جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند وردەکاری قەرزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو، ڕاشیگەیاند کە
عەلی حەمەساڵح جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: "ئێستا هەرێمی کوردستان نزیکەی 17 ملیار دۆلار قەرزارە".
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان وردەکاری قەرزەکەی بەمشێوەیە خستەڕوو:
1- مووچەی دوو مانگی فەرمانبەران کە دەکاتە تریلیۆنێک و 700 ملیار دینار.
2- پێشینەی خەرج نەکراوی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان کە تریلیۆنێک و 450 ملیار دەبێت کە هی کۆمپانیاکانە و وەریان نەگرتووەتەوە.
3- پارەی بانکە ئەهلییە ناحکومییەکانی هەولێر لەلای بانکی ناوەندیی هەولێر کە پێنج تریلیۆن و 648 ملیار دینارە.
4- پارەی بانکە ئەهلییەکانی سلێمانی لای بانکی ناوەندی سلێمانی کە دوو تریلیۆن و 447 ملیار دینارە.
5- پارەی بانکە بازرگانییەکان کە چوار تریلیۆن و 900 ملیار دینارە.
6- خەرجی شایستەی کڕینی کەلوپەل و چەند پێداویستییەکی دیکە کە 300 ملیار دینارە.
وتیشی: "ئەمە سەرباری قەرزی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم کە خۆی لە سێ ملیار دۆلار دەدات".
عەلی حەمەساڵح ڕوونیشیکردەوە کە بە گشتی وەزارەتی دارایی و سامانە سرووشتیەکانی هەرێم 17 تریلیۆن دینار قەرزارن، وەزارەتی دارایی 16 تریلیۆن دینار و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش سێ ملیار دۆلار کە سەرجەمی دەگاتە 17 ملیار دۆلار".
ئه و پەرلەمانتارە پێیوایە ئه و قەرزانە بارگرانییەکی زۆرن لەسەر حکوومەت، ڕایگەیاند کە "بە بۆچوونی من ئه و قەرزانە بابەتێکی ئاسایی نییە، چونکە ئه و قەرزانە بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری بەکارنەهێنراوە کە ببێتە هەوێنی ئەوەی داهات بۆ هەرێم بهێنێت، بەڵکو هەمووی یان بەشی هەرەزۆری بۆ بواری بەکاربردن و مووچە ڕۆیشتووە، هۆکارەکەشی ئەوەبووە لە ڕابردوودا ئیدارەدانی دارایی و پارە لە هەرێم زۆر لاواز بووە".
ئەوەشی خستەڕوو کە "هەرێم قەرزی لە تورکیا کردووە، پێشتر 500 ملیۆن دۆلاری بە قەرز لێوەرگرتووە، بڕیار بوو 500 ملیۆنی دیکەشی لێ قەرز بکات کە وا بڕیاربوو بەمنزیکانە بگەیشتبایەتە هەرێم، بەڵام دیارنییە بۆچی نەگەیشتووە، ئه و پارەیەش وەکو قەرز دەهێنرێت نەک پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم".
عەلی حەمەساڵح جەختیشی لەوە کردەوە کە بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە ڕووی داراییەوە نا جێگیرە و وەزارەتی دارایی و حکوومتیش لەبارەی ڕەوشی داراییەوە بەرچاویان ڕوون نییە، وتیشی: "لەلایەک دەبینین حکوومەتی هەرێم پشت بە حکوومەتی ناوەندی دەبەستێت، ئەویش مانگانە نزیکەی 500 ملیۆن دینار دەنێرێت کە بەتەنها بەشی موچەش ناکات، لەکاتێکدا مانگانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 700 بۆ 800 ملیۆن دۆلارە بۆ ئه و مەبەستە، لە لایەکی دیکەشەوە نازانرێت پشت بە ئابووریی خۆی ببەستێت کە نرخی نەوت له و ئاستەدایە".
عەلی حەمەساڵح ئاماژەشی بەوەدا کە "بەلای منەوە باشترین بژاردە ئەوەیە کە لەگەڵ حکوومەتی عیراق ڕێکبکەوین و ئه و پابەندبوونەمان لە پێدانی بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوت جێبەجێ بکەین و ئەوانیش پابەندبوونی دارایی خۆیان بنێرن، چونکە ئێمە جگە لەوەش قەرزێکی زۆری موستەحەقاتی کۆمپانیا نەوتییەکانمان هەیە و ئەرکێکی قورسە".
هێماشی بەوەد کە ئەگەر ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا کە لەنێوان هەردوولا ئیمزاکراوە و تایبەتە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بوودجەکەی لە بەغداوە جێبەجێ بکرێ ئەوا هەرێم دەتوانێت له و زیادە نەوتەی کە بڕەکەی دەگاتە 200 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە قەرزە داراییەکانی ئەوانەی هی کۆمپانیا نەوتییەکانن بداتەوە.
بەپێی قسەکانی عەلی حەمە ساڵح، لە کاتی جێبەجێ نەکردنی ئه و ڕێککەوتنە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەناردەکردنی بڕی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە تەنها بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کە ئه و بڕەشی لە ئێستادا بە ئەستەم زانی.
سەبارەت بە پڕۆژەی بوودجەی ساڵی 2015ی هەرێمی کوردستان عەلی حەمە ساڵح وتی: "وەزارەتی دارایی ڕەشنووسێکی ئامادەکردووە و دەینیرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و دوای لەوێ پەسەند دەکرێت و ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت، باوەڕناکەم ئه و بوودجەیە ورد بێت، چونکە وەزارەتی دارایی و حکوومەتیش بەرچاویان ڕوونی نییە کە پشت بە چی دەبەستن لە داهاتەکاندا، ئەگەر پەسەندیش بکرێت ورد نابێت". پێشبینیشی کرد سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوو ئه و پڕۆژەیە بگاتە پەرلەمانی کوردستان.
عەلی حەمە ساڵح دەربارەی کەیسەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان کە ئه و یەکێکە له و پەرلەمانتارانەی زۆرترین بەڵگەی گەندەڵی ئاشکرا دەکات ڕایگەیاند: "لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا هەرێمی کوردستان لەنێوان 110 بۆ 115 ملیار دۆلار بە داهاتی نەوت و ناوخۆ و پارەی هاتوو بۆی دەستکەتووە، بەشی زۆری بە خراپ و بەگەندەڵی خەرجکراوە لەرێگەی دامەزراندنی خەڵکێکی زۆر بە بێ بەرنامە و خانەنشین کردنی خەڵکانێکی زۆر، جگە لەوە چەندین کۆمپانیا هەن بە هۆی ئه و گەندەڵییانەوە بە هەزاران ملیۆن دۆلاریان قازانج کردووە لە ڕێگەی نایاساییەوە".
ئاشکراشیکرد: "کەرتی نەوت و کۆمپانیاکانی نەوتی بەتایبەت لە پاڵاوتن و پیشەسازیی نەوت، لەگەڵ زەوی و زار و هەروەها دامەزراندن و خانەنشینکردنی خەڵکێکی زۆر زۆرترین سێ سێکتەرن کە هەزاران ملیۆن دۆلاریان تێدا بەهەدەر دراوە".
- 08-04-2015