دیسان ڕۆژە ڕەشەکە نزیک بووەوە! ڕۆژی دامەزراندنی کوشت و کوشتاری کورد، ڕۆژی دامەزراندنی #ئەنفال#ی نوێ! ڕۆژی دامەزراندنی سوپای ڕەش و کوردکوژی داگیرکەری ئێڕاقی.
کاتی کەس بەباسکردنی کارە دژبە کورد و نامرۆڤایەتییەکانی ئەم سوپا ڕەشەوە ناکوژم و هەموو کەس لە من زۆر باشتر دەزانێت سوپای داگیرکەری ئێڕاقی چیی کردووە و چیی تر دەکات بەرامبەر بە کورد، بەڵام ئەوەی دەمەوێت بیڵێم کە پشووی فەڕمی بەبۆنەی ئەو ڕۆژە ڕەشەوە تیپەڕاندنی یەک لە هێڵە سوورەکانمانە و تاوەکو ئێستا بیست جار لە دوای ڕزگاربوونی بەشێکی باشووری کوردستاندا ئەو هێڵە سوورەمان تێپەڕاندووە!
پەڕڵەمانی کوردستان دەبووایە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، ئەم پشووەی هەڵبوەشاندایەتەوە! دەبێت جیاوازیی نێوان شەشی کانوون و هەفتی نیسان و هەموو بۆنە دژبە کوردەکانی تر چی بن؟!
من دەمێکە باوەڕم بە دەستەڵاتی کوردی نەماوە کە ئەم پشووە لە کوردستاندا هەڵبوەشێنێتەوە و ڕۆژی شەشی کانوون بکاتە هەر ڕۆژێکی ئاسایی کاری دامودەزگا فەڕمییەکان، یان بیکاتە ڕۆژی ڕەش لە مێژووی کوردستاندا! هەربۆیە پێشنیازێکی تر دەکەم کە خەڵکی گوێ نەدەنە ئەم پشووە و وەک هەر ڕۆژێکی ئاسایی ڕەفتاری لەگەڵدا بکەن، بەوەی بۆ نموونە، خوێندکاران وەک هەر ڕۆژێکی تر بەرەو فێرگە و زانکۆکانیان بڕۆن، مامۆستایان دەرگای پۆلەکانیان بکەنەوە، فەرمانبەران بچنەوە فەرمانگەکانیان..
ئەگەر هەر ساڵێک چەند خوێندکارێک و چەند مامۆستایەک و فەرمانبەرێک ئەم تەلیستمە بشکێنن، ئەوا دڵنیام دەبێتە دیاردە و هەر ساڵێک ژمارەی دژەپشووی ئەم ڕۆژە ڕەشە زۆرتر دەبیت..
کێ دەڵێت، بەڵکو دەستەڵاتی کوردی بەهۆی ئەم هەڵوێستەوە وەخەبەر بێت و پەی بەوە بەرێت کە ڕۆژی شەشی کانوون، ڕۆژی شکاندنی کەرامەتی نەتەوەییمان بوو، ڕۆژی کاولکردنی کوردستان و لاقەکردنی دایک و خوشک و کچمان بوو لەلایەن سوپای عەرەبیی داگیرکەری ئێڕاقەوە...
#هاوڕێ باخەوان#
06-01-2013