بە ناوی بنەماڵەی شەهیدی فەرماندەی لیوا سەڵاح دیلمانی، زۆر سوپاسی پەرۆشی و هاوخەمی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین، کە لەساتی کۆستی لە دەستدانی ئازیزانمان هاوخەم و بەشداربوون.
بۆیە بە پێویستی دەزانین سوپاسی هەڤاڵان، کۆسرەت ڕەسول عەلی و دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگرانی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی، هەڤاڵانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی و تەواوی مەڵبەند و ئۆرگانەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و فەرماندە سەربازیەکانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوەخۆ و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان بکەین کە لە هێنانەوە و مەراسیمی پڕشکۆی بەخاک سپاردنی شەهیدانمان ڕاستەوخۆ بەشداربوون.
سوپاسی سکرتاریەتی هەڤاڵ مام جەلال دەکەین بە بۆنەی ڕاگەیاندنی پرسەنامە، وە سوپاسی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری و هێزەکانی دژە تیرۆر، بەرێزان پارێزگاری کەرکووک، پارێزگاری سلێمانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەندامانی پەرلەمانی عیراق و کوردستان، نوێنەرانی حزبی و حکومی و لایەنە سیاسیەکان و مامۆستایانی ئایینی بەڕێز و زانکۆی ڕاپەڕین، ئیدارەی ڕاپەڕین، بە تایبەت برایانی ئاسایش و پۆلیسەکانی ناوخۆ، کەسایەتی و جەماوەری شاروشارۆچکەکانی کوردستان بە گشتی و، باڵەکایەتی پشدەر و بیتوێن و سۆران و ڕواندز بە تایبەتی دەکەین، وە سوپاس و پێزانینمان هەیە، بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی شەهید و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان کە ڕاستەوخۆ بەشداری پرسەی شەهید لیوا سەلاح دیلمانی بوون.
دەستی ماندووبوونی کارمەندانی سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و هاوڵاتیانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش دەگوشین، کە گرنگی بەرچاویان بە تەواوی مەراسیمەکەداو لەگەڵمان ماندوو بوون.
ئەم گرینگدانە بووەمایەی کەم کردنەوەی خەمەکانمان و سەرفرازیمان ئەم ئەم پەرۆشیە دەری خست کە لیوا سەڵاح هی هەموو کورد بووە، بۆیە سەربەرزین کە باوکمان لە سەنگەری پارێزگاریکردن لەخاکی پیرۆزی کوردستان شەهید بوو، بۆیە شانازی بە خۆیی و مێژووی پڕ سەروەری و خەبات و تێکۆشانی نەپساوەی دەکەین و بەڵێن دەدەین، لەسەر ڕێبازی باوکمان کە ڕێبازی مامی گەورەمان جەنابی سەرۆک مام جەلالە و کوردایەتیە، بەردەوامبین و بە نەفەسی سەلاح دیلمانی پێشمەرگەی بەئەمەک و دڵسۆز بین، بۆ نیشتمان و درێژە بە ڕێبازی پیرۆزی باوکمان بدەین کە پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستانە، بیرتان دەخەینەوە، کە باوکی ئێمە پێشتر ووتبووی، ئێوە بنون و ئێمە بە ئاگایان، ئێمەش پێتان دەڵێین، بە هەمان باوەڕ بە ئاگاییەوە بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشان و سەنگەری بەرگری کردن چۆڵ ناکەین و چۆک بۆ دوژمن دانانێن و چۆک بەدومن دادەنێین.
بنەماڵەی شەهیدی فەرماندە لیوا سەلاح دیلمانی و هاورێکانی
14-05-2015