دەمەوێ سەرەتا ئەو دەرفەتە بقۆزمەوە، بۆ ئەوەی سوپاسی خۆم ئاراستەی گەلی کورد، لە هەرێمی ڕۆژئاوای کوردستان بکەم، کە خاوەنداریتیان لە کۆڕەکەم کرد و پشتیوانیان کردم، بۆ گەڕانەوەی تەرمی کوڕەکەم. هەروەها سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی دەکەم، کە هاوپشتی هاوسەرەکەم بوون لەو تەنگوچەڵەمەیەدا و، ئاسانکردنیان کرد، بۆ گواستنەوەی تەرمی کۆستای کوڕم بۆ وڵاتەکەی. هاوکات سوپاسی هەموو کەس و لایانانە دەکەم کە هاوسۆز و هاندەر و پشتیوانمان بوون. جێگای دڵخۆشییە، کە گەلی کورد لە پێناو ئامانجێکی هاوبەشدا، لە دەوری یەکتر کۆبووەنەتەوە و ئەوەش مژدەیەکی باشە بۆ ئاییندە. کۆستا نە سەربازێکی بەکرێگیراو و نە سەربازێکی بێکار بووە، تا بە دوای سەرکەشییەکدا بگەرێت بۆ ئەوەی کات بە سەر ببات، بەڵکو دوای تەواوکردنی خزمەتی سەربازی خۆی لە یونانستان، چووە ڕیزی هێزە دەریاییەکانی شاهنشایی و مووچەیەکی باشی وەردەگرت، کارەکەشی تەنیا بۆ ئەوەی بەجێهشت تا بچێتە سوریا و لە دژی داعش بجەنگێت. بەرامبەر بە ئەنجامدانی ئەو ئەرکەش هیچ مووچەیەک یان پاداشتێکی پێنەبەخشراوە. بۆیان گێڕامەوە، کە کۆستا سەربازێکی نمونەیی هێزەکانی دەریایی بووە و هەمیشە فریای هاوڕێکانی کەوتووە، لەکاتی پێویستدا. کاتێک لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بووە، شان بە شانی شەڕڤانانی کورد هەوڵیان داوە، ڕێرەوێک بکەنەوە بۆ ئەو ئێزیدیانەی کە لە چیای شەنگال گەمارۆ درابوون، تا بەرەو هەرێمی نیمچە ئارامی ڕۆژئاوا بڕۆن. کۆستا ئەو بوێرییەی تێدا بوو، کە شتێکی جیاواز بکات، بۆیە ئەو ڕێگایەی هەڵبژارد و منیش شانازی پێوە دەکەم. هەڵبەتە ئەو بۆ دژایەتیکردنی داعش چوو بووە ڕۆژئاوا، بەڵام لە ڕاستیدا بەو هەنگاوەی پشتیوانی لە مافە بنەڕەتییەکانی هەموو مرۆڤێک کردووە، بۆ ئەوەی لە سایەی حکومەتێکی هەڵبژێردراودا ژیان بەسەر بەرن، نەوەک حکومەتێک کە بە ئایدیۆلۆژیای ئایینیەوە بەسەریاندا بسەپێندرێت... مافی پەراستنی خوا بە ڕەزامەندی خۆیان بێت و، بەو ڕێگای کە خۆیان هەڵی دەبژێرێن، نەوەک بە سەریاندا بسەپێدرێت... خاوەندارێتی لە کولتور و زمانی خۆیان بکەن... بە ئازادی بخوێنن و قسە بکەن، موزیک بژەنن و خۆشحاڵی خۆیان بەرامبەر بە هونەر دەربڕن و... یاری تۆپی پێ بکەن، بێ ئەوەی ترسی لەسێدارەدانی دڕندانەیان لێ بنیشێت؛ بە واتایەکی دیکە، ئەو کەسێکی مرۆڤدۆست بوو. خەڵکێکی زۆر پشتیوانی و هاوسۆزیان کردین، کە شتێکی سەرسووڕهێنەر و ئیلیهام بەخش و هاندەربوو، بەڵام پێویستە لە بیرمان نەچێت کە کوڕەکەم تەنیا کەس نییە لەلایەن داعشەوە کوژرا بێت. هەروەها ئەو تاقە قارەمانیش نییە و منیش تاقە دایک نیم کە خەم دەچێژم، بەڵکو پێویستە هەموو ئەوانەی کە لەلایەن داعش و گروپە هاوشێوەکانیەوە کوژراون، لە بیر نەکەین. داعشیش جگە لە گروپێکی چەتەی کۆکوژ و تیرۆریستی بازرگانیکردن بە جنس نەبێت، هیچ شتێکی تر نییە، بۆیە پێویستە ناوێکی وای