی تاوانبارانی ئەنفالمان بینی. سەرۆکی دادگا بڕیاری لە سێدارەدانی سێ تاوانبارو، زیندانیکردنی تاهەتایی دوو تاوانباری دیکەی بۆ تاوانبارەکان خوێندەوە. لەولاشەوە پەیامنێری میدیاکان هەواڵی ئاهەنگ و زەماوەندی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانیان ڕادەگەیاند، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکردن، ئەوانیش ناخی خۆیان دەکردەوەوساده و ساکار هەڵیان دەڕشت، هەستت دەکرد خۆشیی دایگرتوون، هەر یەکەشیان داواکاری و پێشنیازی بۆ چۆنییەتی لە سێدارەدانیان هەبوو، بەڵام هەر هەموو داواکارییەکان پڕبوون لە گیانی تۆڵەسەندنەوه و کوشتن و کوت کوت کردن و کاردانەوەی توندوتیژانە وەک ئەنجامێکی ئاسایی بۆ ئه و کارەساتەی بەعس هێنای بەسەریاندا، ڕاگەیاندنەکانیش پەتی دەڕبرینی ئه و هەست و گیانەی بۆیان شل کردبوو.
دیارە ئەوە مافی گەلی کوردو کەسوکاری ئەنفالکراوەکانە ئاهەنگ بگێڕن، شایی بکەن، سەبارەت بە چارەنووسی تاوانبارانی ئەنفال خۆشنوود بن و، بە ڕادەی سافیی و بێگەردیی دڵە ڕوونەکەیان بدوێن و هەستیان نەشارنەوە.
ئەوانە هەمووی بۆ قوربانییەکان دەسەلمێنین، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت ئاماژە بە حەقیقەتێکی شاراوە بکەین، پەنجە بۆ ئه و چاووڕاوە ڕاکێشین کە لەم دادگایی کردنه و بڕیاری ئەمڕۆی دادگادا لە ناوەرۆکی مەسەلەی کورد کراوە.
داماویی ئەقڵی دواکەوتووی خێڵەکی و ڕاگەیاندنی نەبەکامیی کوردیی لەوەدایە مەسەلەکە لە گۆشەی تۆڵەسەندنەوه و خۆشییەکی ڕووکەشیانەی بێ جەوهەردا دەخاتە ڕوو، کارەساتێکی ئێجگار گەورەی وەک ئەنفال بچووک دەکاتەوەو، له ناوبردنی 182 هەزار مرۆڤی کورد بەرامبەر بڕیاری لە سێدارەدانی سێ تاوانبار ڕادەگرێ.
جەوهەری ئەنفال لە سێدارەدانی چەند تاوانبارێک نییە، لە کاتێکدا هەزاران تاوانباری دیکەی ئەنفالچی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و، سەری گەورەی تاوانبارانیش (صدام حسین) بە پێی یاسا !! شانی لە تاوانەکە خاڵی کراوەتەوە.
جەوهەری ئەنفال، پڕۆسەیەکی فاشستیانه و شۆڤێنیستانەی جینۆسایدی گەلێکە کە وەک هەر گەلێکی دیکەی ئەم جیهانە مافی ژیانی هەیە، مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە، مافی پێکهێنانی دەوڵەتی هەیە، مافی خۆیەتی لە بنیاتنانی ژیاری بەشەرییەتی ئەم سەردەمەدا هاوبەشیی بکات و لە دوا داهێنانەکانی زانست و تەکنەلۆژیا بەهرەمەند بێت.
جەوهەری ئەنفال تاوانەو، تاوانێکی زۆر گەورەیە لە چەشنی هۆلۆکۆست و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی هێرۆشیماو ناگازاکی.
جەوهەری ئەنفال بەکارهێنانی ئایین و شەرعییەت پێدانی تاوانە بەهۆی دەقە ئایینییەکانەوە لەلایەن بۆرژوا ناسیۆنالیستی شۆڤێنی عەرەب بۆ توانەوه و قڕکردنی گەلی کوردی ژێردەستەیان.
جەوهەری ئەنفال، تاوانێکی دژە مرۆڤە کە دەبێت لە ئاستی جیهانیداو بە ڕەسمی ئیدانە بکرێت و وەک مافێکی یاسایی، کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی پاداشتی گەلی کوردو کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بداتەوه و، لانی کەم، زیانە ماددی و مەعنەوییەکانیان بۆ قەرەبوو بکاتەوە.
جەوهەری ئەنفال بژاردنەوەی ستەمێکی مێژووییە کە گەلی کورد نزیک بە سەدەیەکە، لە سایەی ئهیمپریالیزم و دەسەڵاتی شۆڤێنیزمی نەتەوەیی عەرەبدا، بە دەستییەوە دەناڵێنێ و به و هۆیەوە دەریایەک خوێنی لەبەر ڕۆیشتووە.
جەوهەری ئەنفال تاوانی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بە گشتی و ئیمپریالیزمی جیهانییە بە سەرکردایەتی ئەمریکا، کە کاتی خۆی بێدەنگییان لێکردو دەستی بەعسیان ئاواڵە کرد تا به و چەشنە دڕندانەیە و بە پێشێلکردنی هەموو یاساو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، بەربێتە گیانی جەماوەری خەڵکی کوردستان.
جەوهەری ئەنفال، تاوانی سیستمی سەرمایەداریی جیهانییە کە بۆ قازانج و پڕکردنی قاسەی دەریالووشئاسایان، کۆمپانییەکانیان ژەهری کوشندەی کیمیاوییان بۆ بەعس کردە دیاری و بەعسیش - بەئاگاداری ئەوان - بەسەر خەڵکی بێ گوناهی شارو شارۆچکه و گوندەکانی کوردستانیاندا ڕژان.
جەوهەری ئەنفال، داستانێکی مێژووی ئادەمیزادە لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا. بەیتێکە هەرگیز تەواو نابێت. بیرەوەرییەکی قەترانیی ئەوتۆیە، نە سێداره و نە ئاهەنگ و زەماوەندو نە پڕۆجێکتەرەکانی ڕاگەیاندن، ناتوانن ڕووناکایی بە ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی ببەخشن.
24-06-2007
دەرس و پەندەکانی ڕۆژی ڕەشی 9 ی حوزەیرانی 1963
لە مێژووی نیو سەدەی ڕابردووی گەلەکەماندا لە باشووری کوردستان، ڕۆژگارێک هەن ئەوەندەی دەیان ساڵ وانەو پەندییان بەجێهێشتووەو، دەکرێت لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی جەماوەری گەلی کوردو هێزە سیاسییەکانیدا جێورێیەکی تایبەتییان بۆ دابنرێت و، لەبەرەو پێشەوە بردنی مەسەلەی ئازادیی نەتەوەییدا سوودییان لێوەربگیرێت.
یەکێک لەو ڕۆژانەی ئەو میژووە، ڕۆژی ڕەشی 9 ی حوزەیرانی ساڵی 1963 یە.
لەم ڕۆژەدا، دوای چەند مانگێک لە وتووێژی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول و کودەتاچییەکانی 8 ی شوباتی ئەو ساڵە، کوردستان کەوتە بەر دڕەندەترین شاڵاوو پەلاماری سەربازیی. کودەتاچییەکان بە هەموو شێوە چەکێکی زەمینی و ئاسمانی، شوێنێکی ئەم کوردستانە نەما داینەبێژن. لە شارەکانیشدا هەڵمەتی ڕەشبگیری و کوشتنی خەڵکی بێتاوان بە شیوەیەک ڕوویدا کە تا ئەو کاتە مێژووی گەلی کورد بە خۆیەوە نەدیبوو.
ئەم هێرش و پەلامارەی بەعسییەکان تەواوکەری سیاسەتێکی فاشستیانەی خوێناوی بوو کە هەر لە یەکەم ڕۆژی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتەوە، لە سەرانسەری عێراقدا، دژی هێزە چەپ و نیشتمانی و دیموکراتەکانی عێراق پیادەیانکرد.
بەعس بەم پەلاماردانەی کوردستان، لە هەموو بەڵێنەکان و ئەو لامەرکەزییەت ە ش پەشیمان بووەوە کە بۆ فریودانی کورد لە کاتی وتەوێژەکاندا، بەیاننامەی سەلماندنی بۆ دەرکردبوو.
بەعس بە سیاسەتی فرت و فێڵی خۆی، بۆ جارێکی دیکە لە مێژووی عێراقدا، سیاسەتی کوردیی تووشی تەنگژە کردو، ساویلکەیی یان کەم ئەزموونی و ئەقڵییەتی خۆشباوەڕانەی سیاسەتمەدارانی کوردی ئاشکراکرد.
کاتێ بەعسییەکان بە پلان و بەرنامەی ئیمپریالیزم حکومەتی (عبدالکریم قاسم) یان ڕووخاند، سەرکردایەتی شۆڕشی کورد، یەکسەر شەڕی دژی سوپای عێراق ڕاگرت و، پشتگیریی کودەتاچییەکانی کردو، بەپیر داواکاریی وتووێژەوە چوو.
بەعسییکان کە ئەو کاتە لە هەموو لایەکی جیهانەوە نەفرەتیان لێدەکراو گۆشەگیر بوو بوون، لە ئاستی پەیوەندی دەرەوەیاندا خۆیان بە عبدالناصرەوە هەڵواسی و، لە ئاستی سیاسەتی ناوەوەشدا پشتگیریی پارتی و شۆڕشیان مسۆگەرکرد، تا بتوانن لەسەر پێ خۆیان ڕابگرن و هێز بۆ لێدانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد کۆبکەنەوەو، دواتر جەزرەبەی پێبگەیەنن وەک لە 9 ی حوزەیراندا گورزی خۆیان وەشاندو بۆ جارێکیدی ئاگری جەنگی دژە کوردیان، گەرمتر لە جاران، داخست.
ئەو ڕووداوە خوێناویانەی لە ڕۆژی 9 ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردەوە کۆمەڵێک وانەو پەندی مێژوویی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوایەتیی کورد بەجێهێشت، کە دەتوانین لەم چەند خاڵەدا کورت و پوختی بکەینەوە :
1. ناسینی دۆست و دوژمن مەرجێکی گرنگی کاری سیاسییە. تێکەڵکردنی دۆست و دوژمن، ئەنجامەکەی تەنها بە شکست تەواو دەبێت. سەرکردایەتی شۆڕش گوێی بەم پێوەرە نەدا. بە کردەوە چاوی لە شێوازی فاشستیانەی بەعس و ئەو کوشتارگایانە نووقاند کە بەعس بۆ خەڵکی عێراقی دانابوو، بە تایبەتی شیوعییەکان ؛ ئەگەر چی خودی بارزانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا داڵدەیدان. بەڵام وەک شیکردنەوەو تێگەیشتنی سیاسی ئەو ڕاستییە ڕەچاو نەکرا : کەحکومەتێک سیاسەتی قڕکردنی کۆمۆنیستەکان بگرێتەبەر، بێ هیچ سێ ودوو لێکردنێکیش لە یەکەم هەلی لەباردا گەلێکی ستەمدیدەی دابەشکراوو پەراوێزخراوی وەک کوردیش دەتوێنێتەوەو بەرنامەی جینۆسایدکردنی پەیڕەو دەکات.
2. وتووێژ هونەرێکی سیاسییەو دەبێت بە کارامەیی هەڵسوکەوتی تێدا بکرێت. دانیشتنی دووقۆڵی و بەڵێن و پەیمان لە پشتی پەردەوە ؛ بە دیوەکەی تردا گوڕبەستنەوەو خۆئامادەکردنی حکومەتی داگیرکەر دەشارێتەوەو بە فریودانی ئۆپۆزیسیۆن دەشکێتەوە.
3. ئەزموونی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە چەکدارەکان تا ئەو سەردەمە،ئەوەی نیشان دەدا کە لە ماوەی وتووێژدا، کاتێ هێزی شۆڕشگێڕ بۆ ناو شارەکان دادەبەزێت،لە لایەن دەزگا سیخوڕییەکانی دەوڵەتەوە ئاسانتر (خەرق) دەکرێت، ئەم (خەرق) کردنە، هەندێ جار، دەبێتە مایەی تێشکانی گەورە یان هەر هیچ نەبێت دەبێتە هۆیەک بۆ لاوازکردنی شۆڕش.
4. ناسینی سروشتی چینایەتی دوژمن بەڵگەی هوشیاریی سەرکردایەتی هەر شۆڕشێکە. سەرکردایەتی کورد ئەو سەردەمە هیچ حسابێکی بۆ سروشتی چینایەتی بەعس نەکردبوو، یان ڕاستتر بڵێین سروشتی چینایەتیی دەسەڵاتی نەتەوەیی شۆڤێنیزمی عەرەبی هەڵنەسەنگاندبوو، ئەو ڕاستییەی لە بیری خۆی بردبۆوە، کە لە بنچینەدا، ئەوە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و سیاسەتی داگیرکارییە، ستراتیژی کارکردنی دەسەڵات دیاری دەکات ؛ هەڵبەت داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان و بە تاڵانبردنی سامانەکانی هەمیشە لەم سیاسەتەدا خاڵێکی نەگۆڕ دەبێت.
5. دوژمن کاتێک وتووێژ دەکات کە لاوازییەک یان درزێک، کەلەبەرێک لە بارودۆخی سیاسی یان ئابووری خۆیدا ببینێت. نەک هەر ئەوە بەڵکو دەستپێشخەری لایەنی باڵا دەست لە وتووێژی دوو لایەندا هەرگیز لە پیاوچاکییەوە نایەت. بۆیە هەمیشە هەڵوێستێکی کاتیی دەبێت و، بە گۆڕانکارییەکی بچووک لە بارودۆخەکەدا، کە بەرژەوەندی خۆی تێداببینێتەوە، لە وتووێژ پاشگەزدەبێتەوەو، دەست لە بەرامبەرەکەی دەوەشێنێت.
گەلی کورد ئەم ڕاستییەی لە هەموو وتووێژەکانی نیو سەدەی پێشوودا تاقیکردۆتەوە، کە یەکێک لەوانە وتووێژی دوای کودەتاکەی 8 ی شوبات بوو کە ئەنجامەکەی قەسابخانەکانی 9 ی حوزەیران و هەڵگیرساندنەوەی جەنگ لە دژی گەلی کورد بوو.
6. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لە نیو سەدەی ڕابردووداو پێشتریش، نەبوونی ستراتیژێکی ڕوون و ئاشکرا بوو. هەمیشە سیاسەتەکانی بزووتنەوەکە تاکتیکی بوون، بۆیە لەو درزەوە دوژمنان زەفەریان بە بزووتنەوەکە بردووەو لەسەر لایەنی کەمی داواکان پێیانداگرتووە. دیارە ئەو کاتەش هەر وابوو، دروشمی بزووتنەوەکەو شۆڕش (دیموکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان) بوو، تەنانەت لەسەر ئەمەش مانۆڕو مامەڵە دەکراو، بەعس پاشقولێکی گرت و تەنها (لامەرکەزییەت) ی سەلماند، بۆیە ئەو دروشمەی سەرەوە بە واقیعی بووە (فاشیزم بۆ عێراق و ئیدارەی لامەرکەزی بۆ کوردستان) کە ئەوان بە (شمالنا الحبیب) ناویان دەهێنا.
ئایابزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد دەرسی لەو مێژووە وەرگرتووە ؟ ئەمە پرسیارێکە دەبێت لە یادەوەری ڕۆژێکی وەکو 9 ی حوزەیران و ڕووداوە خوێناوییەکانی ساڵی 1963 ئاڕاستەی نوێنەرانی سیاسی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردی بکەین.چونکە دواڕۆژی بزووتنەوەکەو چارەنووسی جەماوەری خەڵکی کوردستانی پێوە بەستراوەتەوە. هەڵە سیاسییەکان و، کورتبینی و، خوێندنەوەی هەڵەت و پەڵەتی بارودۆخەکان و، تاکتیکی ڕۆژ بە ڕۆژو، فەرامۆشکردنی ستراتیژ، کاریگەرێتی لەسەر کێشەکە دادەنێت و بۆ دەیان ساڵی تر گەلی کورد دەکاتە قوربانیی هاوکێشە نێو دەوڵەتی و هەرێمییەکان و، چەپۆکی شۆڤێنیزمی نەتەوەیی عەرەبی لەسەر زیاد دەکات.
لە ڕاستیدا، ئەوە یەکێک لە کەموکووڕییە مێژووییەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردە کە نوێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە دەرس لە مێژوو وەرناگرن و بە هەمان هەڵەدا دەچنەوە، وەک ئەمجارەش لە دوای ڕاپەڕین و، بە تایبەتی دوای هەرەسی بەعس لە 9 ینیسانی 2003 دا تێیکەوتنەوە کە لێرەدا تەنها ئاماژە بە چەند خاڵێکی دەکەین :
1- دیارینەکردنی دۆست و دوژمن و، هاوکاریکردنی دوژمنانی دێرین و سەرسەختی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد واتە ئیمپریالیزم وشۆڤێنیزمی نەتەوەیی عەرەب ؛ ئەو دوژمنانەی لە هەشتا تا نەوەد ساڵی ڕابردوودا مایەو سەرچاوەی هەموو کوێرەوەرییەکانی گەلی کورد بوون.
2- وەرچەرخان بەلای ڕاستداو، تووڕدانی هەموو ئەو پرنسیپە شۆڕشگێڕانەیەی مێژووی خەباتی بزووتنەوەکە لە پێناوی ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزمدا، کە چەند نەوە شۆڕشگێڕانی کوردی پێ پەروەردە کراو، هەزاران هەزار ڕۆڵەی ئەم گەلە لە پێناویاندا گیانیان بەختکرد.
3- خۆشباوەڕیی بە بەڵێن و پەیمانی بۆرژوا شۆڤێنیزمی عەرەب و ئیمپریالیزمی جیهانیی کە ئەمریکا سەرکاروانیانە، بە بێ زامنکردنی مافەکانی گەلی کوردو بە نێودەوڵەتیکردن و دانپێدانانی ئەو مافانە.
4 - لە بیرکردنی سروشتی چینایەتی داگیرکەرانی کوردستان وحکومەتی نمایندەی گەلانی سەردەست لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە. واتە لەبیرخۆبردنەوەی ئەو بەرژەوەندییانەی ڕێگەی چەوساندنەوەی نەتەوایەتی و توندوتیژی و توانەوەو سڕینەوەی شوناسی نەتەوایەتی خۆش دەکات و پلە دوویی بەسەر گەلەکەماندا دەسەپێنێ.
5 - کارکردن بۆ ڕەهەندی عێراقێتیی کێشەی کورد لە جیاتی داڕشتنی ستڕاتیژێکی نەتەوەیی ڕوون و مەبدەئی و، پێداگرتن لەسەر مافی بڕیاردانی چارەنووس و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە باشووردا وەک مافی سروشتی و سیاسی و یاسایی.
دەبا یادی ڕۆژە ڕەشە خوێناوییەکەی 9 ی حوزەیرانی 1963 بزوێنەری خوێندنەوەیەکی نوێی مێژوومان بێت و، دەرس و پەندەکانی ئەو مێژووە،چرای گوتاری سیاسی لەمەودوامان بێت.
دەبا دەرس و پەندەکانی ئەزموونی نیو سەدە شۆڕش و خەباتی بێوچانی گەلی کورد، لە پێناوی گوتارێکی سیاسی نوێدا، سوودی لێوەرگیرێت.
دەبا مافی بڕیاردانی چارەنووس و پێکهێنانی دەولەتی سەربەخۆی کوردستان و ژیانی خۆشگوزەرانیی بۆ جەماوەری گەلی ستەمدیدەی کورد، ستڕاتیژو گوتارمان بێت.
09-06-2007
جەنگی حوزەیرانی 1967 و نابووتی ئایدیای شۆڤێنیزمی نەتەوەیی عەرەب
چل ساڵ لەمەوبەرو، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ئیسڕائیل دەستپێشخەریی جەنگێکی فراوان و کورتخایەنی لە دژی دەوڵەتەکانی میسرو سوریاو ئوردن کرد.
بەر لە دەستپێکردنی جەنگ، فەرمانڕەوایانی ئەم سێ دەوڵەتە، بە تایبەتی میسر، هێزیان ئامادەکردبوو، هەڕەشەی لەناوبردنی دەوڵەتی جوولەکەیان دەکردو، نیازیان وابوو ئەم دەوڵەتە بە گەلەکەیەوە بۆ ناو دەریا فڕێبدەن. بەڵام هەر لە یەکەم ڕۆژی جەنگەوە هاشوهووشیان پووچبووەوەو، لە مەیدانی جەنگدا تێکشکان و، گەورەترین هەرەس بە سەر سوپای عەرەبی و، ڕاگەیاندنی چەواشەکاری عەرەبی و، ئەقڵییەتی شۆڤێنیزمی نەتەوەیی عەرەبی و، سیستمی ڕەسمی و دیکتاتۆریی عەرەبیدا هات.
لەم جەنگەدا، ئیسڕائیل بە شەش ڕۆژ توانی غەززەو سیناو کەناری ڕۆژئاواو جۆلان داگیر بکات و دەسەڵاتی عەرەبییان لێبکاتە دەرەوە.
جەنگی حوزەیرانی 1967 ی نێوان ئیسڕائیل و دەوڵەتانی عەرەب، سەرەتای وەرچەرخاندنێکی گەورە بوو لە مێژووی ناوچەکەدا، کە هەر دوو لای جەنگ - هەر یەکەیان بە جۆرێک - پێیاننایە قۆناغێکی دیکەی ململانێوە کە لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە.
ئەم جەنگە بۆ ئیسڕائیل و بەرەی ئیمپریالیزمی جیهانیی بە سەرکردایەتی ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورە بوو، خاڵی دەستپێکردنی هێرشێکی پێچەوانە بوو لە ڕۆژئاواوە دژی ڕوسیاو بلۆکی ڕۆژهەڵات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلانی جیهان بە گشتی و، دژی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەب و هێزە چەپەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی. جەنگی سارد لەم خاڵەوە ڕوو لە هەڵکشان چوو تا لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی پێشوو، بە هەرەسی سۆڤیەت و وابەستەکانی لە ئەوروپادا کۆتایی هات. هەروەها بووە مایەی توندبوونەوەی هێرشی ئیمپریالیزمی جیهانیی، بە تایبەتی ئەمریکا، بۆ سەر بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ئاسیاو ئەفریقیاو ئەمریکای لاتین ؛ لە پەنا ئەمیشدا ئیسڕائیل چەند جارە سیاسەتی داگیرکاریی و ڕەگەزپەرستیی و زایۆنیستانەی خۆی پەرەپێداو هەتا ئیمڕۆش لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوامە.
جەنگی حوزەیرانی 1967، جگە لەوەی سیستمی ڕەسمیی عەرەبی تێکشکاند، تەپڵی نابووتیشی بە ئایدیای نەتەوەیی شۆڤێنیزمی عەرەب لێدا، زەمینەی پاشەکشەی سۆسیالیزمی نەتەوەیی خۆشکرد، ئەفسانەی سەرکردەی کارێزمایی نەتەوەیی پووچکردەوە، پەردەی لەسەر ئەقڵییەتی دواکەوتووانەی بۆرژوازییەتی عەرەب هەڵماڵی، باڵادەستیی زانست و تەکنۆلۆژیای ڕۆژئاوایی سەلماند.
ئەم جەنگە، ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان و سیاسەتی شۆڤێنیزمی نەتەوەیی و سەرکوتی جەماوەرو پێشێلکردنی ئازادی و دیموکراسی و ئەقڵییەتی بەدویانەی عەرەبیی، ڕیسوا کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا، جەنگ هەر ئەم ڕووە سەلبییەی نەبوو، بەڵکو بەرەنجامی دیکەشی لێڕسکا. جەنگ بووە هۆکاری تەقینەوەی بێزاری و تووڕەیی جەماوەری ستەمدیدەی عەرەب و فەلەستین، بووە پێگەی سەرهەڵدانی بەرهەڵستی گەلانی عەرەب و، لە سەنگەری پێشەوەیاندا گەلی فەلەستین. ئەم بەرهەڵستکردنە ڕاستەوخۆ لوبنانیشی گرتەوەو، لە ئاستی سیاسیشدا بۆ هەموو وڵاتانی عەرەب تەنییەوە ؛ ئەمە جگە لەوەی تایبەتمەندێتی بەرهەڵستکاری و بەرپەرچدانەوەی، بە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی فراوان،لەمسەر تا ئەوسەری وڵاتانی عەرەب، بەخشی. بەرهەڵستی و بزووتنەوەی حزب و ڕێکخراوە فەلەستینییەکان بووە تەوەرەی خەباتێکی شۆڕشگێڕانەی بەربڵاو لە نێو جەماوەری عەرەبداو، جەنگێکی بەرهەڵستکاریی دژی ئیسڕائیل و ئیمپریالیزمی جیهانیی لێکەوتەوە، کە سەرباری ئاڵۆزی کێشەکەو لادان و بادان و خۆبەدەستەوەدانی سەرانی عەرەب و ملکەچبوونیان بۆ پڕۆژە ئیمپریالیستی و زایۆنیستییەکان، هێشتا بە پێوە خۆی ڕاگرتووەو شەڕی ژیان و مردن دەکات.
لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا گەلی بەرهەڵستکارو خۆڕاگری فەلەستین بە خوێنی خۆی دژی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی زایۆنیستەکان بۆتەوە. سیاسەتی نیشتەجێکردن و بە جوولەکەکردنی قودس و برسیکردنی خەڵک و بڵاوبوونەوەی بێکاری...هتد، نەیتوانیوە لە ئیرادەی ڕزگاریخوازانەی ئەم گەلە کەمبکاتەوە ؛ تەنانەت سیاسەتی خۆبەدەستەوەدان و سەوداکاریی حکومەتی فەلەستین و، ڕێککەوتننامەکانی میسرو ئوردن و دەسەڵاتی فەلەستینیش لەگەڵ ئیسڕائیل، نەیتوانیوە پێش بە بەرهەڵستکارانی فەلەستینی بگرن، یان بەرە بەرە خاویانبکەنەوە تا لە کۆتاییدا خامۆشییان بەسەردا بسەپێنن.
گەلێک کە بەو گیانەوە خەبات بکات و لەسەر مافەکانی خۆی سوور بێت و لە گیانبەختکردن سڵنەکاتەوە، دەسەڵات نەتوانێ فریوی بدات، تەنانەت پەنا بباتە بەر بەردیش بۆ بەرهەڵستیکردن، بێ هیچ گومانێک سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت و بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی دەگات.
2007/6/5
دروشمێکی چەواشەکار
لێرە، لە عێراق و کوردستان، بە شەقامەکانی هەر شارێکدا بسووڕێیتەوە، یان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە بچیت، لە زۆر شوێن دروشمێک دەبینیت لەسەر پلێتێکی بۆیەکراو لە کەناری شەقامەکاندا دانراوەو نوسراوە :الارهاب لا دین لە ، لە شێوەی دڵۆپ و ڕێچکەی خوێندا بۆیەیەکی سوور دەبینیت، کە بە پیتەکانی وشەی الارهاب دا هاتۆتە خوارێ. ئەم دروشمە (گوایا) بەشێکە لە هەڵمەتێکی ڕاگەیاندن بۆ چارەسەرکردنی تێرۆر !
ئەم دروشمە سەرباری ئەوەی ملیۆنەها دۆلاری لە پارەی خەڵکی عێراق و کوردستان بۆ خەرج کراوەو ڕەنگە نیوە زێتریشی هەڵلووشرابێ؛ سەرەڕای ئەوەی گەوجێتی داگیرکەران و دارودەستەکانیان دەردەبڕێت، ئەو پەڕی چەواشەکاریشە کە ڕاگەیاندنی ڕەسمیی داگیرکەران و حکومەت ئاڕاستەی بیرو هۆشی خەڵکیی دەکەن و، دەیانەوێت لەم ڕێیەوە سێ ئامانجی سەرەکی بپێکن :
1- تەزکییەکردنی ئەمریکاو هێزە داگیرکەرەکانی دیکە لەو تراژیدیایەی ئیمڕۆ لە عێراقدا هەیە. بەم جۆرە دروشمانە سیاسەتی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئەمریکا پەردەپۆش دەکەن. ناکۆکیی سەرەکیی گەلانی چوارچێوەی عێراق لەگەڵ داگیرکەران دەشارنەوەو، ئۆباڵی هەمووی بە پاڵ تێرۆریزمی تەکفیری و بەعسی دەدەن.
2- ڕووپامایی هێزە چەکدارەکان (مێلیشیا) ی ئیسلامیی سیاسیی سوننەو شیعە دەکەن،تاوانەکانی جەنگی تایەفی و، کوشتنی خەڵکیی لەسەر شوناس و، ئاوارەکردنی چەند ملیۆن هاووڵاتی و هەڵکەندنیان لە زێدو شوێنی کارو خانەو لانەی خۆیان، پێ دادەپۆشن. تێرۆریزم، تەنها وەک ناسنامەی کردەوەکانی قاعیدەو بەعس دەناسێنن و ئەو مێلیشیایانەی لێدەردەکەن.
3- درۆیەکی زەقی شاخدار لەگەڵ خەڵکیی دەکەن، گوایا ئەوانەی کاری تیرۆر ئەنجام دەدەن ئایینیان نییەو (تێرۆر لە پێناوی تێرۆر) دا دەکەن. بەمەش دەیانەوێت نکوولی لە کاریگەرێتی ئایین بکەن لەسەر بیرو هۆش و ڕەفتاری خەڵکی و، تەنها وەک کارێکی ململانێی سیاسی بۆ دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات، لە مێشکی خەڵکیدا جێگیر بکەن، بەبێ ئەوەی بپرسن چۆن ؟ چۆن گەنجێک دێت مردنێکی حەتمی بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت ئەگەر بڕوایەکی ئایینی بەهێزی نەبێت ؟! تەنانەت ئەگەر ئەم کردارەی بە هۆی کاریگەرێتی (شۆردنەوەی مێشک) یشەوە بێت، دیسان هەر بەڵگەی ئەوەیە کە خۆکوژییەکە، ناوەرۆکێکی پڕاوپڕ لە بڕوای ئایینی لە دواوەیە.
مەسەلەی خۆکوژیی لە شێوە فەردییەکەیدا، کە کەسێک دەستی دەچێتە خۆی و کۆتایی بە ژیانی دەهێنێ، بەرئەنجامی ئەوپەڕی نائومێدییە کە یەک بڕوا دەداتە ئەو کەسە، ئەویش بێهوودەیی ئەم ژیانەو پێویستیی کۆتایی پێهێنانێتی. ئەم نائومێدییە، هەموو جیهان و پەیوەندییەکان و ڕابردوو و پڕۆژەکانی ژیان دەکاتە تەنها خاڵێک و، بە خۆکوشتن ئەو خاڵە دەسڕێتەوە.
خۆکوژیی، لە شێوە جیاجیاکانی سیاسی و ئایینی و تایەفییە بەربڵاوەکەشیدا بەرئەنجامی کاریگەرێتی ئایدۆلۆژیایە کە دیسان هەموو ژیان دەکاتە خاڵێک و، بڕوای وایە بە سڕینەوەی ئەو خاڵە پێدەنێتە جیهانێکی خۆشترەوە (بەهەشت لە لای ئایینداران) و، جیهان وژیانێکی باشتر بۆ هاوڕێیان و نەتەوەو چینەکەی، واتە بەدیهێنانی (پڕۆژەی فیکری و سیاسی و دەسەڵات و...هتد) کە کەسی خۆکوژ بڕوای پێیەتی و لەو پێناوەدا ئەو ڕێگەیەی گرتۆتەبەر
لەبەر ئەوە، ئەو دروشمە، دروشمی تیرۆریزم ئایینی نییە ڕاست نییە و، لە چەواشەکاریی بەولاوە هیچ ناخاتەوەو،ئەوەندەی تۆزقاڵێک کاریگەرێتی بۆ هوشیارکردنەوەی خەڵکیی نابێت و، بگرە تێرۆریستان بۆ کاری ڕاگەیاندن و سیاسەتی خۆیان سوودی لێوەردەگرن.
2007/5/30
بەرنامەی شۆڤێنیزمی نەتەوەیی عەرەب و
جینۆسایدی کورد
بارودۆخێکی سیاسی کە ئەمڕۆ لە عێراقدا هەیە، پێداچوونەوە بە هەڵوێست و ڕووداوەکانی مێژووی پێکهاتنی ئەم دەوڵەتە دەخوازێ. ئەم پێداچوونەوەیە بۆ ئێمەی هاووڵاتییانی گەلێکی ستەمدیدەی وەک کورد، نەک هەر پێویستە، بەڵکو چارەنووسسازیشە.
لەوەتەی باشووری کوردستان بە بڕیاری کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبة الأمم) ساڵی 1925 بە عێراقەوە لکێندراوە، سەرباری هەموو ئه و ستەمەی لەم گەلە کراوە، هەموو ئه و ئاکامانەی لە بەرهەڵستکاریی خەڵکی کوردستان کەوتوونەتەوە ؛ ئەوەندەی ئێستا دواڕۆژی مانەوەی لە چوارچێوەی عێراقداو لەژێر سایەی گەلی سەردەستی عەرەب لەمەترسیدا نەبووە. تەختبوونی عێراق لە ئایندەدا بۆ بۆرژوا ناسیۆنالیستی عەرەبی – ئیسلامی، ئه و مەترسییە لە ئەگەرێکەوە دەکاتە واقیع. ئەمڕۆ بە سەرنجدانی ململانێکانی نێوخۆی عێراق به و سەرەنجامە دەگەین کە ئەگەری توندکردنەوەی چەوساندنەوەی نەتەوایەتی و پلە دوویی هاووڵاتی کورد هەتا دێت زێتر دەبێت و، ئەمریکای پشتیوانی ناجێگیریی بۆرژوازییەتی کوردیش لەژێر زەبری دەستوەشاندنەکانی تێرۆریزمی عەرەبی – ئیسلامی ئامادەیە لەسەر مافەکانی کوردو جێوڕێی لە قەوارەی داهاتوودا سەوداو سەوداکاریی بەناوی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لەگەڵ تێرۆریستان بکات.
ئەم ئەگەرە بە ئاکامی ململانێی خاڵە گڕگرتووەکانی ناوچەکەوە وەک ئەفغانستان و فەلەستین و لوبنان و ئێران بەستراوەتەوە، بەتایبەتی یەکلاییبوونەوەی ئێران بۆ ئەمریکاو هێزە وابەستەکانی، هاوکێشەکان دەگۆڕن و، هەلی هاتنەدی ئه و ئەگەرەی سەرەوە زێتر دەڕەخسێنێت.
شۆڤێنیزمی نەتەوەیی عەرەب لە عێراقدا، هەموو مافێک بۆ خۆیان بەڕەوا دەبینن و لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق، کە ئینگلیز دەستی لە پێکهێنانیدا هەبوو، سوورن. یەکگرتنی نیشتمانی عەرەبیان دەوێت و، کوردو گەلی باشووری سودان و ئەمازیغییەکان و... هتدیش، وەک گەلانی ژێردەستەیان، نێو پڕۆژەی ئەم یەکگرتنە دەخەن. هەروەها دەستیان بە دەزگایەکی دەستەپارچەی وەک جامیعەی عەرەبییەوە گرتووه و بۆ مەرامەکانیان بەکاریدەهێنن. شۆڤێنیزمی عەرەبی لەگەڵ ڕەوت(تیار) و ئایدیاو سیاسەتە باوەکانی جیهاندا خۆی دەگونجێنێت. هەتا دوێنێ بانگاشەی سۆسیالیزمیان دەکردو دۆستی دەوڵەت و حزبە سۆسیالیست و بەناو سۆسیالیستەکان بوون، ئەمڕۆش بانگاشەی دیموکراتیزم دەکەن و، بۆ سبەینێش بەرنامەی خەلافەتی ئیسلامی لە هەگبەیاندایە.
هەموو ڕەوتە نەتەوەییەکانی عەرەب، بێ شەرمانە، لە پێڕەوی سیاسەت و بانگاشەی ئایدیایەکەوه بۆ پێڕەوی سیاسەت و ئایدیایەکی دیکە دەگوێزنەوە، بەڵام هەر هەوڵێکی جیاواز لەوە، له و نەتەوانە قبووڵ ناکەن کە لە چوارچێوەی دەوڵەتە سەپێنراوەکانیاندا دەژین.
یەکێک له و نەتەوانە کوردە کە زێتر لە هەشتا ساڵه قوربانیی پڕۆژه و سیاسەت و پڕاکتیکەکانی شۆڤێنیستی نەتەوەیی عەرەبە لە عێراقدا.
شۆڤێنیزمی نەتەوەیی عەرەب، نەک هەر ئامادە نەبووە ناسنامەی تایبەتی کورد بسەلمێنێ بەڵکو لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا ناسنامەی هاووڵاتیشی لێزەوتکردووه و هەموو ڕێگایەکی بۆ سەرکوتی خەڵکی کوردستان، تا ڕادەی جینۆساید، گرتۆتەبەر.
شۆڤێنیزمی نەتەوەیی عەرەب لەسەردەمی پاشایەتیدا سەرەڕای لەشکرکێشی بۆ دامرکاندنەوەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی باشووری کوردستان، پەنای بۆ هاوپەیمانێتییە ئیمپریالیستییەکانیش دەبرد وەک پەیمانی سەعدئاباد لە ساڵی 1937 دا دژی شۆڕشی بارزان و، پەیمانی بەغدا کە دواتر بە سەنتۆ ناسرا (1955). دوای شۆڕشی چواردەی تەموزیش هەر زوو ئه و کەمە ئازادییه و دانپێدانان بە کورددا وەک هاوبەشی عەرەب لە عێراقدا پێچرایەوه و ساڵی 1961، بە لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان، زەنگێکی مەترسیداری تر بۆ تواندنەوەی کورد لێدرایەوه. لەشکرکێشی بەردەوام بوو تا کودەتاکەی بەعس – عارف لە شوباتی 1963 دا، کە دوای ماوەیەک ئاگربەست دەستیپێکردەوه و تا کۆتاییهاتنی سەردەمی هەردوو عارف درێژەی کێشا. کودەتای دووەمی بەعس درێژەپێدانی هەمان سیاسەت بوو بەشێوەیەکی دڕندانەتر بە جۆرێک دەتوانین سەردەمی فەرمانڕەوایی دووەمی بەعس بە ڕەشترین و خوێناویترین سەردەمی پەیوەندی کوردو گەلی سەردەستی عەرەب بژمێرین لە عێراقدا. چونکە لەم سەردەمەدا جینۆساید بە واقیعی گەیشتە لوتکه و لە نێوان هێرشەکانی کیمیاباران و ئەنفالەکاندا بەرنامەی قڕکردنی کورد بە شێوەیەکی سیستەماتیک پەیڕەوکرا تا جەنگی کەنداوو ڕاپەڕینەکەی مارتی 1991 ڕایگرت.
ئەمڕۆش بە لکاندنەوەی باشووری کوردستان بە عێراقەوە، لە سایەی دەستووری هەمیشەیی و شەڕی ناوخۆییی تایەفی و پەرەسەندنی ململانێی تێرۆریزمی ئیسلامی و تێرۆریزمی دەوڵەتی ئەمریکادا، مەترسی جینۆسایدێک لە دواڕۆژدا بەدیدەکرێت.
بۆ بەرگرتن به و مەترسییە چاوەڕوانکراوە، پڕۆژەی خەباتێکی بەرنامەڕێژکراوی سیاسی بۆ جیابوونەوه و سەربەخۆیی کوردستان تەنها ڕێگایەکە گەلی کورد لە تراژیدیای ژێردەستەیی و مەترسی بەردەوام بۆ سەر بوونی نەتەوایەتی بپارێزێت و ئاسۆی دواڕۆژێکی نوێ و ژیانێکی نوێی لەبەردەمدا بکاتەوە.
باجی هەڵەی سیاسی
کاری سیاسی یەکێکە لە ئاڵۆزترین و گرنگترین کارەکانی کۆمەڵگاکانی مرۆڤ و، کاریگەرێتیی لەسەر هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان هەیە. چارەنووسی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان و بەرئەنجامی ململانێیە سیاسییەکانەوە دیاردەکەوێت.
ئەم شێوە کارە جێوڕێیەکی تایبەتی هەیەو، لە هەموو بوارەکانی دیکەدا بەم ڕادە یان ئەو ڕادە، زۆرو کەم، ڕەنگدەداتەوە.
چەمکی کاری سیاسی یان سیاسەت بۆ هەر چینە پێناسەو شێوازی جیاوازی هەیە. چەمکی باوی بۆرژوازیانەی سیاسەت : دیپلۆماسیی نهێنی و، کاری چەند ڕوویی و، چەواشەکاری و، ڕێککەوتنەکانی پشت پەردەو، گۆڕینی هەڵوێست بە پێی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژو، هەڵخەڵەتاندن و، پاشقولگرتن و، تەنافبازی و، ڕاست و چەپ کردن و، پشتگوێخستنی کۆمەڵانی خەڵک و، نەبوونی شەفافییەت و، هاوپەیمانێتی کاتیی و پێشێلکردنی هەموو ڕێساکانی پەیوەندی مرۆیانەیە لە نێو هێزە بۆرژوازییە دەرگیرەکانی گۆڕەپانی سیاسیدا.
ئەم پێناسەیە بۆ چەمکی سیاسەت، پڕبەپڕی واقیعی کاری سیاسی ئەمڕۆیە لە سەرانسەری جیهاندا. ئەو تایبەتمەندییانەی سیاسەت، بەم شێوە یان ئەو شێوە لە عێراقیشدا پیادە دەکرێت و، دەگمەن ڕاستگۆیی سیاسی و شەفافییەت لە کاری حزب و ڕێکخراوو بەرە سیاسییەکاندا بەدیدەکرێن. بنچینەی پەیوەندییەکان بەرژەوەندیی کاتییەو، هەڵوێستەکان ڕۆژ بە ڕۆژەو، لەسەر بنەمای زانستی سیاسەت وەرناگیرێن. بۆیە هێزە دەرەکییەکان، لەڕێی دەزگا موخابەراتی و جاسوسییەکانیان، لەشکرە داگیرکەرەکانیان، ڕێکخراوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانیانەوە، دەبنە سەرچاوەی هێزو دەسەڵاتی ئەم حکومەت و ئەو بزووتنەوەو، ئەم حزب و ئەو بەرە ؛ کاتێکیش ئەم هێزە دەرەکییانە بەرژەوەندییەکانیان گۆڕانکاریی خواست، بێ گوێدانە هیچ پرنسیپێکی ئەخلاقی هەڵوێستەکانیان دەگۆڕن، هاوپەیمانییەکی نوێ پێکدەهێنن و، هاوپەیمانییەکی کۆن یان پەککەوتووی پێدەخەن و هەڵیدەوەشێننەوە، یان سەرەتای ئەم پڕۆسەیە هەوڵی کەمکردنەوەی تواناییەکانی دەدەن تا دواتر بە ئێجگارەکی لە گۆڕەپانەکە دەریدەپەڕێنن.
لەبەر تیشکی ئەو بۆچوونانەی سەرەوەو، لە نێو خودی ئەو پڕۆسەیەدا دەبێت کۆنگرەی هێزە عەرەبی - ئیسلامی - و صەددامییە شۆڤێنیستەکان لە قاهیرەو مەسەلەی پێکهێنانی بەرەیەک دژی بەرەی فەرمانڕەوای ئێستای عێراق، هەڵبسەنگێنین و، بوونی موخابەراتی بیانی لە پشتیانەوە بە کارێکی ئاسایی بزانین.
هەڵبەت لێرەدا دوو ڕاستیی هەیە پێویستە بەو پەڕی شەفافییەتەوە باس بکرێن :
1. پەیڕەوکردنی سیستمی شێوە ڕۆژئاوایی و بانگەشەکردن بۆی لە لایەن بزووتنەوەی ڕەسمیی نەتەوایەتی کوردەوە کە لە هەر دوو حزبی دەسەڵاتداردا خۆی دەنوێنێ، دەخوازێت ئەو شێوازە دیموکراتییە لیبڕاڵە قبووڵ بکەن و، پێکهێنانی حزب و ڕێکخراوو بەرەی نوێ و فڕاکسیۆنی جیا جیا و پلوڕالیزم لە هەموو کایەکانی ژیانی سیاسیدا، لە لایان ئاسایی بێت و، بێ دەنگ و بێ هەراوهوریا خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن.
2. بۆ ئەوەی لەڕووی ڕاگەیاندنەوە، ناسێۆنالیزمی شۆڤێنیستی عەرەب، وەک کاردانەوەیەکی دوژمنکارانە بەرامبەریان، کە بێگومان لەسەر کوردیش دەکەوێت، دەمیان لێنەکەنەوە، نابێت ڕەتکردنەوەکەیان سەبارەت بە بوونی کۆنە جاشی کورد بێت لەگەڵیاندا، چونکە خودی سەرکردایەتیی هەر دوو حزب لە زۆر ماوەی کاری سیاسییاندا چ پێش ڕاپەڕین و چ دوای ڕاپەرینی 1991 و هەتا ئێستاش مامەڵەی دۆستانەیان لەگەڵ زۆربەی سەرۆک جاشەکاندا کردووە. لە ڕاپەڕیندا لێبوردنی گشتییان بۆ دەرکردوون، تەنانەت ڕێگاشیان پێدراوە حزب و ڕێکخراوی سیاسی دروست بکەن.
لە ڕاستیدا هەر دوو حزبی دەسەڵاتدار وەک نوێنەری شۆڕش و خەباتی چەکداری و بەرهەڵستکارانی ڕژێمی بەعس، هێلێکی سووریان بۆ هەڵوێستی جاش و جاسوس و بەعسییەکان نەکێشابوو، کە دەبوایە بە یاسا ڕێ لە چالاکیی سیاسییان بگیرایە، نەک ئازادییان بدرێتێ و، لە پلەو پایەی بەرزدا دایانبنێن و بکرێنە وەزیرو بریکاری وەزارەت و ئەندام پەڕلەمان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەری گشتی و... هتد لە دامودەزگاکانی حکومەتدا.
تێگەیشتن یان چاونەنووقاندن لە ڕۆڵ و نیازو مەرامەکانی داگیرکەران لە عێراقدا، شیکردنەوەی سیاسەتەکانیان، ناسین و ئاشکراکردنی تایبەتمەندییە ئیمپریالیستییەکانی داگیرکەران، سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی مێژوو، گەڕانەوە بۆ جەماوەری خەڵکی کوردو، خەباتکردن بۆ بەدیهێنانی ڕیفراندۆمێک، بە مەبەستی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لەڕێی کۆمەڵی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، تاکە چارەو بەرپەرچدانەوەی دندانشکێنە بەرامبەر شۆڤێنیزمی عەرەبی - ئیسلامیی عێراق و، ئەو پلانە صەددامییانەی دژی مافە ڕەواکانی گەلی کورد دایدەڕێژن ؛ ئەگینا دەبێت باجی هەڵە سیاسییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو بە زیادەوە بدەینەوە، کە بێ هیچ گومانێک لەسەر جەماوەری ستەمدیدەی گەلی کورد زۆر زۆر دەکەوێت.
ئه و گوڵبارانە سیاسەت بوو یان ساویلکەیی ؟
چوار ساڵ لەمەوبەر، لە دوا ڕۆژەکانی مانگی حوزەیراندا، پۆل برێمەری فەرمانڕەوای ئه و کاتەی عێراق سەردانی شاری سلێمانی کرد. کاربەدەستان ڕێوڕەسمێکی داخراویان بۆ پێشوازیکردنی ڕێکخست. منداڵ و گوڵیان بردە خزمەتی و تا توانییان گوڵبارانیان کرد. ڕۆژی دواتر ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بە مانشێتێکی گەورە نووسی : لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا جەماوەری شاری سلێمانی بە چەپڵەڕێزان و گوڵباران پێشوازییان لە پۆل برێمەر کرد.
ڕۆژنامەکە لە دوا لاپەڕەی هەمان ژمارەدا، دوو وێنەی برێمەری بڵاوکردەوە یەکێکیان لەگەڵ چەند منداڵێکدایە گوڵی دەدەنێ و، ئەوی تریان وێنەی گوڵبارانی برێمەرەو، لە ژێرەوەیاندا نووسرابوو : برێمەر، لە نێوان گوڵباران و بەرائەتی منداڵانی کوردستان و عێراقدا. (کوردستانی نوێ، ژمارە 3104 یەکشەممە 29-06-2003)
هەردوو لاپەڕەکە ڕەنگاوڕەنگ بوون. دیارە گلەیی لە شێوەی خستنەڕووی هەواڵەکه و چۆنیەتی ڕازاندنەوەی ناکرێت، ئەوە کارێکی هونەرییه و ئەرکی ڕۆژنامەیە هەواڵی وێنەدار بەوپەڕی جوانییەوە نیشان بدات، بەڵام ناوەرۆکی هەواڵەکە مایەی ڕەخنە بوو چونکە ڕاستی خۆی تێدا بزرکردبوو سەبارەت بەوەی ڕێوڕەسمەکە جەماوەری نەبوو، بەڵکو دیاریکراو و داخراو بوو. جەماوەری سلێمانیش ئاگایان له و چەپڵەڕێزان و گوڵبارانە نەبوو تا لە میدیاکانەوە بیستیان و بینییان.
