خەندان - ڕەهێل سەمەد
بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی ڕابردوودا ژمارەی ئه و ئێزدیانەی لە دەست چەکدارانی داعش ڕزگاریان بووە زیادیکردوە، ئەوەشی بۆ شپڕزەیی و بێ هێزی ئه و چەکدارانە گەڕاندوە.
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروبای ئاینی حکومەتی هەرێم بە خەندنی ڕاگەیاند: "بەهۆی ئه و شکستەی توشی هاتوون لە ئێستا چەکدارانی داعش وەکو جاران ناتوانن کۆنتڕۆڵی ئه و کەسانە بکەن کە لەلایەن بەندکراون بۆیە ڕۆژانە ژمارەیەکیان ڕزگاریان دەبێت لەوانەش کوردانی ئێزدین".
وتیشی: "جگە لەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش توانای کۆنترۆڵکردنیان نەماوە، ئەوان وەک ئێزدییەکان هەماهەنگیان لەگەڵ خەڵکی ئه و ناوچانە هەیە کە کوردە ئێزدییەکانیان تێدا بەندکراوە، بۆیە لەماوەی ڕابردوودا لە کۆی نزیکەی چوار هەزارو 500 کەس، زیاتر لە هەزارو 500 کەس ڕزگاریان بووە".
بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان ئاماژەی بەوەشکرد: "بەگوێرەی زانیارییەکان بەشێکی زۆر له و ئێزدییانەی لە دەست چەکدارانی داعش-دان بەهۆی لاوزای و شپرزەیی ئه و ڕێکخراوە تیرۆریستییەوە ڕەوانەی سوریا کراون و لە عیراق نەماون، بەڵام بەردەوام دەبین لەهەوڵەکانمان بۆ ڕزگارکردنیان".
- 23-04-2015