بۆ جاری دووەم و لە بەرنامەی "لەگەڵ ڕەنج " ی کەناڵی (رووداو)دا کە تایبەت بوو بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان،شەوی 9/10 ی ئەم مانگە لە لایەن چەند بەشداربوویەکەوە سەبارەت بە پرۆژەی کەلاری نوێ چەند تۆمەتێکی نا ڕەوا درایەوە پاڵ ئیدارەی گەرمیان.
پێشتر لەبەرنامەیەکی شەوی 24/25-01-2015 ی کەناڵی ڕووداودا چەند کەسێک کە بۆ بەرنامەکە هێنرابوون بەپاساوی گەندەڵی لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبووندا پەلاماری ئیدارەی گەرمیان و سەرپەرشتیارەکەیانداو چەندین تۆمەت و تەشهیری ناڕەوایان دایەپاڵ ئیدارەکەمان، بۆیە بەپێویستمان زانی دەربارەی پرۆژەی ناوبراو ڕوونکردنەوەی خۆمان لێرەوە بخەینەڕوو.
پڕۆژەی کەلاری نوێ کە یەکێکە لەپرۆژەکانی وەبەرهێنان لە بواری نیشتەجێبووندا خۆی لە هەزارو هەشت یەکە دەبینێتەوە، هەر لەسەرەتاوە لە ژێر چاودێری توندی ئیدارەی گەرمیاندا بووە و ئەو ڕێوشوێنە ئیداریانەی چاودێریکردن کە لەم پرۆژەیەدا گیراوەتەبەر لە هیچ پرۆژەیەکی تری نیشتەجێبووندا ڕەچاو نەکراوە، لەسەر شێوازی دابەشکردنی یەکەکان و سوودمەندبوونی هاوڵاتیانی کرێنشین وکەمدەرامەتیش لەپرۆژەکە کە هەر لەسەرەتاوە ئیدارەکەمان لیژنەیەکی پسپۆری بۆ سەرپەرشتی دابەشکردنی ئەم یەکانە پێکهێنا و لە ڕێی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیشەوە هاوڵاتیان ئاگادارکرانەوە کە فۆرمی یەکەکان وەربگرن و زیاتر لە 7000 هاوڵاتی فۆرمیان پێشکەش کرد، کە سەرجەمیان دانیشتووی سنووری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بوون، دوای وردبینی و دەرهێنانی ئەو فۆرمانەی کە خاوەنەکانیان مەرجە یاساییەکانیان تێدا نەبوو، دواتر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن تیروپشک بۆ بەشداربووان ئەنجامدرا و 864 یەکە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکرا و ئەو 144 یەکەکەش کە ماون دوای ڕێککەوتنی نێوان وەبەرهێنەر و خاوەن زەویەکان و قەرەبووکردنەوەیان بەهەمان میکانیزمی پێشوو دابەش دەکرێن، لەوساوە تا ئێستاش هیچ ڕەخنە و گازندەیەکیش لەم شێوازی دابەشکردنە نەبووە، هەروەک ئیدارەی گەرمیان بەبەردەوامی لەڕێی لیژنە تایبەتەکانیەوە چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆژەکەی کردووە و ڕێگەی بەهیچ کەمتەرخەمی و زیادەڕەویەک نەداوە.
سەبارەت بە قسەی ئەوانەش کە لەبەرنامەکەی ڕووداو قسەیان کرد یەک کەسیان دانیشتوی کەلار نین و لەسودمەندبووانی پرۆژەکەش نین، ئەو هاوڵاتیانە نیشتەجێی هەولێر و شوێنەکانییترن و ئەوانە بەمەستی مامەڵە و قازانج بوونەتە شەریکی وەبەرهێنەر و شەراکەتیان لەگەڵ ناوبراودا کردووە و کەیسەکانیان دوور و نزیک پەیوەندی بەپرۆژەکە و ئیدارەی گەرمیان و هاوڵاتیانەوە نییە و تەنیا کێشەیان لەگەڵ وەبەرهێنەرەکەدا هەیەو بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانیشیان دەبێت پەنا بۆ دادگای مەدەنی ببەن، تۆمەت و تەشهیرەکانیشیان بەئیدارەی گەرمیان و سەرپەرشتیارەکەی ئەوەندە بازاڕی و بێ بنەمایە کە شایانی وەڵامدانەوە نییە، ئێمەش بەهیچ جۆرێک ڕازی نابین گەرمیان و پرۆژەکانی ببنە قوربانی ململانێی نێوان خاوەن سەرمایە و بەرژەوەندیە تایبەتەکان و پارەی خەڵکی کەمدەرامەتی گەرمیان بچێتە گیرفانی کەسانێکەوە کە خەریکی سەودا و مامەڵەی خۆیانن.