لەگەڵ ئەوەشدا دەپرسین : ئه و پێشوازییە گەرمەی کاربەدەستان و ڕێکخستنی چەپڵەلێدان و گوڵباران لە پێناوی چیدا بوو ؟ چ کاریگەرێتییەکی هەبوو لەسەر کەسایەتییەکی وەک برێمەر کە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی وڵاتەکەی هاتبوو. ئایا ئەم پێشوازی و ڕێزە لە سیاسەتمەدارانی بیانی ئەوەندەی تۆزقاڵێک سیاسەتەکانیان دەگۆڕێت ؟ ئەوە چ ناوێکی لێ بنێین ؟ ئەوە سیاسەتی ڕۆژ بوو، واتە ئه و هەلومەرجە سەپاندبووی، یان نیشانه و بەڵگەی ساویلکەیی و خۆشباوەڕی بوو ؟ کە هەمیشە کورد لە ڕێگەی نوێنەرە سیاسییەکانیەوە، لە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا، دووبارەی دەکاتەوە بەبێ ئەوەی هەنگاوێک مەسەلە ڕەواکەی بەره و پێشەوە بەرێت.
برێمەر سیاسەتمەدارێکی هەڵبژاردە بوو، بەپێی پلان و ستراتیژی سیاسی و عەسکەریی ئەمریکا لە ناوچەکه و عێراقدا هەڵدەسووڕا. ئه و لە ماوەی یەک ساڵدا توانی :
1. کۆمەڵێک دام و دەزگای مەدەنی و سەربازیی سەر بە ئەمریکا لەسەر بنەمای ئەتنی و تایەفەگەریی دابمەزرێنێ.
2. دەست لە پڕۆژەی فیدرالیزم وەربدات وکارێک بکات کە فیدرالیزمی نەتەوەیی و جوگرافی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەپەرستانی شۆڤێنی عەرەب بە ئاڕاستەی فیدرالیزمی ئیداریدا بەرێت.
3. سەرپەرشتیی دانانی دەستوورێکی کرد کە هیچ کێشەیەکی نێو عێراق، نە ئه و کاته و نە ئێستاو نە لە داهاتووشدا، چارەسەر ناکات.
4. بەردی بناغەی جەنگێکی نێوخۆیی فراوانی لە عێراقدا داڕشت کە بە شەڕی تایەفەگەریی شیعه و سوننە دەستی پێکردووەو، کێ ناڵێت بۆ گەلێک ململانێی دیکەی ئایینی و ئەتنی ناتەنێتەوەو، هێشتا مابێتی لاپەڕەکانی هەڵبدرێنەوە.
5. لە نزیکەوە سایکۆلۆژیی کەسایەتییە سیاسییەکان وململانێ حزبییەکانی خوێندەوه و زەخیرەیەکی بەرچاوی لەم بارەیەوە بە دیاریی بۆ حکومەتەکەی بردەوە.
وردبوونەوە لەم کارانەی برێمەرو سەرجەم سیاسەتی ئەمریکا حەقیقەتی خۆشباوەڕی و سادەیی هزری سیاسیی کوردیمان بۆ دەردەخات و، ئه و مەترسییانەمان لەبەر دەمدا قوتدەکاتەوە کە لە ئەگەری پشتتێکردنی ئەمریکا لە دەسەڵاتدارانی کورد، ڕووبەڕووی گەلی کورد دەبێتەوه و دەبێت جەماوەری خەڵکیی ستەمدیدە دیسان باجەکەی بدەن.
لیبرالیزم لە ڕوانگەی (ماوتسیتۆنگ) ەوە
ماوتسیتۆنگ سەرکردەی شۆڕشی درێژخایانی دیموکراتی و سۆسیالیستی چین و یەکێک لە تیۆریسینە ناودارەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیی جیهان، ئەم سەرکردە مەزنەی چین لە ساڵەکانی شەست و حەفتای سەدەی ڕابردوودا کاریگەرێتیی تیۆری و سیاسی لەسەر بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی جیهان هەبوو. لەسەروبەندی شۆڕشی ڕۆشنبیریی پڕۆلیتاریدا کە لە ساڵی 1966 بۆ 1976 ی خایاند، ڕێژەیەکی بەرچاوی ڕۆشنبیرانی لە هەموو کیشوەرەکانی جیهاندا بۆ بیروبۆچوونەکانی ڕاکێشابوو، سەرچاوەیەکی گرنگی ڕۆشنبیریی بۆ گەنجەکانی ئەو سەردەمە بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ بوو.
لەڕاستیدا من یەکێک بووم لەو گەنجانەی ئەو سەردەمە کە کاتێکی زۆری چەند ساڵێکی تەمەنم بۆ خوێندن و تێگەیشتنی ئەم فیکرەو هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی تەرخانکرد.
یەکێک لەو نامیلکانەی ماو کە بۆ من سەرچاوەیەکی کاری حزبی بوو، نامیلکەیەکی چەند لاپەڕەیی بوو لەسەر لیبرالیزم بەناوی (دژی لیبرالیزم). کاتی خۆی ئەم نامیلکەیەم لەگەڵ چەند وتارێکیدیکەیدا، بەسوودوەرگرتن لە کۆپییە عەرەبی و فارسییەکەی، وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و، وەک دۆستێک، پێشکەش بە قیادەی مەرکەزی حزبی شیوعی عێراق کرد.
ئەگەرچی ئەمڕۆ ئەو هەلومەرجە سیاسییە زۆر دوورکەوتۆتەوە، بەڵام خوێندنەوەیەکی وردی ئەو نامیلکەیە بۆ جارێکیدیکە، بایەخێکی گرنگی هەیە، بەتایبەتی لە جیهانێکدا کە ڕەفتارو ڕەوشتی لیبڕالیستی زەمینەو پێگەی تایبەتی بۆ گەشەکردن ڕەخساوەو لەلایەن هێزە دژە مرۆییەکانی (جیهانگیریی – گڵۆبالیزەیشن) پشتگیریی دەکرێت و، لیبرالیزم وەک ڕوخسارێکی ئاشکرای ئەم جیهانگیرییە گەشەی پێدەدرێت. ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە لێکدانەوەی ماوتسیتۆنگە بۆ لیبرالیزم لەگەڵ وردە لێدوان و ڕاڤەکردنێک کە بۆ ڕوونکردنەوەی پێویستن :
1) کەسی لیبرالیست بەرامبەر هەڵەی کەسانیتر، بێدەنگی هەڵدەبژێرێت. ئەو کەسێکی بە پرنسیپ نییە بۆیە نەک هەڵەی کەسانیدیکە ڕاستناکاتەوە، تەنانەت بۆ دوورخستنەوەی بەرامبەرەکەی لە هەڵەکانی، گفتوگۆیەکی مەبدەئی لەگەڵ ناکات. ئەم دیاردەیە ئەمڕۆ بە ناوی ڕێزگرتنی ڕای بەرامبەرو ئازارنەدان یان نەڕووشاندنی هەستی کەسانی بەرامبەر دەردەکەوێت. لەبەرئەوە لیبرالیستەکان تەبایی دەکەنە ئامانج، نە ڕای بەرامبەرەکانیان هەڵدەوەشێننەوەو نە زۆر لەسەر هەڵە مەبدەئییەکانی برادەرو هاوڕێکانیان دەڕۆن، بەڵکو هەڵوێستی کەمدوویی و پشتگوێخستن وەردەگرن.
2) کەسانیدیکەی لیبرالیست هەن کە پاشملەو، بەشێوەیەک کە هەستنەکردن بە مەسئولییەتی تێدایە، ڕەخنە دەگرن. ئەم لیبرالیستانە لەبەردەم خەڵکیدا یان لەنێو ڕیزی حزبەکەیاندا، بەتایبەتی کاتی کۆبوونەوەکان، قڕوقەپ دەکەن و بێدەنگ دەبن، بەڵام دوایی، پاشملە، لەسەر هاوڕێکانیان و بیروبۆچوونەکان دەدوێن و چەنەبازییەکی زۆر لەو بارەیەوە دەکەن و، ئامادەنین ڕووبەڕوو بەرپرسیارێتی ئاخاوتنە دەرەکییەکانیان هەڵبگرن. ئەمڕۆ ئەم دیاردەیە لە حزبە تۆتالیتارەکانداو، لەسایەی ناوەندێتییەکی توندوتیژو فراکسیۆنبازیدا دەردەکەوێت، ئەندامان لە بەرامبەر کەس و ئۆرگانە بەرپرسەکاندا لیبرالیستانە ڕەفتاردەکەن، بەمەش زیان بە کەسایەتیی سیاسی و حزبیی خۆیان و حزبەکانیشیان دەگەیەنن.
3) ماوتسیتۆنگ جۆرێکیدیکە لە کەسانی لیبرالیست وەها دەناسێنێت : ئەوانەی دوای میزاجی کەسێتیی خۆیان دەکەون و تەنها لەو پێگەیەوە دەڕوانن و خۆپەرستی بەسەریاندا زاڵەو، هەر کارێک پەیوەندیی بە خۆیانەوە نەبێت فەرامۆشی دەکەن ولێیناپرسنەوە. دیاردەی خۆپەرستی و بانگەشەی (ئازادیی تاکەکەس) کە حزبە بۆرژوازییەکانی کوردستان لەنێو ڕێکخستنەکان و ڕاگەیاندنەکاندا برەویان پێداوە، زەمینەی بۆ ئەم شێوە بیرکردنەوە لیبرالیستە خۆشکردووەو، کاریگەریی لەسەر خودی حزبەکان داناوەو، خۆپەرستی کردۆتە خۆرە لە گیانیانداو بەرەو داڕزان دەیانبات.
4) شێوەیەکیدیکەی لیبرالیزم، چ لە ئاستی کۆمەڵ و چ لەنێو حزبدا، کە ڕەنگدانەوەی ئەو خۆپەرستییەیە لەخاڵی پێشوودا دیاریمانکرد، ڕەگەکەی بۆ چەمکی (ئازادیی تاکەکەسی بۆرژوازی) دەگەڕێتەوەو، خۆبەزلزانین و سووربوونە لەسەر بیروباوەڕی شەخسی و، بەڕاست و بەرزترزانینیشێتی لەچاو بیروباوەڕی کەسانیدیکەدا. ئەم کەسانە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ کەسانیدیکەی کۆمەڵ یان ڕێکختندا پەرەپێدەدەن، پەلاماریان دەدەن، بەدوای ڕک و کینەی شەخسیدا دەچن و تۆڵەسەندنەوە دەکەنە مەبەستیان و، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هاوڕێیەتی حزبی تێکدەدەن، ئەم ڕەفتارە لیبراڵییە لە نێوان فراکسیۆنە دژبەیەکەکانی هەندێ حزبی کوردستانیدا باوەو، بەجۆرێک کاری لە ڕێکخستنەکان و پەیوەندییە حزبییەکان کردووە، پێشبینی پەرت پەرتبوون و هەڵوەشاندنەوەی حزبییان، زوو یان درەنگ، لێدەکرێت.
لیبرالیزم بەو سیفەتانەوە کە ماوتسیتۆنگ دیاریکردووە، ڕەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژیی بۆرژوازییە. ڕەفتارە لیبرالییەکان، جگە لەوەی ناوەرۆکی پەیوەندییەکانی نێو حزبە بۆرژوازییەکانەو، بەشێکی پێکهاتەی لیبریالیانەی ئەو حزبانەیە، لە حزب و ڕێکخراوە مارکسییەکانیشدا، دیسان هەر ڕەنگدانەوەی فیکری بۆرژوازییەو، بەبێ پاکتاوکردنیان، ئەو حزب و ڕێکخراوانە بەرەو لادان و لاوازی دەبەن و، سەرەڕێی بەدیهێنانی ئەرکەکانیان دەگرن و بەرگی بۆرژوازی بەبەریاندا دەکەن. بۆیە بەرهەڵستیکردن و نەهێشتنی ئەو ڕەفتارانە، ئەرکی ڕۆژانەو بەردەوامی ئەو حزبانەیە.
ماوتسیتۆنگ لە شیکردنەوەی دیاردەی لیبرالیزمدا ڕایوایە کە سەرهەڵدانی لیبرالیزم لەکاری سیاسی و حزبیدا دەبێتە هۆی ڕەتکردنەوەی ململانێی ئایدیۆلۆژی و بەهەندوەرنەگرتنی لەبەرەوپێشەوەبردنی حزب و گەشەکردنی ڕێکخستن و ئەندامەکانیدا، هەروەها دەبێتە مایەی ئاشتی و تەباییەکی نامەبدەئی و کاریگەرێتی نەرێیانەی دەبێت و گەندەڵی سیاسی لێدەکەوێتەوە.
نیسانی 2002
هەڵەی سیاسییەکان
کە جارێکیتر وتاری (هەڵەی منداڵ) م خوێندەوە، پەیوەندییەکی تەواوم لە نێوان وردەکارییەکانی هەڵەی منداڵ و هەڵەی گەورەکان بە گشتی و هەڵەی سیاسییەکان بە تایبەتی هەستپێکرد. هەڵبەت لەگەڵ یەک جیاوازیدا ئەویش جیهانی پاک و ساده و بێ پێچ وپەنای منداڵان و جیهانی پێچەوانەی ئه و بەهایانە لەلای گەورەکان وسیاسییەکان ؛ تایبەتیتریش لەوانە جیهانی درۆو دەلەسه و فرت و فێڵ و پاشقولگرتنی سیاسەتمەدارانی بۆرژوا لە پڕاکتیکی هونەری سیاسەتدا کە ناوەرۆکەکەی لای ئەوان هونەری درۆو بەرژەوەندپەرستییە.
هەڵە لە چەمکە گشتییەکەیدا، هەڵەی سیاسییەکانیش دەگرێتەوە. لە بواری سیاسیشدا هەڵە ڕوودەدات و لە سەرەتادا ئاساییە. دەشێت ڕاستکردنەوەی هەڵەش بچێتە نێو پرۆسەی چارەسەرکردنەکان بۆ بەره و پێشەوەبردنی کاری سیاسی یان پاشەکشەکردن و مانەوەی بە ناکامی.
- هەڵەی سیاسییەکان، ناکۆکییەکە لە نێوان واقیعێک کە لە ئارادایەو، خوێندنەوەیەکی نەگونجاو کە لە تێگەیشتنێکی خودیی سیاسییانەوە سەرچاوە دەگرێت.
- کاتێک سیاسەتمەداران ناتوانن بیرو بۆچوون و تیۆری و تێگەیشتنیان، لە واقیعداو، لەبەر تیشکی واقیعە بابەتییەکە پڕاکتیک بکەن، بزووتنەوە یان بەرنامە سیاسییەکان بە ڕێگایەکی هەڵەدا دەبەن و ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە. نەک هەر ئەوە بەڵکو هەتا پانتایی نێوان بابەت و خود فراوانتر بێت، یان بەرزو نزمیی تاکانی تەرازووی ئەم دوولایەنەی ناکۆکیی زێتر بێت، ئەوا بەرنامە سیاسییەکان سەرەنجامی خراپتر چاوەڕوانیان دەکات.
- زۆربەی سیاسەتمەداران، سەرکردایەتییەکان بە تایبەتی و کادیرە سیاسییەکانی خوارتریش، تووشی ئه و ناوەندێتی خود (تمرکز الذات) ە ی منداڵ دەبن، بەڵام بۆ ئەمان، وەک نەخۆشیی سیاسیی - کۆمەڵایەتیی دەکەوێتە ڕوو. ئەم سیاسییانە - بەم حاڵەتە سایکۆلۆژییەوە - لە باڵەخانەوە سەیری خەڵکی دەکەن. لەلایەک خۆیان بە زانا، لێهاتوو، سەرکردە، تەواو و پێشەنگ دەزانن و خەڵکیی بە گێل و نەفام و دواکەوتوو، لەلایەکی دییەوە خواستیانە هەر هەموو خەڵکیی لە خزمەتی ئەواندا بن و ئەوە بە مافێکی ئاسایی خۆیان دەزانن، لەبەر ئەوە هەموو بەرژەوەندییەکان قۆرخ دەکەن و، دەبێت خەڵکیش پاشماوەکانی ئەوانیان بۆ بمێنێتەوە.
- پڕۆسەی گەشەکردنی منداڵ و چوونە پێشەوەی سیاسەتمەدارانیش، لێکچوونێکی بەرچاوی تێدایە. لە کاتێکدا منداڵ، لە سایەی ژینگەی کۆمەڵایەتی و هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەوروبەردا، لەڕێی چارەسەرکردن یان پەرەپێدان و جێگیرکردنی هەڵە و لادانەکانییەوە کەسایەتییەکەی پێکدێت و ڕەوشت و ڕەفتارێکی دیاریکراو، وەک بەشێکی جیانەکراوە لە کەسایەتییەکەی، هەڵدەگرێت و پێڕه و دەکات ؛ سیاسەتمەداران، بە تایبەتی سەرکردەکان، هەمان ئه و هۆکارانە کاریگەرێتییان لەسەر دادەنێ. ژینگەی سیاسیی - کۆمەڵایەتی، کاردانەوەی سەلبی یان ئیجابیی کۆمەڵ بەرامبەریان، چۆنیەتی ئه و هەڵانەی دەیکەن، پاشان جۆری چارەسەرکردنیان بۆ ئه و هەڵانە یان دووپاتکردنەوه و جێگیرکردن و پەرەپێدانی، دەبنە کۆمەڵێک فاکتەر کە سیاسەتمەدار لە گەڵیاندا کارلێک (تفاعل) دەکات وسەرەنجام کەسایەتیی سیاسیی پێکدەهێنێت و، ئه و ڕەفتارو هەڵسوکەوتە سیاسییانە دەبنە بەشێک لە کەسایەتییەکەی، کە ئەگەر بە لایەنی سەلبیدا بڕوات، کەسایەتییە تاکڕه و و دیکتاتۆرەکانی حزب و دەوڵەتیان لێ دروست دەبێت.
لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە هەڵەی منداڵ و ڕاستکردنەوەی بەشێکە لە پڕۆسەی پێگەیاندن و ڕامبوونی کۆمەڵایەتیی منداڵ و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسانە ؛ لە کاتێکدا هەڵەی سیاسەتمەداران کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوەو، بە گشتی لە کۆنتڕۆڵی دەست و پێوەندەکانیان و خەڵکیش دەردەچێت. بۆیە پڕۆسەی ڕاستکردنەوە بۆ هەڵەی سیاسییەکان بایەخێکی گرنگتری هەیە و، ئەگەر ململانێ لەگەڵ ئه و هەڵانەدا بە ئەنجامێکی ڕاست کۆتایی نەیەت، چارەنووسەکان بەره و هەڵدێر دەبەن و، بە تێشکانی خودی سیاسییەکانیش تەواو دەبێت.
(هەڵەی منداڵ) وتارێکە کاتی خۆی لە کتێبی (بەرەو گوتارێکی پەروەردەیی نوێ) دا بڵاومکردۆتەوە.
ئازادی بۆ ئۆجەلان
سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد
یەکێک لە ئاکامەکانی جەنگی ئیمپریالیستیی جیهانی و پەیمانە بەدناوەکەی (لۆزان)، دابەشکردنی کوردستان و پێشێلکردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی کورد بوو. بەشێکی گەورەی کوردستان بەر تورکیا کەوت. سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوایەتی و جینۆسایدو نکوولیکردن لە ناسنامەی نەتەوایەتیی چەندین ملیۆن کورد، لە دڕندەترین شێوەی چەوساندنەوەی نەتەوایەتیدا، بۆ زیاتر لە حەفتا ساڵ، توانی دەنگی بەرهەڵستکاریی ڕێکخراوەیی خەڵکی ستەمدیدەی کورد کپ بکات. بەڵام هەمیشە چەوساندنەوە کاردانەوەکەی بەرهەڵستییە. لەهەرجێیەک چەوساندنەوە هەبێت بەرهەڵستیکردنی – زوو یان درەنگ – وەک یاسایەک لێدەڕسکێت و بەڕووی چەوسێنەراندا ڕادەپەڕێت. ئەمە ئه و ڕاستییەیە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە باکووری کوردستاندا جەختیکردەوەو، بە ڕابەری پارتی کرێکارانی کوردستان (pkk) سەردەمێکی نوێی بەرهەڵستکردنی خولقاندەوە.
پەکەکە لە سەرەتاوە، بەدیدگایەکی تیۆریی شۆڕشگێڕانه و ستراتیژێکی ڕوونەوە بۆ کێشەی کورد، لە سەنگەرێکی پێشەوەی خەباتی دژە ئیمپریالیستیدا جێی خۆی کردەوه و ئیمپریالیزم و حوکمی بۆرژوا ناسیۆنالیستی تورکیای هێنایە لەرزین.
ڕژێمی بۆرژوا شۆڤێنیزمی تورکیا دە ساڵ زیاترە هەرچییەکی لەدەستهاتووە بۆ لەناوبردنی بەرهەڵستیکردنی شۆڕشگێڕانەی گەلی کوردو لەناوبردنی (پەکەکە) کردوویەتی. دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی باشووری کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، جگە لە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم، لە کایەی سیاسەتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، بۆ گەمارۆدانی ئەزموونی باشووری کوردستان و لەناوبردنی گەریلاکانی باکوورو پاکتاوکردنی تەواوی کێشەی کورد، درێغی نەکردووە. پڕۆژەی (گاپ) و کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکان و ڕێککەوتنی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیلداو... هتد، ئەڵقە ئەڵقەی پیلانێکی ئیمپریالیستی و شۆڤێنیستییه بۆ خنکاندنی کێشەی کوردو ئابڵووقەدانی لە هەموو لایەکەوە. بەڵام جەنگی ناڕەوای تورکیا دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردو جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی – وەک تەواوکەری جەنگ – لەبەردەمی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی بەرهەڵستیکارانی (pkk) و جەماوەری خەڵکی ستەمدیدەی کوردستاندا هەرەسی هێناو لەئاکامی دواپیلانیدا تەپڵی نابووتی و ڕیسوایی بۆ لێدرا.
پیلانی ئەمجارەیان لە فشارخستنەسەر سوریاوە دەستیپێکرد. لە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا، لە ئاکامی فەشەلی سیاسەتەکانی نێوخۆدا، تەونی چۆکدادان بە سوریا لە بەرامبەر ئیسرائیلداو ئاشبەتاڵکردن بە ئۆجەلان و پەکەکەیان چنی. بە هەڕەشەی سەربازی و ئامادەکردنی زەمینەی جەنگێکی دیکە لە ناوچەکەدا (دوای جەنگی کەنداو)، یەکەم هەنگاو عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستانیان ناچارکرد سوریا بەجێبهێڵێ و بەره و ڕوسیا بەڕێبکەوێ. خەڵکیش چاوەڕوانی ئەوەبوون ئۆجەلان لە ڕوسیای (لێنین) دا داڵدە بدرێت، بەڵام دیموکراتییەت ی (یەڵتسن) ی ئیرادەی (دۆما) ی پێشێلکردو ئۆجەلانی لەخۆنەگرت. ئێستا سەرۆکی (pkk) لە ئیتالیا دەستبەسەرە.
هەواڵی بوونی ئه و لە ئیتالیاو فشاری بەپەلەی تورکیا لەسەر ئیتالیا بۆ دانەوەی و دادگاییکردنی وەک تیرۆریست ێک، لە ناخەوە ویژدانی ئازادیخوازانی کوردو جیهانی هەژاند، بۆیە هەڵمەتی خەباتێکی سیاسی و دیپلۆماسیی ئەوروپایی و جیهانی، چالاکییەکی کەموێنەی لە مێژووی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا ورووژاندو وەرچەرخاندنێکی گەورەی لە خستنەڕووی کێشەی مافە مرۆیی و سیاسییەکانی گەلی کورد تۆمارکرد.
ئیمڕۆ دەستبەسەریی ئۆجەلان بۆتە هێمای کێشەی نەتەوەیەکی چەوساوە لەم جیهانەدا کە لە دوا ساڵی سەدەی بیستەم و پێنانە سەدەی بیست و یەکەمدا هێشتا قەوارەیەکی سیاسی نییه و لەم جیهانە لنگەوقووچەی بازاڕی ئازادو بانگاشەی مافەکانی مرۆڤ و سیستمی نوێی جیهانیدا لە ناوەوە جینۆساید دەکرێت و لە دەرەوەی کوردستانیشدا قەرەجئاسا دەژی.
لە بەرامبەر بارودۆخێکی ئاوەهادا، ئەوە بە ئەرکی سەرشانی خۆمان و تێکۆشەرانی باڵە جیاجیاکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردو خەباتکارانی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی کرێکاران دەزانین، بەجیا لەوەی لەڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسییەوە دوورن یان نزیک لە ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی (پەکەکە) وە، هەروەها بەدەر لەوەی ئەم مەسەلەیە لە ناکۆکی نێوان ڕژێمە سەرمایەدارییەکانی ئەوروپاو ڕژێمی سەرمایەداریی ئەمریکاو ململانێی جەمسەربەندییە ئابوورییەکانی جیهاندا چ ڕۆڵێک دەبینێت و چۆن دەقۆزرێتەوە، بە گیانی هەستکردن بە بایەخی ئەم قۆناغه و بۆ هەرچی زیاتر چوونەپێشەوەی کێشەی گەلی کورد لە ئاستێکی جیهانیداو دانپێدانانی مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی، پشتگیریی تەواوی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان بکەن
ئێمە وەک دەستەی نووسەرانی(دواڕۆژ) پێمانوایە کە مافی پەنابەریی سیاسی، مافێکی بێ ئەملاو ئەولای هەر تێکۆشەرێکی سیاسییە کە یاساکانی وڵاتی خۆی ئازادی لێ زەوت بکات. بۆیە داواکارییەکانی ئۆجەلان بەڕەوا دەزانین و پشتگیری لێدەکەین.