لێبنرێت کە پڕ بە پێست لە گەڵ کارە قێزەونەکانی بگونجێت. ئەگینا بە هەر ناوێکیتر بانگ بکرێت، متمانەی پێدەبەخشرێت. لەوانەیە ئەوەی کۆستا کردوویەتی یەکانگیر نەبێت، لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی بریتانیا، بەڵام بە دڵنیاییەوە کۆستا بەو کارە پشتگیری لە بەهاکانی بریتانیای کردووە. ئەو بەهانەی کە لە سەرانسەری جیهانی ڕۆژئاواییدا وەکو ستاندارد و شتێکی ڕاست و دروست لە قەڵەم دەدرێت. ئەو لە سەردەمێکدا لە دایک بووە و پێگەیشتووە، کە بایەخ بە دیموکراسی، ئازادی ئایین و مافەکانی ژنان دراوە. لە وەها سەردەمێکدا جیهانی ڕۆژئاوایی لە ژێر ناوی ئەو بەهایانەوە بەشداری لە جەنگەکاندا کردووە، کە جینۆساید و کوشتاری دڕندەیان لێکەوتووتەوە... ژنانیش وەکو کویلە فرۆشراون و، ئەو حکومەتانەش دەستەوەستان ڕاوەستاون و هیچ شتێکیان نەکردووە، بۆیە کۆستای کوڕم دەگاتە ئەو برواییەی کە دوای ئەو هەموو کارەساتانە، دوورەپەرێزی ترسنۆکییە و پێویستە شتێک بکرێت، بۆیە کۆستا ئەو ڕێگایەی هەڵبژارد و لە پێناویدا گیانی بەخت کرد. هەرچەندە بەختکردنی کوڕەکەم دڵۆپێکی بچووک بێت لە زەریاییەکی زەبەلاحدا، بەڵام شەپۆلی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا. من وەکو دایکێک داوا لە حکومەتە کان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەرجەم جیهان دەکەم، کە وا لە داعش بکەن کە شوێنی خۆحەشاردانی بۆ نەمێنێت... ئەگەر پارە و خەڵکیشی لێببڕدرێت، ئەوە ناتوانێت درێژە بە کارە ناپاکەکەی خۆی بدات. بەڵێ... لەوانەیە هەموو کەسێک نەتوانێت ببێتە کۆستا، بەڵام پرۆسەی هەڵبژاردنمان لە پێشە. پێویستە بابەتی داعش بکەین بە دۆزێکی سەرەکی ئەو هەڵبژاردنە. پرسیار لە نوێنەرانی خۆمان بکەین لە پەرلەمان، کە ئایا بیر و ڕایان چییە سەبارەت بە داعش و بە نیازن لەو باریەوە چی بکەن؟ چ نەخشە و پلانیان هەیە، بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی ئارام بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، تا کۆمەکی مرۆیی بەو پەنابەرانە بگات، کە کۆستا یارمەتی داون؟ چی دەکەن تا چارەنووسی بە هەزاران ژنی ڕفێندراو یەکلایی بکرێتەوە، کە بە دەوڵەمەندەکانی وڵاتانی ناوچەکە فرۆشراون؟ لێیان بپرسین کە بۆچی پشتیوانی لە کورد ناکەن؟! کوردانی ڕۆژئاوا وەکو ئەو 300 جەنگاوەرە سپارتیانەن کە بەر لە زایین، بەرەنگاری ئەرتەشی زەبەلاحی فارسەکان وەستانەوە... چەکی پێویستیان لە بەردەستدا نییە، بەڵام ڕۆح و باوەڕی و ویستێکی بەرزیان هەیە، بۆ داکۆکیکردن لە زێدی خۆیان و ئەوەشیان سەلماند، کە داعش نەک تەنیا هێزێکی ئەوتۆنییە کە نەشکێندرێت، بەڵکو پێشڕەویەکەشیان ڕاگرت. ئێمەش ئەوەندە قەرزاری ئەو شەڕڤانانەین کە چەندە دەتوانین یارمەتیان بدەین. ئیدی بەسە، با دوورەپەرێز نەوەستین و بە شێوەیەکی خوڵقێنەر بیر لەوە بکەینەوە، کە چۆن دەکرێت گەورەترین هەڕەشەی دوا بە دوای نازییەکان بۆ سەر جیهان، بنەبڕ بکرێت!!