بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای (راکێشانی مایە)ی پەسەند کرد، کە بەمەستی وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتییە، قسەو باسێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا بەتایبەتی لەلایەنی حەڵاڵی و حەرامی ئەم کارە.
سەرەتا ڕووی گلەییمان دەکەینە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، چونکە لە بابەتێکی وەها هەستیاردا پێویست بوو وەکو خولەکانی پێشتری پەرلەمان پێشتر بە هێمنی ڕاو سەرنجی لایەنە پێوەندیدارەکانیان وەرگرتبا، کە ئەم بابەتە ڕاسەوخۆ پەیوەندی بە زانایانی ئایینیەوە هەیە، بۆ ئەوەی کۆرایەک دروست بکراباو بە هێمنی و درووستی خرابایە گفتوگۆوە.
بە هەر حاڵ بابەتێک پەیوەست بێت بە ژین و دینی خەڵکی کوردستانەوە پێویستە بە ڕوونی قسەی لێوە بکرێت، ئێمە لێرەوە قسە لە سوودو زیانە ئابووریەکانی ناکەین، کە لە پسپۆڕی ئێمەدا نییە، بەڵام بۆ لایەنی شەرعی باسەکە، دوای ڕاوێژکردن بە لێژنەی باڵای فەتواو کۆمەڵێک زانای ئایینی و پسپۆرانی شارەزا لەم بوارە، پێمان وایە وەرگرتنی قەرز بە زیادەوە دەچێتە بابی ڕیباو سوو خواردن، ئەمەش بە دەقی ئایەتی قورئانی پیرۆز، یەکێکە لە گوناهە گەورەکان، کەواتە ئەوانەی گفتوگۆ لەم بارەوە دەکەن، پێویستە بەوپەری بەرپرسیارێتیەوە قسە لەم باسانە بکەن، بۆیە بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە قەرزی بە زیادەوە حەرامە، بەلام هەموو حەرام و قەدەغەکراوێک حاڵەتی تایبەتیان هەیە، کە زانایان بە پشتبەستن بەو ئایەت و فەرموودانەی دۆزی تایبەتی و زەرووریان جیاکردۆتەوە، کۆمەڵێک قاعیدەیان داناوە ڕێگە دەدات بە قەدەر پێویستی و بۆ حاڵەتی ناچاری لە قەدەغەکراوەکان جیادەکرێنەوە.
وەک ئەو قاعیدانەی دەڵێن:(الضرورات تجيز المحظورات)، (المشقة تجلب التيسير)، (إذا ضاق الأمر اتسع)، (الضرورات تقدر بقدرها) کە وەرگیراون لە ئایەتەکانی: (ۆمَا لَکُمْ أَلَّا تَأْکُلُوا مِمَّا ذُکِرَ اسْمُ اللَّهِ عَلَيْهِ ۆقَدْ فَصَّلَ لَکُمْ مَا حَرَّمَ عَلَيْکُمْ إِلَّا مَا اضْطُرِرْتُمْ إِلَيْهِ ۆإِنَّ کَثِيرًا لَيُضِلُّونَ بِأَهْۆائِهِمْ بِغَيْرِ عِلْمٍ إِنَّ ڕَبَّکَ هُۆ أَعْلَمُ بِالْمُعْتَدِينَ)، (إِنَّمَا حَرَّمَ عَلَيْکُمُ الْمَيْتَةَ ۆالدَّمَ ۆلَحْمَ الْخِنْزِيرِ ۆمَا أُهِلَّ بِهِ لِغَيْرِ اللَّهِ فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ ۆلَا عَادٍ فَلَا إِثْمَ عَلَيْهِ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ ڕَحِيمٌ).
بۆیە لەژێر ڕۆشنایی ئەم بنەمایانەی زانایان بە هەڵێنجان لە قورئان و فەرموودە دایانناون: (ئەگەر هەرێمی کوردستان هەموو دەرگا درووستەکانی بە ڕوو داخران و، ژیان و گوزەرانی خەلکیش کەوتە ناخۆشی و پشێویەوە، دروستە بە ئەندازەی پێویستی ئەم قەرزە بکات و بژێوی ژیانی خەلکی پێ دابین بکات، بە شێوازێک کە ئەم قەرزە بەکار بهێنرێت بۆ گەشەدانی ژێر خانی ئابووری و بە شێوازێکی شەفاف و چاودێری کراو سەرف بکرێت، ئەمەش باسێکی ڕوونە لە لای زانایان و دەولەتانی ئیسلامیش بە پشت بەستن بەم قاعیدەوە لە کاتی پێویست پەنا بۆ قەرزی نێودەولەتی دەبەن).
بەو ئومێدەی ئەم دۆخە زوو تێبپەڕێت و پێویست بەم هەنگاوە قورسە نەکات.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.
04-06-2015