ئێمە دەنگمان دەخەینە پاڵ هەموو ئه و دەنگانەی بۆ دادگاییکردنی ڕژێمی تورکیا لەبەردەم دادگایەکی نێەدەوڵەتیدا بەرزدەبنەوە بە تۆمەتی جینۆسایدو تیرۆری دەوڵەتی دژی گەلی کوردو، تەواوی ئه و تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ (pkk) و ئۆجەلان بە ناڕەواو نالۆژیکی و پووچەڵی دەبینین و ئازادی بۆ ئۆجەلان و هیوای سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا دەخوازین.
گۆڤاری (دواڕۆژ) ژمارە (6) کانونی یەکەم، 1998
لێکدانەوەی ڕەوشتیانە بۆ ڕووداوە سیاسییەکان
شتێکی نوێ نادرکێنین، ئەگەر ئەو ڕاستییە دووپاتبکەیەوە، کە بۆ شیکردنەوەی هەر دیاردەیەکی سیاسی دوو شێوە لێکدانەوەی سەرەکیی هەیە. ئەم دوو لێکدانەوەیە سەر بە باری سەرنج و ئایدیای دوو فەلسەفەو دوو میتۆدی جیاوازن. یەکێکیان بەرژەوەندیی چینایەتیی بۆرژواو ئەویدیکەیان بەرژەوەندیی چینایەتیی پڕۆلیتاریا دەردەبڕێت. بەرژەوەندیی چینایەتی خاڵی یەکانگیربوونی ئەم دوو لێکدانەوەیەیە، بۆیە لە بەرامبەر هەر ڕووداوو دیاردەیەکی سیاسیدا، دەبێت هەڵوێستەیەک بکەین و بپرسین : چۆن و بە چ پێودانگێک و لە گۆشەنیگای چ چینێکی کۆمەڵایەتییەوە دەبێت بۆیبڕوانین و هەڵیبسەنگێنین، کە بە بڕیاردانی ئەمە دوو چەمکی سیاسی جیاواز لە هەڵسەنگاندنەکەدا دێنەپێشەوە، چەمکێک پشت بە لێکدانەوەی چینایەتیی پڕۆلیتاریاو میتۆدی زانستییانەی ماتەریالیزمی دیالێکتیکی و مێژویی دەبەستێت و، چەمکەکەیتر کە ئایدیالیستانە ڕووداوەکان شیدەکاتەوەو ئەخلاقیانە بۆ دیاردە سیاسییەکان دەچێت و هەڵیاندەسەنگێنێت.
دەڕبڕینی هەڵوێست و سیاسەتەکان، وەک بەشێکی هاندانی سیاسی بەپێی ئەو سەرچاوە چینایەتییەی لەسەرەوە باسمانکرد، دوو ڕێباز دەگرێت و، ڕاستی و ناڕاستیی هێڵی سیاسیی هێزە سیاسییەکانیش، لەسەر بنچینەی ئەو ڕێبازەی لە شیکردنەوەداو پاشان بە کردەوە دەیگرنەبەر، لە یەکتری جیادەکرێنەوە.
لێرەداو، لەبەر ڕۆشنایی ئەم پێشەکییە تیۆرییەدا، ڕۆژی 31 ی ئابی ساڵی 1996 لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلی کوردستاندا هەڵدەسەنگێنین و، هەڵوێستە جیاجیاکان لە بەرامبەریدا شیدەکەینەوە.
لە 31 ی ئابی ساڵی 1996 دا، لەسەر داوای سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، گاردی کۆماریی لەشکری عێراق بە تانک و زرێپۆش و تۆپەوە، هاوئاهەنگی هێزە چەکدارەکانی پارتی هێرشیان بردە سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. سەرەنجام داگیریانکردو هێزە چەکدارەکانی دەسەڵاتدارانی سیاسی و حکومەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیان لێدەرپەڕاند.
ناسنامەی ئەم ڕۆژە لە لاپەڕەکانی مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلی کوردستاندا، کێشمەکێشمێکی زۆری لێکەوتۆتەوەو، لەسەر چۆنایەتی هەڵسەنگاندنی، دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی، یان ساردی و دوژمنایەتی بڕیاردەدرێت. بە لێشاو سەرزەنشت و توانج و جنێوو نەفرەت لە هەردوولاوە پەخش و دابەشدەکرێت. لایەنێکیان (ی. ن. ک) ناسنامەی ئەو ڕۆژە بە خیانەت ی نەتەوەیی و، لایەنەکەیتریان (پ. د. ک) بە ڕزگارکردنی پایتەختی بەیاندەکەن. هەردوو لایەن، جگە لەم دوو هەڵسەنگاندنە، هەموو هەڵسەنگاندن و ناولێنان و هەڵوێستێکیدیکە، بە دووفاقی و هەلپەرستی و تەوفیقییەت و... هتد ناودەبەن.
لە ڕاستیدا خیانەت و ڕزگارکردن دوو چەمکی ئەخلاقین نەک زانستی، بۆ ئەو ڕۆژە. هەردوو چەمکەکە لەسەر بناغەی بەرژەوەندیی باڵێکی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد داڕێژراون و، هەر یەکەیان لە گۆشەی بەرژەوەندیی حزبی و جێوڕێی سیاسی خۆیەوە لەپێش و لەدوای ئەو ڕۆژە، بۆ خۆیان چەمکەکانیان بەباشی هەڵبژاردووەو، لەو دوو چەمکە، لەو دوو ناسنامەیە بەولاوە ناتوانن چەمکێک و ناسنامەیەکیتری بۆ هەڵبژێرن.
ئەو دوو هێزە، بۆ بەردەوامیی شەڕی ڕاگەیاندن و هاندانی سیاسی و سازدانی هێز، بۆ خۆشکردن و توندوتیژکردنەوەی ململانێکان، بەنیازی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی زێتر لە سیی ساڵیان، هەردەبێت ئەو دوو ناوە لەو ڕۆژە (31 ی ئابی 1996) بنێن. بۆیە ئەگەر ڕۆژێکیدیکەی لەو جۆرە هاتەپێشەوە، جێوڕێیەکان گۆڕاندنیان بەسەرداهات و، شوێنەکان لەبارودۆخێکی سیاسیدا ئاڵوگۆڕیان پێکرا، ئەوا ئەو کاتەش هەردوو چەمکە ئەخلاقییەکە خیانەت و ڕزگارکردن هەر دەمێنن، بەڵام هەڵگرانی بەپێچەوانەی ئێستا بەکاریدەهێنن و، هەریەکەیان ئەو چەمکەی ئێستا لەویدیکەیان وەردەگرێت ؛ هەر لەبەر ئەمەشە کە پێکهاتن و ئاشتبوونەوەو هاوپەیمانێتیش لە نێوانیاندا ئاساییەو هەموو کاتێک چاوەڕوانکراوە، دەنا چۆن دەکرێت لەگەڵ خیانەت مامەڵەی دۆستانە بکرێت، یان لەگەڵ خیانەتکاران دا بۆ ڕێکەوتن دابنیشیت.
لە ڕاستیدا ئەوەی لە نێوان دوو هێزە سیاسییە گەورەکەی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە 31 ی ئابدا ڕوویدا، نە دیاردەیەکی نوێ بوو، نە بە پێچەوانەی سروشتی چینایەتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد بوو، بەڵکو لەگەڵ خواست و سیاسەت و ئاستی ئامانجەکانی ئەم چینەدا، بەهەموو باڵەکانیەوە، گونجاو بوو.
باڵەکانی چینی بۆرژوازیی کورد لە مێژووی خۆیاندا، لەنێوان پاشکۆیەتی حکومەتی مەرکەزی و ئارەزووکردنی سەربەخۆیی لێی، ئەملاوئەولایان کردووە. خوازیاری بەشداریکردنی دەسەڵاتی سیاسیی مەرکەزی بوون لە فەرمانڕەوایەتیی کوردستاندا. مەیلی پاوانخوازیش ڕیشەی مێژوویی خۆی لەلای چینی بۆرژوازی کورد، بەگشتی، هەیە. بۆیە لەپێناوی پاوانخوازی، دەسەڵات، فەرمانڕەوایەتی، زۆر ئاساییە باڵەکانی، خیانەت لە یەکتری بکەن و، بە پاشقولی سیاسی بیانەوێت یەکتری هەڵدێرن.
بۆ چینێک کە ناوەرۆکی شۆڕشگێڕانەی لەدەستدابێت، میتۆدێکی میتافیزیکی هەبێت، پراگماتیستانە ڕەفتار بکات، ئەوا بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی لە هیچ کارێک سڵناکاتەوە، لەبەرئەوە دەبێت ڕۆژی 31 ی ئابی 1996 لەو چواچێوەیەدا هەڵبسەنگێندرێت.
بۆ چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستان، کە تەنها چینی هەتاسەر شۆڕشگێڕن و، دواڕۆژی چارەسەرکردنی کێشەی ڕەوای گەلی کورد بە چوونەپێشەوەی خەباتی ئەوان و سەرکەوتنی شۆڕشی سۆسیالستییەوە بەندە، ململانێی باڵە جیاجیاکانی بۆرژواو ڕاپێچکردنی جەماوەری ستەمدیدەی کورد بۆ گۆڕەپانە خوێناوییەکەی ئەم ململانێیە، بارودۆخی خەباتی سیاسی ئەم چینە دژوارتر دەکات و، کۆسپ و تەگەرە بەردەم ڕەوتی تێکۆشانی چینایەتی دەخات، بۆیە ناتوانن لە ئاستی ئاوەها ڕۆژێکدا لە مەحکوومکردن بەولاوە چ هەڵوێستێکیدیکەیان هەبێت. لەو ڕوانگەیەوە، بۆ ئەم چینەو جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش (31 ی ئاب) ڕۆژێکی ڕەشە. ئەم ڕۆژڕەشییە لە دوو سەرەوەیە : یەکەمیان جێخستنەوەی لاپەڕەیەکی ڕەشە لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورددا کە نەوەکانی دواڕۆژ نەفرەتی لێدەکەن، دووەمیشیان ڕۆژڕەشییە بۆ جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان، لەلایەک بە قووڵکردنەوەی زامەکانی شەڕی ناوخۆ کە پەیتا پەیتا سەدان ڕۆڵەی فریودراوی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە نێڵەنێڵی ئاگرەکەیدا دەسووتێن و، لەلایەکیدیکەوە، بە درێژەکێشانی برسێتی و بێکاری و توندوتیژبوونەوەی بارودۆخە گشتییەکەو نائارامی و ڕاگرتنی خەڵکی لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردا، سەرەڕای ئەوەی لە سایەی ئەنجامی ڕووداوەکانی دوای ئەم ڕۆژە ڕەشەدا، ئازادیی هەڵسووڕان و چالاکی و دەربڕینی سیاسی بۆ بزووتنەوەی چەپی کرێکاریی، ڕۆژ بەڕۆژو، هەتا ڕادەیەکی زۆر، بەرتەسکبۆتەوەو هەتادێت زێتریش تەنگدەبێتەوە.
ڕووداوی (31 ی ئاب) و ئەنجامە سیاسییەکانی، بۆ جارێکیدیکە، ڕێکخراوبوون و یەکگرتووبوون و فراوانبوونەوەو خۆکۆکردنەوەی بزووتنەوەی چەپ لە کوردستاندا دەکاتە پێویستییەکی هەنووکەیی. بۆ جارێکیدیکە خۆشخەیاڵیی بە چینی بۆرژوازی سەبارەت بە بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییە ڕەواکانی گەلی کوردی لە سەنگی مەحەک دایەوە. هەمدیسان چارەسەرکردنە ئایدیالیستییەکان و چەمکە ئەخلاقییەکانی بۆرژوازییەتی پووچەڵکردەوەو، مەسەلەی ڕابەرایەتیکردنی چەپی بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد خستەوە بەرنامەی بیرو پڕاکتیکی توخمە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگاوەو، ئاسۆی چارەسەرکردنی سۆسیالیستانەی کێشەی کوردی بەردەم جەماوەری خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان خستەوە.
03-01-1998
پێشنیازێک بۆ گۆڕینی بڕگەیەکی یاسای سزادان
من نە پارێزەرم و نە دادوەر، بەڵام لەوەتەی هۆشمکردۆتەوە، لەنێو کۆمەڵدا دز نەفرەتلێکراوبووە، بیستووشمە کە لە یاسای سزاداندا بڕگەیەک بۆ تاوانبارکردن و سزادانی دز هەیەو، هەمیشە یاسا پشتگیریی خاوەن ماڵ دەکات وهەقی بۆ دەگێڕێتەوە. بەڵام لەم جیهانە لنگەوقووچەی ئێمەدا خۆمشێواوەو، نەریت و پرنسیپە کۆنەکان بە دەقە یاساییەکانیشەوە، لەوەدەچێت باویان نەمابێت یان چەمکەکانیان گۆڕابێت. لەبەرئەوە دەبێت زۆر ئاسایی بێت لامان، کە لەمەودوا، ئەگەر چوونە سەر ماڵێک و دزییانلێکرا، خاوەن ماڵ بدرێتە دادگاو، دزەکە بەگرتنیبدا، سەبارەت بەوەی کەمتەرخەمیی لە قایمڕاگرتنی ماڵەکەیدا کردووەو، بەهەر هۆیەکەوە بووبێت دەرگاکانیان دانەخستبێت، پەنجەرەکانیان کرابێتەوە، کلیلیان لێکەوتێت، یان خەویان قورس بێت... هتد.
کەواتە خاوەن ماڵ تاوانبارەو، هەقەو دەبێت یاسا سزای شیاوی خۆی بەسەردابدات...
ئەی ئەگەر وەها نییە، چۆن دەگوترێت لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان کارێکی ئاساییەو میلیتاریزمی تورک تاوانبار نییەو، هەرچییەک دەکات، ئۆباڵەکەی هەڵناگرێت و دەبێت دەستخۆشانەی لێبکرێت، چونکە لە بنەڕەتدا لەشکری تورکیا بەهۆی (پەکەکە) وە هاتۆتە کوردستان و هەقی خۆیەتی هەر کارێک ئەنجامبدات، جەندرمەی تورک کۆتری ئاشتین و، ئەوە گەڕیلاکانن ئەهریمەنی شەڕو تێرۆریست و چی و... چی و... چین... هتد، بۆیە دەبێت هەموو خەڵکی کوردستان بەپیر جەندرمەکانەوە بچن و لەهەر شوێنێک گەڕیلاکانیان بەدیکرد تەفروتونایان بکەن ؛ ئاخر زۆر لە مێژە، هەر لەسەردەمی سوڵتانەکانی دەوڵەتی عوسمانلییەوە تورک خاوەنی جەندرمە بووەو تاڵانوبڕۆو جەردەییش بۆیان حەڵاڵ بووە، خاوەنی ئەم ماڵەش کە کوردستانی پێدەگوترێت، بە باکوورو باشوورەوە، دەبێت لە خزمەتی جەندرمەکاندابن و حەددی خاوەنماڵییان نەبێت. لەبەرئەوە جێی خۆیەتی و، هەتا زووەو، لەڕەوتی بەرەو دواوە چووندا کۆسپ و تەگەرەمان نەهاتۆتەڕێ، بە بڕیارێکی پەڕلەمانی، بڕگە یاساییەکەی ئاماژەمان بۆ کرد، بگۆڕدرێت، تا دزو خاوەنماڵ، گورگ و مەڕ، شوێنی شیاوی خۆیان لە یاسادا بزانن و تێبگەن، لەم سەردەمی سیستمی نوێی جیهانیدا، چۆن یاساییانە ڕەفتاردەکەن !!
01-01-1998
خاوەنی ڕاستەقینەی داهاتی گومرگەکان تاوانبار دەکەن..!
لە بەهاری ساڵی 1991 بەدواوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا، حکومەتی ناوەندیی بڕیاری کشانەوەی دەسگا دەوڵەتییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا دا، داهاتی گومرگی ئەو کاڵایانەی بۆ دەرەوە دەڕۆن و بۆ کوردستان دێن، بوو بە تەنها سەرچاوەی بژێویی خەڵکی و، دواتریش ئەم داهاتە بووە مایەی ئەو شەڕە نەگریسەی ناوخۆ کە لە کوورەکەیدا، بەبەرچاوی خۆمانەوە، ڕەنجی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخازانەی نەتەوایەتیی کورد دەسووتێت. لەبەرئەوە، لە سایەی ئەم بارودۆخە نائاساییەی کوردستاندا، نە ئەم داهاتە ژیانی خەڵکی کوردستانی پێبەڕێوەبراو، نە باری شانی جەماوەری دەستەنگی کوردستانی پێسووککرا، بەڵکو لەبری ئەوە، گرانی و برسێتی و بێکاریی بەباڵایاندابڕا.
دەسەڵاتدارانی کوردستان خەڵکیی منەتباردەکەن بەوەی (گوایا) ئەم داهاتە بۆ ئاوەدانی و بیناکردنەوەی ژێرخانی ئابووریی کوردستان و چاکترکردنی ژیانیان خەرجدەکەن. هەر لایەنەش بەو کارانەی دەیکات خۆیهەڵدەکێشێت و بەنیازە جەماوەر چەپڵەیان بۆ لێبداو لە هەڵبژاردنیشدا دەنگیان بۆ بدات.
ڕۆژانە، ئەوەی دەکرێت، ئەو پارانەی خەرج دەکرێن، ئەو بەناو پڕۆژانەی ملیۆنەها دۆلاریان بۆ تەرخان دەکرێت، بەچاوی خەڵکیدا دەدرێنەوە و، ئەو ڕاستییە بەژێر لێوەوە دەکەن کە هەر هەموو داهاتەکان موڵکی جەماوەری ستەمدیدەی کوردستانەو، ئەو کارانەی ئەنجام دەدرێن، بە پارەی خەڵکی کورد دەیکەن و، ئەوە چەندین ساڵە لەدەمی ئەوی دەگرنەوە سەرمایەی خۆشیانی پێ کەڵەکە دەکەن.
ئەوە حەوت ساڵە خەڵکیی ئاردو ڕۆن و برنج و شەکرو چاو سابوون و هەموو پێداویستییەکانی ژیانیان، بەچەندی جارەی نرخە ڕاستەقینەکانی دەکڕن.
ئەوە حەوت ساڵە، لەم وڵاتە وێرانەدا، هەموو خێزانێک، ڕۆژانە، بڕێک پارە لە گیرفانیانەوە ڕەوانەی خاڵە گومرگییەکان دەکەن تا بڕژێتە گیرفانی دەسەڵاتدارانەوە ؛ حەوت ساڵە نرخ و ڕادەی پارووی دەمی منداڵانی کوردستان لە خاڵە گومرگییەکان سەر سنوورەکاندا بڕیاری لەسەر دەدرێت. ئێستاش کە مووچەکەی خۆمانمان دەدەنێ منەتبارمان دەکەن، کە بڕێک پارە زیاد دەکەن منەتبارمان دەکەن، کە بینایەکی ڕووخاو چاکدەکەنەوە منەتبارمان دەکەن، کە ڕۆنی خۆمان لە سمێڵی خۆمان دەدەنەوە منەتبارمان دەکەن ؛ لەبەرامبەریشدا، ملکەچی و گوێڕایەڵی و ستایشکردن و هەڵوێستی پشتگیریکردنیان دەوێت، خۆ ئەگەر خوانەخواستە هەڵبژاردنێکیدیکە کرایەوە، ئەوا بێ هیچ گومانێک داوای دەنگەکانمان لێدەکەن و، دیارە بۆ زامنکردنی دەنگەکانیش هەر لە پارەی خۆمان، لە داهاتی گومرگەکان خەرجدەکەن..!
301-12-1997
بنبڕکردنی شەڕی ناوخۆیی
لە چارەسەرکردنی کێشەی دەسەڵاتی سیاسیدایه
تێبینی گۆڤاری دواڕۆژ
لە نێوانی ئه و چالاکییانەی (لیژنەی ئاشتی و برایەتی) لە شاری سلێمانیدا، بۆ ڕێگرتن لە شەڕی ناوخۆو گێڕانەوەی ئاشتی بۆ کوردستان نواندی، بەستنی چەند کۆڕو کۆبوونەوەیەکی ڕۆشنبیریی بوو. ئەم لێکۆڵینەوەیە کە لە ڕۆژی 18-06-1994 دا کاک (فوئاد قەرەداغی) لە (هۆڵی ڕۆشنبیریی) پێشکەشیکرد، بابەتی کۆڕێکی سازدراو لەلایەن ئەم لیژنەیەوە بوو. کۆڕەکە بە وەڵامی پرسیاری ئامادەبووان کۆتاییهات و، دەقی تەواویشی ئێوارەی ڕۆژی 19-06-1994 لە تەلەفزیۆنی (ئازادی) یەوە پەخشکرا. ئێمە وەک بەڵگەنامەیەکی ڕۆشنبیریی، بۆ یەکێک لە بوارەکانی چالاکیی (لیژنەی ئاشتی و برایەتی)، بڵاوکردنەوەی دەقە نوسراوەکەیمان بە پەسەندزانی. گۆڤاری (دواڕۆژ)، ژمارە 3، مارتی 1995.
پێشەکی
هەر له و کاتەوە کۆمەڵگای بەشەری، لە ئەنجامی دابەشبوونی کاری کۆمەڵایەتیدا، چەند چینێکی جیاوازی تێدا پەیدابووە، هەمیشە ململانێی چینایەتی و ناکۆکی نێوان چینە سەردەستەکان و بندەستەکانی کۆمەڵگا، تەکانی به و مێژووە داوه و مێژووی بەشەرییەتی پێکهێناوە. ململانێکان لە هەموو ئاستێکدا ڕوویانداوەو، توندوتیژیی و شەڕو جەنگی خوێناوی، ترۆپکی ئه و ململانێیە بووە.
کۆمەڵگای بەشەری لە هەموو سەردەمانێکی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی خۆیدا، بێ ئه و ناکۆکییانە نەچۆتە پێشەوە. هەمیشە توندوتیژیی چینە سەردەستەکان کاردانەوەی خۆی هەبووەو، لە بەرامبەریدا توندوتیژیی چینە چەوساوەکانی خولقاندووە. ئەم توندوتیژییە سیمای مێژووی بەشەرییەتی نەخشاندووە. حەقیقەتی ئەوەی توندوتیژیی مامانی مێژووە، حەقیقەتێکی بەڵگەنەویسته و بە ململانێی کۆمەڵایەتییەوە گرێیخواردووە.
شەڕی خێڵەکی، شەڕی نەتەوایەتی، شەڕی ئایینی، شەڕی چینایەتی، سەرتاپای ئەم مێژووەی داگیرکردووە. خوێندنەوەی مێژووی جیهان بە گشتی و، مێژووی هەر وڵاتێکیش بە تایبەتی، باشترین بەڵگەی ئه و ڕاستییەن.
شەڕی ناوخۆیی ڕایەڵێکی مێژووییه و سەرانسەری مێژووی خەباتی کۆمەڵگاکانی پێوە بەنده و ناتوانرێت نکوولی لێبکرێت. ئەم شەڕە ناوخۆییانە، بەرژەوەندییە چینایەتییە جیاجیاکانی تێدا ڕەنگدەداتەوەو، لایەنەکان لە ململانێی کۆمەڵایەتی خۆیاندا پەنایان بۆ بردووە، بەپێی جۆری شەڕەکەش و ئه و چینانەی بەشدارییان تێداکردووە، هەمیشە سیفەتێکی ناعادیلانەی لەلایەن چینە چەوسێنەرەکان و سیفەتێکی عادیلانەی لەلایەن چینە چەوساوەکانەوە بەرجەستەکردووە، زۆر جاریش کە شەڕی ناوخۆیی لە نێوان توێژە کۆمەڵایەتییەکانی چینێک یان چەند چینێکی خاوەن یەک بەرژەوەندیی چینایەتی بەرپاکرابێت، ئەوا بۆتە مایەی کوێرەوەرییەکی بێئەندازەو، جەماوەری خەڵکی چەوساوە بوونەتە سووتەمەنییەکەی و ماڵوێرانیی گەورەی لێکەوتۆتەوە.
ئەم سیمایەی ململانێ، کە شەڕی ناوخۆیی لایەنێکی گرنگی پێکدەهێنێت، تا ئیمڕۆش بەردەوامەو، تا ئه و ڕۆژەش کە کەرەسەی هەڵگیرساندنی جەنگ هەبێت و سیستمی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە لە ئارادابێت، هەر دەمێنێت و درێژەدەکێشێت.
