دوای ئەوەی ڕۆژی (21-02-2015) لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان سیمنارێکی ئەنجامدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دامەزراندنی بۆردێکی تایبەت بە ڕاوێژکاریی میدیایی، ڕۆژی پێنج شەممە (19-03-2015) لەبارەگای لق و لەژێر ڕۆشنایی ڕاسپاردەو پێشنیارەکانی ئەو سیمنارە (بۆردی ڕاوێژکاری میدیایی) یەکەم کۆبونەوەی خۆی ئەنجامداو وەک یەکەم هەنگاوی کارەکانی ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هێڵە گشتییەکانی کاری بۆردەکەی خستەروو کە لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕ دەبنەوە:-
1. ئەرکەکانی بۆردەکە بریتی دەبێت لە:
أ/ بەرەنگاربوونەوەی ئەو جەنگە دەرونیەی کە داعش دژ بە گەلەکەمان بەرپای کردوە.
ب/ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دەرونی و نەتەوەیی ئەم قۆناغەی کوردستانی پێدا تێپەر دەبێت.
ج/ هاندانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ بینینی ڕۆڵێکی زیاترو بەرپرسیارانە بەرامبەر بە جەنگی دژ بە تیرۆر.
2. لەبەر ڕۆشنایی گفتوگۆکان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی بۆردەکە داوا دەکات کە:
أ/ هاووڵاتیان لە ڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتیەکانەوە نەبنە ئامرازی بڵاوکردنەوەی ئەو گرتەو وێنانەی کە داعش بڵاویان دەکاتەوەو دەبنە مایەی بڵاوبونەوەی ترس و دڵەراوکێ.
ب/ لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا یەکخستنی وشەی شەهید بۆ شەهیدانی پێشمەرگەو یەکخستنی ناوی داعش بە (تیرۆرستانی داعش) کاری پێ بکرێت و پابەندبونیان بە بڵاونەکردنەوەی هیچ وێنەو گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ببنە هۆی پرۆپاگەندە بۆ تیرۆرستانی داعش.
ج/ پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕێگەی وتەبێژو ڕاگەیەنراوی تایبەت بە خۆیانەوە، ڕۆژانە، یان لەکاتی پێویستدا بەلاغی سەربازی بڵاوبکاتەوە، تا ببێتە سەرچاوەی سەرەکی زانیاری بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕێگە نەدەن پەخشی ڕاستەوخۆ لەبەرەکانی جەنگەوە ئەنجام بدرێت.
د/ پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان خولی تایبەت بۆ پەیامنێرانی جەنگ بکەنەوە.
3. بۆردەکە ئەم ڕاگەیەنراوەی وەک هەنگاوی یەکەمی کارەکانی ناساندو لە داهاتوشدا بەپێی پێویستی قۆناغەکەو بەراوێژکردن هەنگاوی پێویست دەگرێتەبەر.
بۆردی ڕاوێژکاری میدیایی
لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
19-03-2015