"بەبۆنەی 1ی ئایار، جەژنی کرێکارانی جیهان، پیرۆزباییەکی گەرم لە کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەین، ئێستا یەکی ئایار لە جیهاندا بووەتە سیمبولی بەرخودان و کۆڵندەدانی کرێکاران لە پێناو بەدیهێنانی ماف و ڕەنجی ماندوویەتی و خەبات و بەرخودانیان.
ئەمساڵ یادی(1ی ئایار) لە کاتێکدا دەکرێتەوە، کە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی ئابووری سەختدا تێدەپەرێت و ڕۆژانە هەلی کار بۆ کرێکارانی کوردستان کەمتر دەبێتەوە، بەتایبەتیش وەستانی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان، هیوادارین ئەم قەیرانە داراییە قۆناغێکی ڕاگوزەر بێت و هەل و دەرفەتی کار بۆ کرێکاران لە هەرێمی کوردستان زیاتر بێت.
لە بواری پاراستنی ماف و ئەرکەکانی کرێکاران و خاوەن پیشە تایبەتەکان، لە ئێستادا پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردن و گفتوگۆکردنە لەسەر یاسایەکی تایبەت بە بیمەی کۆمەڵایەتی و بێکاری و تەندروستی و پاراستنی مافی کرێکاران و دابینکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆیان.
دەرکردنی ئەم یاسایە لەپەرلەمانی کوردستان دەبێتە وێستگەیەکی گرنگ لە بەدەستهێنانی مافەکانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستاندا.
سەبارەت بە شوێنی کارکردن و بژێوی کرێکاران و قوربانیدان لەکاتی کارکردنیاندا، پەرلەمانی کوردستان دەخوازێت خاوەنکار و کارگەو شوێنە تایبەتمەندەکان شوێنێکی شیاوی کارکردن بۆ کرێکاران دابین بکەن، چونکە بەداخەوە ئامارەکانی قوربانیانی کرێکاران لەکاتی کارکردنیاندا مایەی نیگەرانییە.
دوبارە پیرۆزبێت 1ی ئایار جەژنی کرێکاران."
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
01-05-2015