ئەگەر سەرنجێک لە مێژووی سەد ساڵی پێشووی ئەم جیهانە بدەین، سەرەڕای دوو جەنگی جیهانیی گەورە کە ملیۆنەها بەشەریان بەقوربانی چڵێسی و چاوچنۆکی و بەرژەوەندییەکانی سیستمی سەرمایەداریی جیهانی کرد، بە سەدان شەڕی ناوخۆییش لە پاڵیاندا دەبینین کە سەرجەم قوربانییەکانیان لە قوربانییەکانی ئه و دوو جەنگە جیهانییە تێدەپەڕن.
لە جیهانی ئیمڕۆی ژێر سایەی سیستمی نوێی جیهانی و باڵادەستیی ڕۆژئاواو هەرەسهێنانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و بڕانەوەی جەنگی سارددا، تابلۆیەکی خوێناوی دیکەی جەنگی ناوخۆیی لە چەندین شوێنی ئەم جیهانەدا بەدیدەکەین ؛ بەڕادەیەک دەتوانین وەک سیفەتێکی ئاشکراو زەقی ئەم سیستمەی بناسین. ئاگری ئەم شەڕە ناوخۆییانە، هەر بەرگێک بپۆشن، لە بەرژەوەندی چینە چەوسێنەرەکانی ئەم جیهانە دەکەوێتەوەو، بە زیان و کاولکاریی و بەشمەینەتیی گەلانی ستەمدیدەی جیهان و چینە چەوساوەکان تەواودەبێت. ئەوە یەک ئەزموونی مێژووییە کە شەڕی ناوخۆیی، بە تایبەتی ئه و شەڕانەی ئامانجی سیاسی و بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئاشکراو دیاری لە پشتەوە نەبێت، چ چارەنووسێکی ڕەش بۆ جەماوەر بەگشتی و، بۆ قوربانییەکانی شەڕەکە بە تایبەتی، دەهێنێت.
کوردستان و شەڕی ناوخۆیی
کوردستان وەک بەشێکی ئەم جیهانە جەنجاڵە پڕ ناکۆکییە لە ئاگری جەنگ و ململانێی خوێناوی بەدەرنەبوو. هەر لەم بەشەی کوردستاندا (باشووری کوردستان)، مێژووی چەند دەساڵێکی دوایی ئەم سەدەیە (سەدەی بیستەم) شاهیدی دوو شێوە شەڕی بەردەوام بووە : شەڕێکی عادیلانەی هەقخوازانە کە جەماوەری خەڵکی ستەمدیدەی کورد لە پێناوی مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیدا دژی داگیرکەرانی کوردستان بەرپایانکردووەو، شەڕێکی دیکەی ماڵوێرانکەر، کە لە ناوخۆدا، لە نێوان هێزە سیاسییەکانی گۆڕەپانی کوردستاندا، ڕوویانداوە.
لە کاتێکدا شەڕی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە پێناوی ئازادیدا، هەمیشە مایەی پشتگیریکردن و شانازی و خۆڕاگرتن و سەروەری بووە، ئەوەندە زیاتر شەڕی ناوخۆیی مایەی بێزاری و تووڕەیی و خەم و پەژاره و کەسەرێکی گەورە بووەو، تا سەر مۆخ کاریگەرێتی سەلبی خۆی لەسەر پەیوەندییەکانی ناوخۆی کۆمەڵگای کوردستان بەجێهێشتووەو، بۆ چەند جار مەسەلەی ڕەوای گەلی کوردی بەره و چارەنووسێکی نادیار بەکێشکردووە.
شەڕی ئەمجارەش ئەڵقەیەکی دیکەی ئه و زنجیرە شەڕە ناوخۆییە بوو کە لە دەمێکەوە جەماوەری ڕەشوڕووتی کوردستان بەر نەفرەتی مێژووی خستوون ؛ ئەوەتا لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵەوە (1994)، بۆ جارێکی دیکە ئاگری شەڕی ناوخۆیی زۆربەی ئه و ناوچانەی کوردستانی گرتەوە کە لە سایەی ڕاپەڕینی بەهاری 1991 دا لە چنگ ڕژێمی فاشی بەغدا ڕزگارکران. بۆ جارێکی دیکە زامەکانی شەڕی ناوخۆیی چەند دەساڵێکی بەر لە ڕاپەڕینی بەسوێهێنایەوەو، دەرفەتی دەستێوەردانی هێزە ئیقلیمییە نەیارەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردی ڕەخساندو، دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی بەر گەورەترین مەترسی خست و هیواو ئامانجەکانی گەلی کوردی ستەمدیدەی دایە بەر ڕەشەبای هات و نەهاتەوەو، ئەزموونی دەسەڵاتی سیاسیی ئێستای هەرێمی تا لێواری مەرگ ڕاپێچکردوو بە بنبەستی ئێجگارەکی گەیاند ؛ شەڕێک کە جگە لە ئاوکردن بە ئاشی ڕژێمە کۆنەپەرست و فاشییەکانی دەوروبەری کوردستان بەولاوە، هیچ قازانج و دەستکەوت و بەرژەوەندییەکی بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان تێدانەبوو، هەر بۆیە لە ڕۆژانی یەکەمی شەڕەوە، جەماوەری خەڵکی مارانگازی کوردستان، بە جیاوازی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانیەوە، بە جیوازی حزب و ڕێکخراوو گرووپە سیاسییەکانیەوە، دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزکردەوه و تێکڕا خودی شەڕەکەیان مەحکووم کردوو بەشێوەی جۆراوجۆری سیاسی و جەماوەریی کەوتنەخۆو، لە پێناوی کوژاندنەوەی شەڕو سەپاندنی ئاشتیدا بزووتنەوەیەکی سیاسیی دژەشەڕیان بەڕێخست وچەندین لیژنه و کۆمیتەی ئاشتیخوازیی دژەشەڕیان پێکهێنا، سەدان بروسکه و یاداشتیان بەرزکردەوە، چەندین کۆبوونەوه و چاوپێکەوتنیان سازکردو خواست و ئیرادەی ئاشتیپەروەرانەی خۆیان، بە سەرکردایەتی هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان گەیاندو، لە بەرامبەر ئۆباڵی مێژوویی ئاکامەکانی ئەم شەڕەدا بەرپرسیانکردن، داوای شەڕ ڕاگرتن و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکانیان لێکردن، تا سەرئەنجام دەنگی زوڵاڵی ئاشتی و گوشاری ناڕەزایەتیی جەماوەر لەگەڵ پێگەیشتنی هەلومەرجی ڕاگرتنی شەڕ یەکانگیربوون و ڕێگەی دانیشتن و وتووێژ خۆیان سەپاند.
مێژووی ناکۆکی و خاڵی سەرەتا
ئەگەرچی ئیمڕۆ هەوری ڕەشی ڕۆژانی شەڕ تروسکەیەکی بەره و ڕەوینەوە تێکەوتووه و (ژوورەکانی عەمەلیات) لەکاردان، بەڵام هێشتا مەترسی لە گۆڕێدایه و زامنکردنی ئاشتی و سەرهەڵنەدانەوەی شەڕی ناوخۆیی لە گرەوی چارەسەرکردنێکی بنەڕەتیی کێشەکەدایەو، ئه و تەرحانەی لە ئارادان، تەرحێکن، لە سەرەوە بۆ کێشەکە دەڕوانن و دەستی چارەسەرکردن بۆ ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە نابەن، بۆیە شۆڕبوونەوە بە ناخی کێشەکەداو تاووتووکردنی و خستنەڕووی پڕۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی، ئەرکێکی بەپەلەیه و هاوبەشیکردنی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی دەوێت.
لە ڕاستیدا، ئه و شەڕە خوێناوییەی مانگی ئایاری ئەمساڵ، نە لە خۆیەوە هەڵگیرساو، نە رێکەوت و هەڵه و ڕەفتاری ئەم یان ئه و لێپرسراوی حزبی و عەسکەری هێنایەکایەوە، بەڵکو پێشینەیەکی سیاسی ئاڵۆزکاوی هەبوو، واتە شەڕەکە بۆ خۆی درێژەکێشانی دوو سیاسەتی جیاوازی هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان بوو، کە لە ڕووی مێژووییەوە بۆ سەرەتای ساڵی 1964 و، بگرە لە ڕوانگەیەکی فراوانتریشەوە، بۆ سەرەتای دروستبوونی یەکەم سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوەڕاستی چلەکاندا دەگەرێتەوە.
ئێمە بۆ ئەوەی ئەم لێکۆڵینەوەیە بە تەواوەتی لە خزمەتی پڕۆسەی ئاشتیدابێت و زامە کۆنەکان نەکولێنێتەوه و قەتماغەی برینەکان هەڵنەداتەوە، خۆمان لە لێدوان و شیکردنەوەی ئه و ڕابردووە دەبوێرین و، بۆ تۆژینەوه و لێکۆڵینەوەی مێژووی بەجێدەهێڵین و، تەنها لە نزیکترین مێژووی ئەم ناکۆکییه و ئه و خاڵە سەرەتاییەی بەم ئاکامە گەیشت، دەکۆڵینەوە.
ئه و ناکۆکی و ململانێیەی ئیمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا ئەم شەڕە ناوخۆییەی لێکەوتەوە، نزیکترین مێژووی بۆ سەردەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان دەچێتەوە، کاتێک پڕۆسەی کێبەرکێی هەڵبژاردن و مەسەلەی وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانی دوای ڕاپەڕیندا هاتەئاراوە.
وەک جەماوەری خەڵکی کوردستان ئاگادارن، بەرەی کوردستانی لە هەلومەرجی دوای ڕاپەڕیندا، بە تایبەتی دوای دەرپەڕاندنی هێزە سەربازییەکانی ڕژێم لە کوردستانداو پاشان بڕیاری خۆکێشانەوەی ئیداریی ڕژێم، بووە دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتی واقیع، بەڵام هەر زوو ئەم دەسەڵاتە لە بەڕێوەبردنی کاروباری خەڵکی کوردستان و بەرەوڕوو بوونەوەی ئه و کێشانەی هەبوون، دەستەوسانی دەرکەوت و تووشی بنبەست بوو. بۆیە چ جەماوەرو چ خۆدی حزبەکانی بەرەش گەیشتبوونە ئه و قەناعەتەی کە کوردستان بە بەرەی کوردستانی بەڕێوەناچێت و، دەبێت دەسەڵاتێکی سیاسیی یاسایی جێگەی دەسەڵاتی پێشوو، بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری حکومەت لە کوردستاندا بگرێتەوە. لەبەر ئەوە پڕۆژەی دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانی و حکومەتی هەرێم هاتەکایەوە. سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی ئەمەی سەلماندو، بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە سیاسییە کەوتەخۆی و مەسەلەی هەڵبژاردنی هێنایەپێشەوە. بۆ ئەم مەبەستەش یاسای ژمارە یەکی هەڵبژاردن لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانییەوە خرایەڕوو. پاش بێنەوبەرەیەکی زۆرو ململانێ لەسەر گەلێک بەندی یاساکە، کە زیاتر بەرژەوەندیی حزبە گەورەکانی تێدابوو، بە ڕەسمی دەرچوو. بەم جۆرە، بەبێ ئەوەی ڕای گشتی لەڕێی ئیستیفتایەکەوە بۆ وەربگیرێت و شەرعییەتێکی جەماوەریی پێبدرێت، خرایە کارەوه و پڕۆسەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد.
ململانێی بەر لە هەڵبژاردن
بەرەی کوردستانی بەشێوەیەکی یەکگرتوو، بە یەک لیستەوە، داخڵی هەڵبژاردن نەبوو، بەڵکو هەر حزبه و بۆ خۆی لیستی تایبەتی هەبوو. لە ناو حزبەکاندا هاوپەیمانێتی و یەکگرتن بۆ هەڵبژاردن ڕوویاندا. پاسۆک و سۆسیالیست بوونەیەک و یەکێتیی نیشتمانی و زەحمەتکێشان لیستی هاوبەشیان دابەزاند. پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی و پارتی گەل، هەریەکەیان بە لیستێکی جیاواز دابەزین. بەم شیوەیە یەکەم هەنگاوی کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی بەرەی کوردستانی، لە واقیعدا نراو، ئیتر له و کاتەوە بەرەی کوردستانی وەک هێزێکی سیاسیی یەکگرتوو لە گۆڕەپانەکەدا نەما.
ململانێی بەهێز له و ڕۆژانەدا لە نێوان هەردوو حزبی گەورەدا بوو. تەوەرەی ململانێ لە دەوری پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی و مافی بڕیاردانی چارەنووس و مەسەلەی ڕابەر دەخولایەوە. بارودۆخی سیاسی ئه و ڕۆژانەی بەر لە هەڵبژاردن بە ئاستێکی خەتەرناک گەیشت و، بە ئاشکرا پێشبینی پێکدادان و کارەساتێک دەکرا، بە تایبەتی دوای کێشەی مەرەکەبی پەنجە مۆرکردن و دواخستنی کاتی هەڵبژاردن بۆ چەند ڕۆژێک. بانگەشەی هەڵبژاردن و تیروتوانج هاویشتن بۆ یەکتری، ئەوەندەی دیکە بارودۆخەکەی ئاڵۆزکردبوو. ئەگەرچی هەڵبژاردنەکە بە ئامادەبوونێکی بێوێنەی خەڵکی کوردستان و بەپیرەوەچوونی پڕۆسەکە بەڕێوەچوو، بەڵام ناکۆکییەکان لەگەڵ تەواوبوونی دەنگداندا توندوتیژبوونەوە.
ئەنجامی هەڵبژاردن
هەر لەگەڵ یەکەم ساتەکانی دوای داخستنی سندووقەکان و ژماردنی دەنگەکان، دەنگی ناڕەزایەتی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە لەم لایەن و ئه و لایەنەوە بەرزبووەوە. تۆمەتی تەزویرکردنی هەڵبژاردن خستنە پاڵ یەکتری ڕاگەیەندراو، گشت لایەنەکان، بەتایبەتی هەردوو هێزە سەرەکییەکه لە حاڵەتی ئامادەباشدا ڕاوەستان و مەترسی پێکدادان بەرزبووەوە. ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دواخراو ڕێژەی دەنگەکان ئاشکرانەکران. دواتر لە ڕێککەوتنێکی دووقۆڵیدا هەردوو حزبە گەورەکە سەرکەوتنی خۆیان و ڕێککەوتنیان و بڕیاری دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسییان نیوە بە نیوە ڕاگەیاند. حزبەکانی دیکە بەوە ڕازینەبوون بەشداریی دەسەڵات بکەن و داوای دووپاتکردنەوەی هەڵبژاردنیان کردەوە.
ئه و دابەشکردنەی دەسەڵات و ڕازیبوون بەڕێژەی پەنجا بەپەنجا، وەک دوایی دەرکەوت، لەژێر کاریگەرێتی ئه و بارودۆخە سیاسییەدا ڕوویدا بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک قەناعەتی تەواوی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هەبێت. ئەمە بنەمای ناکۆکییەکانی دواتری پێکهێنا.
حکومەتی نیوە بەنیوه و ڕازیبوون بە دەسەڵاتی دوو حزبیی بەڕێژەی پەنجا بەپەنجا، نموونەیەکی سەیربوو لە شێوازی حوکمڕانیداو، نەک هەر لە پەڕلەماندا پەیڕەوکرا، بەڵکو لە پێکهاتنی ئەنجومەنی وەزیران و پاشان دابەشکردنی هەموو لێپرسراوێتییە حکومەتییەکاندا پەیڕەویکراو، سیمای نیوە بەنیوە بووە سیمای باوی حکومەتی هەرێم و تا سەر ئاستی دامەزراندنی کارمەندە نوێیەکانیش بۆ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم هاتەخوارەوە.
ئەم شێوازە لە حوکمڕانی قەیرانێکی سیاسیی گەورەی نایەوه و دەسەڵاتی حکومەتی لە دەستی هەردوو حزبە دەرچووەکەی هەڵبژاردندا قۆرخکردو، بە کردەوە هەموو حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و کەسانی بێلایەنی کۆمەڵی هاویشتە دەرەوە. حکومەتی هەرێم لەسەرەوە بۆ خوارەوە بووە حکومەتی دوو حزب. ئەم شێوازە کێبەرکێیەکی توندی وروژاندو کاروبارەکانی حکومەتی لە هەموو ئاستێکدا تووشی بنبەستکرد. جەماوەری خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بە چاوی خۆیان لە ماوەی دوو ساڵی تەمەنی ئەم حکومەتەدا، ئاکامەکانی ئەم سیستمەیان دەبینی و بە نائومێدییەوە سەیریاندەکرد.
دوو ساڵ حوکمڕانیی
لە کاتی هەڵبژاردنەوە تا شەڕی ناوخۆیی ئەمجاره و لەکار ڕاوەستانی پەڕلەمان و حکومەتی هەرێم، دوو ساڵی ڕەبەقی تەواوکرد. باری سیاسی – ئابووری – کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا، لەچاو درێژیی ئه و ماوەیەدا، هیچ گۆڕانکارییەکی پێشکەوتووانەی بەسەردا نەهات. نە کێشەی سیاسیی گەلی کورد هەنگاوێکی بەرچاو چووە پێشەوەو، نە چارەسەری قەیرانی ئابووری و گرانی و برسێتی کراو، نە باری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردستان گۆڕانکارییەکی بەسەرداهات. بۆیە دەتوانین گرنگترین خاسییەتەکانی حوکمڕانی لە ماوەی ئه و دوو ساڵەدا، لەچەند خاڵێکدا کۆبکەینەوە :
1) قەیرانی سیاسیی حوکمڕانیی نیوە بەنیوەی هەردوو حزبەکە، شێوازی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستانی بە بنبەست گەیاند. شەڕی ناوخۆیی لە جەوهەری خۆیدا ئەنجامی ئه و بنبەستەبوو. ناوەرۆکی شەڕەکە مەسەلەی یەکلاییکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بوو.
2) بەرەی کوردستانی بەهۆی دامەزراندنی پەڕلەمان و حکومەتی هەرێم و باڵادەستیی سیاسی و عەسکەریی هەردوو حزبەکەی پەڕلەمان و حکومەت، ئەگەرچی بە ڕەسمی هەڵنەوەشێنراوەتەوە، بەڵام بە کردەوە لە حوکمی هەڵوەشاوەدایە، سەبارەت بەوەی لە پەڕلەمان و حکومەتدا هیچ دەورێکی نەبوو، حزبەکانیشی ئاڵوگۆڕیان لەپڕۆسەی هەڵوەشاندنەوه و یەکگرتندا بەسەرداهات ؛ ئەمە سەرەڕای ناکۆکیی نێوانیان و نێوان هەردوو لایەنی پێکهێنەری پەلەمان و حکومەت. ئەم فاکتەرانە ئیزافەبوون بۆ لەیەکترازانی کاری بەرەیی کە لە سەردەمی بەر لە هەڵبژاردنەوە دەستیپێکرد.
3) پەڕلەمانی کوردستان سەبارەت بە پێکهاتە لاوازەکەی، کە بەرئەنجامی هەڵبژاردنی ڕێژەیی بوو، نەیتوانی لەڕووی کاری سیاسی و یاساییەوە گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەدیبهێنێت. ئه و کارە یاساییانەی ئەنجامیداوە، جگە لەوەی لەچاو ئەرکە مێژووییەکانیدا شتێکی ئەوتۆ نین، بەهۆی لایەنداریی ئەندامەکانییەوە بۆ یەکێک لە دوو حزبە گەورەکەو، کاریگەرێتیی ڕێژەی نیوە بەنیوە لەسەریان، پەکی کارکردنی یەکگرتوو و کێبەرکێی پەڕلەمانیی ئیجابییان کەوتبوو.
4) حکومەتی هەرێم جگە لەوەی پێکهاتەیەکی سیاسی لاوازی هەبوو، لە بری پێکهاتەیەکی بەهێزی سیاسی – پسپۆڕی، توانایەکی ماددی فراوانی لەبەردەستدانەبوو. لەلایەن هێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکانەوە دانیپێدانەنرا. دەردی (فیفتی – فیفتی) ئاودامانی داگرتبوو. کێشەی وەزیرەکان و جێگرەکانیان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و جێگرەکانیان، لێپرسراوی یەکەم و جێگرەکانیان، لە هەموو دەزگا دەوڵەتییەکاندا، توانای جووڵانەوه و کارکردنی پەکخستبوو. بۆیە کێسە گەورەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی پێ چارەسەرنەکرا. لە ئاستی چارەسەرکردنی گرانی و برسێتی و بێکاری و دابینکردنی ئاسایشدا دەستەوسانبوو، به و شێوەیە پێشبینی ئیدامەبوونی لەسەر کار لێنەدەکرا.
5) پلانی بەردەوامی دەوڵەتەکانی دراوسێ و کۆبوونەوه و ڕێککەوتنیان لەسەر بەربەرەکانیکردن و لەناوبردنی ئەزموونەکەی کوردستان، کێشەیەکی جیددی بۆ حکومەتی هەرێم پێکهێنا ؛ ئەمە سەرەڕای هەڵوێستی نادیاری نێودەوڵەتی و مانەوەی کێشەی کورد وەک کێشەیەکی مرۆڤایەتی نەک سیاسی و، هێشتنەوەی ئابڵووقەی ئابووری لەسەر کوردستان و مامەڵەنەکردنی سیاسی و ئابووری لەگەڵیدا. ئەم هۆکارانە لە هەڵسووڕان و بایەخی سیاسی و ئیداریی حکومەتی هەرێمی کەمکردەوەو، لە هەموو بوارێکدا تەگەرەی بۆ دروستکردبوو.
6) ئه و فاکتەرانەی سەرەوە بارودۆخێکی شلۆق و نائارامیی و گرانی و برسێتی و نەبوونی ئاسایش و یاساشکێنی و بازاڕی ڕەش و کوشتن و بڕین و دزیکردن و... هتد خستەوە. ئەم بارودۆخە ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستانی وروژاندوو بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە چەندین خۆپیشاندان و مانگرتن و یاداشت بەرزکردنەوه و چالاکیی جەماوەریی جیاجیادا خۆی نواندو، حکومەتی هەرێمیش هیچ وەڵامێکی کردەوەیی بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی جەماوەر پێنەبوو.
7) کێبەرکێی حزبی و پەیوەندیی ناتەبای نێوان حزبەکان، خاسییەتێکی دیکەی دوو ساڵی ڕابردوو بوو، بەتایبەتی کێبەرکێی نێوان هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان. هەر یەکەیان لەلای خۆیانەوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی خەڵک و مشوورخواردنی دەنگ پەیداکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بوون. لەم بوارەدا پەیوەندییە عەشایەرییەکانیان لە کۆمەڵگادا ژیاندەوە. ئەم گرنگیدانە بە هێزە عەشایەرییەکان دەرفەتێکی باشی بۆ پیاوانی زووی ڕژێم ڕەخساند کە خۆیان لەناو ڕیزەکانی ئەم لایەن یان ئه و لایەندا ببیننەوە. پرنسیپە حزبییە کۆنەکان بۆ وەرگرتنی دۆستان و لایەنگران بەلاوەنران و سیاسەتی دەرگای کراوە (الباب المفتوح) لە هەردوولاوە پەیڕەوکرا. ئەم سیاسەتە ڕۆڵێکی سەلبی هەبوو لە شەڕو پێکدادانەکانداو، بواری بۆ ئەوانە خۆشکرد لە شەڕی ناوخۆدا بەشداربن و ئاگرەکە خۆشتربکەن و جارێکی دیکەش دەستیان بە خوێنی جەماوەردا بکەنەوە.
ئەم واقیعە تاڵەی دوو ساڵی تەواوە لە کوردستاندا هەیە، پرسیارێک ڕاستدەکاتەوە ؛ خەڵکی ئیمڕۆ دەپرسن : ئایا بەدیلی ئەم واقیعە چییە ؟ چۆن لەم قەیرانە دەرچین ؟ ئاکامی ئەم دەسەڵاتە سیاسییە بە کوێ دەگات ؟
دیدگای هەردوو حزب بۆ بەدیلی واقیعەکە
لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، بۆ چەندین جار گرژی و ئاڵۆزیی، پەیوەندیی نێوان هەردوو حزبەکەی گرتەوە. هەر جارە هۆیەک بارودۆخەکەی تێکدەداو پاش هەوڵێکی زۆر دووقۆڵی پێکدەهاتنەوه و هاوپەیمانێتییان ڕادەگەیاندەوە. هەردوو حزب لە ئاستی سەرکردایەتیدا دیدگاکانیان جار جار بە هێمنی و جار جاریش لە پەنای هێرشی ڕاگەیاندندا دەخستەڕوو، کە دەتوانین پوختەی دیدگاکانیان لە چەند خاڵێکدا دەستنیشانبکەین :
1) سەرەتا بەدیلی هەردوو لایەن بۆ واقیعەکە، بەردەوامبوونی دابەشکردنی دەسەڵات و هێشتنەوەی هاوتایی دەسەڵاتی نیوە بەنیوە بوو. ئاکامی ئه و هەوڵانەی بۆ تەبایی و نەتەقینەوەی پەیوەندییە لەرزۆکەکە دەدران، ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتی ستراتیژیی بوو. بەڵام ئەم هاوپەیمانێتییە لە زەمینەی واقیعدا جێبەجێنەدەکران و تۆزقاڵێک لە کێبەرکێی حزبیی نێوانیانی کەمنەدەکردەوە.
