حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو ژن و کچە ئێزدییانەی لەژێر چنگی داعشدا ماون، نزیکەی 3000 ژن و کچ دەبن و تائێساش 900 ژن و کچی ئێزدی ڕزگارکراون، وێڕای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ڕزگارکردنییان، ئاماژەی بە نادیاریی چارەنوسی ئەو ئێزیادنەکرد کە لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستەوە، ڕفێنراون.
د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە جیهانییەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ژمارەی ئەو ژن و کچە ئێزدییانەی لەلایەن چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ڕفێنراون، دەگەنە نزیکەی 3000 ژن و کچ، بەڵام وێڕای ئەو هەوڵانەی بۆ ڕزگارکردنیان خراونەتەگەڕ، تائێستا چارەنووسیان نادیارە".
وتیشی: "بەپێی زانیارییەکانی تایبەت بە کاروباری ئێزدییەکانی شەنگال، ژمارەی ئەو ژن و کچە ئێزدیانەی تائێستا لە چنگی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ڕزگارکراون، 900 ژن و کچن".
رێکخراوی تیرۆریستی داعش دوای ئەوەی لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا، دەستیان بەسەر قەزای شەنگالدا گرت، سەدان ژن و کچی ئێزدییان ڕفاند و بەپێی زانیارییەکانیش، ئەو ژن و کچە ئێزدییانە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە، بەسەر چەکدارە تیرۆریستەکاندا لە عیراق و سوریا وەک سەبایا، دابەشکراون.
- 20-03-2015