رۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، هەتا ئێستا ژمارەیەکی زۆری چەکداری کورد لە ناو چەتەکانی داعشدا کوژراون، ئاماژە بە ژمارەی ئەو گەنجە کوردانەش دەکات کە تا ئێستا لەناو چەتەکانی داعش-دان. مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا بە ناونیشانی کوردەکانی داعش بەرەو کوێ.؟ کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەی ئەو کوردانە ئاشکرادەکات کە لەڕیزی چەتەکانی داعش-دان. مەریوان نەقشبەندی، لە وتارەکەیدا دەڵێت:" لەساڵی 2013داعش و جبهە النصرە و زۆربەی گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکانی سوریا زۆر دڵخۆش بوون بە پەیوەندیکردنی سەدان گەنجی هەرێمی کوردستان بەریزەکانیانەوە." هەروەها پێی وایە:" سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ و فەتوا و وتاری زۆربەی مزگەوت و مامۆستایانی ئاینی و حزبە ئیسلامیەکانی کوردستان لەڕووی فیکریەوە بووە هۆی نائومێدبوونی داعش لە کورد و چەکدارە کوردەکانی ناو داعش." نەقشبەندی، باس لەوەش دەکات:" لە ساڵی 2014 لە موسڵ و حەویجە و سەعدیە چەکدارانی داعش بەتۆمەتی خیانەت و هاوکاریکردنی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەکانی کوردستان و فرۆکەکانی هاوپەیمانان و هەوڵی هەڵاتنی هەندێکیان کەتیبە و گروپە کوردیەکانی ناو داعش بە فەرمانی سەرکردە عەرەبەکانی ئەم ڕێکخراوە تیرۆرستیە لەیەکتر جیاکرانەوە و بەدەیان چەکداری داعشی کوردیان لەبەرچاوی خەڵک گولەباران کرد." هەروەها مەریوان نەقشبەندی، ئاشکرای دەکات:" لە ماوەی کەمتر لە 16 مانگی ڕابردوو تا ئێستا زیاتر لە 250 گەنجی کورد لەناو داعشدا کوژراون." لە وتارەکەیدا بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەش دەکات:" ئێستا کەمتر لە 100گەنجی هەرێم لەناو ڕیزەکانی داعش ماوە و هەر لەم ساڵدا زیاتر لە 100 چەکداری کوردی ناو داعش بەشێوازی جۆراوجۆر هەڵاتوون یاخود خۆیان حەشارداوە و بەدوای هەلێکدا دەگەرێن تا بەیەکجاری عیراق و ناوچەکە جێبهێڵنک، ئەوانەش کەماونەتەوە و لەبەردەم زومی کامێرادا تاوانی کوشتن و سەربڕینیان پێ ئەنجامداون ئەوە لەلای داعش جێگەی گومان و مەترسی هەڵاتنیان نەماوە چونکە هەموو ناسراون و دەزانن چ چارەنوسێکی ڕەش چاوەڕێیان دەکات."