2) دانانی دەستەی سەرۆکایەتی، وەک بەدیلێکی دیکەی قەیرانی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمدا هاتەپێشەوە. بۆ ئەم مەبەستە دەستەیەکی ناوکۆیی، بەبەشداریکردنی ڕابەری یەکەمی هەردوو حزب دانرا، بەڵام ئەم دەستەیەش هەر بە هەمان ڕێسای نیوە بەنیوە دانراو، لە کاتی پێکهاتنیەوە تا سەرەنجامی بارودۆخەکە بە شەڕی ناوخۆیی گەیشت، هیچ ڕۆڵێکی کاریگەری لە چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکەدا نەبینی.
3) ماوەی چەند مانگێک بەر لە شەڕەکە، سەرەتا لایەنێک و پاشان لایەنەکەی دیکەش قسەیان لەسەر هەڵبژاردنێکی نوێ دەکرد. هەردوو حزب بۆ خۆیان لە هەڵسەنگاندنی کاروباری حکومەت و سروشتی ناکۆکییەکاندا به و ئەنجامە گەیشتبوون کە دەبێت مەسەلەی دەسەڵاتی سیاسی یەکلاییبکرێتەوە، ئەویش لەڕێی هەڵبژاردنێکی نوێوە، تا حزبی زۆربە دەسەڵات بگرێتەدەست و، کەمایەتیش لە ئۆپۆزسیۆنێکی ئیجابیانەدا کاری سیاسی خۆی بکات.
4) بیرکردنەوە لە هەڵبژاردنێکی نوێ، مەسەلەی چۆنایەتیی هەڵبژاردنەکه و بنەماکانی هەڵبژاردنێکی پاکی بێتەزویری هێنایەپێشەوە. ئەگەرچی بە جیددی و لەڕێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە مشتومڕێکی جەماوەری و وەرگرتنی ڕای گشتیی خەڵک بەرپانەکرا. بەڵام قسەکردن لە تۆمەتی تەزویرکردن لەهەر لایەنێکەوە بۆ ئەویدیکە لە یەکێک له و ناوچانەی لە کاتی هەڵبژاردنی پێشوودا دەسەڵاتیان تێیدا هەبوو، کرۆکی ململانێیەکی ڕاگەیاندن بوو. ئەم ململانێیە و نیازی هەردوو لایەن بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ، ڕۆژبەڕۆژ ناکۆکییەکانی توندتردەکردەوه و کێبەرکێی دەنگ کۆکردنەوه و مەسەلەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکه و پشتگیریکردنیان و خۆسازدانی زیاتر هاتەئاراوه و وەزعەکە بەره و گرژبوون و ئاڵۆزانێکی زیاتر دەبرد. پێکدادانەکانی ساڵی ڕابردوو، بە تایبەتی پێکدادانی پارتی و سۆسیالیست و، یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی، بەشێکی شاراوەی ئه و ململانێیەی زەقکردەوەو، پەیوەندییەکانی ناسککردەوە، ڕایەڵەکانی هاوپەیمانێتی ستراتیژیی باریکترکردەوەو، بە پریشکی ڕووداوێکی خۆجێیی (محلي) لە شاری قەڵادزێدا، گڕیسەندو تەنییەوه و ئه و کارەساتە جەرگبڕانەی بەدواداهات و شەڕی ناوخۆیی زیندووکردەوە.
شەڕ ڕاگرتن و ئاسۆی داهاتوو
وەک لە پێشەوە ئاماژەمان بۆ کرد، جەماوەری خەڵکی کوردستان، بە حزب و ڕێکخراوو گرووپە سیاسییەکانیەوە، بە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیەوە، بە حزب و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی پارچەکانیتری کوردستان و پەڕاگەندەکانی هەندەرانەوە، گوشارێکی بێوێنەیان خستە سەر سەرکردایەتی هەردوو لایەنی شەڕو، هاودەنگی یەکتری، هەڵوێستی ئاشتیخوازانه و دژە شەڕی ناوخۆییان ڕاگەیاندو، بۆ ئه و مەبەستە چەندین لیژنه و کۆمیتەیان پێکهێنا. inc یش وەک هێزێکی پشتگیریکراوی نێودەوڵەتی کەوتە بەینەوەو، بۆ ڕاگرتنی شەڕو پێکدادان خەباتێکی سیاسی – جەماوەری بەرفراوان سازدرا. سەرکردایەتی هەردوو حزبیش لە نێوان ئه و چاوپێکەوتنانەی لەگەڵیاندا ئەنجامدرا، هەڵوێستی ئاشتیخوازانەیان ڕاگەیاند، بەڵام تەواوی ئه و ڕێککەوتننامانەی لە ماوەی شەڕدا مۆردەکران پێشێلدەکران. بڕیارەکانی ژووری عەمەلیاتی (صلاح الدین) پشتگوێدەخران، بانگەوازەکانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 3/5 و 5/5 و 19/5 داو، بانگەوازی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵاتەوە کە بۆ شەڕ ڕاگرتن و پاراستنی ئاشتی بۆ هێزەکانی هەردوولایان ئاڕاستەکرد، گوێیانلێنەگیرا. (خروقات) لە هەموو لایەکەوە بەردەوامبوو، موتمانە تا پلەی سفر لە نێوانیاندا دابەزیبوو ؛ تا بڕیارەکەی بەڕێز مام جەلال بە شەڕ ڕاگرتن و کشانەوەی یەکلایەنەی هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانی لە ناوچەی هەولێرەوە بۆ ناوچەی سلێمانی تەکانێکی بە بنبەستبوونی وەزعەکە داو، بەپیرەوەچوون و ڕەزامەندی بەڕێز مەسعود بارزانیش زەمینەی ئاگربەست و پێکهێنانی ژووری عەمەلیاتی لە هەموو ناوچەکانی شەڕدا خۆشکرد. قایلبوونی بزووتنەوەی ئیسلامیش بەشەڕ ڕاگرتن و بەشداریکردن لە ژوورەکانی عەمەلیاتدا، سەرەتای پڕۆسەی ئاشتبوونەوه و لێکۆڵینەوەی چۆنێتی چارەسەرکردنی وەزعەکەی دامەزراند. بەڵام هێشتا ئەمە چارەسەرکردنی پێکدادانە، جیاکردنەوەی هێزەکانە، ڕاگرتنی نەزیفی خوێنه و هیچیتر. ئەمە یەکلاییکردنەوەی کیشەکە لە بنەڕەتەوە نییە. بڕاندنەوەی شێوەی حوکڕانی و دەسەڵاتی سیاسیی لەمەودوا نییە. بۆیە مەترسی شەڕی ناوخۆیی، ئه و شەڕە نزیک بێت یان دوور هەر ماوەو، بێ تاووتووکردنی چارەسەرکردنێکی دروستی چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسی، ئه و مەترسییە بنبڕناکرێت. لەبەر ئەوە لە ئاستی مەترسییەکی وەهادا کە شەڕی ناوخۆیی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی یەخەی خەڵکی بگرێتەوه و جارێکیدیکە هەڕەشە لە ژیانیان بکات، کۆمەڵیک پرسیار دێنەپێشەوه و دەبێت هەر لە ئێستاوە وەڵامیان بدرێتەوه ، بە تایبەتی ڕووکاری چارەسەرکردنێک کە لە ناواندایه و ئەم لایەن و ئه و لایەنی سیاسی، چ لە نێو تەشکیلەی حکومەت و چ لە دەرەوەی حکومەتدا، دەیخەنەڕوو.
ئایا هەردوو حزبەکە جارێکیدیکە بۆ سیاسەتی نیوە بەنیوەی دەسەڵات دەگەڕێنەوە ؟
ئایا پەڕلەمان و حکومەتی هەرێم پاش ئه و ڕووداوانە وەک جاران دەستبەکاردەکەنەوە ؟
ئایا کێشەکە هەر بە دووقۆڵی و بە ناوبژی (inc) دەبڕێننەوە ؟
ئایا بەرەی کوردستانی وەک بەدیلێک زیندوودەکرێتەوه و دیسانەوە کاروبار به و دەسپێرن ؟
ئایا پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ئاوەها – وەک لە پرسیارەکانی پێشتردا خرایەڕوو – زامنی ئەوە دەبێت جارێکیدیکە شەڕی ناوخۆیی هەڵنەگیرسێتەوەو، هەموو کەموکووڕی و قەیرانەکانی دەسەڵاتی سیاسیی تائیمڕۆی لە کوردستاندا، پێ چارەسەردەکرێت ؟
ئەگەر بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە پەنابەرینە بەر سیاسەتەکانی ڕابردوو، بە گیانێکی مەوزوعی و بێلایەنەوە سەیری ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی لە ڕاپەڕینەوە تا ئێستا بکەین، ئەوا بێ هیچ دوودڵییەک تەنها وەڵامێکمان دەستگیردەبێت ئەویش ئەوەیە کە هیچ یەکێک له و شێوازانەی چارەسەرکردن کێشەکە کۆتاییپێناهێنێ و لە ئاستی بنبڕکردنی شەڕی ناوخۆییدا دەستکورتن، بۆیە پێویستە بە دیدگایەکی نوێوە، بە بیرکردنەوەیەکی فراوانترو گیانێکی قاڵبووی ئەزموونی ڕابردووەوە، بە دوای چارەسەرکردندا بگەڕێین و تەرحێکیدیکە بێتەپێشەوە.
دەستپێکی تیۆریی ئەم تەرحە له و ڕاستییەوە دەستپێدەکات کە شەڕی ناوخۆیی پابەندی کێشەی دەسەڵاتی سیاسییه و بە توندی پێوەی گرێدراوە، بۆیە چارەسەرکردنی کێشەی دەسەڵاتی سیاسی پێشمەرجی بنبڕکردنی شەڕی ناوخۆیی دەبێت. هەر لەم باری سەرنجەوە پڕۆژەیەک بۆ بنبڕکردنی شەڕی ناوخۆیی پێویستە کە چارەسەری هۆکاری شەڕەکە بکات، ئەویش مەسەلەی دەسەڵاتی سیاسییە.
دەسەڵاتی سیاسی و چەند پرنسیپێک
گونجاوترین ڕێگاچارەیەک بۆ قەیرانی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، دەبێت لەم پرنسیپانەوە سەرچاوە هەڵگرێت :
1) سەلماندنی دەسەڵاتی جەماوەر، واتە دانپێدانانی ئەوەی کە جەماوەر سەرچاوەی دەسەڵاتە. وەرگێڕانی ئەم پرنسیپە لە بواری سیاسەتدا ئەوە دەگەیەنێت کە هێزە سیاسییەکان، هەریەکەیان لەلای خۆیانەوە، خۆی بە دەمڕاستی جەماوەر نەزانێت بەڵکو بە کردەوە بگەڕێنەوه بۆ جەماوەری کوردستان و ئەم جەماوەرە سەرپشک بکەن لە چۆنایەتی ئه و سیستمە سیاسییەی بۆ حوکمڕانیکردنی خۆیان هەڵیدەبژێرن.
2) سەلماندنی ئازادییە سیاسییەکان بۆ هەموو حزب و ڕێکخراوو گرووپە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی و، زامنکردنی ئه و ئازادییە لە هەموو بارودۆخێکی سیاسیدا.
3) سەلماندنی حوکمڕانیی مەدەنی و دوورخستنەوەی هێزی چەکداری حزبەکان لە دەستێوەردانی کاروباری سیاسیی هەرێم. بە واتایەکیدیکە سیاسەت و ئەقڵییەتی سیاسی ئاڕاستەی حوکم بکات نەک چەک و ئەقڵییەتی عەسکەری.
4) ڕێزلێگرتنی ڕای گشتی لەسەر ئه و کێشە سیاسی و عەسکەرییانەی ڕوودەدەن و، کارکردن بۆ سازدانی ڕایەکی گشتیی ڕەخنەگرو سەربەخۆ لە کێبەرکێی حزبایەتیدا.
5) ڕێگەگرتن لە دەستێوەردانی هێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان لە کاروباری ناوخۆی کوردستان و، ڕەخساندنی هەموو دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ ئەم مەبەستەو، پابەندبوون بەم پرنسیپەوه و ئیدانەکردنی هەر لووتژەندنه کاروبارێکی کوردستانەوە لەلایەن ئه و هێزانەوە، بەتایبەتی ئه و هێزە ئیقلیمییانەی هەر یەکەیان بەشێکی کوردستانیان داگیرکردووه و هەموویان بەرژەوەندیی ناوکۆییان لە چەوساندنەوەی گەلی کوردو بەدینەهاتنی مافی چارەنووسی خۆیدا هەیە.
6) دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم، دەبێت دەسەڵاتی دابینکردنی نان و ئازادی بێت بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان. نان و ئازادی پێکەوەبەستراون و لە یەکتری جیانابنەوە. هەمیشە برسێتی هەڕەشە لە پاراستنی ئازادی دەکات و، ئازادیش بە برسێتییەوە هیچ مانایەک نابەخشێت. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانداو ئه و هێزە سیاسییانەی حوکمڕانیی دەکەن، دەبێت کێبەرکێ لەسەر دابینکردنی نان و ئازادی پێکەوه و وەکویەک بکەن و، ئه و حەقیقەتە بسەلمێنن کە ئاکامی خەباتی خوێناوی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان لە پێناوی ڕزگاریی نەتەوایەتیدا دەبێت نان و ئازادی بێت نەک شەڕو برسێتی.
بۆ ئەوەی ئەم پرنسیپانە بناغەیەکی پتەوی داڕشتنی بارودۆخێکی سەقامگیر بێت و لە چارەسەرکردنی وەزعی ئاڵۆزی ئیمڕۆی کوردستاندا جێگەی خۆیان بگرن، دەبێت هەرچی زووە هەنگاو بۆ پیادەکردن و پەیڕەوکردنی ئەم ئیجرائاتانە هەڵگیرێت :
أ -- هەڵوەشاندنەوەی شێوازی نیوە بەنیوەی دەسەڵاتی سیاسی لە هەموو ئاستە جیاجیاکانداو لەپێشی هەموویانەوە پەڕلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لەڕاستیدا ئیفرازاتەکانی شەڕی ناوخۆیی، بە کردەوە کارەکانیانی پەکخستووه و شەرعییەتیانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، چونکە سروشتی شەڕ تەواوی یاساکانی حوکمڕانیی مەدەنیی هەرێمی خستە پەراوێزەوه و (منطق) ی چەک شوێنەواریانی گرتەوە. لەسەرێکەوە، هەر حزبە دەسەڵاتی نیوەکەیتری حکومەتە ناوکۆییەکەیانی لە پارێزگایەک لە کارخستووەو، لەسەرێکیدیکەوە، چ پەڕلەمان و چ حکومەتی هەرێم لە پێکدادانەکانی شەڕی ناوخۆییدا، بەپێی دابەشبوونی حزبییان، بوونە لایەنداری حزبەکانیان و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشێکی نەپساوەی هەردوو لایەنەکەی شەڕ بوون. لە داهاتووشدا ئه و ڕێژەی دەنگە پەڕلەمانییەی بۆ حەسمکردنی کێشەکان پێویست بن، لە سایەی سیستمی نیوە بەنیوەدا بەدەستنایەت و کێشەکان هەروا بە هەڵواسراوەیی دەمێننەوە. بەرنامەی حکومەتیش لە هەمان کاتدا ناتوانێت بەرنامەی دوو حزب بێت لە حوکمڕانیدا، بۆیە هەر بەرنامەیەک بۆ حوکمڕانی پەیڕەوبکرێت، بەرنامەیەکی نیوەیی دەبێت و دامودەزگا حکومەتییەکانیش لە پێکهاتەی نیوە بەنیوەدا یەکدەست و یەکئیرادە ناتوانن بەرنامەی حکوموت پیادەبکەن و وەک پێشوو نیوەی پەیڕەویدەکات و نیوەکەیتریش ڕێگری دەبێت.
ب -- هەرچی زووه و بەپەلە کۆنگرێسێکی گشتی لە هەموو حزب و ڕێکخراوو گرووپە سیاسییەکان و نوێنەرانی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان و شەخسییاتی بێلایەن پێکبهێنرێت تا بڕیاری چارەنووسی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کوردستان بدات و ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکان دابنێت و وەک دەزگایەکی باڵای یاسایی کاتیی جێی پەڕلەمانی ئێستا بگرێتەوە.
ئەرکی گرنگ و بەپەلەی ئەم کۆنگرێسە دەبێت بریتی بێت لە :
1) دامەزراندنی حکومەتێکی ئیئتیلافیی کاتیی تێکەڵ لە کەسانی سیاسی و پسپۆڕ، حزبی و بێلایەن، تا کاروبارە حکومەتییەکان لە ماوەی گواستنەوەدا بەڕێوەبەرن.
2) بەڕێوەبردنی دەزگا حکومەتییەکان لە پارێزگاکانداو، سپاردنی بە کەسانێکی لێوەشاوه و شارەزاو لێهاتوو بێگوێدانە ئینتیمای سیاسییان یا بێلایەنییان و، حاڵەتی قۆرخکردنی دەسەڵات لەم دەزگایانەدا کۆتاییپێبهێنێت.
3) ماوەیەکی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی نوێ دابنێت و جێوڕێی بە ئەنجامگەیاندنی هەڵبژاردنەکە دەستنیشانبکات.
4) ڕێوشوێنی سەرژمێرکردنی خەڵکی کوردستان دابنێت و سەرپەرشتی سەرژمێرکردنەکە بکات.
5) یاسایەکی هەڵبژاردن بڕیاربدات و ئیستیفتای بۆ بکات، بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنێکی دامەزراندن (مجلس تأسیسي) کە ئەرکی دانانی دەستوورێکی خۆجێیی (محلي) و یاسای هەڵبژاردنی پەڕلەمانێکی نوێ لە ئەستۆ بگرێت.
دەبێت سەرەتاو بەر لە بەستنی ئەم کۆنگرێسە، هەموو ئه و لایەن و کەسانەی بەشداریی تێدادەکەن بەڵێنی ئیلتیزامکردن بە بڕیارەکانی کۆنگرێسەوە بکەن و، دەرچوونیان له و بڕیارانە بە دەرچوون لە ئیرادەی جەماوەری خەڵکی کوردستان دابنرێت.
ئەم پڕۆژە سیاسییە دەتوانێت زامەکانی شەڕی ناوخۆیی و کێبەرکێی حزبایەتی پێشوو قەرەبووبکاتەوە، بۆیە بەپیرەوەهاتن و جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دەخەینە بەرچاوو بە ڕێگاچارەیەکی واقیعی و کردەوەیی دەزانین.
ئەم پڕۆژەیە پاش دەوڵەمەندکردنی لەلایەن حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕای گشتیی جەماوەری کوردستانەوە، دەبێتە چارەسەرکردنێکی جەماوەری و زەمینەی بنبڕکردنی شەڕی ناوخۆیی بۆ قۆناغ و مەودایەکی دوور خۆشدەکات.
دیارە ئەم چارەسەرکردنە، کارێکی ڕیفۆرمیستی گونجاوە لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئیمڕۆدا، کارێکە هەوڵ و کۆششێکی سیاسیی پڕ مەسئوولییەت و بەدەنگەوەهاتنی لایەنە سیاسییەکان و سازدانی ڕای گشتیی جەماوەرو بەرزبوونەوە بۆ ئاستی بەرژەوەندیی باڵای مەسەلەی ڕزگاریی نەتەوایەتی کوردو زامنکردنی ئاووهەوایەکی دیموکراتی و پەیڕەوکردنی پرنسیپەکانی ئازادیی سیاسییان دەوێت و، بە هەوڵی دڵسۆزانه و خۆنەویستیی گشت لایەنە سیاسییەکان لەلایەک و، تێکۆشانی بێوچانی بزووتنەوەی دژە شەڕی ناوخۆیی و لیژنه و کۆمیتەکانی خەبات لە پێناوی ئاشتی و ئازادیدا، لەلایەکیدیکەوە، قابیلی بەدیهاتنەو، هیچ چارەسەرێکی سیاسی نییە لە تواناو ئیرادەی گەلی ستەمدیدەی کورد لە پێناوی ژیانی سەروەری و ئازادیدا، بەدەربێت.
گۆڤاری (دواڕۆژ)، ژمارە (3)، مارتی 1995
فوئاد قەرەداغی
بۆ ڕۆژنامەی (ئاڵای ئازادی) دەدوێت
ئاڵای ئازادی : سەبارەت بە مارکسییەت، سارتەر دەڵێت : تا ململانێی چینایەتی الصراع الطبقي وەکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بمێنێ، مارکسییەت وەکو تیۆری سەردەم دەمێنێ.. عطیة مسوح – یش دەڵێت : مارکسییەت تیۆر نییە، بەڵکو ڕێبازە، چونکە تیۆر نەگۆڕەو، گەشە پێی نادرێت و، ئەگەر ناوەرۆکی خۆیشی لەدەست بدات و، هاودەنگ نەبێت لەگەڵ واقیعەکەدا، ئەوا تیۆرێکی تر جێی دەگرێت و، ڕەتیدەکاتەوە... مارکسیش بە پشت بەستن بە ڕێبازەکە، تیۆری زێدەبایی و دیکتاتۆریای پڕۆلیتاری داڕشت... پێمان خۆشە بزانین کاک فوئاد قەرەداغی چی دەڵێت دەربارەی ئەم مەسەلەیە ؟
قەرەداغی : ئەگەر لە وەرگێڕاندا ئەم قسەیەی سارتەر بە هەڵە نەهێنرابێت، ئەوا لە دوو جەمسەرەوە گوتەکەی هەڵەیه و دەبێت ڕاستبکرێتەوە. لەلایەک خەباتی چینایەتی وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەخاتەڕوو نەک وەک واقیعێکی بابەتی کۆمەڵگا فرەچینەکان کە لە خودی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگدەداتەوە، سەبارەت بەوەی ئەم ململانێیە ڕسکاوی دابەشبوونی کارو سەرهەڵدانی خاوەندارێتی تایبەتییە. واتە مەسەلەکە ڕێک بە پێچەوانەوە دەکەوێتەوە چونکە خاوەندارێتی تایبەتی ماکی پێکهاتنی چینەکان و، بوونی چینایەتیش – سەبارەت بە شوێنی جیاجیان لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا – ماکی کێشه و ململانێیە کۆمەڵایەتییەکانە، نەک وەک ئه و بۆچوونەی سارتەر کە عەرەبانەکەی لەبەردەمی ئەسپەکاندا داناوە لە بری ئەوەی ئەسپەکان لەبەردەم عەرەبانەکەدا دابنێ !
جەمسەری دووەمی هەڵەی ئه و داڕشتنە لە فەرامۆشکردنی ئه و ڕاستییەدایە کە خەباتی چینایەتی بە هەزاران ساڵ بەر لە بوونی مارکس هەبووەو، دۆزینەوەی ئەم واقیعەی مێژوو داهێنانی مارکس نییە. ئەوەی مارکس لەم بوارەدا سەلماندی ئەوەبوو کە خەباتی چینایەتی بزوێنەری جووڵانەوەی پەرەسەندن و چوونەپێشەوەی مێژووەو، ئه و ڕاستییەی دەرخست کە مێژووی کۆمەڵگا مێژووی ململانێی چینایەتییە.
ئه و بەشەی لە ڕایەکەی سارتەردا ڕاستیی پێکاوە ئەوەیە کە دەڵێت مارکسیزم وەک تیۆری سەردەم بە زیندوێتی دەمێنێتەوە، هەرچەندە زاراوەی سەردەم زاراوەیەکی زانستی نییه و سنوورە چینایەتییەکانی ئەم جیهانە تێکەڵ و پێکەڵ دەکات. مارکسیزم تیۆری بزووتنەوەیەکە لە هەناوی سیستمی سەرمایەداریدا، سەبارەت بە ناکۆکییەکانی خودی ئەم سیستمە، هەیە. لە هەناوی ئەم سیستمەدا، وێڕای گەلێک ناکۆکی جیاجیا، یەک ناکۆکی سەرەکی هەیە ئەویش ناکۆکیی کارو سەرمایەیە. ئەم ناکۆکییە دوو چینی دژ بە یەکتری و پێکەوە گرێخواردوو، دوو جەمسەری پێکدەهێنن. ئەم دوو چینە بۆرژوازی و پڕۆلیتاریان. مارکسیزم تیۆری و ئاڵای ئه و بزووتنەوە واقیعی وبابەتییەی پڕۆلیتاریایه و تا سەرەنگرێکردنی سەرمایەداری و دامەزراندنی ئەڵتەرناتیڤی مێژوویی خۆی، واتە سۆسیالیزم لە سەرانسەری جیهاندا، وەک تیۆری پێشڕه و دەژی و مەرگ زەفەری پێنابات. لەبەر ئەوە چوارچێوه دانان بۆ مارکسیزم و کردنی بە تیۆری یەک سەردەم به و مانایەی کە هاتووە ڕاست نییە، چونکە ئەم تیۆرییە بەرپەرچدانەوه و بەرەنگاربوونەوەیەکی کۆمەڵایەتیی سەرتاپاگیری قووڵ بۆ سیستمی سەرمایەداری ئاڕاستەدەکات. هەر لەبەر ئەمەیە سنووری توانای ئەم تیۆرییە لەسەردەمی ئەم کۆتاییەی چەرخی بیستەم تێدەپەڕێ بەره و سەردەمێکی داهاتووش کە سەرمایەداری تێیدا باڵادەست بێت.
