ئێمە وەک بەرەی پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان وئەنفالکراوان وکیمیاباران بەسەرنجدان لە لێدوانە ڕۆژنامەنووسیەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان گەیشتوینەتە ئەو باوەڕەی کە ئەم پیاوە لەپاڵ بوختانی یاساشکێنی و تلیاکی بووندا بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوەکان،هەمیشە دەشکۆشێت گومان لەسەر کەیسی ئەنفال دروست بکات و کەسوکاری ئەنفاکراوەکان بخاتە قەفەسی تاوانەوە، لەسەرێکی تریشەوە دەڵێت "جاش وموستەشارەکان ڕاپەڕینی بەهاری 1991 یان ئەنجام داوە!" بۆیە لێرەوە بۆ دواجار هۆشداری ئەدەینە وتەبێژەکەی ئەنجومەنی دادوەری کە چیتر یاری بە ئاگر نەکات و خوێ نەکاتە زامە سەختەکەی کەسوکاری ئەنفال و چیتر سەنگەریان لێنەگرێت،چونکە ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێت،ئەوا ئێمە لەبەرەی جاش وموستەشارەکاندا حسابی بۆ دەکەین.
هاوکات هۆشداریش ئەدەینە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک گەرمیان کە لەبەلاغە دوور و درێژەکەیدا داوای سزادان و بەدادگا گەیاندنی کەس وکاری ئەنفالکراوەکان دەکات، لەکاتێکدا دەبوو ئەم دادگایە بە شوێن بەدادگا گەیاندنی جاش وموستەشارەکانەوە بوایە و فەرمانی دەسگیرکردنی بۆ لایەنی کەمتەرخەم لە دەسگیرکردنی جاش و موستەشارەکان دەربکردایە،هەر لێرەشدا دەبێت سەرۆکایەتی ئەم دادگایە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بزانن، هەر دەسبردنێک بۆ کەس وکاری ئەنفالکراوەکان و چالاکان و ڕۆژنامەنووسانی هاوسەنگەریان بەزاندنی هەموو هێڵەسوورەکانە و دەرگای جەهەننەم لەو کەس ولایەنانە دەکاتەوە کە بیری لێدەکەنەوە.
هەر لەم بۆنەیەشدا جارێکی تر تەئکید دەکەینەوە کە هەر هەوڵێکی شێواندن و بەلاڕێدا بردن وچەواشەکاری لە دۆسیەی ئەنفالدا و هەر داڵدەدانێکی تۆمەتبارانی ئەم کەیسە تەنیا شەرمەزاری و ڕسوایی بۆ ئەوانەی ئەنجامی ئەدەن بەشوێنەوە دەبێ و ئێمەش لەم جموجوڵە بەرفراوانە مەدەنیەی ئەمجارەماندا چیتر ئەم سوکایەتی و بێڕێزیانە بە کۆستی نەتەوەیی ئەنفال و کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوەکان قبوڵ ناکەین،هەروەک ئەم شۆرشە سپیەش تا جێبەجێکردنی هەموو ئەم داواکاریانەمان بەردەوام دەبێت :
1. لابردنی دەسبەجێی سەرۆکی دادگای تاوانەکانی کەرکووک گەرمیان.
2. گەڕاندنەوەی دادوەر "هاوژین حامد" کە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان دوورخراوەتەوە.
3. جارێکی تریش جەخت دەکەینەوە لەسەر بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق بە دەسگیرکردنی تۆمەتبارانی دۆسیەی ئەنفال کە 423 کەسن و 258 کەسیان لە کوردستانن.
4. ئەنجومەنی دادوەری فەرمانی دەسگیرکردن بۆ ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەربکات،کە فەرمانی دەسگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسی ئەنفال جێبەجێ ناکەن.
بەرەی پێشمەرگە و کەس وکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان وکیمیاباران
گەرمیان 30-04-2015