دوای هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆسەر پارێزگای ئەنبار، دەیان هەزار هاوڵاتیی ئه و شارە ئاوارە بوون و ڕوویان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عیراق کرد و بەشێکیان ناچار بوون ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن و لەبەر نەبوونی ڕێگای وشکانی کە هەرێم بە ڕومادی و ناوچەکانی دیکەوە ببەستێتەوە بەشێک له و ئاوارانە بە فڕۆکە و لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دراوەتە خەندان، د. دیندار زێباری، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ کاروباری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: هاتنی ئاوارەکانی ئەنبار و ڕومادی لە ڕۆژی 25ی نیسانەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستا نزیکەی هەشت هەزار و 434 خێزانی عەرەب لە ناوچەکانی ئەنبار و سەلاحەدین و ڕومادی لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
دیندار زێباری وتی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 350 خێزان کە ژمارەیان هەزارو 593 کەسە لە ڕێگای فڕۆکەوە هاتوون و ژمارەیەکی زۆر بلیتی فڕۆکە بە خۆڕایی به و ئاوارانە دراوە و کۆمپانیا بازرگانییەکانی بواری فڕۆکەوانی وەک هێڵی ئاسمانی عێراقی و زاگرۆس و ئەلناسر و چەند کۆمپانیایەکی دیکە ئاوارەکان دەگوازنەوە و پێشبینی دەکرێ هاتنیان بەردەوام بێت.
لە لایەکی دیکەوە د. دیندار زێباری ئاماژەی بە کۆنگرەی برۆکسل کرد و وتی: بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە شاری برۆکسیلی پایتەختی بەلژیکا کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی ساز بکرێت بۆ ئەوەی بانگەوازێکی جیهانی ڕابگەنرێت بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان لە عیراق و لایەنەکان ڕێککەوتن کە لەم بانگەوازە داوای 500 ملیۆن دۆلار بکەن لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ نیوە دووەمی ئەمساڵە بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکان لە عیراق.
هەر سەبارەت بە کۆنگرەکە و زیاتر وتی: ئێمە داوا دەکەین کە ئه و ڕێژە زۆرەی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت، چونکە زیاتر لە نیوەی ئەم ئاوارانە کە 3 ملیۆن کەس دەبن لە هەرێمی کوردستانن جگە لەوەی کە پێویستە بیر لە میکانیزمێک بکرێتەوە کە حکومەتی هەرێم لایەنێکی سەرەکی بێت لە دانوستاندنە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستنیشان کردن ئەولەویات و پێداویستییەکان له و پرۆگرامانەی کە بڕیارە جێبەجێ بکرێن. گوژمەیەکیش ڕاستەوخۆ تەرخان بکرێت وەک یارمەتییەکی تایبەت بۆ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم کە سەرقاڵی پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکانن لەم بوارەوە لای هەموو لایەک ئاشکرایە کە حکومەتی ئیتیحادی لە بەغدا ناکرێت تەنها لایەن بێت لەم بوارەوە.
لەلایەکی تریشەوە دەبێت لەم کۆنگرەیەدا فشارێکی نێودەوڵەتی بخرێتە سەر حکومەتی ئیتیحادی لە بەغدا بۆ ئەوەی بەزووترین کات یارمەتی دارایی پێشکەش بە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بکات، چونکە ئاشکرایە کە ئەم ئاوارانە عیراقین و بەرپرسیاریەتی سەرەکی لەسەر شانی حکومەتی ئیتیحادییە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری ڕایگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەرکێکی مرۆیی و پابەندبوونی خۆی بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافی پەنابەران پێشوازییان لێدەکات و لە کاتی گەیشتنیان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی تایبەت دەگرنەبەر.
- 02-06-2015