دەشێت قسەکەی سارتەر تەنها بەم لێکدانەوەیە تێبگەین ئەویش جەختکردنەوەی ئه و حەقیقەتەیە کە مارکسیزم تیۆرییەکی مێژوویی وئاڵای خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریایە لە پێناوی بنبڕکردن و هەڵتەکاندنی خاوەندارێتی تایبەتی و کاری کرێگرته و زێدەبایی و کەڵەکەی سەرمایە، واتە هەڵتەکاندن و سپاردنیان بە مۆزەخانەی مێژوو.
یاریکردن بە وشه و زاراوە فیکری و سیاسییەکان، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی نووسەرانی بۆرژوا. ئەوان هەمیشە و بۆ هەر سات و کاتێک، لە هەگبەی چەواشەکردندا وردە جیاوازییەکی نێو زاراوەکان قەبەدەکەن و ناڕۆشنیی بیروبۆچوونیان بەسەر وشەکاندا ساخدەکەنەوه ؛ دەنا تیۆرو ڕێباز دوو ئەڵقەن پێکەوه تێهەڵکێشن. ئەگەر تیۆری ڕێساو بنەماو پرنسیپی لێکدانەوه و شیکردنەوەی هەمەلایەنەی بزووتنەوەیەک، واقیعێک، دیاردەیەک بێت، ئەوا پڕۆسێسی کردەوەیی و کارکردی تیۆرییەکە لە یەکێک لە بوارەکانی ژیاندا ڕێباز پێکدەهێنێت. لە دیدگای مارکسیزمەوە هەموو دیاردە ماتەری و ئایدیاییەکان، بە مارکسیزم خۆشیەوه، لە جووڵەدان و ڕاوەستانیان بۆ نییە ؛ بۆیە هەر هەموویان لە پەرەسەندندان. مارکسیزم بۆ خۆی میراتگرو پەرەپێدانی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵەمانی و ئابووریی سیاسی ئینگلیزی و سۆسیالیزمی فەڕەنسەیی بوو، لە زەمینەی واقیعەوه سەریهەڵداوەو، ئیمڕۆش ئه و واقیعە بە شێوەیەکی پەرەسەندووتر بەردەوامەو، بۆ وەڵامدانەوە دانەماوەو، تا ئێستا هیچ تیۆرییەکی دیکە لەم جیهانەدا جێێ پێلێژنەکردووه.
زێدەبایی جەوهەری تیۆری ئابووریی مارکسە. لە دیدگای مارکسیزمەوە زێدەبایی بەرەنجامی کاری کرێگرتەیه و سەرچاوەی چەوساندنەوه و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە. هێزی کار لەسایەی سیستمی سەرمایەداریدا دەبێتە کاڵاو ئاڵوگۆڕدەکرێت. کرێکاران بەهای ڕاستەقینەی هێزی کاریان وەرناگرن و بەشیکی لێدەبێتەوە پوولی مفت و دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارانەوە. ئه و بەشە بە زێدەبایی ناودەبرێت. ئەم لێکدانەوەیەی بەر لە سەد ساڵی مارکس تا ئێستا ڕاستیی خۆی سەلماندووه و واقیعێکە بەبەرچاوانەوە. ئیمڕۆ زێدەبایی لە ئاستێکی جیهانیدا کەڵەکەی سەرمایە بۆ مۆنۆپۆلە جیهانییە فرەناسنامەکان پێکدەهێنێت. پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا زێدەبایی پترکردووه و چەندجارە کەڵەکەی سەرمایەی بەره و سەرووتر بردووە ؛ هەتا زانست و تەکنەلۆژیاش زیاتر گەشەبکەن و، سەرمایەداری جیهانیتربێتەوه و باڵادەست بێت، پڕۆسەی کەڵەکەی سەرمایە هەر لە برەودا دەبێت.
چەمکی دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا (استقراء) ێکی مێژووی خەباتی چینایەتییە، بەرەنجامی ناسینی سروشتی چینایەتی دەوڵەتە. مارکس بەم چەمکە پێناسەی سروشتی دەوڵەتی ئه و قۆناغەی گواستنەوە دەکات کە دەکەوێتە نێوان سیستمی سەرمایەداری و کۆمەڵگای کۆمۆنیزمەوە. بێ ئەم شێوە دەوڵەتە سۆسیالیزم سەقامگیرنابێت و بەره و قۆناغێکی باڵاتر نەک هەر هەنگاو نانێت بەڵکو شکستدەهێنێت و بەره و سەرمایەداری دەگەڕێتەوە.
لە دیدگای مارکسیزمەوە هەموو دەوڵەتێک (دیکتاتۆری و دیموکراتی) لەخۆیدا کۆدەکاتەوە. هەموو دەوڵەتێک دیموکراتییە بۆ چینێک و دیکتاتۆرییە بۆ چینێک یان چەند چینێکی دیکە، تەنانەت دیموکراتیترین دەوڵەتی سەرمایەداری کە پلورالیزم ڕێڕەوی بێت لەم حەقیقەتە بەدەر نییە.
دەوڵەت لە جیهانی ئیمڕۆدا، لە ناوەرۆکی چینایەتی خۆیدا، یان دیکتاتۆریی بۆرژوازی دەبێت یان دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا، ئیتر چینە دەسەڵاتدارەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری (پێشکەوتوو و دواکەوتوویان) چ ناوێک بۆ دەوڵەتی خۆیان هەڵدەبژێرن، ئازادن و ئه و نازناولێنانە پەیوەندی بە جەوهەری دەوڵەتەکەیانەوە نییە.
ئاڵای ئازادی : لەبارودۆخی ئێستای کوردستانی ڕزگارکراوماندا، پاش وێرانکردنی ژێرخانێکی وێرانکراودا، لە وەزعێکی سیاسی هەڵپەسێردراودا، ئایا چەمکی چەپ چ چین و توێژێک دەگرێتەوەو، ئەرکی هەنووکەیی چەپەکان چییە؟
قەرەداغی : سەبارەت بەبەشی یەکەمی پرسیارەکە : دیارە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی لەئاستی بارودۆخە جیاجیاکاندا وەڵامی جیاجیان دەبێت. حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان وەک نوێنەری ئه و چین و توێژە کۆمەڵایەتییانە بەرنامەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و... هتد تایبەتی خۆیان بۆ هەر بارودۆخێک دەبێت. لەبەر تیشکی ئەم ڕاستییەدا، حزب و ڕێکخراوەکانی گۆڕەپانی سیاسی لە کوردستاندا - بە جیاوازی پێکهاتەی چینایەتییانەوە - بەرنامەی دوورو نزیکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستە. هەڵبەت وەزعی سیاسی هەڵپەسێردراوی عێراق و کوردستان فاکتەرێکی گرنگی چۆنیەتی داڕشتنی ئه و بەرنامانە دەبێت. بەڵام چ ئەم فاکتەره و چ ژێرخانی وێرانکراو شوناسنامەی چەپ دیاری ناکەن. تێکەڵکرنی ئه و دوو فاکتەرە، لەدواشیکردنەوەدا، ڕەتکردنەوەی سیاسەت و بەرنامەی چەپی سۆسیالیستی لێدەڕسکێ و پاساوی سیاسەت و بەرنامەی بۆرژوازی پێدەدرێتەوە.
چەپ، نەچینه و نە توێژاڵی چینێکە. بەکارهێنانی زاراوەکە لە سیاسەتدا بەم شێوەیە، مایەی سەرلێشێوان و چەواشەییە.
چەپ، مەیلێکی گشتییە بەره و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی کۆمەڵگا بەره و پێشەوە، بۆ بەرژەوەندیی چینە زەحمەتکێشەکان. ئەم شەقڵە گشتییەی زاراوەی چەپ، دوو ڕوانگەی جیاوازی لە هەناویدا حەشارداوە : یەکەمیان خستنەڕووی بەرنامەی گۆڕانکارییە بەناوی ئه و چینانەی لێی بەهرەمەندن، ئەویدیکەشیان بەرنامەی خودی کرێکاران و زەحمەتکێشانە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی کۆمەڵگا ؛ بەواتەیەکی دیکە، ئەگەر بمانەوێ زانستییانە ناسنامەی چەپ بناسین، پێویستە سنووری چینایەتی نێوان ئه و دوو ڕوانگەیەی سەرەوە دیاریبکەین. بەمەش دوو چەپ، دوو مەیلی کۆمەڵایەتی دەبینین ئەوانەیش : چەپی کرێکاری و چەپی وردەبۆرژوازییە، ئەویان دیدێکی سۆسیالیستی و ئەمیان دیدێکی ناسیۆنالیستیی ڕادیکالی هەیە.
لە ئاستی جیهانی ئیمڕۆو بارودۆخی عێراق و کوردستاندا، ئەم دوو مەیلەی چەپ بەرنامەی سەربەخۆی خۆیان هەیە. ئەم بەرنامانە بەپێی دیدگاو بیروبۆچوونی جیاواز داڕێژراون یان دادەڕێژرێن. لەم بەرنامانەدا ستراتیژو تاکتیکی سیاسی دیاریدەکرێن. ئەم دوو چەپە لەڕووی ستراتیژەوە لەسەر دوو هێڵی پێچەوانەن و بە یەکتری ناگەن ؛ بەڵام لە بواری ئەرکە هەنووکەییەکاندا، لە نێوان بەرنامەی گۆڕانکاریی دیموکراتی و لانیکەم، خاڵی ناوکۆیی لە نێوانیاندا دێتەگۆڕێ و توانای بەیەکتری گەیشتنیان دەبێت.
لەبارودۆخی ئیمڕۆی کوردستاندا، پێکهێنانی بەرەی یەکگرتووی چەپەکان پڕۆژەیەکی شیاوی کاری سیاسییە بۆ هەردوو باڵی چەپ لەسەر بنەمای پەسەندکردنی بەرنامەیەکی هاوبەشی لانیکەم بۆ تەواوی ئه و قۆناغەی دەستیپێکردووه و هەتا ڕووخاندنی دەسەڵاتی بەعس پێیدا ڕادەبوورین.
ئاڵای ئازادی : بۆ داڕشتنی تیۆرێکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی ڕەسەن و زانستی، دەکرێ ڕێبازی مارکس و، ڕۆڵی فاکتەری ئابووری وەکو کۆڵەکە stard بەکاربهێنرێت و، سوود وەربگیرێت لە ڕۆڵی فاکتەری غەریزەی سێکس، وەکو فاکتەرێکی دەروونی، کە دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەی دەروون شیتەڵ – ی فرۆید، فاکتەری ئازادی تاکەکەس، کە ناوەرۆکی فیکری وجودی پێکدێنێ... بە پێویستمان زانی بزانین کاک فوئاد چۆن هەوڵێکی ئاوها هەڵدەسەنگێنێ؟
قەرەداغی : لەبەر ئەوەی ئەم پرسیارە گەلێک لقی لێدەبێتەوه و شیتەڵکردنەوەی هەریەکێکیان کاتێکی زۆرو نووسینێکی زۆری دەوێت کە بەم دەمودەستە ئامادەنابێت، بە چەند خاڵێکی کورت بیروبۆچوونەکانم ڕووندەکەمەوە.
1) سەرەتا هەوڵدانێکی وەها، بە سەرلێشێواوییەکی فیکری و نیشانەی هەبوونی کەلەبەرێکی سیاسیی گەورە دادەنێم. کارێکی وەها لە سنووری هەوڵدانێکی ڕۆشنبیرانەی فەردییانەی وردەبۆرژوازیی نائومێد تێناپەڕێ و، وەک پێشینەکانی لە فیکری دنیای سەرمایەداریدا، بێئاکام دەمێنێتەوە.
2) ئەگەر مەبەست تیۆرییەکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیی ڕەسەن و زانستی بێت ! من دەپرسم و دەڵێم : ئایا تیۆرییەک پێوەرەکەی ڕێبازی مارکسی بێت و سوود لە فرۆیدیزم وەربگرێت و فیکری وجودی تێیدا بنەمای ئازادی تاکەکەس بێت، دەتوانێت نیشتمانی بێت ؟ ئایا ڕەسەنێتی تێدا دەبێت ؟ دەکرێ ئەم هەڵبژاردەکارییە (الإنتقائية) زانستی بێت ؟
3) مەبەست لە تیۆری نیشتمانی چییە ؟ ئەگەر مەبەست ئەوە بێت تایبەتمەندیی نەتەوایەتی لە سنووری نیشتمانی نەتەوەدا پێکبهێنێ، ئەوا سیستمی سەرمایەداری لە جیهاندا بواری قەتیسبوونی فیکریی مرۆڤی لە چواردیواری نیشتمانەکەیدا نەهێشتۆتەوە ؛ بەڵام دەشێت تیۆرییەکی کۆمەڵایەتی و زانستیی جیهانی بەشێوەیەکی داهێنەرانە پەیڕەوبکرێت و ببێتە هێزێکی ماتەری زیندوو لە سنووری نیشتمانێکی دیاریکراودا.
4) تیۆریی کۆمەڵایەتی ڕەسەن چیدەگەیەنێ ؟ ڕەسەنایەتی بە کەلەپووری تیۆری و ڕۆشنبیرییەوە پەیوەستە. لێرەدا ڕادەی توانایی کەلەپووری تیۆری پێشینان - گریمان گەر ئه و تیۆرییەشمان هەبێت - چییە لەچاو سامانێکی تیۆری ئێجگار دەوڵەمەند کە لە ئاستی جیهانیدا هەیە ؟ پاشان ئەگەر توانای بیناکردنی چەمکێکی تیۆری لە بواری ژیاندا بڕەخسێ، تا چ ڕادەیەک لە کاریگەرێتی ئەملاو ئەولا بەدووردەبێت و، چەند دەتوانێ لەبەر شاڵاوی پەیتا پەیتای تیۆری جۆراوجۆری جیهانیدا خۆیڕابگرێ ؟ لە جیهانی ئیمڕۆدا ئاسۆی پێکهێنانی تیۆرییەکی نیشتمانی و ڕەسەن و زانستی ی سەربەخۆ لە سنووری کوردستاندا نابینم و، ئەم هەوڵدانە مۆرکی خۆشخەیاڵی بە دیداریەوە دیارە.
5) کاتێک باس لە فاکتەری ئابووری (ژێرخانی ئابووری) وەکو کۆڵەکە یان پێوانە دەکرێ، نابێت (سەرخان) ی لێجیابکرێتەوە، لەبەر ئەوەی سەرخانی فەلسەفی و ڕۆشنبیری و حقوقی و... هتد لەسەر ژێرخانە ئابوورییەکە ڕادەوەستێت و، ئەم چۆنایەتییان دیاریدەکات. بۆیە فاکتەری سێکسی فرۆیدی و ئازادیی فەردیی وجودییەت ڕاستەوڕاست ئاوەژووی ئامانجێکە مارکس تیۆریی ئابووری لەپێناودا داناوه و هەرگیز مارکسیزم و فرۆیدیزم ئاوێتەی یەکتری نابن.
6) کرداری سێکس سروشتیترین پەیوەندی نێوان ئافرەت و پیاوە. لەسایەی کۆمەڵگا چینایەتییەکان و خاوەندارێتی تایبەتیدا ئەم سروشتیبوونەی لەدەستداوە. خودی فرۆیدیزم هەوڵدانێکی ئایدیالیستییە لەم بوارەداو مەسەلەکەی شێواندووه و تەنها بوعدێکی سێکسی بە مرۆڤ داوە. لەبەر ئەوە کاتێک شێوە سروشتییەکە بۆ سێکس دەگەڕێتەوە کە خاوەندارێتی تایبەتی نەمێنێت و کۆمەڵگای بێ چین و چەوساندنەوه، ئه و پەیوەندییەی کردبێته کارێکی تەواو تایبەتیی ژنان و پیاوانی ئازاد.
7) ئازادی تاکەکەس چ لە فیکری وجودیداو چ لە فیکرو فەلسەفه و تیۆری و پراکتیکی کۆمەڵگای سەرمایەداریدا درۆیەکی زەقی بێ پەشتەماڵه و لە سنووری ئازادیی حقوقی تێپەڕناکات. لە هیچ بوارێکی ژیانی ئەم کۆمەڵگایەدا تاکەکەس لە کارکردی گیرفان و کیسەی سەرمایەداری ئازاد نییە. ژیانی تاکەکەس بە چەندین ڕایەڵی ئاڵۆز بە قاسەی کەڵەکەبووی سەرمایەوە بەستراوەتەوە. ئەم پەیوەندییە لە هەندێ بواردا ڕووت و قووت بەبەرچاوەوەیه و لە هەندێ بواری دیکەدا شاراوەیە. ئەم تایبەتمەندییەی پەیوەندی تاکەکەس و پوول لەسیستمی سەرمایەداریدا بەردەوام دەبێت و شێوەی نوێ و هاوچەرخانەتر لەگەڵ نوێبوونەوه و خۆرێکخستنەوەی سیستمەکەدا بەخۆیەوەدەگرێت. بۆیە ئازادی تاکەکەس نە بە فیکری وجودی و نە بە هیچ فیکرێکی دیکەی بۆرژوازی دابین ناکرێت. ئه و ئازادییە تەنها بە ئازادی کاری کرێگرته و نەهێشتنی خاوەندارێتی تایبەتی و بنیادنانی کۆمەڵگای پەرەسەندووی سۆسیالیزم دێتەدی.
ئاڵای ئازادی : لە زەمین و زەمانی ئێستای کوردستانی ڕزگارکراوماندا، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەن دەسەڵاتە، بەڕای جەنابتان ئەرکی ڕۆشنبیری ڕاستەقینە لەوەدایە کە بەشداری بکا لە دەسگا جیاجیاکانی، چونکە حکومەتەکە ئاواتی دێرینی میللەتەکەمانەو، هێشتا ساوایەو، دوژمنان و داگیرکەرانی وڵاتەکەمان بەگشتی لە پیلان سازدانن بۆ سەربڕینی، یان ئەبێ هەڵوێستی ڕەخنەگرانەیان هەبێ، چونکە دەسەڵات بەگشتی واتای توندی نواندن وبیروکراسییەت دەگەیەنێ، بەتایبەتی لە وڵاتێکی دواکەوتو وەکو وڵاتەکەی خۆمان ؟
قەرەداغی : هەڵوێستی ڕاست و دروست لەسەر بنچینەی سۆز وەرناگیرێت.ئەگەر هەڵوێستەکان پشت بە کاریگەرێتی سۆز ببەستن، ساردبوونەوه و کەمتەرخەمبوون ئاکامیان دەبێت. بۆیه دەبێت هەڵسەنگاندنی باری ئێستای دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا لەسەر بنچینەی شیکردنەوەی واقیع بێت نەک به و پێیەی کە دەڵێن : حکومەتەکە ئاواتی دێرینە... هێشتا ساوایە... سەربڕینی سازدەدەن... هتد چونکە ئەم بەهانانەی لە سۆزەوە سەرچاوە دەگرن، یەک هەنگاو بەرپێمان بۆ هەڵسەنگاندنێکی ڕاست ڕۆشنناکەنەوە. لەبەر ئەوە دەبێت شیکردنەوەیەکی بابەتییانەی ئەم دەسەڵاتە لە کایەدا بێت و لەبەر تیشکی ئەوەدا هەڵوێستی لێوەربگیرێت. ئەم شیکردنەوەیە هەندێ ڕاستی لەبەرچاو دەگرێت، وەکو :-
1) تەنها بەشێکی باشووری کوردستان لە دامودەزگاکانی سەرکوتی ڕژێم پاککراوەتەوه و وجودی عەسکەری و ئیداریی ڕژێمی تێدانەماوە.
2) کوردستان وڵاتێکی وێرانەیه و ژێرخانی ئابووری هەڵتەکاوه و سەرخانی کۆمەڵایەتیشی هەرەسێکی گەورەی تێدایە.
3) گرانی و هەژاری و برسێتی و دزی و ڕاووڕووت وبازاڕی ڕەش و نەبوونی ئاسایش باڵی ڕەشیان بەسەر کوردستاندا کێشاوه و حکومەتی هەرێم تا هەنووکە لەئاستیاندا دەستەوسانە.
4) باری سیاسی و عەسکەری بەهۆی گرێخواردنیان بە چەکوشە ئامادەکەی هاوپەیمانەکان لەنگەرێکیان بۆ خۆیان گرتووه و کێشەکانی گەلی کورد هەروا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
5) لە ئاستی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمدا، واتە لە ئاستی دەسەڵاتی سیاسی و یاساییدا، جەماوەری گەلی کورد کاریگەرێتییەکی نییه و بواری دەسەڵاتدارێتی ڕاستەوخۆی نەدراوەتێ و به و پێیە ئاستی دیموکراسی بۆ ڕادەی دەسەڵاتی دوو حزب بەرتەسککراوەتەوە ؛ ئەمەش کارێکی ئەوتۆی کردووە کە جەماوەری خەڵکی کوردستان دەستپێشکەری و هەڵسووڕانیان بۆ بەرەوپێشەوەبردنی کێشە نەتەوایەتییەکەیان تا ئاستێکی نزم دابەزێت.
6) دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە هەندێ دەزگای باڵا بترازێ بەدەستی پیاوانی ڕژێمەوەیه و پاکسازی خەریکە دەبێتە مایەی لاقرتێ و گاڵتەجاڕی، لەولاشەوە چاوی گورگەکەی لەمەڕ گیسکەکەی هەیاسی خاس زیتەیان دێت و هێشتا مەترسی جەنگ و کوشتارو کیمیاباران و ئەنفال و ڕەوو قڕکردنی جەستەیی و سڕینەوەی بوونی نەتەوایەتی گەلی کورد بەرۆکی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانیان بەرنەداوە.
ئەم ڕاستییانە لە ئاستی عێراق و کوردستاندا دوژمنی سەرەکی گەلی کورد دیاریدەکەن، ئەویش ڕژێمی فەرمانڕەوای بەغدایە. بۆیە لوولەی تفەنگەکان و هاندانی سیاسی و زمان و قەڵەمی تیژی گشت چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان و حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی نوێنەریان، دەبێت ئاڕاستەی ئەم دوژمنە سەرەکییە بکرێت.
بەیەکچاو سەیرکردنی دەسەڵاتی سیاسیی ئیمڕۆی کوردستان و دەسەڵاتی بەعس هەڵەیەکی گەورەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی حکومەتی چینی بۆرژوازی کوردە، بەڵام لەڕووی مێژووییەوە ڕۆڵێکی لەپێشترو پێشکەوتووانەتری هەیە لەچاو حکومەتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی شۆڤێنی عەرەب لە بەغدا. ئەم حکومەتەی دواییان (حکومەتی سەرمایەداریی بەعس) ڕۆڵێکی کۆنەپەرستانە لەڕەوتی مێژووی عێراق و ناوچەکەدا دەبینێت، لەبەرئەوە نابێت دەسەڵاتێکی بۆرژوازیی نەتەوایەتیی گەلێکی ژێردەست و، تا ڕادەیەک لیبرالی، لەتای تەرازوویەکدا بەرامبەر دەسەڵاتێکی فاشستی و شۆڤێنیی نەتەوەی سەردەست ڕابگیرێت. بۆیە ئەرکی هەموو چین و توێژەکانە - نەک هەر ڕۆشنبیران – لە بەرەی دژی ڕژێمدا بن و توانایان لە خزمەتی ئەم هەڵوێست وەرگرتنەدا بێت. لەسەرێکی دیکەوە هەڵوێستی ڕەخنەگرانەیان و چاوی تیژی ڕەخنەیان ئاڕاستەی کەموکووڕیی وەزعە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکە بکەن و، لە پێناوی ئازادی بێ قەیدوشەرتی سیاسی و، پراکتیکی تەواوی دیموکراسی و، دیموکراتیزەکردنی هەمەلایەنەی کۆمەڵگای کوردستان خەبات بکەن و، داواکاری دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی جەماوەری خەڵکی کوردستان بن لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان و پراکتیکی ئه و مافانەدا کە خۆیان بۆی ڕاپەڕین.
