هەڵوان جەلال
سەرەڕای ئه و بارانە زۆرەی کە ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان باری، بەڵام بارودۆخی ئاو لە وەرزی گەرمای ئەمساڵدا باش نابێت، بەتایبەت ئه و ناوچانەی سوود لە ئاوی بەنداوی دوکان وەردەگرن، هەرچەندە ساڵی پار لەچاو ئەمساڵ باران 100 ملم کەمتر باریوە، بەڵام ساڵی ڕابردوو بارودۆخی بەنداوی دوکان باشتر بووە لەچاو ئەمساڵ.
له و بارەیەوە حەمە تاهیر جەلال عەزیز بەرێوەبەری بەنداوی دوکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەندان ڕوونیکردەوە، "وەرزی ئاو لە کوردستان لە مانگی 10ەوە دەست پێ دەکات تا کۆتایی مانگی 5، ئەوماوەیە هەڵگرتنی ئاوی باراناوە، لە مساڵدا تا ئێستا بەنداوی دوکان تەنها 5 مەتر و 48 سانتیم ئاوەکەی بەرزبۆتەوە لە ئاستی خۆی، ئەمە لە کاتێکدایە کە نزیکەی دوو مانگ ماوە لە وەرزی هەڵگرتنی ئاو و هێشتا بەفری کوێستانەکان ماون بتوێنەوە، کە ئەمەش ڕێژەیەکی دیکە لە ئاو بەدەست دەهێنێت بۆ بەنداوەکە".
بەرێوەبەری بەنداوی دوکان ئەوەشی خستەڕوو، "ئاستی دەریاچەی دوکان لەڕووی دەریاوە 511م بەرزە، بەڵام ئێستا 487.68 مەتر بەرزە، واتا هێشتا نزیکەی 24 مەتر ماوە بەنداوی دوکان ئاوەکەی بەرزبکاتەوە".
هەرچەندە ئەمساڵ ڕێژەی باران 100 ملم زیاتر باریوە لە چاو ساڵی ڕابردوو، بەڵام هێشتا بەنداوی دوکان 2 مەترو 44 سانتیم نزمترە له و ئاستەی کە ساڵی ڕابردوو بەنداوەکە هەیبووە، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان هۆکارەکەی بۆ چەند خاڵێک دەگێڕێتەوە، کە "لەماوەی وەرزی کۆکردنەوەی ئاودا ڕێژەیەکی زۆریان لە ئاوی بەنداوەکە بەرداوەتەوە لەبەر پێویستی و هەروەها بۆ بەکارخستنی وێستگەکانی کارەبا، جگە لەم هۆکارانەش ڕێژەی هاتنی ئاوی زێی بچوک لە ئێرانەوە کەمی کردووە، وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات هۆکارەکەی نەزانراوە، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی ئێران دوو بەنداوی لەسەر ڕوباری زێی بچوک دروست کردبێت، بۆ ئەوەی ڕوباری ورمێی پێ ببوژێنێەوە".
دەشڵێت: "تائێستا چەند لیژنەیەک لە هەرێمی کوردستانەوە چوون بۆ ئێران بەڵام هیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوتووە".
سەبارەت بە کاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر کارەکانی بەرێوەبەرایەتیەکەی، حەمە جەلال عەزیز ڕونیکردەوە، "بێگومان کاریگەری زۆری دروست کردووە، هەموو ئه و بودجانەی کە بۆ کارەکانمان دانرابوون ئێستا بڕدراوە، تەنانەت ئێمە داوای 10 ملیۆن دینار دەکەین بۆ کاری سیانە، بەڵام وەزارەتی دارایی دەڵێت پارەمان نییە، بەڵام ئەگەر یەک ئامێرمان بشکێت زیاتر لە 100 ملیۆن دیناری تێدەچێت".
جێی باسە بەنداوی دوکان یەکێکە لە بەنداوە گەورەکان لە کوردستان و عیراق، توانای هەڵگرتنی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، کە لە ئێستادا تەنها 2.2 ملیار مەتر سێجا ئاوی تیایە، ڕووبەری بەنداوەکە بەپڕی، 270 کیلۆمەتر دوجا دەبێت، بەڵام ئێستا نزیکەی 110 کیلۆمەتر دوجایە، چاوەڕوان دەکرێت لەم دوو مانگەدا بەهۆی توانەوەی بەفری کوێستانەکان ئەم ڕێژەیە زیاتر بێت، بەنداوی دوکان 140 کارمەندو ئەندازیار و شارەزا کاری تیادا دەکەن.
- 24-03-2015