"سەبارەت بە وەبەرهێنەر "کامەران جەمیل"یش کە پرۆژەکەی بەناوەوەیە، دوای ئەوەی ئیدارەکەمان بەدواداچوونی وردی کرد دەرکەوت کە وەبەرهێنەرێکی تر پرۆژەکەی بە ئەم فرۆشتووە و دوای ئاگاداربوون لەم سەودا و مامەڵە نایاساییە، بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەکەمان دۆسیەکەی بردە ئەنجومەنی وەزیران و دواتر لەڕێی دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانیەوە وەبەرهێنەرەکەی ناچار کرد کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم مامەڵە نایاساییە 150 یەکە دروست بکات و 75 لەو یەکانەش بێ بەرامبەر بەسەر هاوڵاتیانی کەمدەرامەتدا دابەش بکرێت و 75 ی تریشی بە نرخی تێچوون و بەقەرزی درێژخایەن دابەش بکرێـت، کە ئەمەش مۆدێلێکی نوێیە لە سزادانی ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی کڕین و فرۆشتن بە زەوی پرۆژەی وەبەرهێنانەوە دەکەن.
لەلایەکی تریشەوە ئیدارەکەمان چەندین جار لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە هاوڵاتیانی ئاگادار کردۆتەوە بە هیچ شێوەیەک مامەڵەی نایاسایی بۆ دەسکەوتنی یەکەکان ئەنجام نەدەن و هیچ پارەیەک بە هیچ کەس نەدەن، چونکە یەکەکانی ئەم پرۆژەیە تەنیا لەڕێگەی تیروپشکەوە دابەش دەکرێن، هاوکات ئەم وەبەرهێنەرە تا ئێستاش دۆسیەکەی لە دادگایە و ئیدارەی گەرمیانیش لە ڕێی بەشی یاساییەوە چاودێری دۆسیەکەی دەکات، لەلایەکی تریشەوە لەسەر ئاستی ئیدارەکە لیژنەیەکی تایبەت کە نوێنەری هاوڵاتیانی بەشداربووی پرۆژەکەشی تێدایە پێکهێنراوە بۆ بەدوواداچوونی هەموو ئەو کەموکورتی و گیروگرفتانە کە لە پرۆژەکەدایە.هەروەک ئیدارەی گەرمیان بەهیچ جۆرێک ڕێگە بە درێژکردنەوەی مۆڵەتی وەبەرهێن بۆ کارکردن لە پرۆژەکەدا نادات.
ئەوەش لێرەدا دەبێ بوترێت کە ئیدارەی گەرمیان لەکاتی بەرنامەکەی پێشوودا بڕیاری دابوو لە ڕێی تیمە یاساییەکەیەوە سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵی ڕوداو و ئەوانەش تۆمار بکات، کە لەبەرنامەکەدا تۆمەت و تەشهیریان بە ئیدارەی گەرمیان و سەرپەرشتیارەکەی کردبوو، بەڵام لەسەر داوای چالاکان و ڕۆژنامەنووسان دەستی لەو مافە یاساییەی خۆی هەڵگرت، بەڵام لە ئێستادا کە ڕووداو بەرنامەیەکی تری هاوشێوەی ئەو بەرنامەیەی دووبارە کردۆتەوە و تیایدا خەڵکێک بۆ پەلاماردانی ئیدارەکە ئامادەکراون، دەبوو ئیدارەی گەرمیانیش وەک لایەنی پەیوەندیدار بۆ بەرنامەکە بانگ بکرایە، لە بەدواداچوونی ئەم کێشەیەشدا ئامادەوپێشکەشکاری بەرنامەکە ڕونکردنەوەی داینێ کە هیچ پلانێکی پێشوەخت بۆ پەلاماری ئیدارەی گەرمیان نەبووە و ئەو شەریکانەی وەبەرهێنەر خۆیان بۆ بەرنامەکە هاتوون،بۆیە ئێمەش بەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی ئەم دۆسیەیە دادەخەین.
راگەیاندن وپەیوەندیەکانی ئیدارەی گەرمیان
13-05-2015