رێژەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم و کەرکووک بۆ حکومەتی عیراق لە مانگی نیسانی ڕابردوو، یان 560 یان 450 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، جیاوازیی نێوان ئەم دوو ژمارەیەش بووەتە ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ڕەوانەکردنی بڕە پارەی تەواو بۆ هەرێمی کورستان.
هەرچۆنێک بێت، بەغدا بڕە پارەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی نیسان ڕەوانەکرد، بەڵام هەرێمی کوردستان دەڵێت پارەکە کەمە و ئاشکراش بووە کە جیاوازیی بڕە پارەکە 185 ملیار دینارە.
مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تایبەت بۆ خەندانی ڕوونکردەوە کە بەپێی وەزارەتی نەوتی عیراق، لەمانگی نیساندا هەرێمی کوردستان تەنها 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەکردووە کە ئەمەش دەکاتە 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ماوەی ئه و مانگەدا.
وتیشی، بەپێی وەزارەتی نەوتی عیراق، تێکڕای نرخی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسان، دەکاتە نزیکەی 860 ملیار دینار، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان له و ژمارەیە زیاتر دەڵێت کە لە بەغدا ڕاگەیەنراوە.
بەوتەی مەسعود حەیدەر، هەرێمی کوردستان دەڵێت بۆ مانگی نیسان 560 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردەکردووە کە دەکاتە 16 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوت لە مانگەکەدا، بڕی پارەی نەوتەکەش 870 ملیۆن دۆلارە کە دەکاتە نزیکەی یەک تریلیۆن دیناری عیراقی.
بەپێی ژمارەکانی بەردەست ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ناکۆکیی هەرێم و بەغدا بۆ نەوتی هەناردەکراوی مانگی نیسان، سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلە کە پارەکەی دەکات 185 ملیار دینار.
لەسەروو هەموو ئەم ژمارانەشەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، دەڵێت: "دوای ئەوەی حکومەتی عیراق بڕی 543 ملیار دیناری خستەسەر حسابی بانکی هەرێم، کەکەمتر بوو له و بڕەی کە پێویستبوو بینێرێت، ئەمڕۆ %10 له و بڕەشی بڕیوه و تەنها بڕی 488 ملیار و 700 ملیۆن دیناری بە شێوەی نەختی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە".
ئەم بڕە پارەیەش کە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، زۆر له و ژمارانە کەمترە کە هەریەک لە وەزارەتەکانی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵ و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەزاری مەسعود حەیدەرەوە بڵاویانکردووەتەوە.
- 12-05-2015