ڕۆژنامەی (ئاڵای ئازادی) ژمارە (72) بەرواری 9 ی ئایاری 1993
لوتکەی هوشیاریی لە ڕێکخراوبووندایە
ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی خەباتی چینایەتی ئه و ڕاستییە دەسەلمێنێ کە چینە چەوسێنەرەکان هەرگیز دەسەڵاتی چینایەتی خۆیان بەبێ ململانێیەکی خوێناوی وازلێنەهێناوە. هەرگیز بە ئیرادەی خۆیان شوێنی دەسەڵاتیان بۆ چینە چەوساوەکان بەجێنەهێشتووە. ئەوە تەنها خەباتی توندوتیژو سەرسەختی نەیارە چینایەتییەکانیان بووە، تەختی دەسەڵاتی لەژێر دەرهێناون و ڕەوانەی سەرەنوێلکی مێژوویان کردوون.
ئەم ڕاستییە سیمای مێژووی کۆمەڵگاکانی نەخشاندووه و یاسایەکی بنەڕەتیی بزافی پەرەسەندنی مێژوو بەرجەستە دەکات. ئه و پەرەسەندنە مێژووییە، لە دوای کۆمیۆنی سەرەتاییەوە، پابەندی یاسای ململانێی چینایەتی بووەو، تێپەڕبوونی قۆناغەکانی کۆیلەیەتی و دەرەبەگی و تا دەگاتە ئەم قۆناغە نوێیەی سەرمایەداری لە جیهاندا، بێ ئەم بزافە توندوتیژو خوێناوییە ڕوویان نەداوە. لەسەرجەمی ئه و قۆناغانەدا چینە ژێردەستەکان بە زەبری شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆیان کۆمەڵگایان هەڵگێڕاوەتەوه و زەمینەی کۆمەڵگایەکی چینایەتی نوێیان ئاماده کردووە. ئەمە ڕەوتی مێژووی کۆمەڵگاکانە. ئەم ڕەوتە ڕاوەستانی بۆ نییە تا سەرەنجام شۆڕشی پڕۆلیتاریای جیهانی تەواوی کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکان ژێرەوزەبەر دەکات و کۆمەڵگای سۆسیالیستی دادەمەزرێنێت.
بەرپاکردنی شۆڕش کارێکی ئاسان و کوتوپڕ نییە، ئەنجامی هەڵچوون و ئیرادەی پیاوچاکان و کەسانێک نییە خوازیاری گۆڕانکاریی و پیادەکردنی بارودۆخێکی نوێ بن تا نیازە فیکری و سیاسییە تایبەتییەکانی خۆیان بەسەر کۆمەڵدا بسەپێنن، بەڵکو شۆڕش، پێداویستییەکی مێژووکردەو، گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنان، بنەمای بەرپاکردنی دەڕەخسێنێت. شۆڕش کارێکی توندوتیژی ڕێکخراوه، پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی کۆن تێکوپێک دەشکێنێت و، پەیوەندییەکی نوێی بەرهەمهێنان دەهێنێت و لەگەڵ هێزە نوێیەکانی بەرهەمهێناندا هاوتای دەکاتەوە. ئەم کردارە بێ پێکهاتنی بارودۆخێکی شؤڕشگێڕانە لە کۆمەڵدا ئیمکانی جێبەجێبوونی نییە. هەردوو تای بارودۆخی شۆڕشگێڕانە پێکەوە هەلومەرجی شۆڕش پێدەگەیەنن ؛ نە تای ماددی و نە تای بەشەری بە تەنها ناتوانن ئەم ئەرکە بەئەنجام بگەیەنن. پێنەگەیشتنی هەر هۆکارێکیان شۆڕش پەکدەخات و تەمەنی چینە چەوسێنەرەکان درێژتر دەکاتەوە. بەڵام هۆکاری بەشەری لەم مەیدانەدا بایەخێکی گرنگی هەیە و لایەنی سەرەکی پەیوەندی دیالێکتیکی هەردوو هۆکارەکە پێکدەهێنێت. هۆکاری بەشەری سەرەنجامی مەسەلەی شۆڕش بڕیار دەدات و ئاسۆی دواڕۆژی شۆڕش دیاری دەکات. گۆڕانکاریی خودی چینی ژێردەست و توانای شۆڕشگێڕانەی ئەم چینە لە کرداری شۆڕشگێڕانه و دەستوەشاندنی ڕێکخراوو هوشیارانەی، خاپوورکردنی چینە سەردەستەکان زامن دەکات. هۆکاری هوشیاریی ئه و دەورە مێژووییە دەگێڕێت. بێ هوشیاریی بەشەر شۆڕش بەرپاناکرێت. دەبێت هوشیاریش بۆ سەرخستنی مەسەلەی شۆڕش، هوشیارییەکی ڕێکخراو بێت، هوشیارییەکی سازدراوی ئاڕاستەکراوی ڕێکوپێک بێت تا تەواوی ئامانجەکانی شۆڕش لەبەرچاو بگرێت، بەره و ستراتیژی شۆڕش بڕوات و تاکتیکی بەدەستهێنانی ئه و ستراتیژە بە ئاگاییەکی باڵاوە دابڕێژێت.
خەباتی فەردی و نیازی چاک و سۆزو دڵسۆزی گۆشەگیرانه و ڕەتی بڵاوو پەرتەوازەیی و دەستەگەرێتی، نەک هەر شۆڕشی لێناکەوێتەوە، بەڵکو تەگەرەی سەر ڕێگەین و سەرکەوتنی دووردەخەنەوە. بۆیە خۆڕێکخستن و خەباتی ڕێکخراو لوتکەی هوشیاریی بەشەرە، بەپێچەوانەشەوە، چەندە گیانی فەردی ڕێگەی خۆڕێکخستن بگرێت، چەندە گۆشەگیری باڵی بەسەر ڕەفتاری سیاسیدا بکێشێت، ئەوەندەش لە هوشیاریی ڕاستەقینه و شۆڕشگێڕانە دوور دەبێت.
لە جیهانی چینایەتیدا، هەمیشە خۆڕێکخستن نیشانەی هوشیاری بووە، بەڵگەی خۆئامادەکردن بۆ کاری شؤڕشگێڕانه و دەخالەت لە هەڵگێڕانەوەی سیستمی چەوساندنەوە بووە. ئەم ڕاستییە سەرجەمی قۆناغەکانی مێژوو بە قۆناغی سەرمایەداریشەوە دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ لە جیهاندا خەباتی سەرتاپای بەشەرییەت دژی سیستمی سەرمایە بەبێ خەباتی ڕێکخراوەیی پڕۆلیتاریا یەکلایی ناکرێتەوە، لەم بارەیەوە مارکس دەڵێت : بۆ ئەوەی پڕۆلیتاریا بتوانێت خەبات بکات، پێویستە لەهەر شوێنێک هەیە، وەکو چینێک خۆی ڕێکخراو بکات .(مارکس- ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا).
خەباتی ڕێکخراوەیی جۆراوجۆری پڕۆلیتاریاو، لە سەروو هەموویانەوە ڕێکخراوەیی حزبی، دەستەبەری سەرکەوتنی شۆڕشی پڕۆلیتاریاو ڕزگاری بەشەرییەتە. لەبەر ئەوە ڕێکخستنی کۆمۆنیستیی پڕۆلیتاریا زەروورەتێکی مێژووییە ؛ ڕێکخستنی کۆمۆنیستیی ئامرازو پێشڕەوی ئەم شۆڕشە دەبێت. هەر بانگەوازێکی پێچەوانە بە نیازی سەیرکردن لە دوورەوه و ساردکردنەوەی پڕۆلیتاریاو دوورخستنەوەی لە ڕێکخستنی کۆمۆنیستانەی خۆی، جگە لەوەی تەعبیر لە گیانی تاکڕەوی و خۆپەرستیی وردەبۆرژوازی بەزیوو مەئیوس دەکات، ڕاستەوخۆش – پێی بزانن یان نەیزانن – سەنگەرلێدانە لەبەرەی بۆرژوازی جیهانی و ئاو بە ئاشی سەرمایەداریدا کردنە.
دەخالەت نەکردن لە خەباتی ڕێکخراوەیی حزبی و بێلایەنی و پشتگوێخستنی، مانای بێلایەنی و پشتگوێخستنی خەباتی چینایەتییە. ئەم دەخالەت نەکردنە لە جەوهەری خۆیدا لادانە بەلای چینە دەسەڵاتدارەکان و دەست بە کڵاوی خۆوە گرتنە لە بەرامبەر هێزە چینایەتییە سەرکوتکەرەکاندا.
کەمتەرخەمی لە کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی هوشیارانەدا، لەلایەک ئێقکردنەوەی سیاسی چینە داراکانەو، لەلایەکی ترەوە نیشانەی هەناسەسواری و کورتبینی و دۆشدامانی وردەبۆرژوازییه و، خواستی بێلایەنکردنی سیاسی و خەفەکردنی هوشیاریی ڕێکخراوەیی چینە بندەستەکان بۆ ئیمپریالیزمی جیهانی دابین دەکات.
حزبایەتی هەمیشە دیاردەیەکی چینایەتییە. چینە جیاجیاکانی کۆمەڵ لە حزبی جیاجیای خۆیاندا، بەپێی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان ڕیزدەبەستن. لە کۆمەڵگای سەرمایەداریشدا، سیستمی حزبایەتی ڕواڵەتی هەرە دیارو ئاشکرای شێوەی ڕێکخستنی حوکم و کاروباری چینی سەرمایەداری باڵادەستی کۆمەڵ و بەڕێوەربردنیەتی.
حزبایەتی لە شێوە دیموکراسییه بۆرژوازییەکەیدا، واتە شێوەی فرەحزبی تەعبیر لە حزبیبوونی بۆرژوازی دەکات. بۆیە لەم کۆمەڵە سەرمایەدارییەدا هەموو تاکەکانی کۆمەڵ بە ناچاریی لە ڕیزی حزبایەتیدا ڕادەوەستن. لە نێوان حزبی دەسەڵاتداران و بێدەستاندا، لە نێوان داراو نەداردا، لە نێوان کۆیله و خاوەن کۆیلەدا، بێلایەنیی دەبێتە درۆیەکی زەق. ئەگەر کەسانێکیش هەبن بەڕاستی سەر بە هیچ حزبێک نەبن و لە ڕیزی بندەستان و نەداران و کۆیلەکاندا جێی خۆیان نەگرتبێ، ئەوا لە ڕاستیدا لە ڕیزی دووەم، لەوبەرەوە، سەنگەریان بۆ خۆیان دیاریکردووە.
حزبیبوونی سەقامگیرو گەشەکردوو هاوئاهەنگی ململانێی گەشەکردووی چینایەتییە. بەرژەوەندیی یەکلاییکردنەوەی ئه و ململانێیە له و حزبیبوونەدایە، سەبارەت بەوەی پڕۆلیتاریاو خەباتکارانی پێناوی ئازادیی کاری کرێگرتە و دواڕۆژی کۆمۆنیزم بۆ بەشەرییەت، دژی بێلایەنیی سیاسی دەوەستن و دەرکی بایەخی حزبیبوونی خۆیان دەکەن، چونکە بێ حزبیبوون و خەباتی ڕێکخراوەیی هوشیارو نەپساوەی شۆڕشگێڕانە، بێ ململانێی سیاسی، ژانی لەدایکبوونی جیهانێکی نوێ درێژەدەکێشێ.
ڕێکخستنی پۆڵایین و ستراتیژو تاکتیکی شۆڕشگێڕانە، چەکی دەستی پڕۆلیتاریای کۆمۆنیست و پێشڕەوە. بەرزترین شێوەی ڕێکخستنی حزبە. حزب چەکی تێکۆشانی تیۆری و سیاسی و ڕێکخراوەییە. حزبی چینایەتی سەربەخۆی کرێکارانی کۆمۆنیست یەکگرتنی ئارەزوومەندانەی خاوەن ئامانجی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی کەسانی پێشڕەوی ئەم جیهانە سەرمایەدارییەیە، چەکی ڕزگاری پڕۆلیتاریاو گشت بەشەرییەتە لەچنگی سیستمی داپڵۆسێنەرو خوێنمژی سەرمایەداری. بۆیە پووچەڵکردنەوەی بانگاشەی بێلایەنیی سیاسی و دوورکەوتنەوە لەحزبایەتی و، ناسینی ڕۆڵی فیکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی حزبی پێشڕەوی پڕۆلیتاریا لە شۆڕشداو، تێکۆشان بۆ پێکهێنانی ئەم حزبه و کۆبوونەوە لە ڕیزەکانیدا، لوتکەی هوشیارییەو، سەرکەوتنی شۆڕشی پڕۆلیتاریا لە گرەوی گەیشتندایە به و لوتکەیە.
بڵاوکراوەی (ئاڵای شۆڕش) ژمارە (5) خولی دووەم/ئایاری 1993
کۆڕەکەی (دیموکراسی)... چەند تێبینییەکی ڕەخنەگرانە
گۆڤاری (دیموکراسی) لە ڕۆژی 20-12-1991 دا، لە هۆڵی ڕۆشنبیریی جەماوەر لە سلێمانی کۆڕێکی بۆ مامۆستا (بەهادین نوری) سازکرد. بابەتی کۆڕەکە دەربارەی (دیموکراسی و باری ئێستای کوردستان) بوو.
ئەم کۆڕە لە دوو سەرەوە بایەخێکی گرنگی هەبوو، لەلایەک بابەتی دیموکراسی، وەک چەمکێکی باو لە جیهانی ئەمڕۆدا، پێویستیی بە لێدوان و شیکردنەوەو لێکۆڵینەوەیەکی فراوان هەیە، لەلایەکیدیکەوە شەخسی مامۆستا (بەهادین) خۆی، وەک یەکێک لە سەرکردەکانی حزبی شیوعی عێراق و، ئەو خەرمانەیەی دەوری کەسایەتیی ئەوی داوە لەڕووی داستان تێکۆشان و خەباتی نهێنی و ئازایەتی و مێژووی دوورودرێژی چالاکیی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا.
ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر لە کۆڕەکەدا، بۆ ئەم بۆچوونەمان بەڵگەیە. ئامادەبووان، جگە لە ئارەزووی تایبەتییان لە بینینی ئەم شەخسییەتەی بۆ یەکەم جارە لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی وەهادا دەردەکەوێت، خوازیاری بیستنی بیرکردنەوەیەکی نوێ و هەڵوێستێکی پێشکەوتووانەی نوێ بوون، خوازیاری کەڵکوەرگرتنێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی گەورە بوون، بەهیوای ئەوە بوون ئەزموونی خەباتی سیاسیی خۆی – دوای دەرچوونی لە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق - بکاتە دەرسێکی مێژوویی بەنرخ و ئاڕاستەی نەوەکانی دوای خۆی بکات.
بەڵام... مەخابن، ئەم خواست و هیوایە، بەو شێوەیەی چاوەڕوان دەکرا، وەها دەرنەچوو. بۆیە بەپێویستمزانی بەم چەند تێبینییە ڕەخنەیەکی دۆستانە لە ناوەرۆکی کۆڕەکە بگرم و بیخەمە پێش چاوی مامۆستا (بەهادین) و خوێنەرانی گۆڤاری (دیموکراسی) یەوە.
1) سەرەتا مامۆستا ماوەی کاژێرێکی بۆ پێشکەشکردنی بابەتەکەی دانا، پاشان لەگەڵ تەواوبوونی ماوەکەدا کۆتایی بە ئاخاوتن هێنا، کە دەبوو ئەم کاتەی دیارینەکردایە، چونکە ئەو چەند مەسەلەیەی لەئارادابوون لێدوانی تێروتەسەلیان دەویست و پتر لەو کاتەیان گەرەک بوو، یان دەبوایە بابەتەکەی ئەوەندە بوایە، کە ئەو کاتەی بۆی دانراوە بەشیبکردایەو، هەروا سەرپێیی بەسەریاندا ڕانەبوورێ بە بیانووی کەمیی ماوەی تەرخانکراوەوە.
2) بابەتەکەی لە شێوەی گوتارێک یان تۆژینەوەیەکدا نەنووسیبوو، بەڵکو تەنها چەند سەرەقەڵەمێک ڕستەی لەچەند خاڵێکدا تۆمارکردبوو.
ئەم شێوازە بۆ کۆڕێکی وەهاو بابەتێکی بەربڵاوی وەک بابەتەکەی ئەم کۆڕە نەشیاوەو دەبێتە هۆی کاڵوکرچیی ئەو بیرو لێکدانەوانەی کە پێویستیی بە لێدوانێکی ورد هەیە.
3) بەشێوەیەکی لۆجیکی و زنجیرەیی بابەتەکەی پێشکەش نەکرد. شپرزەیی و تێکەڵ و پێکەڵی بە خستنەڕووی بابەتەکەیەوە دیاربوو، لە باسێکەوە بۆ باسێکیدیکە لایدەداو لە کرۆکی مەسەلەی دیموکراسی دووردەکەوتەوە، چۆنیەتی بەدواداچوونی زنجیرەیی بابەتەکەی لە گوێگرەکانی تێکدەدا، ئەڵقە ئەڵقە ناوەرۆکی بابەتەکەی باسنەکردو، ئاکام یەکێتیی سەرەتاو بنەتای بابەتەکەی بزربوو.
4) لە لێکۆڵینەوەو شیکردنەوەی زاراوە سیاسییەکان و مەسەلە فیکرییەکاندا، پشتی بە بەرنامەیەکی بیرکردنەوەو تیۆرییەکی دیاریکراوەوە نەبەستبوو. هەست بەوە نەدەکرا کە مرۆڤێکی کۆمۆنیست یان یەکێک لە شارەزایانی مارکسیزم بێت. نەک هەر ئەمە، بەڵکو بۆرژوائاسا بەرنامەیەکی تۆژینەوەی بۆرژوازیش بە بیروبۆچوون و سەرنج و وەڵامەکانیەوە دیارنەبوو.
5) لەبەر تیشکی ئەو ڕاستییانەی لە بڕگەی پێشوودا باسمانکرد، شێوەو زمانی خود (ذات) یانە بەسەر ئاخاوتنیدا زاڵبوو. لێدوانی گیروگرفتەکان و ڕەخنەکانی لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەمڕۆ - یەک دوو خاڵی لێدەرچێ - بە دیدێکی خودیانە دەیخستنەڕوو. هەر ئەو قسانەی دەوتەوە کە ڕەشەخەڵکەکە لە مشتومڕی نێوخۆیاندا دەیکەن. هێڵێکی چینایەتی ڕانەکێشا لە نێوان ئایدیاو بۆچوونی باوی خەڵکی سادەو ئایدیاو بۆچوونی کەسانێکی سیاسی و لایەنگرانی لێکۆڵینەوەی زانستی، تەنانەت لە لێدوانی دیموکراسیدا، باسەکەی، لە چوارچێوەی لێکدانەوەیەکی فرەسادەی دیموکراسیدا خزاندبوو، وەک ڕێڕەوێک لە ئازادیی قسەکردن و نووسین و پڕوپاگاندەو هەڵبژاردن پێناسەیکرد. جیاوازیی لە نێوان دوو چەمکی دیموکراسیدا دانەنابوو :
أ - چەمکی دیموکراسی وەک مامەڵەو ڕەفتارو ڕەوشت و تەبایی نێوان خەڵک لە پەیوەندی ڕۆژانەدا.
ب - چەمکی دیموکراسی وەک شێوەی دەسەڵات و سەرخانی سیاسیی بنیاتنراولەسەر بنکەی ئابووریی سەرمایەداری و پێویستییەکی یاساسازیی بازاڕی ئازادو پەلهاویشتنی مۆنۆپۆلە فرەناسنامەکانی جیهان سەرمایەداریی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی جیهان و تاڵانکردنی زێدەبایی کار لە ئاستی جیهاندا.
6) ئەو خەڵکەی ئامادەی کۆڕێک دەبن، سەدان پرسیار لەلایان پەنگیخواردۆتەوە، تامەزرۆی هەلێکی ڕەخساون کە کەسێکی دنیادیدە، تیۆریستێک، خاوەن ئەزموونێکی سیاسی، کاربەدەستێکی ئەمڕۆ وەڵامیان بداتەوە.
دیارە لەنێو پرسیارەکاندا پرسیاری سەیرو (استفزازی) بێکەڵک هەردەبن، بۆیە دەبێت وەڵامدانەوەی پرسیارەکان ڕێکبخرێن و ئەو جۆرە پرسیارانەی دوایی لێجیابکرێتەوەو، ئەو پرسیارانەی پەیوەندییان بە خودی بابەتەکەوە هەیە وەڵامبدرێنەوە.
لەم کۆڕەدا، نە پرسیارەکان لە یەکتری جیاکرانەوەو، نە وەڵامی تێروپڕیان لەسەردرانەوە. لەناو پرسیارەکاندا پرسیاری ئەوتۆ هەبوون شایانی لێدوانێکی زانستی قووڵ بوون، بەڵام مامۆستا (بەهادین) بە بەڵی و نەخێر یان بە یەک دوو وشە وەڵامێکی کورتی دەدایەوەو، ئەوانیدیکەش، بە بیانووی ئەوەی پەیوەندییان بە بابەتەکەوە نییە، فەرامۆشی دەکردن.
چۆنیەتی مامەڵەکردنی مامۆستا لەگەڵ پرسیارەکاندا - بەتایبەتی ئەو پرسیارانەی لە چەپەکانەوە ئاڕاستەی دەکرا - پشتگوێخستنبوو، بە پێچەوانەی ناوەرۆکی بابەتەکەی خۆی و ئەو چەمکە دیموکراسییەی خۆی لێیدوا. لەبەرئەوە سوودێکی ئەوتۆ لە وەڵامەکانی نەکرا. ئەم هەڵوێستەش بووە هۆی ئەوەی هەندێک هۆڵەکە بەجێبهێڵن و لە ڕیزەکانی پشتەوەشدا مقۆ مقۆ لەسەر شیوازی وەڵامدانەوەکان پەیدابوو تا بە ناچاری کۆڕەکە کۆتایی پێهێنرا بە بیانووی ئەوەی وەخت درەنگەو پرسیارەکان زۆرن.
7) وەنەبێت کۆڕەکە لایەنی ئیجابی تێدا نەبووبێت، بەڵام کەموکووڕییەکان باڵیان بەسەرداکێشاو شاردیانەوە. گرنگتری لایەنێکی ئیجابی کۆڕەکە لێدوانی باری ئێستای کوردستان و واقیعی نوێی حزبەکانی بەرەی کوردستانی بوو، کە زۆر بە ڕاشکاوی بیروڕای خۆی لەسەریان دەربڕی و پەنجەی لەسەر هەڵەکانیان دانا. ئەمە جگە لەوەی، لەبابەت هەڵبژاردنی نوێنەرانی شوورای نیشتمانیی کوردستانەوە سەرنجێکی دروستی دەربڕی. ئەو ڕاستییەی ڕوونکردەوە کە شێوەی هەڵبژاردنی ڕێژەیی (نسبی) گونجاوترین و لەبارترین شێوەیەکە بۆ ئەم بارودۆخە سیاسییەی ئەمڕۆو، بۆ نوێنەرایەتیکردنێکی ڕاستەقینەی جەماوەر لە شوورای داهاتوودا. هەر لەم بوارەدا ئاماژەی بۆ ئەو مەرجە کرد کە بەرەی کوردستانی بۆ ئەندامەتی شوورای داناوە.
ئەگەر ڕاست بێت بەرە ڕێژەی 7 (لەسەدا حەوت) ی دەنگەکانی کردبێتە مەرج بۆ بەشداریکردنی شووراکە، ئەوا لە سووچێکەوە سەرەتایەکی دیموکراسیی شکێندراوەو ڕێ لە جەماوەرێکی زۆر دەگیرێت نوێنەریان لە شووراکەدا هەبێت و مافی بەشداریکردنی حزب و ڕێکخراوو گرووپە سیاسییە بچووکەکان لە شوورای نیشتمانیی کوردستاندا پێشێل دەکرێت ؛ لەبەرئەوە داوایکرد ئەم ڕێژەیە کەمبکرێتەوە، بۆ دابینکردنی هەڵبژاردنێکی دیموکراسی و لەدایکبوونی شوورایەک کە بەڕاستی نمایندەی تەواوی خەڵکی کوردستان بێت.
ئەم کۆڕە ئەزموونێکی تایبەتی دەست گۆڤاری (دیموکراسی) خست کە دەتوانرێت لەنێو لاپەڕەکانیدا بەشێک لە کەموکوڕییەکانی کۆڕەکە پڕبکرێتەوەو لە کۆڕەکانی داهاتووشدا بەشەکەیدییان ڕاستبکرێتەوە.
تێبینی
ئەم وتارەم بۆ بڵاوکردنەوە لە گۆڤاری (دیموکراسی) دا نووسی، بەڵام مامۆستا (بەهادین) بڵاوینەکردەوە، هەرچەندە، وەک پێیان گەیاندم، زۆربەی ئەندامانی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە ڕایان بۆ بڵاوکردنەوەی دابوو.
201-12-1991