ژینۆ ئەحمەد
بەهۆی کاریگەرییەکانی خۆڵبارینەوە لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری سلێمانی، نزیکەی 10 هاوڵاتی داخڵی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەناوی کراون.
لە لێدوانێکی نوسراودا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، تیایدا د.ئەحمەد سەعید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەناوی سلێمانی ڕایگەیاند: "لەماوەی ئەم سێ ڕۆژەی خۆڵباریندا 10 هاوڵاتی داخڵی نەخۆشخانەکە کراون، بەشێوەیەک لە ڕۆژی یەکەمدا هیچ حاڵەتێکمان نەبوە و لە ڕۆژی دوهەمیشدا چوار حاڵەت و ئەمڕۆش کە خۆڵبارینەکە خەستتر بۆتەوە شەش حاڵەتمان هەبووە".
ئەگەرچی بەپێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی گشتی کەشناسی هەرێمی کوردستان، وادەی خۆڵبارینەکە تەنها تا ئەمڕۆ پێنجشەممە بوو، بەڵام ئێستا شەپۆلەکە نەڕەویوەتەوە.
د. ئەحمەد سەعید ئەوەشی ڕاگەیاند: "لەکۆی حاڵەتەکان هەشت حاڵەتیان پاش چارەسەرکردن نەخۆشخانەیان جێ هێشتوه و باری تەندروستیان باش بووە، تەنها دوو حاڵەت لەناو نەخۆشخانەکەدا ماونەتەوه و ئەوانیش باری تەندروستیان جێگیره و هیچ حاڵەتێکی کوشندەشمان نەبوە".
- 14-05-2015